
گێڕانەوەی خۆڕاگری لەقۆناغی سێی ئانفالدا
هاوڕێ پێشڕەو / گەرمیان
بەشی سێیەم
جێگیرکردنی هێزەکان و بەرەبەیانی خۆڕاگری لە داوێ
بەیانیی ڕۆژی ٦ / ٤ / ١٩٨٨، فەرمانی جوڵە بە تەواوی هێزەکان درا. لە بنکە و بارەگای بەتالیۆنی چوارەوە، هەر یەکە و بەرەو ئەو شوێنەی بۆی دیاریکرابوو کەوتە ڕێ. هێزەکەی ئێمە بە فەرماندەیی (هاوڕێ ئەحمەد بازۆکە)، شەوی ٦ لەسەر ٧ی نیسان گەیشتینە گوندی دارتوو لە بناری گڵ؛ بڕیار وابوو شەو لەوێ بمێنینەوە و بەیانی بەرەو ناوچەی داوێ بەڕێ بکەوین، چونکە پێشمەرگەکان بەهۆی شەڕەکانی قەرەداغەوە بە تەواوی ماندوو و شەکەت ببوون.
کاتژمێر ١٠ی شەو، ماتۆڕسوارێک لە ناوچەی داوێوە هەواڵێکی هەژێنەری هێنا: "فریای داوێ بکەون! بەیانی پەلاماری ناوچەکە دەدرێت و خەڵک گوندەکانیان چۆڵ کردووە." فەرماندەیی هێز بڕیاری دا پشوویەکی کورت بدەین و کاتژمێر ٣ی شەو بەڕێ بکەوین.
ڕێک لە کاتژمێر ٣ی شەودا، زەنگی ئامادەباشی لێدرا. نزیکەی ٣٠ پێشمەرگە، بە چەک و تەقەمەنییەوە، بە تراکتۆرێک بەرەو گوندی گەرمک لە ناوچەی داوێ بەڕێ کەوتین و کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان گەیشتینە شوێنی دیاریکراو کە گوندی گەرمک بوو.
لەو بارودۆخەدا گوندی گەرمک جمەی دەهات لەو هاووڵاتیانەی کە لە گوندەکانی خوارەوەوە بۆ خۆپاراستن هاتبونە ئەوێ؛ ئەوان ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەستی جەلادەکانی بەعس بکەن و دەیانویست ڕوو لە (دەرە سەختە و خۆرنەوەزان) بکەن، کە دوو ناوچەی سەخت و پەناگەی سروشتین لە ڕۆژهەڵاتی گەرمک.
دیمەنەکە پڕبوو لە ئازار و چاوەڕوانی؛ خەڵکە کۆبووەوەکە بە تامەزرۆییەوە دەوری تراکتۆرەکەی ئێمەیان دابوو، پرسیاریان دەربارەی ژمارەی پێشمەرگە و هەواڵی ناوچەکانی تر دەکرد. ئەو شەوە کەس خەوی نەچووە چاو. بینینی ئەو خەڵکە لێقەوماوە، ڕق و توڕەیی ئێمەی پێشمەرگەی بەرامبەر بە ڕژێمی داگیرکەر چەند هێندە زیاتر کرد.
لەو ساتە هەستیارەدا، دوای هەواڵپرسین، بەڵێنمان بە جەماوەرەکە دا کە وەک قەڵغانێکی زیندوو، تا دوا دڵۆپی خوێن لە سەنگەری بەرگریی ناوچەکەدا دەمێنینەوە و ناهێڵین دەستی چەپەڵی داگیرکەر بگاتە پیرۆزییەکانیان.
٧ی نیسانی ١٩٨٨: یەکەم جەنگی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەی داوێ دەستی پێکرد و بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە، ناوچەی داوێ تابلۆیەکی تراژیدیی لێوانلێو لە ئازاری کێشابوو؛ تێکەڵبوونی هاواری خەڵک، گریانی منداڵان و زایەڵەی ژنانی لێقەوماو لەگەڵ دەنگی مەڕوماڵات، دیمەنێکی وای خوڵقاندبوو کە هیچ قەڵەمێک ناتوانێت وەک خۆی گوزارشتی لێ بکات. دوای ماڵئاوایی لەو خەڵکە سەرگەردانەی کە بەرەو چارەنووسێکی نادیار ملی ڕێگەیان گرتبوو، سواری تراکتۆرەکە بووین و ڕاستەوخۆ ڕوومان کردە گوندی ساڵەیی بان شاخ.
