
ستار ئەحمەد
ئەگەر بمانەوێت مێژووی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی بنووسینەوە، دەبێت لەو چرکەساتەوە دەست پێبکەین، کە یەکەمین هەوڵی ئاخاوتن لە گەرووی مرۆڤێکی سەرەتایییەوە هاتە دەرێ. پێش دۆزینەوەی ئاگر و پێش دروستکردنی یەکەمین ئامرازی ڕاوکردن، دۆزینەوەی زمان گەورەترین وەرچەرخانی ژیان بوو. زمان تەنها کۆمەڵە دەنگێکی بێواتا نییە، بەڵکو ئەو بنچینە پتەوەیە ،کە هەموو شارستانییەتەکانی لەسەر بنیات نراوە. گەڕان بەدوای یەکەمین چەرخی ئاخاوتنی مرۆڤدا، وەک گەڕان وایە بەدوای سەرچاوەی ڕووناکیدا لەناو تاریکییەکی قووڵی مێژووییدا. زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ تێگەیشتن، بەڵکو گەورەترین ناسنامەی بوونەوەرە بەرەو قۆناغی مرۆڤبوون. پێش ئەو ساتە، جیهان تەنها دەنگی سروشت و هاژەی ئاو و نەعرەتەی ئاژەڵان بوو، بەڵام کاتێک مرۆڤ توانی دەنگەکان ڕێکبخات و مانیان پێ ببەخشێت، گەردوون ڕەهەندێکی نوێی تێدا خوڵقا. ئەمە ساتەوەختێکی پیرۆزە لە مێژوودا، چونکە لێرەوە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی بێدەنگ و ڕاوکەرەوە بوو بە بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و خاوەن شکۆ.
زۆرێک لە بیرمەندان لەو بڕوایەدان دەسپێکی زمان لەگەڵ یەکەمین هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ کارکردنی بەکۆمەڵ و ڕاوکردنی پێکەوەیی بووە. کاتێک مرۆڤەکان پێویستیان بەوە بوو ئاگاداری یەکتری بکەنەوە یان پلانێک دابنێن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ئاماژە و دەنگە جیاوازەکان. ئەم دەنگانە لە سەرەتادا تەنها لاساییکردنەوەی دەنگی سروشت بوون، وەک دەنگی با یان گریانی ئاژەڵە بریندارەکان، بەڵام هێدی هێدی مێشکی مرۆڤ گەشەی کرد و توانی ئەم دەنگانە بکاتە هێمایەک بۆ شتەکان. لێرەوە ناونان دەستی پێکرد؛ ناولێنان یەکەمین هەنگاوی مرۆڤ بوو بۆ زاڵبوون بەسەر ترسەکانیدا. کاتێک مرۆڤ توانی ناوی ئاگر یان ناوی مردن یان ناوی نێچیرێک بنێت، ئیدی ئەو شتە لە مێشکی ئەودا بوو بە ناسراو و توانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەگەر سەیری ڕەگی زمانەکان بکەین، دەبینین هەر وشەیەک ئەمڕۆ ئێمە بەکاری دەهێنین، مێژوویەکی هەزاران ساڵەی لەپشتە. زمان وەک دارێکی گەورە وایە ڕەگەکانی لەناو قووڵایی خاک و مێژوودا چەقیون و لقەکانی بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە. هەر نەتەوەیەک بەپێی ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوە، ڕەنگ و بۆنی تایبەتی بە زمانەکەی بەخشیوە. ئەوانەی لەناو کەژ و کێوەکاندا ژیاون، وشەکانیان وەک تاشەبەردەکان قورس و پتەون، ئەوانەیشی لە لێواری دەریا و ڕووبارەکاندا بوون، ئاخاوتنێکی نەرم و پڕ لە شەپۆلیان هەیە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە زمان تەنها دەنگ نییە، بەڵکو ئاوێنەی ژینگە و شێوازی ژیانی مرۆڤەکانە. هەر وشەیەک لە گەروویەک دێتە دەرێ، هەڵگری هەموو ئەو ئازار و خۆشی و ئەزموونانەیە پێشینانی ئێمە چەشتوویانە.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، زمان تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو خولقاندنی جیهانە. فەیلەسوفەکان پێمان دەڵێن ئێمە لەناو زماندا دەژین نەک لەناو جیهاندا. جیهانی دەرەوە تەنها وێنەیەکی خاوە، تەنها کاتێک وشەمان بۆی دۆزییەوە، مانای تێدا دروست دەبێت. کاتێک بێدەنگی دەشکێنین، خەریکی ڕێکخستنی گەردوونین لەناو مێشکماندا. ئەگەر زمان نەبوایە، ئەقڵی مرۆڤ وەک زیندانێکی تاریک دەبوو هیچ چرایەکی تێدا دانەدەگیرسا. زمان دەسەڵاتی بە مرۆڤ بەخشی تێگەیشتنەکانی لە بازنەی جەستەی خۆی بباتە دەرێ و بیگەیەنێتە بەرامبەرەکەی. ئەمە گەورەترین پەرجووە لە مێژووی ژیاندا ڕووی دابێت، چونکە لێرەوە من و تۆ تێگەیشتنێکی هاوبەشمان بۆ ئێمە دروست کرد.
دوای قۆناغی دەسپێکی ئاخاوتن، مرۆڤ هەنگاوێکی تری هاویشت بەرەو نەمری، ئەویش داهێنانی نووسین بوو. ئەگەر زمان دەنگی گواستبێتەوە بۆ گوێی هاوچەرخەکان، ئەوا نووسین مێژووی گواستەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. یەکەمین نیشانەکان لەسەر دیوارەکان و دواتر لەسەر تابلۆ قوڕەکان، تەنها وێنە نەبوون، بەڵکو هەوڵێک بوون بۆ ڕاگرتنی کات. مرۆڤ نەیدەویست زانیارییەکان بمرن؛ دەیویست ئەوەی لە مێشکیدایە وەک میراتێکی هەمیشەیی بمێنێتەوە. لێرەوە شارستانییەتە گەورەکان دروست بوون. یاسا و شیعر و فەلسەفە لە ڕێگەی نووسینەوە بوونە بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی. زمان لەم قۆناغەدا لە ئامرازێکی سادەی پەیوەندییەوە بوو بە پارێزەری گەورەترین دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی.
لە سەردەمی نوێدا، زمان بووەتە هێزێکی گەورەتر لە جاران. ئێستا زمان تەنها بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی، ئابووری و زانستییە. ئەو نەتەوانەی زمانی خۆیان پشتگوێ دەخەن، لە ڕاستیدا هۆشیاریی خۆیان بۆ داهاتوو لەدەست دەدەن. لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەدا، ئامادەبوونی زمان لەناو فەزای دیجیتاڵیدا، گەرەنتی مانەوەی ئەو زمانەیە. فێربوونی زمانە بێگانەکان پێویستە بۆ گەیشتن بە زانست، بەڵام پێویستە ئەمە نەبێتە هۆی لاوازکردنی زمانی دایک. مرۆڤی سەردەم پێویستە وەک چۆن هەوڵی نوێکردنەوەی ژیانی دەدات، ئاواش هەوڵی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی وشەکانی بدات تا بتوانێت گوزارش لەو هەستە ئاڵۆزانە بکات لەناو جیهانی مۆدێرندا دروست دەبن.
لە ڕاستیدا پاراستنی زمان ئەرکێکی ئاکاریی و نەتەوەییە. لەم سەردەمەدا جیهانگیری هەموو شتێکی تێکەڵ کردووە، زمانە ڕەسەنەکان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە. کاتێک وشەیەکی ڕەسەن لەناو دەچێت و وشەیەکی بێگانە جێگەی دەگرێتەوە، تەنها دەنگێک ناگۆڕێت، بەڵکو پارچەیەک لە ناسنامە و مێژووی ئێمە دەسڕێتەوە. زمان ماڵە گەورەکەی مرۆڤە و هەموو نەتەوەیەک لەناو زمانی خۆیدا هەست بە ئارامی و بوونی خۆی دەکات. بۆیە پێویستە لە نووسین و ئاخاوتنی ڕۆژانەماندا، بەوپەڕی وەفادارییەوە مامەڵە لەگەڵ وشەکاندا بکەین و ڕێگە نەدەین ڕەسەنایەتییان لەدەست بدەن. زمانی زیندوو، ئەو زمانەیە بەردەوام توانای نوێبوونەوەی هەبێت بێئەوەی ڕابردووی خۆی فەرامۆش بکات.
لەکۆتاییدا دەبێت بڵێین زمانیش وەک مرۆڤە؛ لەدایک دەبێت، گەورە دەبێت، گەشە دەکات و ئەگەر خاوەنی نەبێت، بێهێز دەبێت و دەمرێت. دەسپێکی زمان، جەژنی سەرکەوتنی مرۆڤە بەسەر بێدەنگی و نەزانیندا. ئەمە ئەو کلیلە بوو دەرگای هەموو زانستەکان و هونەرەکانی بۆ کردینەوە. هەر وشەیەک دەینووسین یان دەیڵێین، وەک ئەوە وایە مۆمێک لەناو تاریکییەکانی مێژوودا دابگیرسێنین. با پارێزەری ئەو ڕووناکییە بین و نەهێڵین باهۆزی زەمانە و تێکەڵبوونی بێسەروبەری زمانەکان، شکۆ و جوانیی ئاخاوتنی ڕەسەنەکەمان بشێوێنێت.