
١٩٢٦ – ١٩٦٣
د. جەمشید حەیدەری
شەهید جەمال حەیدەری لە ساڵی ١٩٢٦ لە هەولێر هاتووەتە دنیا و هەر لە هەولێریش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٤٣ لە کۆلێژی مامۆستایانی بەرز (دار المعلمين العالية) لە بەغدا وەرگیراوە.
لە سەرەتادا لەگەڵ ڕێکخراوی (یەکێتی تێکۆشین) کە ڕێکخراوێک بوو لە حیزبی شیوعی عێراق جیابووبووە کاری کردووە و پاشان لە ساڵانی ١٩٤٤ - ١٩٤٥ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان کە بە ناوی (شۆڕش) ناوبانگی دەرکردووە.
لە سەر دەستپێشخەریی "شۆڕش" و بە هاوکاری و کاری تێکۆشەرانی کورد لە ساڵی ١٩٤٥ پارتی ڕزگاری کورد دامەزراوە، جەمال حەیدەری یەکێک بووە لە سەرکردەکانی (ڕزگاری کورد) لە ساڵی ١٩٤٦ دوای دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کورد) بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام هەندێ لە ئەندامانی هەردوو ڕێکخراو (شۆڕش و ڕزگاری) نەچوونە ڕیزی پارتی دیموکراتی کورد، بەڵکوو چوونەتە ڕیزی حیزبی شیوعی عێراق.
لە ساڵی ١٩٤٦ جەمال حەیدەری کادیرێکی لێهاتووی خوێندکاران بووە و هەر لە هەمان ساڵدا لە لایەن دەستگای ئاسایشی عێراق دەستگیرکراوە و لە خوێندن دەرکراوە.
دوای شەش مانگ لە زیندان ئازادکراوە، لە ساڵی ١٩٤٧ وەکو کادیرێکی حیزبی لە بەغدا خەباتی کردووە، پاشانیش گەڕاوەتەوە هەولێر، لە ساڵی ١٩٤٨ بەرپرسیاری لیژنەی حیزبی شیوعی بووە و لە هەولێر ئەندامی لێژنەی لقی کوردستانی حیزبی شیوعی بووە و لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٤٨ دژی پەیمانی پۆرتسمۆس (پۆرتسمۆپ) ڕۆڵێکی بەرچاوی لە هەولێر گێڕاوە و جارێکی تریش دەستگیرکراوە و دوای ئازادکردنی دوکانی داناوە بە شەریکی لەگەڵ ئەنوەر فەیزی (برای مامۆستا عیزەدین فەیزی) و درێژەی بە خەبات داوە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ پۆلیسی نوری سەعید زەفەری پێبردووە لە کەرکووک لەگەڵ هاوڕێیان (نافیع یونس و ئەحمەد غەفوور بابان) دەستگیرکراوە.
لە ساڵی ١٩٤٩ لەلایەن دادگای نیزامی (عورفی) بە (٧) ساڵ حوکم دراوە، لەگەڵ سێ ساڵ لەژێر چاودێری پۆلیس، تا ساڵی ١٩٥١ لە بەندیخانەی نوگرە سەلمان لە بیابانی خوارووی عێراق بەندکراوە، پاشان دوای مانگرتنی درێژخایەنەکەی گیراوە سیاسییەکان کە (٢٢) ڕۆژی خایاند، بۆ بەندیخانەی ناوەندی بەغدا گوازراوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٥٣ ناکۆکی لە نێوان کادیرانی حیزب لە بەندیخانە و سەرکردایەتی حیزب (لە بەغدا) ڕوودەدات و دەبێتە هۆی لەتبوونی حیزب و دامەزراندنی ناوەندێکی نوێ کە ڕۆژنامەکەیان بە ناوی (راية الشغيلة) - ئاڵای کارگەران بوو، و ڕێکخراوەکەش هەر بە ناوی (راية الشغيلة) بوو.
لە ئاداری ١٩٥٣ لەسەر داوای هاوڕێیان لە بەندیخانە ڕادەکات و سەرکردایەتی ناوەندەکە دەگرێتە ئەستۆ تا ساڵی ١٩٥٦.
لە دوای ئەوەی شەهید (سەلام عادل) سەرکردایەتی باڵی (القاعده) دەگرێتە دەست، گفتوگۆ لە نێوان هەردوو ناوەندەکە دەست پێدەکات و هەردوولا یەک دەگرنەوە، لە کۆنفرانسی دووەمی حیزبی شیوعیی عێراق لە ئەیلوولی ١٩٥٦جەمال حەیدەری بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی عێراق هەڵدەبژێردرێ.
له دوای دامەزرانی (بەرەی یەکگرتووی نیشتمانی - جبهة الاتحاد الوطني) لە ساڵی ١٩٥٧ لە نێوان پارتەکانی (شیوعی، نیشتمانی - دیموکراتی (الوطني الديمقراطي) و سەربەخۆ (الاستقلال) بەعس (البعث))، جەمال حەیدەری یەکێک بووە لە سەرکردەکانی بەرە، ئەوەی شایانی وتنە پارتە قەومییەکانی عەرەب ڕازی نەبووینە پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان لەبەرە وەربگیرێ، حیزبی شیوعی ڕێکەوتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ پارتی ئیمزا کردووە.
له دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، جەمال حەیدەری ڕۆڵێکی دیاری لە ڕێکخستنی سەندیکای کرێکاران، بەرگری میللی و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان گێڕاوە، لە تەک ئەرکەکانی لە نێو مەکتەبی سیاسی و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی حیزب دا.
لە ژیانی حیزبایەتی خۆیدا، جەمال حەیدەری گرنگی تایبەتی بە کێشەی ڕەوای گەلی کورد داوە و ڕۆڵێکی دیاریشی هەبووە لە دارشتنی سیاسەتی حیزب لە کۆنفرانسی دووەمەوە لە ئەیلوولی ١٩٥٦ لەبارەی مەسەلەی کورد و مافی چارهنووس، ههروهها ههوڵێكی زۆری داوە بۆ بڵاوکردنەوە و گەشەپێدانی ئەدەب و زمانی کوردی و پێشخستنی ڕۆژنامەی "ئازادی" و هاندانی نووسەرانی کورد و دۆستانی حیزب بە کوردی بنووسن، خۆشی لەم ڕووەوە وتاری سیاسی، شیعریشی بە کوردی نووسیوە.
له دوای هەڵگیرسانی خەباتی چەکداری لە کوردستان، جەمال حەیدەری هەوڵێکی زۆری داوە بە شێوەیەکی ئاشتیانە مەسەلەی کورد چارهسهر بکرێ، لەو مەیدانەدا ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی لە ئاداری ١٩٦٢، لەمەڕ چارەسەری مەسەلەی کورد لە لایەن جەمال حەیدەرییەوە نووسراوە،
هەروەها، بەر لەوەش لە ساڵی ١٩٦١ وتارێکی گرنگی لەسەر مەسەلەی کورد نووسیوە، بەڵام بەداخەوە، تا ساڵی ١٩٧٣ بڵاونەکراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٧٣ لە گۆڤاری (الثقافة الجديدة) ژمارەی (٤٧) بڵاوکرایەوە.
جەمال حەیدەری بەشداری کۆبوونەوەکانی گشتی پارتی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی جیهانی کردووە، وەک کۆبوونەوەی مۆسکۆ ساڵی ١٩٦٠، و لە کۆنگرەی (٢٢) حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت، جەمال حەیدەری لە نێوان ساڵانی (١٩٥٩-١٩٦١) لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە مۆسکۆ خوێندوویەتی و لەوێش تێزێکی نووسیوە لەسەر (فیکری مادی لای سۆمەرییەکان).
لە ڕۆژی ٨ی شوباتی ١٩٦٣، لە کاتی کودەتای بەعس، جەمال حەیدەری سەرکردایەتی بەرگری میللی کردووە دژی کودەتاچیەکان لە بەغدا و لە دوای شەهیدبوونی هاوڕێ (سەلام عادل) بەدەستی بەعسییەکان، جەمال حەیدەری ڕێبەرایەتی حیزبی کردووە، لە دژوارترین قۆناغدا و لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٣، ڕۆژنامەی (ڕێگای گەل - طريق الشعب) دەرکردووە و سەرکۆنەی هەڵگیرسانەوەی شەڕی دژی کوردستان کردووە.
لە ١٩٦٣/٧/١٩ لەلایەن ڕژێمی بەعس دەستگیرکراوە، لەگەڵ هاوڕێیان (محمد صالح العبلي و عبدالجبار وهبي أبو سعيد)، لە ڕۆژی ١٩٦٣/٧/٢١ ڕادیۆی بەغدا هەواڵی لەسێدارەدانی بڵاو دەکاتەوە.
جەمال حەیدەری، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و ڕووسی، باش زانیوە، لەدوای خۆی دوو کچی بەجێ ماوە، دکتۆر لەیلا و نادیە، کە هەردووکیان لە ئەڵمانیا دەژین.
یادی بەخێر.
