لە تازەشارەوە تا قولیجان 


گێڕانەوەی خۆڕاگری لەقۆناغی سێی ئانفالدا 


هاوڕێ پێشڕەو / گەرمیان

 

بەشی پێنجەم

 

لە ڕۆژی سێیەمی بەرگریدا، ٩ / ٤ / ١٩٨٨: جەنگی مان و نەمان لە سەنگەرە پۆڵایینەکاندا دەستی پێکرد و هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی هاوبەش سەنگەرەکانیان لە هەردوو گوندی (چەوری و لفتی ئاغا) ڕێکخستەوە. لە هەر سەنگەرێکدا دوو پێشمەرگەی حیزب و دوو پێشمەرگەی یەکێتی پێکەوە بوونە قەڵغان. من و هاوڕێ (دلێر ، ناسراوبە سالە پلە) لە بەتالیۆنی ٤ی حیزب، لەگەڵ ( یوسف حسێن) و پێشمەرگەیەکی تری یەکێتی، لە سەنگەری پێشەوەی لفتی ئاغا جێگیر بووین.
دوژمن کە هەستی بە شکستی ڕۆژانی ڕابردوو کردبوو، ئەمجارە بە نەخشەیەکی نوێ و هێزێکی زۆرترەوە هاتەوە مەیدان. کاتژمێر ٨ی بەیانی تۆپبارانێکی چڕ دەستی پێکرد. تانک و زرێپۆشەکان لە مەودایەکی دوورەوە کە ئاربیجی نەیانگاتێ، سەنگەرەکانیان دەکردە ئامانج. کاتێک تانکێک بەرەو ناو دێ ملی ڕێی گرتبوەبەر و لە سەنگەرەکەمان نزیک بووەوە، بە ئاربیجییەکەم ڕووبەڕووی بوومەوە؛ هەرچەندە لەمەودای ئاربیجیدا نەبوو، بەڵام وای لێکرد پاشەکشە بکات و بچێتە سەر تەپۆڵکەیەک.
دوای ئەوە، کەوتینە بەر ڕەحمەتی بارانی هاوەن و تۆپی تانک و دەوروپشتمانی تەخت کرد. ناوەوەی سەنگەرەکە پڕ ببوو لە تۆز و بارووت، بە جۆرێک بۆ ماوەیەکی درێژ تەنیا دووکەڵمان هەڵدەمژی. لەو گەرمەی شەڕەدا، گوێدرێژێکی بریندار پەنای هێنابووە پەنای سەنگەرەکەمان، وەک بڵێی لەوێدا هەست بە ئارامی بکات. بەهۆی سەختیی شەڕەکەوە، نە ئاو و نە خۆراک نەدەگەیشت؛ هەموو ئومێدێکمان تەنیا ئەو زەمزەمیە ئاوە و ئەو چەند فیشەکە بوو کە پێمان بوو. 
لە سەنگەرێکی تردا کە ٤٠٠ مەتر لێمانەوە دوور بوو (لە شوێنی دووکانەکانی ئێستای گوندەکە)، (عەلی بیکەیسی) و سێ پێشمەرگەی یەکێتی لە ژێر ئاگرێکی چڕدا بوون. سەنگەرەکەیان هێندە ئاشکرا ببوو کە فەقەت بە دەنگی بەرز دەمانتوانی هەواڵیان بپرسین. کاتژمێر ١٠ی بەیانی، خەبەرێکی ناخۆش هات؛ (تارق وارانی) لە ناو سەنگەرەکەدا شەهید بوو.
پێشمەرگەکان بەهۆی کەمیی فیشەکەوە، تەنیا بە (تاک تەقە) وەڵامیان دەدایەوە. هاوڕێ (هێرش) لە بەتالیۆنی ٤، بە ورەیەکی بەرزەوە لە ناو گوندەکەدا لە نێوان سەنگەرەکاندا دەگەڕا و سەرپەرشتی دەکرد. کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی تارقمان پێدا، لە گەڕانەوەیدا قەناس بەدەستێکی دوژمن پێکای و فیشەکێک بەر تاخمەکەی کەوت، بەڵام خۆشبەختانە برینەکەی سوک بوو. 
کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لەهەمان سەنگەری علی بیکەیسی بەداخەوە  (خەلیل پارەپارەیی) پێشمەرگەی کەرتی ٥ی یەکێتی، بە سەختی بریندار بوو حەبل شەوکی بەرکەوتبوو لە پشتوێنا بەخوار لەکارکەوتبوو. لەو کاتەدا و لە ئاوایی چەوریش هاوڕێی فەرماندە (ئەحمەد بازۆکە) جێگری بەتالیۆنی ٤، لە ژێر بارانی تۆپباراندا سەردانی سەنگەرەکانی دەکرد. کاتێک پێیان دەوت "خۆت بپارێزە"، بە بزەیەکەوە دەیوت: "ئەو هەموو وڵاخە لە ناو دێدا دەسووڕێنەوە پارچەیان تۆپیان بەر ناکەوێت، بۆ لە من بدات؟" ئیرادە و نەپەشۆکانی ئەو فەرماندەیە ورەی هەموومانی لە لوتکەدا دەهێڵایەوە.
لە بەرەی گوندی (چەوری)ش، هاوڕێ ( سەعید  ) پێشمەرگەی بەتالوێنی حەوتی هەورامان بریندار بوو.. هاوڕێ ئەحمەد چوارشاخی بریندارەکە بەهاوڕێ حەمەخوردەو دوو پێشمەرگەی تری بەتالوێنی حەوتدا دەنێرێت بۆ زنانەی ژوور لەناوچەی شەڕ دووری دەخەنەوە..
دیمەنی گوندەکە جەرگبڕ بوو؛ زۆربەی خانووەکان ڕووخابوون، بۆن کڕوزی  مریشک و قەل و کەروێشکی هەڵپرووزاو  کە لە ژێر داروپەردووە سووتاوەکاندا مابوونەوە، تێکەڵی دەنگی تۆپە قورسەکان ببوو. دوژمن ئەم ڕۆژەش (١٦) جار پەلاماری دا، بەڵام هەر ١٦ جارەکە لوتی شکێندرا.
تا درەنگانی شەو بەرگری بەردەوام بوو.
لەلایەن فەرماندەکانی پێشمەرگەوە بڕیاری پاشەکشە درا بۆ ئاوایی وارانی خواروو.. ئێمە لە سەنگەری پێشەوە ماینەوە و بە تەقەی پچڕپچڕ دوژمنمان سەرقاڵ کرد تا تەرمی شەهید و بریندارەکە لە گوندەکە گوازرانەوە. دواتر ئێمەش پاشەکشەمانکد بۆ چەمی ئاوە سپێ، هاوڕێیان (هێرش، قانع فەخرەدین، هێمن و برادەرێکی یەکێتی)، چاوەڕێی ئێمەبوون لەچەمەکە پێکەوە بریندارەکە دەرکەین.. دووچەکمان بەپشتوێنەکانمان کردە داروتەرم لەسەر شان هەڵگرت. بەناو تۆپبارانێکی چڕدا، گەیاندمانە (وارانی خوار) و ڕادەستی برادەرانی یەکێتیمان کرد.
هەر لەو ڕۆژەدا و لەسەر تەپۆڵکەکانی بەرامبەر وارانی خوار، (شەهید دەشتی) پێشمەرگەی یەکێتی شەهید بوو و هاوڕێ (قالە بیکەیسی) لە بەتالیۆنی ٤ی حیزب بریندار بوو، بەڵام برینەکەی سوک بوو.

 

داستانی تازەشار و شەهیدبوونی٢٢ پێشمەرگە 

 

هەر لە هەمان ڕێکەوتدا، واتە لە ٩ / ٤ / ١٩٨٨، لە میحوەرێکی تری ناوچەی بناری گڵەوە، دوژمن پەلامارێکی بەرفراوانی بۆ سەر گوندەکانی (جەلال و تازەشار) دەست پێکرد. لەوێدا، هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە بە فەرماندەیی (ملازم سامی) جێگری بەتالیۆنی چوار، لەگەڵ (ماجدی عەلی خەلیفە) و (نازم بچکۆل) فەرماندەی کەرتی پێنجی یەکێتی، ڕووبەڕووی لێشاوی داگیرکەر بوونەوە.

لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەوە تا کاتژمێر ٤ی ئێوارە، پێشمەرگەکان لە داستانێکی کەم وێنەدا مێژوویان تۆمار دەکرد. بەرگرییەکە هێندە سەخت بوو کە تەنیا دوای تەواوبوونی تەقەمەنی و برینداربوونی زۆربەیان، ناچار بوون هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بکەن بۆ بن تاوێرەکانی پشتی گوندی تازەشار، بەو ئومێدەی لەوێوە بەرەو گوندی (شێخ حەمید) بکشێنەوە.
مخابن، لەو ساتەدا و لەو شوێنە سەختەدا، ٢٢ پێشمەرگەی قارەمان و گیان لەسەردەست کەوتنە ناو بازنەی مەرگ و هەموویان پێکەوە شەهید کران. و بوونە سیمبولی تازەشار و بەرگری پۆڵایین. 
لەلایەکی تریشەوە، لە بەرەی جەنگی ناوچەی داوێ، دوای سێ ڕۆژ لە بەرگریی بێوێنە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ فەرماندەکانی حیزب و یەکێتی گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە پێویستە هێزەکان لە هەردوو گوندی (لفتی ئاغا و چەوری)یەوە پاشەکشە بکەن. بڕیار درا سەنگەرە نوێیەکان لە گوندەکانی (وارانی سەروو و زنانەی سەروو) جێگیر بکرێن، کە دوو گوندی هاوشانن و پێگەیەکی ستراتیژییان لە ناوچەی داوێدا هەیە، بۆ ئەوەی لەوێوە درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەلامارەکانی دوژمن بدرێت.


١٠ / ٤ / ١٩٨٨: ڕۆژی کۆتاییی بەرگری و ئاوێتەبوونی ماندوێتیمان بوو بەخەم


چونکە شەوی پاشەکشەکەمان بوو بۆ (وارانی خوار)، ئەو ئێوارەیەش هێزی مللی بە پەرۆشەوە نان و هێلکەیان بۆ ئامادە کردبووین. دوای ژەمێکی کورت و خێرا، هێزەکەی ئێمە بەرەو (زنانەی ژوور) بەڕێ کەوت، بەو هیوایەی لەوێ پەیوەندی بە هێزەکەی کاک (عادل شوکور)ی برادەرانی یەکێتییەوە بکەین. درەنگانێکی شەو گەیشتینە مزگەوتی زنانە؛ لە کاتێکدا هێزەکەی تر بۆ گرتنی سەنگەر بەرەو (وارانی ژوور) ملی ڕێیان گرتبوو.
شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ بوو؛ بڵاچەی ئاگری تۆپە دوورهاوێژەکان ئاسمانی ناوچەکەیان سوور کردبوو و دەنگی ڕمیبەی تۆپەکان ساتێک بێدەنگ نەدەبوون. ئێمە لە ماندوێتیدا خەو بردمانییەوە، تا کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان کە بە پەلە خەبەریان کردینەوە: «هەستن! سوپا گوندی تەوق کردووە و کەس بە دەورمانەوە نەماوە!»
کاتێک بە پەلە دابەشی سەر سەنگەرەکان بووین، بینیمان دوژمن سەرجەم بەرزاییەکانی ناوچەکەی گرتووە. هاوڕێ (کیفاح) و هاوڕێ (هێرش) کە سەرپەرشتیی هێزەکەیان دەکرد، دوو پێشمەرگەیان نارد بۆ لای هاوڕێ (ئەحمەد بازۆکە)  لە وارانی ژوور.. هاوڕێ حسێن علی خەلیفەو هاوڕێ ئەحمەد چوارشاخی بوو ، تا بزانن فەرمانی نوێ چییە، بەڵام هاوڕێیان نەگەڕانەوە. کاتژمێر ٨ی بەیانی، لە ژێر پەلاماری چڕی دوژمندا، بڕیاری پاشەکشەمان دا بەرەو (جەوەڵ مازوغ).
لەلایەکی ترەوە، لە بەرەی (وارانی ژوور)دا شەڕێکی سەخت تا کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ بەردەوام بوو. هاوڕێ (ئەحمەد بازۆکە) فەرماندەیی ئەو بەرگرییە مێژووییەی دەکرد. لەو کاتەدا کاک (عادل شوکور) لە ڕێگەی ئامێری بێتەلەوە هەواڵی دا کە پێویستە هێزەکان لە وارانی بکشێنەوە، چونکە سوپا لە بناری گڵەوە گەیشتووەتە گوندی (کۆشک) و بەرەو (گەرمک) بەڕێوەیە. گرتنی گەرمک بە واتای گەمارۆدانی پێشمەرگەکانی ناو وارانی دەهات. پێشمەرگەکان بە زەحمەتێکی زۆر توانییان خۆیان لەو تەڵەیە دەرباز بکەن، لەو نێوەندەدا کاک (یونس حسێن)ی پێشمەرگەی یەکێتی، فیشەک بەر دەمی کەوت و بە سەختی بریندار بوو (کە دواتر بە داخەوە کەوتنە بەر شاڵاوی ئەنفال).
ئێوارەیەکی درەنگ وەخت، هەردوو هێزەکەی حیزب لە گوندی (پیرەمەوەنی) یەکمان گرتەوە و شەوەکەی گەیشتینە گوندی (قەواڵی). هێزێکی شەکەت، برسی و ماندوو بووین، بەڵام ئەوەی ماندوێتییەکەی لە بیر بردینەوە، بیستنی هەواڵی مەرگەساتی شەهیدانی داستانی (تازەشار) بوو. بیستمان کە ٢٢ پێشمەرگەکەی تازەشار ئابڵوقە دراون و دوای شەڕێکی بێوێنە تا دوا فیشەک، هەموویان پێکەوە شەهید کراون.
ئەو هەواڵە وەک هەورەبرووسکە لێی داین؛ هەموومان حەپەساین و ماتەم دایگرتین. ماڵی هاوڕێ (ئەبو ڤیان) هێشتا لە گوندەکە بوون. گەنجەکان و پێشمەرگەکان بە جۆش و کوڵەوە وتیان: "باجەکەی هەرچییەک بێت، دەبێت ئەمشەو بچین و تەرمی شەهیدەکان لە ژێر دەستی دوژمن ڕزگار بکەین."
بەڵام لەو کاتەدا، (میمکە سۆیل) دایکی شەهیدی فەرماندە (ماجد)، بەو پەڕی دانایی و دڵسۆزییەوە هاتە دەنگ و وتی: «ڕۆڵەکانم، سوپای دوژمن گەیشتووەتە گوندی کۆشک، مەچن با پۆڵێکی تری پێشمەرگە شەهید نەبن. ماجد و هاوڕێکانی شەهید بوون و جەنازەکانیان کەوتووەتە دەست دوژمن، تازە هیچتان پێ ناکرێت.» قسەکانی ئەو دایکە جەرگسووتاوە، ئاگرێکی تری لە دڵمان بەردا، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ بوو کە دەبوو لەو ساتە سەختەدا قبوڵی بکەین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا