
بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار و سووتەمەنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەدوای یەكدا، جگە لە بەخشینەوە و سەپاندنی زنجیرەیەك سزا و باجی زۆرەملێ و شكستی بەرنامە و كارگێڕی بەڕێوەبردن بەسەر هاووڵاتییاندا، هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت.
بۆ ئەوەی وێنە گەورەكە ببینین، پێویستە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار (ئاڵوێر بە زمانی ئابوورییەكە) هاوشێوەی بەرزكردنەوەی نرخی سووتەمەنی وەك دەرئەنجامێك ببینین. لەوەش گرنگتر، پرسیاركردنە لەوەی بۆچی بەم دۆخە گەیشتین؟ و دواتریش بۆچی لە نێوان چەندین بژاردەدا ئەم بژاردەیەیان هەڵبژێردرا؟ لە كاتێكدا باسی بژاردەكانی ناوەندی دەسەڵاتداران دەكەین، ئەی بژاردەكانی ئێمە دەبێت چی بن؟
هۆكارە جەوهەرییەكەی ئەم دۆخە، نە لە قەیرانی تەنگەی هورمزە و نە لە قەیرانی فرۆشتنی نەوت، بەڵكوو دەبێت لە قەیرانی "تەنگەی بەڕێوەبردنی وڵات" و سیستەمی سیاسی و ئابووریدا بەدوایدا بگەڕێین. دووركەوتنەوەی حوكوومەت لە بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی و قورسكردنی باری ژیان لەسەر هاووڵاتییان، دانەبڕاوە لە سیاسەت و بەرنامەی سیاسی و ئابووریی "نیۆلیبرالیزم" لە حوكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش.
هۆكارە دارایی و ئابوورییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئابووریی نیشتمانی كە تەنیا پشت بە سەرچاوەی نەوت و ئابووریی كرێخۆری (ڕەیعی) دەبەستێت. هەر ئەوەش وای كردووە زۆرینەی پێداویستییەكان لە دەرەوە هاوردە بكەین بە ڕێژەی ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ی پێداویستییە ناوخۆییەكان، ئەمەش لەسەر حیسابی پشتكردن لە گەشەپێدانی ئابووریی نیشتمانی، بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازییەكان.
بڵاوبوونەوەی گەندەڵی سیاسی و دارایی و بەخشینەوەی سامانی نیشتمان لە نێوان دەستە حوكمڕانەكاندا وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە. هەموومان دەبینین هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئێرە و ئەوێ، لەسەر حیسابی گیرفانی هاووڵاتییان و نەزیفی دارایی گشتی، چۆن بوونەتە خاوەنی سەدان كۆمپانیا و دەیان كەناڵی ڕاگەیاندن و هتد... بنیاتی حوكوومرانی بەجۆرێك داڕێژراوە كە لە كاتی دەركەوتنی شكستی سیستەمی سیاسیی ئابووری، لە جێی پرسیار دروستكردن لەسەر سیستەم و سزادانی هێزە حوكومڕانەكان، باجی شكستەكە بە زۆرەملێ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت.
بەهۆی باڵادەستیی هێزە حوكومڕانەكان لە مۆنۆپۆڵكردنی میدیا، سەرچاوەكانی زانیاری و ناوەندە ئەمنییەكان، لەم كاتەدا هەم توانای دروستكردن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ساختە و چەواشەكارانەیان هەیە، هەمیش توانای فەرزكردنی باجی شكستەكانیان هەیە بەسەر هاووڵاتییاندا؛ تەنانەت دەكرێت بەیانی وەك "دەستكەوت"یش بەسەر خەڵكدا پەخشی بكەن!
باجی ئەم شكستە یەك لە دوای یەكە، ڕۆژانە لە كڕینی بچووكترین پێداویستییەوە بۆ گەورەترین، لە گیرفانەكانمان دەردەكرێت. ئەگەر تا دوێنێ تەنیا گرانیی سووتەمەنی و كارەبا و باجەكانی حوكوومەت بووبێت، ئێستا باجی گرانكردنی هەموو پێداویستییەكانیشی هاتووەتەسەر.
خستنەڕووی بژاردەی بەدیل و جێگرەوەیەكی هەنووكەیی دیموكرات و دادپەروەرانە، بەپێی واقیعی ئەمڕۆمان، وەك ئەركێكی هەنووكەیی هێزە چەپ و ئازادیخوازەكان دێتە پێشەوە. بنەماكانی ئەم بەدیلە لەمانەی خوارەوەدا كورت دەبنەوە:
* داڕشتنەوەی میكانیزمی دابەشكردنەوەی سامان: گۆڕانكاری لە سیستەمی باج و پەیڕەوكردنی "باجی هەڵكشاو" (تصاعدی) و سەپاندنی بەسەر كۆمپانیاكان و ئەو سەرمایەدارانەی لە سێبەری ئەم حوكومرانییەدا بوونەتە ملیاردێر.
* پێداچوونەوە بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و پاراستنی بەهای دینار وەك پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتی.
* گۆڕینی ئابووری لە كرێخۆری-ڕەیعی و هاوردەكارەوە بۆ ئابوورییەكی بەرهەمهێنی كشتوكاڵی و پیشەسازی، كە وا دەكات پێویستمان بە دۆلار كەم ببێتەوە.
* دەرهێنانی بازاڕی سووتەمەنی و كەرتی گشتی لە چنگی كۆمپانیا حزبییەكان و دابینكردنی بە نرخێكی هەرزان بۆ هاووڵاتییان و دابینكردنی بیمەی تەندروستی، بیمەی بێكاری و خزمەتگوزارییە گشتییەكان.
ئەگەر بەپێی پێویستی و چاوەروانی ئێمەش نەبێت لەم دۆخەدا ئەوەی هەیە و هەڵوێستی ڕوونە و لە مەیدانی تێكۆشاندا هێزە چەپ و سۆسیالیستەكانن، لەم دۆخەدا ڕوانگەی سیاسی و ئابووریی حیزبی شیوعیی كوردستان و عێراق لە هەمبەر قەیرانەكانی ئەمڕۆماندا، پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر و وردكردنەوە و تەرجەمەكردنە بۆ سەر ئەرز و واقیع. ئەم ئامانجانەش بەبێ گەیشتن بە جەماوەر و بنیاتنانی بزافێكی كۆمەڵایەتیی هۆشیار، نایەتە دی.
