نووسینی: دلۆڤان کەڵهوڕی

 

"مۆدێرنیتەی سەرمایەداری". مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە واتای ئەو ژیانە مۆدێرنە دێت کە لەسەر بنەمای سەرمایەداری دروست بووە؛ واتە دونیای مۆدێرن بە پشتیوانیی سەرمایە و پارەوە گەشە و پێشکەوتنە زانستییەکانی خۆی ئەنجام دەدات. هەروەها، هەر وەک چۆن سەرمایەداری پشتیوانی لە مۆدێرنیتە دەکات، بە هەمان شێوە مۆدێرنیتەش پشتیوانی لە سەرمایەداری دەکات و داهێنان و پێشکەوتنە زانستییەکانی خۆی دەکات بە کاڵا و دەیخاتە بازاڕەوە. بەم شێوەیە، ئەم دوو چەمکە پێکەوە کار دەکەن و ناوی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییان بەسەردا بڕاوە.

لە ناو ئەم سیستەمی ژیانەدا، هەموو شتێک دەکرێت بە کاڵا، لە نێویشیاندا کەرتی پەروەردە. ئەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەسەر کەرتی پەروەردەدا هێناویەتی، لە هیچ سەردەمێکدا ڕووی نەداوە و هیچ سیستەمێکیش نەیتوانیوە وا لە پەروەردە بکات. وەک دەبینین، پەروەردەی تووشی چەندین کێشە و قەیران کردووەتەوە. دیارترینیان ئەوەیە کە ئاستی قوتابیانی لە بواری پەروەردەی ڕەوشتی و بەها بەرزەکاندا هێناوەتە ئاستێکی زۆر نزم. ئەم سیستەمە خەریکی ئەوەیە قوتابخانەکان لە شوێنی پەروەردە و فێرکردنی ڕەوشتەوە بکات بە شوێنی کۆکردنەوەی داهات و دەستخستنی قازانجی ماددی.

هەروەها، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕۆڵ و گرنگیی مامۆستای کەمکردووەتەوە. هەموومان ئەوە دەزانین کە لە ڕابردوودا ڕۆڵ و ئەرکی مامۆستا چەندە پیرۆز و گرنگ بووە. مامۆستا ئەو بوونەوەرە بووە کە وەک مۆم خۆی دەتوایەوە بۆ ئەوەی چواردەوری ڕووناك بکاتەوە. لە هەموو سەردەمێکدا، مامۆستا چاوساغ، ڕێپیشاندەر، و پەروەردەکار بووە. ڕۆڵی مامۆستا تەنها فێرکردنی زانستێکی ڕووت نەبووە بە ڕۆڵەکانمان، بەڵکوو لەپاڵ فێرکردنی پیت و ژمارەکاندا، ڕۆڵەکانمانیان فێری پەروەردە و ڕەوشتی جوانیش کردووە. مامۆستا بە گوتنەوەی وانەکانی لەناو پۆلدا، کۆمەڵگەی لە نەزانینەوە بەرەو زانین ئاڕاستە کردووە. واتە، ڕۆڵی مامۆستا تەنها لەناو پۆلدا قەتیس نەبووە، بەڵکوو ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی بۆ نێو کۆمەڵگەش پەڕیوەتەوە. چونکە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانمان لەلایەن مامۆستایانەوە بە واتای پەروەردەکردنی کۆی کۆمەڵگە دێت لەسەر دەستی مامۆستایانەوە. مامۆستا بە وتە و ئامۆژگارییەکانی کە لەناو پۆلدا ئاڕاستەی قوتابییەکانی دەکات، کۆمەڵگە لە کاری نەشیاو و ڕێگای چەوت دوور دەخاتەوە و بەرەو ڕێگای ڕاست ئاڕاستەی دەکات.

بەڵام مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ناوەڕۆکی لە مامۆستا سەندووەتەوە و دەیەوێت مامۆستا بێڕۆڵ بکات. هەر لەم پێناوەشدا، بە ناوی پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە بواری پەروەردەدا، پەنای بۆ کۆمەڵێک میکانیزم بردووە وەک: تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا، ژیریی دەستکرد، قوتابخانەی دیجیتاڵی، بەسەنتەرکردنی قوتابی، و شێوازی وانەگوتنەوەی بە گرووپ. ئەمانەشی بۆ ئەوەیە ئەرک و ڕۆڵی مامۆستا کەم بکاتەوە. ئەو بەم میکانیزمانە خەریکە پێگە و ناوەڕۆکی مامۆستایەتی لە مامۆستا بستێنێتەوە و ڕۆڵی مامۆستا لە پەروەردەکارەوە تەنها و تەنها بکات بە چاودێر و ڕێکخەری قوتابیان لەناو پۆلدا.

هەروەها، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ مەبەست و ئامانجی تایبەتی خۆی هەستاوە بە بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە تیۆرە پەروەردەییەکان و دەستکاریکردنیان بۆ خزمەتی تایبەتی خۆی. بۆ نموونە، ئەگەر سەیری تیۆرە پەروەردەییەکانی "لیۆ ڤیگۆتسكی" بکەین، وەک "تیۆریی نزیکترین زۆنی گەشەکردن" (Zone of Proximal Development). ئەگەر درێژەی تیۆرییەکە لە ڕستەیەکی لیۆ ڤیگۆتسكیدا کورت بکەینەوە کە دەڵێت: «ئەوە ئەوانی ترن ئێمە فێردەکەن»، مەبەستی ئەوەیە منداڵ دەتوانێت سوود لە کەسانی چواردەوری خۆی وەربگرێت و فێری ئەو زانستە بێت کە نایزانێت. لێرەدا مەبەست لە کەسانی چواردەور زیاتر مەبەست لێی مامۆستایە؛ واتە قوتابی بە یارمەتیی مامۆستاکەی فێر دەبێت. لە بنەڕەتدا، ئەم زانایە زانایەکی ڕووسییە و تیۆرە پەروەردەییەکانی دوورن لە ئایدۆلۆژیای سیستەمی سەرمایەداری. بەڵام مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەم تیۆرییەی بۆ خزمەتی خۆی بەکارهێناوە و وا شڕۆڤەی کردووە کە تیۆرییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە منداڵ پێویستە لە هاوڕێ و هاوپۆلەکەیەوە فێری زانست ببێت و پێویستی بە مامۆستا نەبێت.

بێگومان، ئامانجی سەرەکی لەم کارەیدا ئەوەیە پەروەردە پێویستی بە کەمترین مامۆستا بێت، کە ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین داهاتی بۆ بگەڕێتەوە و کەمترین پارە بدات بە مامۆستا. لای ئەو، گرنگترین کار ئەوەیە بە کەمترین خەرجی پەروەردە بەڕێوە ببات. لەم پێناوەشدا، ژمارەی مامۆستایان و ئەرکی مامۆستایان کەم دەکاتەوە. ئەو نیگەرانی ئەوە نییە کە بە کەمکردنەوەی ڕۆڵی مامۆستا، لایەنی پەروەردەیی و ڕەوشتیی قوتابییەکان تووشی کەم و کوڕی و کێشە دەبێتەوە و لە ئەنجامیشدا کۆمەڵگە بە گشتی تووشی کێشە و قەیرانی پەروەردەیی و بەها و ڕەوشتی بەرز دەبێتەوە. ئەو مەبەستییەتی ئەگەر بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانەیەک پێویستی بە (٣٠) مامۆستا بێت، ئەو دەیەوێت بە (١٠) مامۆستا قوتابخانەکە بەڕێوە بچێت، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی کرێی (١٠) مامۆستا بدات.

مۆدێرنیتەی سەرمایەداری زیاتر پشت بە پەروەردەی بانکی دەبەستێت، کە لەم میتۆدەشدا قوتابی ڕۆڵی بانك دەبینێت و وەک بانك تەنها زانیاری تێدەکرێت، بەبێ ئەوەی گرنگی بە فێرکردنی کارامەییە عەقڵییەکان وەک بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەی گومانگەرایی بدرێت. هەروەها، ڕەچاوی لایەنی پەروەردە و ڕەوشتی قوتابیینیش ناکات، لەگەڵ ئەوەی زۆر باشیش دەزانێت مرۆڤ بەبێ پەروەردەیەکی باش نابێتە تاکێکی بەسوود و زانستخواز. هەرگیز نابێت واز لە پەروەردەکردنی مرۆڤ بهێندرێت، چونکە مرۆڤ تەنها بە پەروەردەکردن دەبێتە مرۆڤ.

جا پێدانی تەنها زانیارییەکی ڕووت بەبێ پێدانی پەروەردەیەکی جوان بە قوتابیان، دەکرێت لە ڕێگای مامۆستایانەوە نەبێت، بەڵکوو دەکرێت ئەم کارە لە ڕێگای تەکنەلۆژیا، ئۆنلاین، ژیریی دەستکرد، یان لە ڕێگای قوتابییە هاوڕێکانییەوە ئەنجام بدرێت. ئەم میکانیزمانەش میکانیزمێکی وشك و بێ گیان و ڕۆحن و ئاڵوگۆڕی هەست و سۆز تێیاندا بوونی نییە. ئەم سیستەمە زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە زانیاری پێدان بە قوتابیان بە ڕێگایەکی کەمخەرجی بێت، نەک بە ڕێگایەکی پەروەردەییانەوە بێت.

مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەوڵ دەدات پەروەردە واز لە ئامانجە دەروونی و ڕەفتارییەکان بهێنێت. ئەو دەیەوێت ئامانجە پەروەردەییەکان تەنها لە یەک خاڵدا کۆ بکاتەوە کە ئەویش تەنها پێدانی زانیاری بێت بە قوتابییان. ئەگەر هاتوو ئەم مەبەستەی بۆ چووە سەر، ئەوە ئەو کات پێویستی بە مامۆستا نامێنێت، چونکە ئەگەر کاری مامۆستایەتی تەنها گەیاندنی زانیارییەکی وشك بێت بە قوتابییان، ئەوە دەتواندرێت ئەم کارە بە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بسپێردرێت.

مۆدێرنیتە لە مێژە حەز دەکات پیشەی مامۆستایەتی بوونی نەمێنێت، چونکە مامۆستا هۆکارە بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە. وەک لە پێشتر باسمان کرد، مامۆستا بە وشیارکردنەوەی قوتابیان لەناو پۆلدا، کۆمەڵگە وشیار دەکاتەوە، کە ئەم سیستەمەش حەز بە وشیاربوونی کۆمەڵگە ناکات. چونکە ئەگەر تاکی کۆمەڵگە وشیار بێت، ئەو ناتوانێت بە هەڵخەڵەتاندن و فڕوفێڵەکانی پارەی زیاتر کۆ بکاتەوە. بۆیە، هەر کەسێک هەڵستێت بە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، ئەو دژایەتیی دەکات و هەوڵی نەهێشتنی دەدات. لە داهاتووشدا دەیبینین کە چۆن پیشەی مامۆستایەتی نامێنێت یان زۆر کەم دەبێتەوە، یان ئەگەر بمێنێت بەم شێوازەی ئێستای نابێت و گۆڕانکاریی زۆری تێدا ڕوودەدات. گۆڕانکارییەکەش بریتی دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕۆڵ و ئەرکی پەروەردەیی مامۆستایان.

هەر وەک ڕۆژانە و هەفتانە هەواڵ و بابەتی لەم جۆرە دەخوێنینەوە و دەبیستین کە هەوڵ هەیە بۆ نەمان یان گۆڕانی پیشەی مامۆستایەتی لە داهاتوودا، بە تایبەتی لە وڵاتە سەرمایەدارییەکاندا وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، کە سەرچاوەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارین و ئەوان پێشەنگایەتیی سیستەمەکە دەکەن لە جیهاندا.

بۆ نموونە، ئەم هەواڵەی خوارەوەم لە سایتی "ڕووداو نێت" خوێندەوە کە دەڵێت:

«لە ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، ڕۆژنامەکان ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە کە قوتابخانەیەک لە وڵاتی بەریتانیا کە ناوی (ئارك سكوڵ)ە، دەیەوێت قوتابییەکانی لە ڕێگای تەکنەلۆژیا و کۆمپیوتەرەوە وانەکانیان پێ بڵێتەوە. لە هەواڵەکە وا هاتووە کە ئەم پلانی گوتنەوەی وانانە بە ڕێگای کۆمپیوتەرەوە، پلانی حکومەتی بەریتانیایە.»

