بەهرە حەمەڕەش

 

فیمینیزم بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوە، لە بونیاددا دژی جیاکاری و هەڵاواردنی ڕەگەزی دروستبووە، کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی، توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەرهەق بە ژنان دەکرا و تا ئێستا بە فۆرم و شیوازی جیاواز، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر بەپێی کلتوور و دابونەریت و بە ئاست و پێوەری جیاواز بەردەوامە. 

دوای کەوتنی کۆستەنتنیە/١٤٥٣، هەروەها کە ماکیاڤیللی پەرتووکی میری نووسی (میر/١٥١٣) و دروستبوونی چاپخانەی (گۆتێنبەرگ/١٤٥٣/ئەڵمانیا) سەرباری تاکگەرایی و کارگەی بچووک سەرەتایەکی دروستکرد، بۆ سەرھەڵدانی رێنسانس و کرانەوەی عەقڵی مرۆڤی ئەوروپی. سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە جیھانی مۆدێرندا نزیکەی ٢٠٠ ساڵ دەبێت، ئەمەش پرسیارێکمان لا دروست دەکات. ئایا بۆچی دوای رێنیسانسی ئیتاڵی، نزیکەی ٣٠٠ ساڵە، ئینجا بزووتنەوەی ژنان لە جیھان دروستبوو؟ کەواتە ئەوە پێماندەڵێت، پێش ئەوەی پیاو لە عەقڵێکی کۆنەپەرست رزگار بێت، ژنان نەیانتوانی ھیچ بزووتنەوەیەک دروستبکەن! لە روانگەی چۆنێتی سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژئاوا.

کەواتە دەتوانین بڵێین، هیچ بزووتنەوەیەک بۆ هەر مەبەست و ئامانجێک پێکهاتبێت ئەوا بەبێ کارکردن لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەردوو ڕەگەز، سەرکەوتنی ئەستەمە. ڕاستە دەبێت ئافرەتان بە مافەکانیان ئاشنابن و ژێردەستەیی و چەوساندنەوە قبووڵ نەکەن بەڵام بۆ بەرپابوونی ئاشتەوایی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی گرنگە کار لەسەر هۆشیاری هەردوو ڕەگەز بکرێت، تا لە جیاتی تیۆر و بیری پیاو یان ژن سالاری بیر لە مرۆڤ سالاری و کۆمەڵەگەیەکی دوور لە توندوتیژی ڕەگەزی و ناهاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕەگەز بکەینەوە.

کاتێک چاو بە مێژووی بزووتنەوەکانی ژنان لە ئەوروپادا دەخشێنین، دەبینین چەسپاندن و بەیاساییکردنی مافەکانی ژنان، هەروەها کارکردن بۆ گۆڕینی یاساکان و بەرقەرارکردنی هاوسەنگی ڕەگەزی خەبات و تێکۆشانی زۆر لە لایەن ژن و پیاوانی مرۆڤدۆست و یەکسانیخوازەوە کراوە.  ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نەک هەر پیاوان لێی سودمەندبن بەڵکو بە تەواوی بەرژەوەندی ژنان و مافیان تێیدا لە بەرچاوگیرابێت.

ئەوەی وادەکات ئێمە سوود لە ئەزموونی گەلانی ئەوروپا وەربگرین، بۆ خەباتکردن لەپێناو مافە مرۆییەکانی ڕەگەزی مێ، ئەوەیە کە ئەوان بە قۆناغ و پلەبەندی گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە دیموکراسی و هێنانەدی هاوسەنگی ڕەگەزی ئەگەر لە ئاستی خواستی چالاک و مرۆڤ دۆستانی ئەوروپیش نەبیت ئەوا گەیشتوونەتە قۆناغێک کە میللەتانی دواکەوتوو بتوانن سوودیان لێوەربگرن.

بۆیە دەبێت ئەو بەرچاو ڕوونییەمان هەبێت، کە ئەگەر بمانەوێ ئافرەتان بە مافەکانیان بگەن و کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونیمان هەبێت، پێویستە کار لەسەر هۆشیاری و ئەقڵیەتی هەردوو ڕەگەز بکرێت. بە پێچەوانەوە لە بازنەدا دەخولێینەوە و ئەو ئاشتەواییە کۆمەڵایەتییەی چاوەڕوانی دەکەین پێیناگەین.

بزووتنەوەی فیمینیزمی لە ئەوروپا سەریهەڵدا، دواتر گوازرایەوە بۆ ئەمریکا و دواتر بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە. چەندین ڕەوت و ئاراستەی جیاوازی لێ دروستبوو کە زیاتر ئەم ڕەوت و لقانە لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیادا بوون. بەڵام ئامانجە سەرەکییەکەی هەموویان دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بوو. واتە هەر گرووپێک لەو ڕەوت و لقانە ڕێگای جیاوازی هەڵبژارد بۆ گەیشتن بە مافەکان و شێوازی خەباتکردنی جیاواز هاتنەکایەوە. کە هەندێکیان میانڕەو و هەندێکیان توندبوون. بێگومان ئەوەش بەدەرنەبوو لە کاریگەری کلتوری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان و ژینگەیان.

هزری فیمینیزم بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی تا گەیشتە ئەمڕۆ:

قۆناغی یەکەم: دەکەوێتە نێوان ساڵانی (١٨٥٠-١٩٦٠)، ئەم قۆناغە بە مێژووی سەرهەڵدانی لیبڕاڵ فیمینیزم، سۆسیال فیمینیست و فیمینیزمی مارکسی ناسراوە.

قۆناغی دووەم: دەکەوێتە نێوان ساڵانی (١٩٦٠-١٩٩٠)، تیایدا بیرۆکەی ڕادیکاڵ فیمینستی سەریهەڵدا.

قۆناغی سێیەم: لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دەستپێدەکات تاوەکو ئێستا، كە قۆناغی سەرهەڵدانی پۆست مۆدێرنیزمی فیمینیستییە.

ئامانجەکانی بزووتنەوەی فیمینیزمی، فرەچەشن و فرە لایەنە، خاڵی سەرەکی گەیستنی ژنانە بە کۆمەڵگەیەکی ئارام و بێ جیاکاری ڕەگەزی، هەروەها بەدەستهێنانی مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری و تەندروستییەکان، کە پێشتر لێی بێبەشبوون. 

چەوسانەندەوەی ژنان لە سەر بنەمای ڕەگەزی خاڵی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگەکانە. لە هەر کۆمەڵەگەیەکدا بە شێواز و فۆرمی جیاواز ژنان لەژێڕ جەور و ستەمی دەسەڵاتی نێرسالاریدا بوون. تاکو دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی گۆڕانکاری کە بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی ژناندا. هەر بۆیەش بزووتنەوەی فیمینیزمی فرەئاراستە و لقە بۆ خەباتکردن چونکە بەپێی کاریگەری کلتووری کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک، جۆری جیاکاری و چەوسانەندنەوەیان جیاوازبوو.

دەبێت ئەوەشمان لەبیربێت کە وێڕای ئەوەی بزووتنەوەی فیمینزمی بووەتە بزووتنەوەیەکی جیهانی، بەڵام هەڵقوڵاوی دنیای مۆدێرن و گۆڕانکارییەکانی ئەوروپایە، ژنانی جیهان بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتی ئەوان توانیویانە بیر لە دەستنیشانکردنی ڕێگایەک بۆ خەباتکردن دژی جەوروستەم بکەنەوە. هەر لەژێر ڕۆشنایی بیرکردنەوە لە شێوازەکانی خەبات و گونجان لەگەڵ ئایدۆلۆژیای گرووپە جیاوازەکانی ژنان، چەند ئاڕاستەیەکی فیمینیزمی سەریهەڵدا.

١.لیبراڵ فیمینیزم:

یەکەم ڕەوتی فیمینیزمە، لەسەر بنەمای فەلسەفەی لیبرالیزم تیۆری ڕەوتەکەی خۆیان داڕشتووە.  ئەم ڕەوتە میانڕەوە و داوای بەدەستهێنانی مافەکان دەکات بەڕێگای مەدەنی و دوور لە شۆڕش و یاخیبوون، هەوڵدەدەن و داوادەکەن چاکسازی لە یاسا و بونیادە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکاندا بکرێت.

ئەم ڕەوتە ڕەتیدەکاتەوە، کە ژنان لە توانا ئەقڵییەکاندا لە پیاوان کەمتربن، پێێانوایە ئەو دەرفەت و بوار ڕەخساندنەی کە بۆ پیاوان کراوە تا سەرکەوتووبن ژنانی لێ بێبەشکراون. بۆیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵە مێژووییە پێویستە دەستکاری یاسا و کلتوورە کۆمەڵایەتییەکان بكرێت و ئەم تێگەیشتنە ڕەتبکرێتەوە کە ژنان بێتوانان و دەرفەتی وەکیەکی بڕەخسێنرێت. کاتێک دەستکاری یاسا کرا ئەوا ژنانیش دەتوانن مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەدەستبهێنن.

بیرمەند و جوڵێنەری ئەم ڕەوتە چەند ژنێکی خەباتگێڕ بوون وەکو (ماری ویلستۆن کرافت/١٧٧٩-١٧٥٩)،  (جۆن ستیوارت میل) ، (مێری ئاستێل)، (بتی فریدان).

٢.فیمینیزمی مارکسی:

 ئەم ڕەوتە لەسەر بنەمای فکری مارکسی دامەزرا کە مارکس دەڵێت (ئابووری بەهێز پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێز دروست دەکات).

ئەم ڕەوتە باوەڕیان وایە، کە سستمی سەرمایەداری بووەتە هۆکاری چەوساندنەوەی ڕەگەزی و دوای ئەوەی موڵکایەتی تایبەت دروستبوو، چەوساندنەوەی ژنان پەرەیسەند، ئەوکاتەی کە موڵکایەتی تایبەت دروستبوو بووە هۆکاری ئەوەی ژنان ببنە پاشکۆی پیاو و وەکو یەکێک لە موڵکەکانی پیاو ئەژمارکران.

بۆ گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان داوای هەڵوەشانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵگە دەکەن و دەڵێن، دەبێت شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ئەنجامبدرێت. هاوکات پێیانوایە سەرقاڵبوونی ژن لە چوارچێوەی خێزاندا وادەکات کە لە چالاکییە گشتییەکان دووربکەوێتەوە، ئەمەش دەروازەیەکە بۆ زیاتر پەراوێزخستنیان.

ئەوان باوەڕیانوایە، کە ژناندا لە ڕێزی خەباتی نەهێشتنی چینایەتیدا بەشداربن، دەگەن بە مافەکانیان، بە پێچەوانەوە تا چینایەتی و سستمی سەرمایەداری لە برەودابێت ژن ئازاد نابێت.

٣.ڕادیکاڵ فیمینیزم:

 لایەنگرانی ئەم ڕەوتە داوای ئەنجامدانی شۆڕشێکی بنەڕەتی دەکەن، پێیانوایە دەبێ کۆمەڵگە لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێت، بە گۆڕانکاری لە یاسا و هەڵوەشاندنەوەی خێزان کێشەکانی ژنان چارەسەر نابن، بەڵکو دەبێت شۆڕشێک بکرێت و تێیدا گۆڕانکاری لە کلتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا بکات، ئەو کاتە دەرگا بۆ گەیشتنی ژنان بە مافە بنەڕەتییەکانیان دەکرێتەوە.

ئەم ڕەوتە پێیانوایە، بەهیچ جۆرێک نابێت ژن شانبەشانی پیاوان خەبات بکات، چونکە لە هەر جێیەک پیاوان هەبن دەسەڵاتخوازن و هەوڵدەدەن ژنان کۆنتڕۆڵ بکەن. هاوکات پێیانوابوو دەبێت ژن لە کۆت و بەندی دایکایەتی وهاوسەرگیری ڕزگاریان بێت و ئازادبن لە چۆنێتی ژیانکردن و بەشداری لەو شۆڕشەی بۆ زاڵکردنی ڕەگەزی مێ پێویستە.

ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٩٦٠ سەریهەڵدا، درووشمی سەرەکییان ئەوەبوو کە " بۆ ئازادی ژنان، پێویستمان بە شۆڕشی بایۆلۆژییە".

٤.فیمینیزمی سۆسیالیستی:

ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٩٧٠ سەریهەڵدا، هەوڵی کۆکردنەوەی هەردوو تیۆری لیبڕاڵ فیمینیزم و فیمینزمی مارکسییان دەدا. دەیانگوت: سستمی سەرمایەداری و پیاوسالاری هەردووکیان دژی بەدیهاتنی مافەکانی ڕەگەزی مێیینەن. پێیانوایە دەبێت شانبەشانی خەباتی چینایەتی خەباتی ڕزگارکردنی ژنانیش دەستپێبکرێت. هەروەها خەبات بکرێت بۆ ئەوەی ژنان لە دەسەڵاتدا بەشداربن، بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر بڕیار و یاساکان هەبێت.

٥.فیمینستە بایۆلۆژیستەکان:

ئەم ڕەوتە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی ژنان و پیاوان، لە بەرچاو دەگرن، باوەڕیان وایە کە هەندێ تایبەتمەندی نێر و مێ ڕەسەنن و قابیلی گۆڕانکاری نین، بۆیە ژنان و پیاوان تەواوکاری یەکترن و دەبێت بۆشاییەکانی یەکتر پڕبکەنەوە، چونکە کاتێک لەڕووی جەستەییەوە پیاوان بەهێزترن ئەوا ژنانیش لە چەندین بواری تردا پێشەنگ و شارەزان. ژنان لەڕووی بەرهەمهێنانەوە لە پیاوان کەمترنین و هەریەکیان دەتوانن لە بوارێکدا ڕۆڵی کاریگەر ببینن.

٦.فیمینیزمی ئابووری:

چەمکی فیمینیزمی ئابووری، بۆ یەکەمجار لە لایەن(کریستین دلڤین) لە ساڵی ١٩٧٥ بەکارهات. داوای مافی خاوەنداری ئابوورییان بۆ ڕەگەزی مێ کرد و گوتیان: دەبێت ژنانیش وەکو پیاوان، مافی سەرمایەگوزاری و خاوەندارێتی ئابوورییان هەبێت.

بەشداریپێکردنی هەر کەسێک لە سامان و داهاتییان پێویستە لەسەر خواستی خۆیان بێت نەک ناچارکردن. دەبێت ئازادبن لە بەکارهێنانی سەرمایەکانیان هەروەها ئازادبن لە هەڵبژاردنی کارکردن.

٧.فیمینیزمی ئەفریقی:

ئەم ڕەوتە لە فیمینیزم پێیانوایە، ژنانی ئەفریقی دووجار دەچەوسێنرێنەوە، جارێک لەسەر بنەمای ڕەنگ و جارێک لەسەر بنەمای ڕەگەز.

لە ژیانی واقیعیدا ژنانی ئەفریفی ژیانیان سەختە و لە ژێر گوشاری جیاکاری ڕەنگی پێستدا، کە ڕەگی ئەم جیاکارییە لە مێژوودایە و ملیۆنان مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەنگی پێستیان دەچەوسێنرێنەوە، تا ئێستاش کەم و زۆر ئەم جۆرە لە چەوساندنەوە هەیە، هاوکات ژنانی ئەفریقی پێیانوایە وێڕای ئەمەش جارێكی دیکە لەسەر بنەمای مێبوون دەچەوسێنرێنەوە.

نەخوێندەواری و بێکاری، برسێتی و خەتەنەکردن تەنگی بە ژنانی ئەفریقی هەڵچنیوە، ساڵانە بەهۆی خەتەنەکردنەوە دووچاری جۆرەها نەخۆشی و سەختی دەبنەوە تا دەگاتە ڕادەی مردن.

٨.ئیکۆ فیمینیزم:

ئەم ڕەوتە پێیانوایە، پیاوان بۆ زاڵبوون لە سەر ژن و سرووشت کاردەکەن و ئیلهامی دەسەڵاتخوازی لەوە وەردەگرن.

ئەوان باوەڕیانوایە، پیاوان ژنان دەکەنە هۆکاری سەرکەوتن بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی و تایبەتمەندییەکانی ژن. هاوکات کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی ژن و سرووشت و بە یەکێک لە ئەرکەکانیانی دەزانن.

٩.فیمینیزمی ئیسلامی:

ڕەنگە زۆر کەس هەبوونی وەها ڕەوتێک بە نائاسایی بزانن، چونکە بە تێگەیشتنی باو ئەو بزووتنەوەیە دژ بە ئایین و نەریتەکان دەزانن، هەتا لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا بە ناوهێنانیشیان قەڵس دەبن و پێیانوایە، نابێت ڕێگە بدرێت هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی نێر و کلتووری نێرسالاری دروست ببێت، بەڵام لە بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ئەم ڕەوتە هەیە و داوادەکەن، کە پیاوان بەپێی ئایەت و فەرموودە لەگەڵ ژنان هەڵسوکەوت بکەن، چونکە ئەو مافانەی ئایینی ئیسلام بۆ ژنی دیاریکردووە، پیاوان دەستیان بەسەر بەشێکیدا گرتووە، بۆیە خەباتکردن دژی خورانی مافەکانیان بەپێویست دەزانن. 

 

 

 

 

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە