
هیوای کفری
بارودۆخی هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی زۆر مەترسیدار چەقبەستووی تەواوی پێوە دیارە، ئەمەش لە ئەنجامی چەندین هۆکاری ئاڵۆز و ئامرازە بەکارهاتووەکان و کاراکتەرە سیاسییەکانی نێو کایەی حیزبی سیاسی حکومڕان، یان خاوەن کورسی پەرلەمانی هاتووەتە ئاراوە. لە لایەک نەخوێندنەوەی یەکتر لە ڕووی سیاسی و کاری دیموکراسی، و پەیوەست بوون بە تاکتیکی هەڵبژاردنەکان، و لانەدان لە قسەی ڕەچەتەکراوی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، لە لایەکی دیکەشەوە بەکارهێنانی میدیای فەرمی حیزب و هەندێک میدیای نافەرمی و هەندێک جار میدیاکاری تایبەت لە پشت پەردەوە، بۆ تانە و گەرمکردنی هەواڵ و گفتوگۆکردنی ناڵۆژیکی و بێ بنەما، یەکێک لە هەنگاوە تازەکانی حیزبی سیاسی کوردی پڕ لە مەترسی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانە.
لە دوای ئەوەی هەڵبژاردن بە هەموو کەم وکوڕییەکانەوە ئەنجام درا، لێرە کاتی نییە باسی کەم و کوڕی ئەو شێواز و ڕێکار و هەنگاوەکانی دیکەی بکرێت، کە چەند بە خراپ بەکارهێنراوە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵک و لایەنە بەشداربووەکان، هەر یەک بە بیانوویەک ڕازی بووە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان، و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ڕێکارەکانی تانە و پەسەندکردنی ئەنجامەکانیشی ڕاگەیاندووە. بەڵام حیزبە براوەکانی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم کە خاوەندارییەتی کورسی یەکەم و دووەمن، بەرپرسیارییەتی پێکنەهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆیە. ئەمە لە ڕووی لۆژیکی کورسییەوە، وەکو نەریتێکی خراپی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستانیش، ئەوانەی چەندین ساڵە حکومڕانی دەکەن و کەسیان بێ ئەوی دیکە ناتوانێت حکومڕانی بکات، ڕوونتر ناتوانرێت بێ یەکتر حکومەت دروست بکرێت، چونکە بڕوایان بە شەڕ هەیە و هێزیش بە سەر ئەو دوو هێزەی هەرێمی کوردستاندا دابەش بوونە، ئەوان زیاتر لە هەمووان ئۆباڵی دواکەوتنی پێکنەهێنانیان لە ئەستۆیە. چونکە ئەوان دەتوانن ئەو کارە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی پڕ مەترسی جەنگ، و گەرمی ناوچەکە، بە هۆکاری شەڕی (ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران) کە هەموو کایەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکەن، ئیتر ئەو گۆڕانکارییە شێوەی فراوان وەردەگرێت یاخود بەشی دەبێت، یاخود تەنها چاکسازی دەبێت لە هەندێک جومگەی حکومڕانی لە هەندێک وڵاتدا، ئەوەیان چەندین سیناریۆی پێشنیار کراوە، لە ئەنجامدا هەر یەکێکیش لەو سیناریۆیانە بۆ خزمەتی زلهێزە بەرژەوەندخوازەکان دەبێت.
عێراق وەکو بەشێکی جەنگ لە ڕووی جوگرافیا و سیاسییەوە بۆ کوردستان زۆر گرنگە، نەک بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی بێ بەرنامە، بەڵکو بۆ خوێندنەوەی تابلۆی گۆڕانکارییەکان بە بیری سیاسی قووڵ، چونکە هەر جۆریک لە گۆڕانکاری کە ڕووبدات چی بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی کاریگەری لە سەر حکومڕانی عێراق دەبێت. کاریگەری خستنە سەر حکومڕانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەیان پرسیاری لە سەرە نەک کاریگەری، چونکە نە خاوەنی حکومەتین و نە یەک گوتارین و نە یەک بەرنامەی نووسراوی پەسەندکراوی گەل لە بەردەستی حیزبە حکومڕانەکاندایە، بۆ بەردەوامی حکومڕانی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک و ژیانیان، بۆیە هەرێمی کوردستان لە نەبوونی حکومەتێکی ڕەوای هەڵبژێردراو و خاوەن پێگەی یاسایی و دەستووری، گرفت بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دروست دەکات. ئەمە ئۆباڵی لە ئەستۆی ئەو لیستانەیە کە چەندین ساڵە بە شێوازی شەریکەبەش حکومڕانی کوردستان دەکەن، ئێستایش ئەوان هەمان کورسی پەرلەمانیان هەیە و دەبێت بە ئومێدی پاراستنی کوردستانەوە حکومڕانی دروست هەڵبژێرن. لە ئێستادا ئەوان گەیشتوونەتە قۆناغی هەرکەس بۆ بەرژەوەندی حیزبی و دەنگدەرانیان لە ئاستی بەرزی داواکاری و بەشکردنی کێکی سەرمایەی حکومڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەنە خوارەوە، ناکرێت ئەمە بۆ ئەوان بچێتە سەر و کەس جووڵەی نەبێت.
گرنگە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە بوێرییەکی دیکەوە دەستپێشخەری پێشکەش بکەن، بە جۆریک سەردان و خستنەڕووی مەترسییەکان و خستنەکاری هەموو کەناڵەکانی حیزبی بۆ دانیشتن و نیزیک کردنەوەی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت لە هەرێمی کوردستان، ئەمانە بە پێشنیاری گونجاو و لۆژیک و دانیشتنی سیاسی و سەردان و گفتوگۆی دوور لە موزایەدە، وێنەی ڕاگەیاندن و هەواڵی ڕۆژنامەوانی دەکرێت. ئەگەر ئەنجامی نەبوو و نەکرا، ئەوە پێویستە بە هاوبەشی خەڵک و پاڵەپەستۆی دەنگی شەقام، ڕۆژانە هەموو خەڵک ڕازی بکرێت کە دەبێت حکومەت دروست بکرێت، و کۆتایی بە بێ حکومەتی بهێنرێت. لێرەوە هەنگاوێکی دیکە دێتە ئاراوە ئەویش ڕۆڵی حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە نێوەندگیری و دابەش نەبوون بە سەر بەری ڕەش و سپی و تەماشاکردنی ناوچەی خۆڵەمێشی بۆ خزمەتی گشتی. دەبێت ئێستا حیزبەکانی دیکەی کوردستان ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی خاک و خەڵک دەزانن، و کاری ڕێکخستنی بەردەوامیان لە کۆمەڵگادا هەیە، هەنگاوەکانیان مەیدانی بکەن بۆ ئەوەی نێوەندگیری لە نێوان هێزە لەیەکترازاوەکانی کوردستان ئەنجام بدەن. نێوەندگیری بە مانای ڕازی بوون نایەت بە سیاسەتی چەندین ساڵەی حکومڕانی ئەو دوو حیزب و سێ حیزبەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە مانای ئەوە دێت مەترسی لە سەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، حکومڕانی هەر لای چەند هێزێکە و خۆیان بڕیار دەدەن و هەڵسەنگاندن دەکەن، و پارە بەش دەکەن و وەفد دروست دەکەن و پێشوازی دەکەن، بۆ ڕووی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کەچی لە ڕووکەشدا یاری بە میزاجی خەڵک دەکەن، لەوەی بە ڕاگەیاندنەکانیان تاوانباری دواکەوتنی پێکنەهێنانی حکومەت دەخەنە ئەستۆی یەکتری. نێوەندگیری واتە دڵسۆزبوون بۆ خەڵک کە سەرگەردان و بێ نان و ئاو نەبێت، تووشی کوشتن و بڕین و لەناوچوون نەبێت، دڵسۆزی بۆ هێشتنەوەی ئەم جۆرە لە حکومڕانییە بە شێوەی ئێستا ئەگەرچی هەزاران ڕەخنەمان لە سەری هەیە، بەڵام قۆناغی گۆڕانکاری لە حکومڕانی دەبێت بە ئاشکرا و دیموکراتیانە بێت، واتە تاوەکو ئەو کاتەی خەڵک خۆیان بڕیاری دروست بدەن لە گۆڕینی ئەم حیزبانە دەبێت پارێزگاری لە پرۆسە و حکومڕانییەکەی بکرێت.
بەداخەوە هەموو کایەی سیاسەتکردن و تێڕوانینی سیاسیانە و پلانی پارتەکانی هەرێمی کوردستان لە ستراتیژدا کۆنەکراوەتەوە، بەڵکو هەموو تەنها سیاسەت وەکو ئامراز بەکاردەهێنن، هەرچی تواناکان هەیە بۆ ئەوەیە کاریگەری لە سەر هەست و سۆزی خەڵک بکرێت بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنەکان. دەبێت ئەوە ڕوون بێت قسەکردن لە سەر ئەوەی هەرێمی کوردستان تەنها موڵکی دوو حیزب و سێ حیزب نییە، داڕشتنەوەی سیاسەت و بڕیاردانیش تەنها بۆ ئەو حیزب و گرووپ و لیستانە نییە کە لە دوا هەڵبژاردندا کورسیان هێناوە، بەڵکو پانتااییەکی فراوانتر لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بۆ سیاسەتکردن و هەنگاونانی سیاسیانە، ئەمە تەنها بۆ کوردستان وەها نییە، بەڵکو نەریتێکی سیاسی پەیڕەوکراوە بۆ کایەی سیاسی دونیا. لە پێڕەوی ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ئەنجامی گشتی بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان دەبێت و سازانی بێ مەرامی سیاسی و حیزبی بەرهەم دێت، ئەگەر نا ئەوە هەموومان بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆمان دەبێت بە پێی بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان.