کاتژمێر ٦ی بەیانی گەیشتینە گوندی ساڵەیی؛ گوندەکە بێدەنگییەکی ساردی لێ نیشتبوو و تەنیا مام حاجی محەمەد (یادی بەخێر) لەوێ مابوو. بە خەمخۆرییەکی باوکانەوە تەماشای کردین و وتی: «ئێستا دێنە هانامانەوە؟ خەڵکەکە بە ناچاری بەشێکی بۆژویر ڕۆیشتەو بەشێکیشی بۆ خورماتوی ژێر دەستی دوژمن گەڕانەوە. بڕۆن لە ماڵەوە نان و چایەک بخۆن، بەڵام کوڕی خەڵک مەدەنە کوشت؛ ئێمە فەوتاین، با ئێوەش تیا نەچن. ناتوانن بەر بەو سوپا گەورەیە بگرن کە لە خورماتووەوە بۆ داگیرکردنی داوێ ئامادە کراوە.» مام حاجی بەرەو (وەکاشە) ملی ڕێگەی گرت و بە نیگەرانییەوە هەواڵی بردنی منداڵەکانی بۆ گوندی (شۆراو) دا و باسی لەوە کرد کە هەرکەس ڕووی لە خورماتوو کردبێت، لە لایەن ڕژێمەوە دەستگیر کراوە.
لە ئاوایی ساڵەیی بانشاخەوە ئاوایی( لەک )ت لێوە دیارە دەکەوێتە سەر جادەی خورماتوو ـ نەوجول بە دووربین سەیری ڕێگای نەوجولمان کرد دەبینین هێزێکی زۆری جەیش و جاش بەرەو ناحیەی نەوجول بەڕێ کەوتوە هەتاوەکو سعات چواری ئێوارە.
لەشاری خورماتوەوە هێز و جبەخانەی ڕەوانەی ناحیەکەکرد و لە کاتژمێر ٤ ی ئێوارە بۆ ناوچەی داوێ پەلاماری دەستپێکرد..
هێزەکەی ئێمە بۆ دوو بەش دابەش بوو:
• بەشێکیان ڕەوانەی ئاوایی حەسەن کران.
• بەشەکەی تریش کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە گوندەکانی چەچان و نامیق جێگیر کران.
ڕژێم کاتژمێر (٥)ی ئێوارە هێزەکانی بەرەو گوندەکانی (قومپەڵک، ئیمام محەمەد، نامیق، چەچان و باشتەپە) ئاراستە کرد. کاتژمێر ٥ی ئێوارە، لە هەردوو گوندی نامیق و چەچان، ئاگری شەڕی ڕووبەڕووبوونەوە گەیشتە لوتکە. لەو ساتەدا، شەهید هێرش و مەفرەزەکەی لە هەڵەتەکانی نێوان هەردوو گوندەکەدا، بۆسەیەکی توندیان بۆ دوژمن نایەوە و توانییان (جێب قیادە)یەکی سوپا تێکبشکێنن. شەڕێکی دەستەویەخە و چڕ تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە بەردەوام بوو.
لەلایەکی ترەوە، ئەو هێزەی لە ئاوایی حەسەن بوون، لە چەمی (ئاواسپێ)وە هێرشێکی توندیان کردە سەر سێ ترێلەی پڕ لە سەرباز کە بەرەو باشتەپە دەچوون. دوای ئەم شەڕە قارەمانانەیە، دوژمن شکستی هێنا و ناچار بوو پاشەکشە بکات بۆ ناحیەی نەوجول.
خۆشبەختانە، هێزی پێشمەرگە بێ ئەوەی هیچ شەهید و بریندارێکی هەبێت، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، هێزەکان کۆبوونەوە و هێزێکی پشتیوانی لە هێزی میللی گەیشتە هانامان. لە کۆتاییدا بڕیار درا کە بۆ ڕۆژی دواتر، لە هەردوو گوندی لفتی ئاغا و چەوری، سەنگەری بەرگری بەرامبەر بە پەلامارەکانی دوژمن پتەوتر بکەین.
