
گەنج ڕەئوف زوهدی
نووسینی نەخشەڕێگا و بەیاننامە و بەرنامەی گۆڕانکاری کارێکی تازەو نامۆ نییە. زۆر هێز لە کاتی قەیراندا دەق دەنووسن، بانگەشەی چاکسازی دەکەن، باس لە دادپەروەری و بەشداریی هاووڵاتییان و پاراستنی قەوارە دەکەن. بەڵام ئەوەی سەیر و سەمەرەیە ئەوەیە ئەو هێزەی دەقەکە دەنووسێت خۆی چەندە لە ناو ئەو دەقەدا هەیە.
نەخشەڕێگای نیشتمانیی حیزبی شیوعیی کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژەکانی هەرێم، لە ڕووی زمان و داواکاریی سیاسییەوە، دەقێکی گرنگە. دەقەکە دەیەوێت گفتوگۆی سیاسی لە ئاستی کورسی و پۆست و ڕێککەوتنی سەرەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی بەشداریی هاووڵاتی، دادپەروەری و گۆڕانکاری. ئەمە هەنگاوێکی پێویستە. بەڵام هەمان کات، دەقەکە دەبێت ببێتە ئاوێنەیەک بۆ خودی ئەو حیزبەی ئەو نەخشەڕێگایە پێشکەش دەکات.
حیزب کە داوای بەشداریی سیاسیی بۆ هەمووان دەکات، پێش هەموو شتێک دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: بەشداری هەموان لە ناوخۆی خۆیدا چۆنە؟ گەنجان چەندە دەتوانن نەک تەنها گوێگر، بەڵکو خاوەنی ڕێڕەوی نوێ بن؟ ژنان چەندە لە ناوەندی بڕیارداندا ئامادەن؟ کرێکاران و کارمەندان و ئەو چین و توێژانەی ناویان لە بەیاننامەکاندا دەهێنرێت، چەندە لە ژیانی ڕۆژانەی حیزبدا دەبینرێن؟
لێرەدا مەبەستم مانایەکی سیاسی و فکریە: ئەگەر کەچەڵ حەکیم بوایە، پێش هەموو شتێک چارەسەری کەچەڵی خۆی دەکرد. ئەمە تەنها تەنزێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ڕەخنەیەکی قووڵە لە هەر هێزێک کە نەخشەی ڕزگارکردنی کۆمەڵگە دەنووسێت، بەڵام خۆی لە ناوخۆدا گیرۆدەی هەمان نەخۆشییە. ناتوانیت داوای دیموکراسی بکەیت و لە ناوخۆدا لە ڕەخنە بترسیت. ناتوانیت بانگەشەی گۆڕانکاری بکەیت و خۆت بە زمان و ڕێکخستنی کۆن بمێنیتەوە. ناتوانیت باس لە خەڵک بکەیت و خەڵک تەنها لە دەقەکانتدا هەبن، نەک لە بڕیارتدا.
حیزبی شیوعیی کوردستان مێژوویەکی خەبات و قوربانیدانی هەیە. ئەم مێژووە بە ئاسانی پشتگوێ ناخرێت. بەڵام مێژوو، ئەگەر نەبێتە هێزی نوێبوونەوە، دەبێتە بارێک لەسەر شان. هیچ حیزبێک بە ڕابردووی خۆی ناتوانێت ئەمڕۆی خەڵک بگۆڕێت. ئەگەر حیزبێک لە ژیانی ڕۆژانەی کرێکار، کارمەند، گەنج، ژن، بێکار و هەژاردا ئامادە نەبێت، ئەوا ناوهێنانی ئەم چین و توێژانە لە دەق و بەیاننامەدا دەبێتە ڕێوڕەسمێکی وشەیی.
نەخشەڕێگاکە بە دروستی دەڵێت تەنگژەی هەرێم تەنها لە پەکخستنی پەرلەمان و کابینەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە لاوازیی بەشداریی هاووڵاتی. بەڵام ئەم قسەیە پێش ئەوەی ئاراستەی هێزەکانی تر بکرێت، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناو خودی حیزب. چونکە حیزب، لە بنەڕەتدا، دەبوو ببێتە ئامرازی ڕێکخستنی خەڵک، نەک جێگرەوەی خەڵک. دەبوو ببێتە مەیدانی ڕەخنە و بەشداری و دروستکردنی هێزی نوێ، نەک شوێنی پاراستنی ناو و یادگاری
لەوەش زیاتر، قەیرانی چەپ لە کوردستان تەنها قەیرانی دەنگ و کورسی نییە. ئەوەندەی قەیرانی مانایە. ئایا حیزب هێشتا مانای بوونی خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا دەبینێت، یان زیاتر لە مێژووی خۆیدا دەژی؟ ئایا دەتوانێت ببێتە شوێنی خۆبینینەوەی مرۆڤی پەراوێزخراو، یان بووەتە دامەزراوەیەکی سیاسی کە لە هەر بارودۆخێکدا دەقێکی دروست دەنووسێت، بەڵام هێزی گۆڕینی واقیعی لاوازە؟
کاتێک کرێکار دەبێتە دروشم، ژن دەبێتە ژمارە، گەنج دەبێتە وێنەی بانگەشە، و هاووڵاتی دەبێتە وشەیەکی گەورە لە ناو دەقێکی سیاسی دا، ئەوا حیزب لە ئامرازی ڕزگارییەوە دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی نوێی نامۆکردنی ئەو چین و تۆژانەئەمە ئەو مەترسییەیە کە هەر حیزبێکی چەپ و پێشکەوتنخواز دەبێت زوو هەستی پێبکات
ڕەخنە لە حیزبی شیوعیی کوردستان نابێت وەک دژایەتی تێبگەیەنرێت. بە پێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی کوردستان پێویستی بە چەپێکی زیندوو، ڕەخنەگر، دادپەروەر و خاوەن پەیوەندیی ڕاستەقینە لەگەڵ خەڵک هەیە، دەبێت ئەم پرسیارانە بە توندی لە حیزب بکرێن. چەپ ئەگەر خۆی نوێ نەکاتەوە، ناتوانێت کۆمەڵگە نوێ بکاتەوە. حیزب ئەگەر لە ناوخۆی خۆیدا دیموکراسی نەخوڵقێنێت، ناتوانێت دیموکراسی بۆ دەرەوە ببەخشێت.
نەخشەڕێگای نیشتمانی ئەگەر بە خۆڕەخنەیی دەست پێ نەکات، دەبێتە بەڵگەنامەیەکی باش بەڵام ناتەواو. ڕزگاربوون لە تەنگژەکان تەنها بە نووسینی دەق و داڕشتنی بەرنامە بەدی نایەت. ڕزگاربوون لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە ئەو هێزەی باس لە گۆڕان دەکات، خۆی ببێتە یەکەم مەیدانی گۆڕان.
ئەوە نییە کە نەخشەڕێگاکە چەند جوانە ئەوەیە ئایا ئەو دەستانەی نەخشەڕێگاکەیان نووسیوە، ئامادەن خۆیانیش بخرێنە ژێر هەمان ڕەخنە؟ ئایا حیزب ئامادەیە پێش ئەوەی چارەسەری تەنگژەکانی هەرێم بنووسێت، چارەسەری تەنگژەکانی خۆی دەست پێ بکات؟
ئەگەر وەڵام نەخێر بێت، ئەوا نەخشەڕێگاکە دەبێتە دەقێکی تر لە مێژووی دەقە سیاسییە جوانەکان؛ دەقێک کە بە ناوی خەڵک دەنووسرێت، بەڵام خەڵک لە ناویدا تەنها ناون، نەک هێز، نەک بڕیار، نەک ڕێگا. و لێرەدا ئەو قسە سادە و توندە جارێکی تر مانای خۆی وەردەگرێت: ئەگەر کەچەڵ حەکیم بوایە، پێش هەموو شتێک چارەسەری کەچەڵی خۆی دەکرد.
