
ئەکرەم سەعید
بۆرژوازە دڕندکان لە سەردەمی ئێمەدا وەک داعشیەکان خۆکوژن، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پوچەکانیان بۆمبیان لە خۆیان بەستووەو ئامادەن خۆیان و جیهان بتەقێنەوەو خاپوری بکەن؛ جەنگ لە(ئۆکراینا، غەززە، سودان، و جەنگی ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)نموونەی جەنگی بۆرژوازە خۆکوژەکانە. جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نموونەیەکە لە جەنگی دڕندەکانی سەردەمی مۆدێرن، یانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگەکانی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداریدا نە هەڵەیە و نە زیانی لابەلا، بەڵکە ئامرازێکە بەئامانجی ئیفلیج پێکردنی هێزی دوژمن. بۆیە تیۆری”پێنج ئەڵقە”ی عەقید(جۆن واردن)بە دیارترین تیۆری سەردەمی مۆدێرن دادەنرێت. ئەم تیۆریەی جەنگی دڕندەکان لەلایەن عەقید”جۆن واردن”داڕێژراوە، و لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان(۱۹۹۱)بەکارهێنراوە. تیۆرەکە لەسەر بەئامانجکردنی”ئیفلیج”پێکردنی دوژمن دامەزراوە نەک لەناوبردنی سوپاکەی”، یانی ئامانج ئیفلیج پێکردنی ژێرخانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن(کارەبا، پەیوەندییەکان، گواستنەوە)یە. هەرچەندە تیۆرەکە بە ڕاشکاوی کوشتنی خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، بەڵام لە کردەوە سەربازییەکاندا بە عەمەلی(موشەک گرتنە باڵەخانەێک و کوشتنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی لەبری موشەک گرتنە زرێپۆش پەیڕەو دەکرێ). هەروەها بۆردومانی ژێرخانی کۆمەڵگە لە وزە و کارەبا و ئاو(کە خزمەت بە هەردوو سەربازی و دانیشتوانی مەدەنی دەکات)دەبێتە هۆی ئازاری توندی خەڵکی مەدەنی و لەدەستدانی خزمەتگوزارییە جەوهەریەکان، بەمەش فشار دەخرێتە سەر سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە.
ئەم وتارە شیکاری وردی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە و هەواڵەکانی ڕۆژانەی ئەو جەنگە ناچێتە ناو باسەکانییەوە، بەڵکە بە گشتی باسە لە دوو تیۆری جەنگ و هەندێ سەرنج لە جەنگەکانی سەردەمی ئێمە *.
جەنگ و وەهمی تیۆرەکان
[وەهم دروستکردنی دونیاێکە لە خەیاڵدا کە لەڕاستیدا بوونی نییە].
تیۆری ململانێی شارستانیەتەکان
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە(۲٦.۱۱.۲۰۲٤)دا گووتی:”هیچ کات هێندە لە پێکدادانی شارستانیەتەکان نزیک نەبووینەتەوە”. ئەم ساختەچییە خۆی و حیزبەکەی بە موسڵمان دەزانێ لەکاتێکدا وڵاتەکەی ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، و تورکیا هاوکاری ئەمەریکاو ئیسرائیلی کردووە دژی سوریا، میسر و ئێران، و تورکیا زیاد لە سەد ساڵە کوردەکانی ناوچەکە کۆکوژی دەکات کە ئایینی ئەو خەڵکە ئیسلامە، و کەچی باسی ململانێی شارستانیەتەکان دەکات؛ بەڕاستی مەهزەلەیە.
“ململانێی شارستانیەتەکان”، ئەو تیۆرییەی کە”ساموێل هەنتینگتۆن”لەسەرەتای نەوەدەکاندا بڵاویکردەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کاتێک ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری کۆتایی هات، ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە ناسنامەی کولتووری و ئایینی جیاوازیان هەیە، و”بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان”زاڵ دەبێت بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆ هەندێ کەس هێرشەکانی قاعیدەو شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. بەڵام وەک ئێستا دەزانین ئەوەی ڕوویداوە ئەوەیە کە ململانێکان زیاتر لەناو شارستانیەتەکاندا بووە نەک لە نێوانیاندا. تیرۆریستە ئیسلامییە خواپەرستەکان زۆر زیاتر لە هەموو کەسێک خەڵکی مەدەنی موسڵمانی بێتاوانیان کوشتووە، وە شەڕەکانی نێوان شیعە و سوننە بەردەوامە و زۆرینەی قوربانیانی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆکە هێزەکانی(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)بە کۆمەکی وڵاتی سعودییە و ئەمەریکا خۆیان ئامادەکردووە کۆکوژی شیعەکانی لوبنان بکەن، وەک چۆن کۆکوژی عەلەویەکانی سوریایان کرد، و هەروەها ئێران کۆمەکی ئەرمینیا دەکات کە مەسیحین و دژی ئازەربایجانە کە شیعەن،، هتد. جەنگی ئێستای نێوان غەرب و ڕووسیا لە ئۆکراینا هەردوو لاکەی ئایینی مەسیحی تێیدا زاڵە، ململانێی تایوان و چین کێشەکە کەلتوور و ئایین نییە، بەڵکە جەنگی هەژموونی ئابووری و سیاسی و سەربازی نێوان بلۆکی چین و بلۆکی ئەمەریکایە. کەواتە تیۆری ململانێی شارستانییەکان بۆ فریودانە و شایستەی ئەوەیە کە فرێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
تیۆری ململانێی چینایەتی
لە تیۆری مارکسیدا(هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان)هێزی چالاکن کە ڕووداوە مێژووییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروستدەکەن. هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لەوانەش تەکنەلۆجیا و پرۆسەی کار، ئەو دینامۆیەن کە گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەباتە پێشەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان(پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵایەتی)بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکان و ئەحزابەکانە کە فکرو بەرنامەی کارکردنیان هەوڵدانە سامان چۆن دابەشبکرێت و دەسەڵات چۆن ڕێکبخرێت. گۆڕانکاری کۆمەڵگە لەئەنجامی ململانێی چینایەتی ئەم هێزانەدا، بەتایبەتی لەڕێگەی ململانێی چینی چەوساوەو چینی چەوسێنەر، وەک فاکتۆری سەرەکی گۆڕانکاری مێژووی کۆمەڵایەتی، لەلایەن مێژوونووسانی بۆرژوازی فەرەنسی و کۆمۆنیستە سەرەتاییەکان و مارکس، سەیر دەکرێت. ئایا تاچەند ئەم تیۆرە ڕووداوەکانی مێژوو بە دروستی شرۆڤە دەکات؟.
بێگومان ڕۆڵی(گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی)لە کۆمەڵگەدا چەندەها فاکت و ڕووداوی مێژوویی پشتڕاستی دەکاتەوە، بەڵام ئەوە تاکە فاکتۆری گۆڕانی کۆمەڵگەکان نییە لە مێژوودا، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگە و مێژوو لە سەردەمە دێرنەکان و نوێشدا(ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵات و هێزەکان)ڕۆڵی گرنگیان بینیوە، بەڵکو زۆربەی کات ململانێی خاوەن دەسەڵات و هێزەکان کە هەموویان سەر بە چینی چەوسێنەرن، ئەوە بۆتە فاکتۆری گۆڕان و ڕووداوی لە مێژوودا دروست کردووە، نەک ململانێی نێوان(چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر). بە ماناێکی دی؛ هێزی چالاک ئەو هێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕووداوەکان هەیە، جا چ لە ڕێگەی کردارەوە بێت یان کاردانەوەی چ ناوەکی یان دەرەکی؛ واتە زۆر کات ململانێی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یان کاریگەرییان لەسەر دۆخی یان گۆڕانی ڕژێمەکان هەیە، هەرەس بە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەهێنن. کەواتە ململانێی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات بزوێنەری ڕووداوەکانن، دەبنە هۆی ڕوودان یان گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان. بۆ بەڵگە زۆر دوور نەڕۆین تەماشی ڕووداوەکان بکەین لەساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم تا ئێستا و پرسیار لە خۆمان بکەین: ئایا لەتەک ئەوەش کە چینی چەوساوە(بەشێوەێکی بابەتی چینی کرێکاران هەبوون و هەندێ جار خۆپیشاندانیان کردووەو هۆشیارانە هەندێ جار ڕاپەڕینیان کردووە)، بەڵام ئایا چ ململانێک و چ هێزێک ڕووداوەکان و گۆڕانەکانی دروستکردووە؟.
با سەرنج لەمڕۆ بدەین: کە ئەمریکا زلهێزێکی باڵادەستە و چین هێزێکی هەڵکشاوە، ئایا کێبڕکێی نێوان ئەو دوو هێزە نییە لە گشت مەیدانەکان و لەئاستی جیهانیدا کە ڕووداوەکان دروست دەکات؟. جەنگی نێوان: ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا، ئیسرائیل و ئێران،، هتد. ئایا ململانێی هێزەکان و جەنگەکانیان کە ڕووداو دروستدەکەن لەکام جۆری ململانێی چینەکانە؟. بێگومان ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن، نەک ململانێی نێوان چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر؛ بە ماناێکی دی بەزۆری ئەوە ململانێی نێوان خودی چینی بۆرژوازی خاوەن دەسەڵاتە کە ڕووداو دروست دەکات لە مێژووی سەردەمی نوێدا، هەر بەهەمان شێوە کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی(میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، ساسانیەکان و ڕۆم، مەملەکەتەکانی وڵاتی هیند و چین)ڕووداویان دروستدەکرد.
هۆکاری ئەم دیاردانە لە مێژوودا چییە؟ یانی هۆکاری ڕۆڵی مەزنی فاکتۆری ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن چییە؟.
لەم سەردەمەدا بەهۆی(لاوازی سۆسیالیستەکان، ئەزموونی خراپی دامەزراندنی بەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، خامۆشی چینی کرێکاران،، هتد)، ململانێی چیانیەتی بەمان مارکسییەکەی(واتە ململانێی نێوان چینی چەوساوە/ پرۆلیتاریا و چینی چەوسێنەر/ بۆرژوازی)زۆر لاوازبووەو کاریگەری لە دروستکردنی ڕووداوەکان کەم بۆتەوە، هەتا ئێستاش بەڵگە نییە کە ناڕەزایەتی چینی کرێکاران ڕۆڵی هەبووبێ لە ڕێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ یان ڕاگرتنی؛ بۆ نموونە(جەنگی ئۆکراینا، جەنگ لەسەر غەززە، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران).
مارکس لە وەسفی ڕۆڵی وەهم لە مێژوودا لەپێشەکییەکەی ساڵی ١٨٦٩ی چاپی دووەمی کتێبی(هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژوو بە تەواوی بە داینامیکی چینایەتی دیاری ناکرێت، ئەوە بەهۆی یەک شت”ڕۆڵی هەست و وەهمەکانی مرۆڤەکان”، چونکە مرۆڤەکان”لەڕێگەی نەریت و پەروەردەکردنەوە”کە دەگوازرێنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەێکی دی، وادەکات لە ئەنجامدا مرۆڤەکان”ڕەنگە خەیاڵ بکەن کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکان و خاڵی دەستپێکی چالاکییەکانی پێکدەهێنن- مارکس”، بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەی کارو بیری مرۆڤەکان بەرهەمی هەلومەرج و وەهمەکانن.
