
ستار ئەحمەد
لەو ساتەوەی کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی هۆشمەند و خاوەن هەست پێی ناوەتە ناو ئەم جیهانە پڕ لە گەمە ناڕاستیانەوە، هەمیشە لە ناو کێشمەکێشێکی گەورەدا بووە بۆ دۆزینەوەی مانا و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە قورسەی کە ئایا بۆچی لێرەین و بەرەو کوێ دەچین....؟ بۆ ئێمە، وەک گەلێک کە تامی تاڵی ستەم و داگیرکاری و سڕینەوەی چەشتووە، پرسیاری "بۆچی دەژین" تەنها گەڕانێکی فەلسەفی نییە، بەڵکو هاوارێکی کپکراوی ناو دڵێکی بریندارە، کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر باری قورسی چەوسانەوەدا دەناڵێنێت و لە ناو بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە. ژیان بۆ مرۆڤێکی تینووی ئازادی و ڕاستی، ناکرێت تەنها لە هەناسەدان و خواردن و خەوتن کورت بکرێتەوە، بەتایبەت کاتێک دەبینین ،کە چۆن هەموو پیرۆزییەکان و هەموو مانا جوانەکان لە لایەن هێزە تاریکەکانەوە دەدزرێن و دەکرێنە کەرەستەیەک بۆ داگیرکردنی خاک و سڕینەوەی ناسنامەی ئێمە. ئێمە دەژین لە ناو واقیعێکدا کە تێیدا هەموو شتێک بە ناوی پەیامی ئاسمانی و ئایینەوە کراوەتە قوربانی بۆ کەڵەگایی و باڵادەستیی نەتەوەیەک، کە بیابان و تەپوتۆزی لەگەڵ خۆی هێناوە و دەیەوێت هەموو جیهان بکاتە چۆڵەوانییەکی وشک و بێگیان و بێڕەنگ.
کاتێک لە ناو قووڵایی خەونەکانماندا سەیری ئەو دونیا و ئەو پاداشتە دەکەین کە بەڵێنیان پێداوین، بەڵام لە جیاتی باخ و بێستان، تەنها ڕەشماڵی ڕەش و بیابانی تەپوتۆزاوی دەبینین ،کە یەک دار و یەک چڵە سەوزایی تێدا نییە، ئیتر تێدەگەین کە چەندە لەم ژیانەدا ستەممان لێ کراوە و چەندە ئەو بازنەیەی تێیدا دەژین توند و داخراوە. ئەم خەونە تەنها خەو نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت خەیاڵدان و باوەڕ و پەیوەندیی ئێمە و پەروەردگاریشیان داگیر کردووە و دەیانەوێت تێمان بگەیەنن، کە پاداشتی کۆتایی هەر گەڕانەوەیە بۆ ناو هەمان ئەو ئەقڵیەتە دەشتەکییەی، کە لێرە ژیانی لێ کردووینەتە دۆزەخ. ئێمە بۆچی دەژین ئەگەر بڕیار بێت لێرە لە ناو تەعریب و ڕاگواستن و سڕینەوەدا بمرین و لەوێشدا هەر لە ژێر سێبەری رەشماڵە ڕەشەکاندا بین...؟
ژیان بەم شێوەیە دەبێتە تەمومژێکی بێواتا، کە تەنها بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەیەکی تر داڕێژراوە. بەڵام ڕاستییەکی تر هەیە کە دەبێت دەنگی بدەینێ، ئەویش ئەوەیە: کە ژیان لێرە دەبێتە ململانێیەکی پیرۆز بۆ پاراستنی ئەو ڕەنگە سەوزەی، کە داگیرکەران دەیانەوێت لێمان بگرنەوە و بیکەنە ڕەشییەکی بێکۆتایی. ژیان واتە بوون وەک شاخێک، وەک چەمێکی ڕوون، وەک زمانێکی ڕەسەن ،کە نایەوێت ببێتە پاشکۆی هیچ زمان و کلتوورێکی بیابانی و کۆچەری. ئێمە دەژین بۆ ئەوەی نیشانی بدەین ،کە ئەو خودایەی دادپەروەرە، ناتوانێت تەنها بە زمانی بیابان بدوێت و ناتوانێت تەنها یەک نەتەوە بە تایبەت ببینێت و میللەتانی تر بکاتە خزمەتکاری ئەوان و ماڵ و حاڵیان بە ناوی پیرۆزییەوە لێ بستێنێت.
ئەم ژیانەی کە ئێستا لە ناو گەرداوی واقیعدا ونیان کردووین، پێویستی بەوەیە کە جارێکی تر بە چاوێکی تێڕامانەوە سەیری بکەینەوە و ئەو دیوارە ئەستوورانە بشکێنین کە دەوریان داوین. بۆچی دەبێت ئێمە باجی ئەوە بدەین ،کە کەسانی تر نایانەوێت مرۆڤ بن و تەنها دەیانەوێت داگیرکەر بن...؟
بۆچی دەبێت بەهەشتی ئێمە لە خەوندا بێدار و بێسەوزایی بێت، لە کاتێکدا نیشتمانی ئێمە خۆی بەهەشتێکی کەسک و پڕ لە ژیانە....؟
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو فێڵە مێژووییەی بە ناوی ئایینەوە تێکەڵ بە ژیانمان کراوە، دەیەوێت تەنانەت حەز و ئارەزووی ئێمە بۆ جوانی و ئاوەدانی بکوژێت و بمانکاتە کەسانێکی دەستەمۆ. ژیان بۆ ئێمە دەبێت ببێتە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕاستییەی،
کە لە ژێر خەروارێک تەپوتۆزی درۆ و دەستکەلاکردنی دەقەکاندا شاراوەتەوە. ئێمە دەژین بۆ ئەوەی ئەو ڕەشماڵە ڕەشانە بدڕێنین و تیشکی ڕاستەقینەی خۆر ببینین، ئەو خۆرەی کە نایەوێت تەنها لم بسوتێنێت، بەڵکو دەیەوێت ژیان بدات بە چیا و بە دارستان و بەو خاکەی کە بە خوێنی ڕۆڵەکانمان لە هەموو بستێکی ئەم نیشتمانە پارێزراوە. ژیان واتە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو درۆیانەی کە دەیانەوێت مرۆڤ بکەنە کۆیلەی نەتەوەیەکی تر و پێی بڵێن کە پاداشتت لەو دونیایە، تەنها مانەوەیە لە ژێر دەسەڵاتی هەمان ئەو کەسانەی کە لێرە ماڵیان لێ تێکداویت و ناسنامەیان لێدزیویت.
ئێمە دەژین تا نیشانی بدەین کە واتا لە ناو دڵ و دەروونی مرۆڤی ئازاددایە، نەک لە ناو ئەو دروشمانەی، کە کراونەتە چەک بۆ سڕینەوەی میللەتان و داگیرکردنی زەوی و زاریان. ژیان واتە گەڕان بە دوای ئەو دادپەروەرییە ڕاستەقینەیەی، کە تێیدا هیچ کەسێک لەبەر ڕەنگی پێستی یان زمانی دایکی یان ڕەچەڵەکی، فەزڵی بەسەر کەسێکی تردا نییە. ئەگەر ژیان بەم شێوەیە نەبێت، ئیتر هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مردنێکی خاو و بێدەنگ نییە. ئێمە دەژین چونکە هێشتا دەنگی چەمەکانمان و شنەی بای چیاکانمان پێمان دەڵێن: کە ئێوە خاوەنی ئەم زەوییەن و نابێت تەسلیمی ئەو تۆزەبن، کە داگیرکەران دەیانەوێت بەسەر چاوتاندا بپڕژێنن، هەتا ڕێگەی ڕاستی و ئازادی ون بکەن. ژیان بۆ کوردێک کە لە ناو بازنەیەکی داخراوی سیاسی و کلتووریدا دەجەنگێت، واتە بوون بە بەربەستێکی پتەو لە بەرامبەر ئەو لافاوە ڕەشەی کە دەیەوێت هەموو ئاوەدانییەک بکاتە وێرانە و هەموو سەوزاییەک بکاتە سوتماک. ژیان واتە نووسینەوەی مێژووی خۆمان بە دەستی خۆمان، نەک بەو زمانەی کە دەیەوێت بمانکاتە نامۆ لە ماڵی باوباپیرانی خۆماندا. هەر بۆیە، کاتێک دەپرسین بۆچی دەژین، دەبێت بزانین کە ژیانمان ڕەوایەتییەکی گەورەیە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو ستەمانەی کە بە ناوی یاسا و ئایین و پیرۆزییەوە کراونەتە گەردنی ئەم گەلە.
لەم جیهانەدا کە پڕە لە درۆی ڕێکخراو و تێکەڵکردنی مانا نزمەکان بە بەها بەرزەکان، ژیان دەبێتە جۆرێک لە یاخیبوون بۆ گەیشتن بە ڕاستی. راستییەک، کە تێیدا هیچ نەتەوەیەک لای خودا تایبەت نییە و هیچ زمانێک لە زمانێکی تر پیرۆزتر نییە، مەگەر بەوەی چەندە خزمەتی مرۆڤایەتی و دادپەروەری دەکات. ئێمە دەژین بۆ ئەوەی ئەو بتە مێژووییانە تێکبشکێنین کە بیابان نشینەکان دروستیان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بکەنە نوێنەری تاقانەی خودا لەسەر زەوی و لەوێوە ڕەوایی بدەن بە تاڵانی و نەمانمان. ژینمان دەبێتە گەشتێکی ئەستەم لە ناو تاریکیدا بۆ گەیشتن بەو کەنارەی، کە تێیدا مرۆڤ تەنها بە مرۆڤایەتی و پاکی ئابڕوویەوە دەناسرێتەوە. ئێمە دەژین بۆ ئەوەی ئەو پێکەنینە پڕ لە ژانی ناخمان بکەینە ئامرازێک دژی ئەو بەڵێنە ساختانەی ،کە دەیانەوێت بمانخەنە خەوێکی قووڵەوە تا لەو ناوەدا خاک و زمان و داهاتوومان لێبدزن. ژیان واتە بێدارییەکی هەتایی، واتە هۆشیاریی نەتەوەیی، واتە تێگەیشتن لەوەی کە بەهەشت و دۆزەخ ،هەر لێرە لە ناو کردەوەکانماندایە و ئێمەین کە دەبێت بڕیار بدەین ئایا لە ناو گەرداوی داگیرکەریدا دەمێنینەوە یان بەرەو سەوزایی ئازادی دەفڕین.
ژیان لە ناو ئەم بازنە داخراوەدا، پێویستی بە جۆرێک لە سووتانی بەردەوام هەیە بۆ ڕووناک کردنەوەی ڕێگەی نەوەکانی داهاتوو. ئێمە بۆچی دەژین کاتێک دەبینین مێژوو تەنها وەک گەمەیەکی خوێناوی لە لایەن دەسەڵاتە ستەمکارەکانەوە دەنووسرێتەوە...؟ کاتێک دەبینین چۆن زمانەکەمان، کە ڕەگی لە ناو قووڵایی بەرد و داری ئەم کوێستانانەدایە، دەکرێتە قوربانی بۆ پیرۆزکردنی زمانێکی تر کە تەنها زمانی شمشێر و سڕینەوە و بیابانە. ئەم ژیانە چ مانا و نرخێکی تێدا دەمێنێت ئەگەر بڕیار بێت ئێمە تەنها ژمارەیەکی بێدەنگ بین لە مێژووی نەتەوەیەکی تردا...؟
ئەو تراویلکەیەی لە خەونەکانماندا دەیبینین، تەنها تۆزی بیابان نییە، بەڵکو تۆزی ئەو هەموو درۆ و فێڵە مێژووییانەیە، کە خراونەتە ناو چاوی مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی حەقیقەتی کورد و ئەم خاکە نەبینرێت. ئێمە دەژین بۆ ئەوەی ئەو پەردە تاریکانە بدڕێنین کە دەیانەوێت بمانخەنە ناو گۆڕێکی بێدەنگی کلتوورییەوە. چۆن دەکرێت مرۆڤێک بە دڵێکی پڕ لە ئاواتی کەسکەوە بژی، کەچی لە هەر لایەکەوە بە دەواری ڕەش دەورە درابێت.. ؟ چادری ڕەش لێرەدا تەنها پەناگەیەک نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ژیانێکی کاتی و بێڕەگ، بۆ ژیانێک کە تەنها لە سەر سڕینەوەی مافی خاوەن ماڵە ڕەسەنەکان بنیات نراوە. ئێمە دەژین تا نیشانی بدەین، کە ڕەگی ئێمە لە ناو چیاکاندایە و شەپۆلی هیچ لافاوێک ، ناتوانێت لە بنمان دەربهێنێت و بمانکاتە پاشکۆی کلتوورێکی نەزانی.
ئێمە دەژین چونکە هەر هەناسەیەک، کە دەیکێشین، دەبێت هەوڵێک بێت بۆ پاککردنەوەی هەوای نیشتمان لەو تەپوتۆزە ژەهراوییەی کە دەیەوێت ڕۆحمان تەڵخ بکات و ئیرادەمان بشکێنێت. ئێمە دەژین چونکە هێشتا بڕوامان بەوە هەیە، کە ڕۆژێک دادێت، ئەو سەوزاییەی لە خەونەکانماندا تینووی بووین، دەبێتە واقیعی سەر زەوی و هەموو بیابانە وشکەکان لە ناو دەچن. ژیانمان تێکۆشانە بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە، و هەتا ئەو کاتەی تاقە مرۆڤێکی ئازاد مابێت ،کە ئامادە نەبێت ببێتە کۆیلەی بیر و زمانیی کەسانی تر، ژیان هێشتا مانایەکی قووڵی هەیە و شایەنی ئەوەیە لە پێناویدا هەموو مەترسییەکان قبوڵ بکەین. ئێمە دەژین چونکە بوونی ئێمە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر شکستی ئەو پرۆژە ڕەشانەی ،کە دەیانویست مێژوو تەنها بە ڕەنگی سیای خەیمەکان و بە زمانی داگیرکەران بنووسنەوە. هاواری ئێمە لە ناو ئەم بازنە داخراوەدا، سەرەتایەکە بۆ شکاندنی تەلبەندەکە و ڕزگارکردنی گیانمان لەو گەردەلوولەی کە ساڵانێکی درێژە لێیان کردووین بە بەهەشت، بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە بیابانێکی چۆڵ و هۆڵ هیچی تر نییە. ئێمە دەژین بۆ ئەوەی ئەو کەسکییە، ونبووە بگێڕینەوە بۆ ناو دڵمان و بۆ ناو خاکمان.