
محەمەد عەلی
لە ئێستادا خەریکە ڕووداوەکان پێمان دەڵێن، زلهێزەکان بە مامەڵەیەکی نهێنی سەرکردایەتیی جیهان دەکەن و هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات بەبێ هەماهەنگیی نێوان ئەم زلهێزانە، بەشێوەیەک هەر گۆڕانکارییەک بەشێکی لەم جیهانەدا هەبێت، راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بەشەکانی ترەوە.
بە واتایەکی تر لە ئێستادا جیهان بەرەو سیستەمی فرە جەمسەری هەنگاو دەنێ، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە جیهان هەیە.
گۆڕانکارییەکان لە ڤەنزوێللا ئاماژەیەکی روون بوون بۆ دەسپێکێکی نوێ لە ئاڵوگۆری باڵانسی هێز لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهاندا، بەشێوەیەک بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا (مادۆرۆ) لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکاوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر پێگەی زلهێزەکان لە ئەمەریکای باکوور. دەکرێ بڵێین سەودایەکیش بێت لەگەڵ زلهێزەکان بە تایبەت (کۆماری چینی میللی) بۆ ئەم وڵاتە پاشەکشە لە ڤەنزوێللا بەرامبەر راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بێت بۆ تایوان و بۆ ڕووسیاش، گۆڕانکارییەکان جۆرێک لە سەودا و مامەڵەی هەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ رووداوەکانی ڤەنزوێلا رەوشی سیاسی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو شڵەژاوە، بەشێوەیەک ئەمجارە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەتەواوی بوونەتە جێگەی مەترسی لەسەر دەسەڵات، دەکرێ ئەمەش مامەڵەیەکی تری سەرۆک ترەمپ بێت لەگەڵ ( ڤلادیمێر پۆتین ) سەرۆکی ڕووسیا، بەجۆرێک گۆڕانکاری لە ئێران بەرامبەر هێناندیی ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا.
ئەگەر وردتر لە گۆڕانکارییەکان بڕوانین، بە دڵنیاییەوە هاوکێشەیەکی تەواو جیاواز خۆی دەنوێنێ، ئەوەتا لە یەمەن سعودییەکان توانییان لە رێگەی پاڵپشتی لە حکوومەتی شەرعی ئەم وڵاتە هەژموونی باشوورییەکان کۆتایی پێبهێنن، کە دەکرێ ئەمەش بەدڵنیاییەوە بەرهەمی ڕێککەوتنی سعودی و ئەمەریکی ئیسرائیڵییە، دەکرێ سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی حوسییەکان یان لەڕێگەی رێککەوتن یاخود هێرشی سەربازی، کە بەدڵنیاییەوە دەکرێ بڵێین کۆتاییهێنان دەبێت بەدوا قەڵای هەژموونی ئێران لە ناوچەکە لەدوای لاوازبوونی حیزب اللە لە لوبنان و رووخانی رژیمی بەعس لە سووریا، ئیدی شوێنێک نەماوە بتوانی مامەڵەی پێوە بکات لەگەڵ ئەمەریکی و ئیسڕائیلییەکان.
رازیبوونی بزووتنەوەی حەماس بە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئەنجومەنجێکی نێودەوڵەتی، خۆی لەخۆیدا گۆڕانێکی گەورەیە لە هەڵوێستی هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە و جیهان.
بەواتایەکی تر، ئەمە پێمان دەڵێت کە سەرۆک ترەمپ و سەرۆکوەزیران ناتەنیاهۆ مامەڵەیەکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە و مەترسیی (حەماس)یان بۆ هەتاهەتایی لە سنوورەکانی دوورخستەوە.
وێڕای ئەوانەش، ناکرێ ڕێککەوتنی سووریا بە سەرۆکایەتیی (ئەحمەد شەرع) لەگەڵ ئیسڕائیل لە پاریس بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا و ڕادەستکردنی خاکێکی زۆر بەو وڵاتە، سەرکەوتنی سەودایەکی تری سەرکەوتوی ئەم دوو وڵاتەیە دەست بەسەرداگرتنی خاکێکی زۆری ستراتیژی، کە ماوەیەکی زۆرە خەونی پێوە بینیوە لە سووریا.
دروستکردنی دیفاکتۆی درووزییەکانیش، بە واتای دروخستنەوەی مەترسییەکی تر لە سنووری ئیسڕائیل بۆ سەدەیەکی تر.
ئەوەی سەرنجی رەوشی سیاسی لە عێراق بکات هەرگیز دوورنیە لەچوارچێوەی مامەڵەی زلهێزەکان ، بەڵام دەکرێت کۆتا مامەڵە بێت بۆ ڕێکخستنەوەی بلانسی هێز لەناوچەکە ، سەرنجی میلیشیاکانی و هاوپەیمانەکانی ئێران لەعێراق زیاتر لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو ئەمەش دەکرێ گۆرانکاری نەوعی بێ لە هەڵوێستیان بەهۆکاری ئەوەی دەزانن ئیدی دەبێت لەدەرەوەی دەسەڵات بن بۆیە مەبەستیانە ڕێگربن لە دەرچوونی یاسا لە پەرلەمان ، کاندید کردنەوەی مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕانکاریەکی جۆریە لە عێراق بەهۆکاری ئەوەی مالیکی یەکێکە لەو سەرکردانەی کەسەرپەرشتی دەولەتی قول دەکەن لەعێراق هاوکات توانای کۆتایهێنانی بە هەژموونی گروپە چەکدارەکان هەیە ، لەلایەکی تر پێشنیازی مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە دانانی تۆم باراک بە نوێنەری ئەم وڵاتە لە عێراقیش لە شوێنی مارک ساڤایا بە واتایی گۆڕانکارییەکان یەک پاکێجن لە سوریاو لوبنان و عێراق.