ئەنجامەکانی دوای جەنگ
لە مێژووی کۆن و نوێدا ئیمپراتۆرییەتە مەزنەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری و ناکۆکی ناوخۆی و جەنگی دەرەکییەوە کۆتاییان هاتووە. پۆسێدۆنیۆس (١٣٥ پێش زایین – ٥١ پێش زایین) مێژوونووس و فەیلەسوفی یۆنانی کۆن دەیگوت: (لە ساتەوەختی لەنێوبردنی تەحەدای کارتاجیەکان بۆ دەسەڵاتی ڕۆما، فەزیلەتەکانی ڕۆما پێشێلکراوە.). فەزیلەتەکانی ڕۆما وا پێناسە دەکرا کە بریتییە لە شارستانیەت، و گوایە پێچەوانەی بەربەریسمی جەرمەنەکانە، کە هەمەجی بوون لە کوشتاری خەڵکیدا. بەڵام کاتێ ڕۆما قەرتاجەی سووتان، و دڕندانە کۆکوژی خەڵکەکەی کرد، ئیدی تەواوی بەهاکانی ڕۆما پێشێلکرا، وە دەرکەوت کە ڕۆما لە جەرمەنەکان و قەرتاجیەکان بەربەریترە.
ئەمریکا ساڵانێکە پرۆپاگاندەی بەهاکانی شارستانییەتی غەرب دەکات:(ئازادی، یەکسانی، برایەتی و ئاشتی) کە دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩–١٧٩٩یە، وە پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە مافی مرۆڤ دەپارێزێ، بەڵام ئەمڕۆکە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و جەنگی ئەمەریکا و ئێران، تەواوی بەهاکانی خۆی پوچەڵ دەکاتەوە. ئیدی ئەمریکا بەهاکانی خۆی دۆڕاندووە، لێرەوە هەتا ئەگەر ئەمەریکا شەڕەکەی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرێتەوە، بەڵام جەنگەکەی لە بەرامبەر ڕووسیا و چین دەدۆڕێنێ. چونکە سبەینێ دوای جەنگ، هەتا ئەگەر ئەمەریکا براوە بێ، بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن دەتوانێ باس لە ڕوسیا بکات تاوانی جەنگی کردووە لە ئۆکراینا؟! یان چۆن دەتوانێ ڕەخنە لە چین بگرێ کە موسڵمانانی ئیگۆر دەچەوسێنێتەوە؟! لەکاتێکدا ئەمەریکا خۆی و ئیسرائیل هەزارەها خەڵکی مەدەنی و منداڵیان لە غەززەو ئێران و ناوچکەدا کۆکوژی کردووە!. بۆ چینی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر براوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بن، یان براوە ئێران و هاوپەیمانەکانی بن، هیچ جیاوازییان نییە، و چارەنووس هەر بەشمەینەتییە، چونکە هەردوو لایەنەکەی جەنگەکە دوو مەعەسکەری سەرمایەداری دڕندەیە.
سۆسیالیستەکان و جەنگ
لە ژیانی مارکسدا جەنگی جیهانی ڕووینەداوە، بۆیە مارکس تیۆرێک یان مەفهومێکی تایبەتی بۆ جەنگ دانەڕشتووە، بەڵام میتودێک کە بەکاری هێناوە لەشیکاری بۆ هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکای باکوور دژی ئەمریکای باشوور، دروست بووە. ئەنگلس لە کتێبی(ئەنتی دوهرینگ)دا باسی ڕۆڵی تندوتیژی کردووە لە مێژوودا، بەڵام مارکس و ئەنگلس بڕوایان بەوە نەبووە کە جەنگ ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری، بەڵکە دروشمیان ئەوە بووە کە”چینی کرێکارانی جیهان یەکگرن”، و بە پێویستیان زانیووە کە پەیڕەو لە پرەنسیپی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران بکەن.
دەشێ ساتەکانی جەنگ دوژوارترین و خراپترین کات بێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی، چونکە کۆمەڵگای سۆسیالیسم نە دابەشکردنی هەژارییە، و نەگونجاوە لەسەر وێرانەێک دامەزرێ. ئەم دەربڕینە دروستە بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو جەنگەکان دووبارەی بکەینەوە، بەڵکە هەلومەرجی مێژوویی ساتی جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بڕیاردەرە کە چ هەنگاوێک دروستە بنرێ، نەک بڕگەێکی دەقێک.
سۆسیالیستەکان تا پێش جەنگی جیهانی یەکەم، دروشمیان ئاشتی و دژی عەسکەرتاری دەوڵەتی سەرمایەداری و جەنگ بووە، چونکە جەنگ دەبێتە هۆکاری برسیەتی، بێکاری، کاولکاری، و کۆکوژی کرێکاران و خەڵکی مەدەنی. لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم، نێونەتەوەیی دووەم نەیتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو دژی جەنگی ئیمپریالیستی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، وەربگرێ. لە بەرامبەر ئەم دیمەنەدا، ڕۆزا و لینین بە دەنگی بەرز دژی جەنگ بوون. لۆکسمبۆرگ بە ڕوونی نیشانی دا کە چۆن میلیتاریزم بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە، و ڕای وا بوو کە دەبێ دروشمی“جەنگ دژی جەنگ“ببێتە دروشمی بنەڕەتی سیاسەتی چینی کرێکاران. لەو کاتەوە ئامانجی سەرەکی پرۆلیتاریا بوو بە“بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و هەڵوێستی دژی جەنگ“. ئەم دروشم و هەڵوێستانەی”ڕۆزا و لینین”ئەگەر چی دروست و شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام ئەفسووس لە عەمەلدا نەتوانرا دژی جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی لێ بکرێ، و بەهۆی هەڵوێست بەرامبەر جەنگی جیهانی یەکەم دووبەرەکی و لێکترازان لەنێو ڕیزەکانی سۆسیالیستەکان دروست بوو.
ڕاکەی”ئیتیان بالیبار”دروستە کە نووسیبووی:(شەڕ بۆ مارکسیزم بەتەواوی چەمک نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەیەکە. لە کاتێکدا مارکسیزم نەیتوانی چەمکێکی شەڕ دابهێنێت، بەڵام دەیتوانی دووبارە دروستی بکاتەوە، ئەگەر بڵێین: واتە پرسی شەڕ بخاتە ناو کێشەدارەکەی خۆیەوە، و ڕەخنەیەکی مارکسیستی لە شەڕ، یان تیۆرێکی ڕەخنەیی لە شەڕ و بارودۆخ و پرۆسەکانی جەنگ، بە ناوەڕۆکێکی تەواو ڕەسەن بەرهەم بهێنێ. بە جۆرێک دەتوانرێت ئەمە وەک جۆرێک لە تاقیکردنەوە بۆ توانای مارکسیزم بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە بسەلمێنرێ. بیری مارکسیستی دەوڵەمەندیێکی شیکاری هەیە سەبارەت بە شەڕ بە گشتی، و جۆرە تایبەتەکانی شەڕ. بەڵام شتێکی نائاسایی ڕوویدا: کێشەی شەڕ لەبری ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی مارکسیزمەکان، لەبری ئەوە کاریگەرییەکی قووڵی وێرانکەری بەرهەمهێنا ،،،.)- مارکسیزم و جەنگ/ ئیتیان بالیبار.
ئەمڕۆکە لە کاتی جەنگ لەسەر غەززە، هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا، هەڵوێستەکەی لینین و ڕۆزا دووبارە دەکەنەوە: باڵێکی کۆمۆنیستی بڕوای وایە کە دەبێ جەنگی غەززە بکرێ بە جەنگی چینایەتی دژی ئیمپریالیسمی ئەمەریکا، بەمە فرسەتی شۆڕشی سۆسیالیستی زیاد دەبێ؛ یانی ئەم هاوڕێیانە گرنگی بە کۆنەپەرستی پرۆژەی حەماس و هاوپەیمانەکانی نادەن، بەڵکو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا، واتە یەک تاک چاون، وە بڕوایان وایە لەتەک حەماس دژی ئەمەریکا، زەمینەی جەنگی چینایەتی خۆش دەبێ!. باڵێکی دی کۆمۆنیستەکان ڕای وایە کە ئەم جەنگە بکرێ بە فرسەتی بەرپاکردنی شۆڕش بەسەر دوژمنی ناخۆیی(یانی گۆڕینی جەنگ بۆ شۆڕش بۆ نموونە لە ئێراندا). بەڕای من ئەم هاوڕێیانە گەرچی هەڵوێستی ئینسانیان دژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا، دروستە و جێگای دەستخۆشییە، بەڵام بانگەوازو دروشمەکانیان تەواو خەیاڵییە، و بیرکردنەوەیان دوورە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاران. چونکە ئەو بلۆکەی بەرامبەری ئەمەریکایە، بلۆکێکی دڕندەو کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە؛ واتە ئەمە جەنگی دوو بلۆکی سەرمایەداری دڕندەن، ئیدی چۆن جەنگی حەماس و ئێران لەتەک ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێ بە زەمینەسازکردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی؟!. ئەمە خۆشخەیاڵییەکەی لینینە دەربارەی شۆڕشی گەلانی چەوساوە دژی ئیمپریالیسم بەشێوەێکی کاریکاتێری. وە لە سەردەمی ئێمەدا، پرسەکانی وەک فەڵەستینیەکان یان کوردەکان، دەمێکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی بۆرژوازە کۆنەپەرستەکانی لۆکاڵی و جیهانی، ئیدی هیچ بزووتنەوەێکی گەلانی چەوساوەو ژێردەست نەماوە کە پێشکەتووخواز بێ، و دەمێکە ئەوە کەشف بووە کە جەنگی بۆرژوازی گەلانی ژێردەست دژی دەوڵەتی سەردەست، ناکرێ بە موتەحالفی چینی کرێکاران، و سەربەخۆیی(فەڵەستین و کوردستان)بەسەرکردایەتی بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکان بێ یان ئیسلامییەکان، نابێتە بەردەباز بەرەو سۆسیالیسم؛ ئەوە تەنها ئەستۆرەیە. وە فرسەت هێنان لەکاتی جەنگ بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە ئێران یان ئێراقدا؛ ئەقڵی موغامری کەمایەتێکی نێو فەزای مەجازییە، چونکە لەئێستادا هیزێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێ ئەوە بکات، وە شۆڕش لەئێستادا لەو وڵاتانەدا، دەچێتە خزمەت بەرەکەی دییەوە. بۆ سۆسیالیستەکان بەتایبەتی ئەوە گرنگە کە سیاسەتی سەربەخۆی چینی کرێکاران دژی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بپارێزن، وە بەتایبەتی لەم پرسەدا:”دژی جەنگ”بن، و هۆشیاربن نەکەونە ناو سەنگەری ئەمریکا یان ئێران.
وهحشهكانی مۆدێرنه
پۆتین سهگهكهی له منداڵێكی سوری
خۆشتر دهوێ.
پۆتین خوێن دهڕێژێ و
یاری به سهگهكهی دهكا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سهگ لێك دهچن.
ترهمپیش جارێك گوتبووی:
سهدام گاڵتهیهكی كیمیاوییانهی
لهگهڵ ههڵهبجه كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه
ههڵڵا و ههرا؟…
ئهرێ خهڵكینه، ئهمانه مرۆڤن؟
یان وهحشهكانی سهرمایه و مۆدێرنه؟
بهختیار محهمهد
فەلسەفە لەزمەنی داڕماندا
ساتێک بۆ پاشەوە و ساتێک بۆ پێشەوە
سەردەمەکەی ئێمە بەوە دەناسرێتەوە کە بۆرژوازەکان سامان بەخێرایی کەڵەکە دەکەن و کرێکاران و زۆربەی خەڵکیش زیاتر هەژار دەکەن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆرژوازە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە زۆربەی هەر ئەو خەڵکەی کە هەژاریان کردووە فریو بدەن، و بیانکەنە لایەنگرانی ئەحزاب و بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. لەخوێندنەوەی دەقەکانی”سۆسیالیستەکان و مارکس”کە پێداگریان دەکرد لەسەر(ڕۆڵی هۆشیاری/ ئەقڵانییەت)، بەتایبەتی شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕایان وا بوو کە چینی کرێکاران؛ ئەم چینە نوێیە نابێت ڕێگە بدات بکەوێتە تەڵەکانی هۆشی موزەیەف/ ساختە/ ئیدۆلۆژیاکانی دەسەڵات؛ یانی بەجۆرێک نابێت ڕێگە بەخۆی بدات بە بەرتیلێکی گەورە یان بچووک(ئیسڵاحات)ئارام بکرێتەوە، یان نابێت لە بێزاری و بێهێزی بچێت ملکەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی بێ، وەک چۆن زۆرێک لە چینەکانی مێژووی پێشوو(کۆیلەکان و جوتیاران ملکەچی دەسەڵات و بیروباوەڕی خاوەن کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بوون)، و پرۆلیتاریا نابێت ڕێبدات گەوجبکرێ بە بیروباوەڕی ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی.
بەڵام ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری چینی کرێکاران و خەڵکی هەژار بەدوی(داعش، ڕەگەزپەرستەکان، ئەحزابی هیندۆسیەکان، مەسیحی سیاسی، ڕاستڕەوی توندڕەو،، فکری بنەماڵە و هۆزەوە) نین؟!. ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی پرۆلیتاریا لە(ئەمەریکا، ئەوروپا،، و کوردستان،، هتد)کە بژێوییان سەختە و بێکارن، بەدوی سیاسەت و بیروباوەڕی بۆرژوازییەوە نین؟. بۆرژوازی توانیویەتی بە سیاسەت و ئیدۆلۆژیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە میدیا و سۆسیال میدیا، پرۆلیتاریا نەک تەنها لە هۆشیاری چینایەتی دووربخاتەوە، بەڵکە ویژدان و هەست و میهرەبانی ئینسانی نەھێڵێ و بیکاتە دڕندە(بۆرژوازەکان جیهان لەسەر شێوەی خۆیان دروست دەکەن – مارکس/ مانیفێستی کۆمۆنیست).
ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی وەک(مرۆڤی نامۆ، مرۆڤی مەسخ، مرۆڤی زۆمبی، مرۆڤی گرگن، مرۆڤی فریودراو، مرۆڤی گەمژەکراو)لە ئەدەبیاتی سۆسیالیستیدا بەکارهێنراوە بۆ وەسفی حاڵەتی ئەو بەشە فریودراوەی خەڵک، کە لەم سەردەمدا بەناشیترین شێوە لە کردەوەکانی ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاواو شوێن کەوتووەکانی ئەحزابی ئایینی سیاسی لە: سوریا، سودان، یەمەن، عێراق، هیندستان،، هتد، دەی بینین. ئەمڕۆکە ململانێی چینایەتی لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردایە و فەلسەفەی سۆسیالیستی ساڵانێکە لە پاشەکشەدایە. لەڕاستیدا ئەمە سەدەیەکە بۆ ناعەقڵانییەتی بۆرژوازی؛ بۆیە کەسانی سۆسیالیست و چەپی وەک ئێمە و بڕێک لە خەڵکی مەدەنی و سکولار وا هەست دەکەن کە ئێمە دواهەمین نەوەی سەردەمێک بووین بەسەرچووە، و ئەو سەردەمە هەروا ئاسان ناگەڕێتەوە.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟ بۆچ بیروباوەڕ و هەلومەرجی کۆمەڵگە هێندە پاشەکشەی پێکراوە؟. ململانێی بیروباوەڕ هاوشێوەی شەڕ سیجالە؛ بۆ پێشەوەو بۆ پاشەوەی تێدایە، واتە فەلسەفە لە ململانێدایە و وەرچەرخان دەکات، شەڕێکە و سەرکەوتن و شکستی بەدوایەکتری تێدایە؛ یانی هەر فەلسەفەیەو لە سەردەمێکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و لە سەردەمێکی دیکەدا شکستی پێدەهێنرێت.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و چەمکەکانی شەرەف، داب و نەریەت، و دڵسۆزی بۆ هۆز و خێزان زاڵ بوون، لە سەردەمی سەرمایەداریدا بەتایبەتی لە سەرتایدا و تا ساڵانی ۱۹۹۰ فەلسەفەی لیبڕالی و چەمکەکانی تاکەکەس، ئازادی و یەکسانی سیاسی و یاسایی باو بوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە زۆری بۆرژوازی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کەلتووری شەرەف و دڵسۆزی بۆ: دەسەڵات، نیشتمان، ئایین، ڕەگەز، هۆز و بنەماڵە. ئەما سۆسیالیستەکان خەبات دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەێک کە ئازادی و یەکسانی بە ناوەڕۆکی هەردووک سیاسی و ئابووری تێیدا زاڵ بێ.
ساڵەکانی ۱۸۰۰- ۱۹۸۰ بەوە دەناسرێتەوە کە ململانێی نێوان فەلسەفەی لیبڕالیسم و سۆسیالیسم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، بەڵام لەتەک سەرهەڵدانی قۆناغی ئیمپریالیسم، بە هەوڵی بیرمەندانی وەک(نیتشە، کارڵ شمیت، هایدگەر، لیۆ شتراوس، ساموێل هینتینگتۆن،، هتد)فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ پشتی ڕاستکردووەو مەیدانی داگیر دەکرد، و هێدی هێدی بەهاتنی(ماگرێت تاتچەر و ڕێگان)بۆ سەر حوکم، فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و سیاسەتەکانی لە دونیادا زاڵ دەبوون، تا ئەنجامەکەی وای لێهات ئەمڕۆکە هەردووک فەلسەفەی(لیبڕالیسم و سۆسیالیسم)پاشەکشەیان کردووەو لاواز بوون، بەڵام بیروباوەڕی کۆنسەرڤاتیڤ لەوپەڕی بەجەماوەر بووندایەو لاێکی دونیا کۆنەپەرست و دڕندەیە. ئایا دونیا وەرچەرخانێکی فەلسەفی و سیاسی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ؟ ئایا ئێمە فەلسەفەی سۆسیالیستی دەبینین جارێکی دی دونیا بە(ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان)ڕووناک بکاتەوە؟. بەڕای من بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە و بەندوبەستراوە بەوەی کە ئینسانە ئازاد و یەکسانخوازەکان تا چەند:
واقیعیانە لە دونیای ئەمڕۆکە تێگەیشتوون و چ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی، چونکە دەبێ لە دونیای ئەمڕۆکە دروست تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین.
*سۆسیالیستەکان(دۆست و دوژمن)؛ کە بنەمای هەموو فەلسەفەێکی سیاسییە، چۆن و بە چ پێوەرێک دیاری دەکەن.
* تاچەند سۆسیالیستەکان لەگورپچییەتی(سیکتاریسم)خۆیان بەدوور دەگرن و هەوڵی کاری هاوبەش دەدەن.
پەراوێز:
بۆ خوێندنەوەی ڕای نووسەر لەسەر هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران دەتوانن ئەم وتارانە بخوێنەوە:
۱/(سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم – ئەکرەم سەعید) – لە کتێبی”تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی“.
۲/ (جەنگ و فریودان) – ئەکرەم سەعید.
۳/ (جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟) – ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید.