
سەدیق سەعید ڕواندزی
هەموو زمانێكی شیعری، هەڵگری بونیادێكی واتاییە، بەو مانایەی زمان لە دەقی شیعریدا، ئەگەر لە ئاستی دەربڕین و فۆڕمیشدا مانایەكی دیاریكراوی هەبێت، ئەوا هەمان ئەو زمانە دەشێ لە چەندین دەلالەتی دیكەی زمانەوانی بیخوێنینەوە.بێگومان هەموو دەقێك هەڵگری مانایەكە، بۆیەشە لە ڕێی زمانەوە ئەو مانایە دەگەیەنرێت.زمان لە دەقی ئەدەبیدا، هەمان ئەو زمانە میللییە نییە، كە دەشێ بە ئاسانی لە ماناكەی بگەین، بەڵكو دەتوانین هەمان ئەو زمانە بە چەندین مانا بارگاویی بكەین. یەكێك لە ئەركە بنچینیەیەكانی زمان گەیاندنە، بگرە زمان خۆی، وەك ئامرازێك بۆ پەیوەندی و گۆڕینەوەی بیروڕا، ئامانج لێی گەیاندنی پەیام و گوتارێكە بۆ ئەویتر. لێرەوەش گەر لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتییەكەی زماندا، تەنێ گەیاندنەكە مەبەست بێت، ئەوا لە زمانی نووسیندا، شێوە و چییەتی و چۆنیەتی ئەو گەیاندنەش لە فۆڕمە دیارەكانی زمانە، چونكە زمانی دەق، زمانێكی مانایی، هونەریی و ئستاتیكییە و نابێ بە هەمان فۆڕمی كۆمەڵایەتییانەی زمان، لە میانەی پەیوەندی ئاسایی كۆمەڵایەتی بەكاربێت، هەر ئەمەشە نووسین لە زمانی ئاسایی جیا دەكاتەوە، چونكە نووسین بە مانای داڕشتن و ڕێكخستن و بەواتاییكردنی زمان. لەو ڕوانگەیەوە، گەر سەرنج لە زمانی نووسینی بەشێكی زۆر لە نووسەران بدەین، دەبینین ڕەچاویی ئەو ڕێكخستنە هونەریی و مانایەی زمان ناكەن و تەنها لە ڕووكاری دەرەوەدا، سەرنجی زمان دەدەن، كە ئەمەش هەڵەیە و جۆرێكە لە درك نەكردن بە هونەری بەرجەستەكردنی زمان لە دەقدا. بۆ نموونە: هاوڕێیەكەم، كۆمەڵە شیعرێكی بە ناوی (لێرە ڕۆژ بێ تام درێژە ) بڵاوكردۆتەوە. ئەم ناونیشانە لە ئاستی فۆڕمی زماندا دیارە مەبەستەكەی ڕوونە، بەڵام گەر بپرسین تامی ڕۆژ چۆنە؟! ئەوا بێگومان ئەم ناونیشانە ناتوانێت، دەلالەتی واتایانەی خۆی لە ڕووی ناوەڕۆكەوە بگەیەنێت، چونكە لە بنەڕەتدا ڕۆژ تامی نییە و تامكردن پەیوەندی بە هەستەكانەوە هەیە و هەستەكانیش دەبێ ئەزموون بكرێن، ئەوكات دەردەكەوێت پەیوەندی ئێمە بە شتەكانەوە لە ڕووی هەستییەوە چۆنە. هەڵبەتە زمانی شیعری، زمانی سمبولی و مەجازییە، بەڵام دواجار ئەوەی لە دەق بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی بوونی هەیە مانایە، بەو پێیەی خوێنەر لە پاڵ چێژ و جوانی زمان، مانای بەلاوە مەبەستە، لێرەوەش ئەم ناونیشانە شیعرییانە ناكەوێتەوە. گەر لە بری تام وشەی (بێ ئەندازە، یان بێ سنوور درێژە) بەكارهاتبا، ئەوا مانای شیعرییانەی خۆی دەگەیاند، بەو پێیەی ڕۆژ دوانزە كاتژمێرە و ئەو ڕۆژەی شاعیریش وەسفی كردووە، لە دوانزە كاتژمێر زیاترە، بەمەش پێوانەی زەمەن و پێوانەكردنی كات لە ڕووی واتاییەوە هاوواتا دەبوو لەگەڵ ناونیشانە شیعرییەكە، پێچەوانەی تام، چونكە زەمەن پێوانە دەكرێت و چوارچێوەیەكی فیزیكی و مێژوویی هەیە و ئەمە لە كرداری هەستی تامكردندا بوونی نییە. گریمان گەر لە بری ڕۆژ، ڕۆگاریش بەكارهاتبا، ناونیشانەكە زۆر جوانتر و پڕ ماناتر دەبوو، چونكە زۆرجار دەگوترێت، ڕۆژگارێكی تفت و تاڵمان بە سەر برد، بەڵام هەرگیز ناڵێین، ڕۆژێكی تفت و تاڵمان بە سەر برد، چونكە لە ڕۆژگاردا زەمەن كراوەیە، بەڵام لە ڕۆژدا دیاریكراوە و داخراوە، چونكە دوانزە كاتژمێرە، بەو پێیەی شەو و ڕۆژ بەسەر یەكەوە بیست وچوار كاتژمێرە.