هەروەها، پێشتریش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم پلانی فێرکردنی قوتابییان بە ڕێگای کۆمپیوتەرەوە کاری لەسەر کراوە. وەک "پریستن سمیس" کە بەڕێوەبەری زنجیرە قوتابخانەکانی "ڕۆکێتشیپ"ە دەڵێت: «لە زنجیرە قوتابخانەکانی ئێمەدا، مامۆستا و کۆمپیوتەرەکان بە هاوبەشی وانەکان بە قوتابییان دەڵێنەوە.»

هەروەها دەڵێت: «ئێمە بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، ژمارەی مامۆستاکانمان لە نیوەی ژمارەی مامۆستاکان لە قوتابخانەکانی تر کەمترە.»

بەڵێ، مەبەستی سەرەکیی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەوەیە لە داهاتوودا پێویستی بە مامۆستا نەمێنێت. هەر بۆیە، بیر لە کۆمەڵێک میکانیزمی تازە دەکاتەوە بۆ وانەگوتنەوە بە قوتابیان، وەک هێنانە ئارای پڕۆژەی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی یان وانەگوتنەوەی قوتابییان بە شێوەی گرووپات تاوەکوو قوتابییان خۆیان یارمەتیی یەکتر بدەن و پێویستیان بە مامۆستا نەمێنێت.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: چۆن بتوانین ڕێگا بەو پلانە بگرین لە کوردستاندا تاوەکوو سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نەچێتە ناو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە؟

بێگومان، چارەسەرەکان زۆرن. یەکێک لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم پلانە ئەوەیە کە دەبێت مامۆستایان پەرە بە توانا و بەهرە پەروەردەییەکانی خۆیان بدەن، بە جۆرێک ئاستی خۆیان بەرز بکەنەوە کە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد نەتوانێت بگات بە ئاستی ئەوان، تاوەکوو نەتوانرێت دەستبەرداری مامۆستا ببن.

هەروەها, ڕێگاچارەیەکی تریش ئەوەیە کە پێویستە شارەزایان و پەروەردەشیارانی خۆمان بەردەوام ڕەخنە لەم سیستەمە بگرن و لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرسانی پەروەردەیی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئاگادار بکەنەوە لە ئەگەری بوونی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.

هەروەها، دەبێت بەرپرسانی پەروەردە و ڕاوێژکارەکان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و وریای ئەوە بن کە هەر بەرنامە و سیستەمێکی پەروەردەیی لە وڵاتان هاوردە کرا، بە تایبەتی وڵاتانی سەرمایەداری، بەبێ لێکدانەوە و شیکردنەوەی سیستەمەکە وەری نەگرن و نابێت بەبێ دوودڵی بیخەنە بەردەست و لە کوردستاندا جێبەجێی بکەن.

بە داخەوە، ئەمەش بابەتێکی دیکەیە کە بە نەشارەزایی یان بە ئەنقەستە، لە ئێستادا لە کوردستاندا زوو زوو سیستەمی پەروەردە دەگۆڕدرێت. هەر چەند ساڵێک گوێبیستی هێنانی سیستەمێکی نوێی پەروەردەیی دەبین. پێویستە ئەوە بزانین کە لە ڕووی زانستییەوە کارێکی هەڵەیە و نابێت سیستەمی پەروەردەی وڵات زوو زوو بگۆڕدرێت، بەڵکوو گۆڕینی سیستەمی پەروەردەی وڵات پێویستی بە دیاریکردنی کاتێکی درێژخایەنی دەیان ساڵە هەیە.

لە کۆتاییدا، بە پرسیارێک کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنم و لە تۆی خوێنەر دەپرسم: ئایا بە بۆچوونی تۆ چۆن ڕووبەڕووی ئەم پلانانە ببینەوە و نەهێڵین کەرتی پەروەردە لە کوردستاندا بچێتە ناو پلانەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا