
بەشی سێهەم
بێ ماڵ و حاڵی لە جیهاندا
نووسینی: د. فازڵ مورادی
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
مێژووی دەشتی چەمچەماڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن (پالیۆلیتیک و پلایستۆسین) و گۆڕانکاری لە کۆکردنەوەی خۆراکەوە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک (برەیدوود و هۆ ١٩٦٠). مەسەلەیەکی باو بووە ببیسترێت کەوا کشتوکاڵ کردنی مرۆڤ لە زەویدا سەرەتا لە دەشتی چەمچەماڵ دەستی پێکردووە و دواتر لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی بابلدا. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا - و وەک سێ شارە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، سلێمانی، هەولێر و دهۆک - چەمچەماڵ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەتی عێراقدا بوو و وەک دانیشتووانی ئەو شارانە، ئەوانەی لە چەمچەماڵدا بوون لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت هاوکارییان دەکرد. پاشان کرابووە شوێنێک کە دەستگیرکراوەکان تێیدا کۆدەکرانەوە و زیاتر دەگوازرانەوە بۆ کۆمەڵگە زیندانییە دیاریکراوەکانی تۆپزاوا، دبس، نوگرە سەلمان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە تکریت و زیندانە نەناسراوەکانی تری وڵات. لە ماوەی مانەوەیان لە چەمچەماڵ، دەستگیرکراوەکان لە قەڵای ژێر کۆنترۆڵی سەربازی لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکەدا ڕاگیران، کە وەک زیندان و ناوەندی دەستبەسەرکردنی کاتی بەکاردەهێنرا. سیاسەتی دەوڵەت بۆ کوردستانی دوای بەعس لە ڕووی گەشەپێدان و شوێنەوە فراوانتر بوو و چەمچەماڵی کردە شار کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە "سەد هەزار" تێپەڕی کردبوو و زانکۆی چەرموو کە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە قۆناخی دروستکردندا بوو.١
لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چەمچەماڵ ئاسوودە، ئەو گەڕەکەیە کە زۆربەی ژنانی تەنها و ڕزگاربووانی ئەنفال لە کۆتایی چل و پەنجا ساڵیدا تێیدا نیشتەجێن. ڕزگاربووانی تر لە شۆڕش دەژین، کە سەردەمانێک کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێ بوو لە ژێر حوکمی سەربازیدا. ئاسوودە ئەو شوێنەیە کە کەریم و ئەفرۆز تێیدا ژیاون پێش ئەوەی بڕیاری گەڕانەوە بدەن بۆ جەلەمۆرد. ناوێکی تری دیار و باو بۆ ئاسوودە، ئەنفالەکانە، کە زاراوەیەکە بەو مانایە هاتووە هەم ئەوانەی کە ڕزگاریان بووە و هەم نەیانتوانیوە لە هێرشەکانی ئەنفال دەرباز ببن و هەم بووە بە ناوی ئەو شوێنەش کە تێیدا دەژین. هەروەها بە شوێنی بێوەژنەکان یان ژنەکانی ئەنفالیش ناوزەد دەکرێت. ئەنفالەکان شوێنی دۆزینەوەی "دایکی ئەنفالەکان، خاوەن ئەنفالەکان، خوشکی ئەنفالەکان، کچانی ئەنفالەکان". ئەنفالەکان نزیکەی بیست خولەک بە پێ لە ناوەندی شارەوە بە درێژایی ڕێگای کەرکووک - چەمچەماڵ - سلێمانی دوورە و هەروەها گەڕەکەکە لە شۆڕش و مۆنۆمێنتی ئەنفال جیا دەکاتەوە و پێکهاتووە لە بینای بلۆکی کۆنکرێتی یەک نهۆمی و دوو نهۆمی، کە لە سەرانسەری شارەکەدا باون. لێرە خەریک بوو شەقامە سەرەکییەکان قیرتاو بکرێن. لە ئەنجامی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ڕزگاربووان بە تایبەتی ژنان و بەساڵاچووان لە گوندە جۆراوجۆرەکانی ناوچەی گەرمیان، ئەو گوندانەی کە وێرانکرابوون یان بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوون و دەستیان بە پاک و خاوێنی ڕانەگەیشتووە، دانیشتووانی ئەنفالەکان بۆ ئەوێ گواستراونەتەوە و کێشەیان بووە لە ئاو، ڕێگاوبان، کارەبا، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و دەرفەتی ئابووری. دوو گەڕەکەکەی تر کە پێیان دەوترێت ئەنفالەکان لە کفرین کە چوار کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە باشووری چەمچەماڵەوەیە و لە ڕزگاری لە ڕۆژهەڵاتی کفرییەوە و ماوەی نیو کاتژمێر لێیەوە دوورە.
لە کاتێکدا ناوی ئەنفالەکان دانیشتووان دەخاتە سەر یەک ڕیز لەگەڵ ئێسک و پرووسکی مرۆڤگەلێکی بێ ناونیشان کەوا لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی ئەنفالدا نێژراون، بەڵام پێگە و شوێنە جوگرافییەکەی جیهانێکی مێژوویی و سیاسیی تر پیشان دەدات. ناوەکە و شوێنەکە دانیشتووان لە جیهانێکی دووردا دەهێڵێتەوە، کە زۆربەیان ژنی تاق و تەنهان. خودی ناوەکە لە ڕووی زمانەوانییەوە دانیشتووان و شوێنەکە وەک جیهانێکی تایبەتی بەرهەم ناهێنێت و ئەویتر تەنها ڕەخسابێت بۆ چەوسانەوە و ئیستیغلال، بەڵکو ددانیش دەنێت بە جیهانی ژنە دەربازبووەکاندا و شیوەیەکی دەداتێ بەو پێیەی کەلێنێکە لە مێژووی نوێی گەلی کورد و جیهاندا بەگشتی. ژنەکان بوون بە بەرجەستەی مۆدێرنیتەی سیاسی، کە ئەنفالە: "تەنها ئەو ژنانەی ڕەشپۆشن و بێوەژنەکانی ئەنفال لە گەڕەکی ئەنفالەکاندا دەژین" و ئەمە بووبوو بە شێوەیەکی ئاسایی و باوی ئاماژەکردن بەو گەڕەکە. هەرچەندە ئەنفالەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە چەمچەماڵ لە ڕوانگەی ئیدارەی شارەکەوە، بەڵام جیهانێکی تەواو جیاواز پێکدێنێت پێکەوە لەگەڵ شۆڕش و مۆنۆمێنیتی ئەنفالدا. ئەمان وەک کۆمەڵگەیەکی (کۆمیونیتییەکی) جیاکاری تا ڕادەیەک سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی دەردەکەون بە پەیوەندییان لەگەڵ بەشەکانی تری شارەکە و هەرێمی کوردستاندا، لە ڕووی ژیانی تاکەکەس و کۆمەڵدا و لە ڕووی وابەستەیی ئابووری و سیاسیشەوە. دانیشتووانەکەی ئێرە پشتیان بەو هاوکاری و یارمەتییە مانگانە بەستووە کە لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەیاندرێتێ.
ژیانێکی تەنیایی لە گەڕەکی ئاسوودەدا
ئەندامێکی چالاکی لقی شۆڕشی کۆمەڵەی هەڵوێست بۆ داکۆکی لە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری قوربانییان بەم وشانەی "ئەو ژنە قسە دەکات و لە هیچ ناترسێت" بە حەپسەی ناساندم. وا باو بوو کە خەڵک پێشنیازیان دەکرد لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسە بکەم کە بە چاونەترس دەیانبینی یان ئامادەن قسە بکەن - بەڵام ئەوە ئەو کەسانەی کەمتر ناسراو بوون یان بە توانای قسەکردن نەزانرابوون، نەبینراو بوون. حەپسە لە قەڵای زیندانیکردن لە دبس ڕزگاری بووبوو. وەک زۆرێک لە دایکە تاقانەکانی تر، لە گوندێکەوە کە نزیکەی کاتژمێرێک لە ناوچەی سەنگاوەوە دووربوو، گواسترابووەوە بۆ چەمچەماڵ. ئێستا لە شوێنێکدا دەژی کە پێی دەگوت ئەنفالەکان لە گەڕەکی ئاسوودە: "خەڵک لێرە بەم شێوەیە ناوی دەبەن". لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨وە ڕەشپۆشە و بە تەنیا لە باڵەخانەیەکی کۆنکرێتیی سێ ژوور و چێشتخانەدا دەژی و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو گوندەی کە تێیدا لەدایک بووە و گەورە بووە و لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیدا ژیاوە، بەڵام ئەنفال هەمووی وێرانکرد و لەناویبرد. ئەم ژنە لە ماڵەکەی خۆی بەخێرهاتنی کردم و چا و هەندێک جار جگەرەی پێشکەش دەکردم و ئەمەش خۆشحاڵی کردم. بێجگە لەو کەسی تر لە ماڵەکەدا نەبوو، کەس نەبوو پێی بڵێت کەی بچێتە دەرەوە و سەردانی هاوڕێیەکی بکات و کەی لە ماڵەوە بمێنێتەوە، چۆن پەیوەندیی لەگەڵ بێگانەیەکی "نێرینە"ی وەک مندا هەبێت و باسی چی بکەم و چی نەکەم. لە شاری چەمچەماڵ زۆر نائاساییە پیاوێک بە تەنیا لە ماڵەوە سەردانی ژنێک بکات. پیاوان وەک گەورەی ماڵەکانیان سەیر دەکرێن و پێویستە کاتێک پیاوانی غەیرە سەردانیان دەکەن ئامادەبن. بەڵام ئەنفالەکان جیهانێکی تایبەت و جیاوازە و مەترسیی لەسەر نەزمی کۆمەڵایەتیی شارەکە دروستکردووە کە دەسەڵاتی پیاوان باڵادەست بوو تێیدا. لە یەکێک لە سەردانەکانمدا، نەوەکەی حەپسەم بینی کە تەمەنی نزیکەی حەوت ساڵ بوو: "ئەوم هێنا تا لەگەڵم بمێنێتەوە، چونکە وەک دەزانن شەو و ڕۆژ بە تەنیام، من تاقی تەنیام و نازانم چی بکەم". هەندێک جار سەردانی دوو کچەکەی دەکرد کە خۆی پەروەردەی کردبوون و ئێستا لە سلێمانی هاوسەرگیرییان کردووە، کە نزیکەی چل خولەک بە ئۆتۆمبێل لێیەوە دوورن. سەبارەت بەو کەسانەی تر کە ئەندامێکی سەرەکیی بنەماڵەی خۆیان لەدەستداوە، حەپسە لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالەوە زەوی و پارەی پێدرابوو بۆ دروستکردنی خانووەکەی و پارەی هاوکاریی مانگانەش. لە کاتێکدا قسەمان دەکرد، باسی لەوە کرد کە چۆن گواستراونەتەوە بۆ تۆپزاوا و لە هاوسەرەکەی و تاکە کوڕەکەیان جیاکراوەتەوە. پاشان ئەو و دوو کچەکەی براونەتە دبس کە تەنها بۆ ژن و منداڵ بووە و چۆن لەوێ بە خراپی و دڵڕەقی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون:
"چیت پێبڵێم؟ هەموو شتێکم لەدەستدا. ئەو ڕەزالەت (سووکایەتی پێکردن) و بێنامووسی و بێڕێزی پێکردنەی کە بەسەر ئێمەیاندا هێنا و بەردەوام قسەی سووک و ناشیرین پێگوتنمان بەردەوام بوو. ئەوان [واتە پاسەوانی سەربازیی پیاو] بەزەییان بە ئێمەدا نەدەهاتەوە. ئەوانە بێنامووس و بێشەرەف بوون و هەموو شتێکیان دەکرد کە دەیانویست... منیش وەک زۆربەی ژنەکانی تر هەمان جلم لەبەردا بوو تا بەربووم چونکە ئاو نەبوو جلەکانمان و جەستەمان بشۆین. ئێمە لێرە بەجێماین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەسپێدا بژین، هەرگیز لێیان خۆش نابم. هەرگیز ئەو هەموو سووکایەتییەم لەبیر ناچێتەوە کە ناچار بووین بەرگەی بگرین".
دبس شوێنێک نییە هیچ کەسێک بتوانێت لە بەندکردنی حکوومەتدا گوزەرانێکی باشی ببێت و تێیدا بحەسێتەوە. ئێرەش وەک تۆپزاوا و نوگرە سەلمان و نزارکێ، شوێنێکی مۆدێرنە کە دەوڵەت قۆرخکاریی خۆی لەسەر توندوتیژیی سیاسی تێدا بەکاردەهێنێت. بۆیە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە ڕەفتاری پاسەوانە سەربازییە پیاوەکان مەحاڵ بوو، ئەوان سزای ئەم ژنەیان دەدا (بێگومان بەندییەکانی تریش بە ژن و پیاوەوە - و) بە دڕاندنی جلەکانی و کۆت و پێوەند کردنی دەستەکانی و بەستنەوەی بە ستوونێکی ئاسنی کارەباوە لەبەر خۆری گەرم بۆ چەند کاتژمێرێک. حەپسە بەردەوام دووبارەی دەکردەوە کە مەحاڵە بە تەواوی لە قەبارە و کاریگەرییەکانی دەرئەنجامەکانی ئەو جۆرە سزا و مەرگەساتانە تێبگەین کە لە ناو ئەو زیندانەدا ئەنجام دەدران. وەک پانزە ڕەشپووشی تر (ئەو ژنانەی جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردایە) لە ئەنفالەکاندا، ئەوەی بە چاوی خۆی شایەتحاڵی بوو و لە ڕووی جەستەییەوە ئەزموونی کردبوو، هەر کاتێک لە ماڵەکەی یان ماڵی دوو باشترین هاوڕێیدا یەکتریان دەبینی، ئەوە دەبوو بە بۆنەیەک بۆ گێڕانەوە و شیکاری. لە لای ئەو چاوپۆشی کردن سەخت بوو لەو ناتەباییە نائاساییەی نێوان ئەودوای چەمچەماڵ و ڕەوشی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و دوو هاوڕێکەی و ژنەکانی تری ئەنفالەکان بکرێت. پراکتیزەکردنی خانەخوێی لێکردنی ئەنفال وەک ئەزموونی پیادەکراو و یادەوەرییە دووبارەبووەکان کە بە وشە ڕووپۆش کرابوون، بە ناچاری بێ ماڵ و حاڵ بوون، بارمتەبوون لە بارودۆخی ئێستادا لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەوە بوون کە داهاتوویان ڕوونبێتەوە. جارێکیان حەپسە ئەمانەی خوارەوەی بۆمان ڕوونکردەوە، ڕێک لەو کاتەدا کە دەمانویست بڕۆین بۆ سەردانی نەجیبە، کە هاوڕێیەکی بوو دەیویست پێم بناسێنێت و بە "قسەکەر" نەناسرابوو:
"هەموو ئەوانەی لێرە دەژین، ژنانی لاواز و پەراوێزکەوتووی ئەنفالن. دەزانی ئێمە سەر و ماڵمان لەدەستداوە و بێکەسین. ئێمە ئەو ژنانەین کە پیاوەکانمان لەدەستداوە. ئێمە جیهانێک لە زەلیلبوون و سووکایەتی پێکردن و خەم و پەژارە لە دڵماندا هەڵدەگرین [گریان]. سوپاس بۆ خودا یەکترمان هەیە کە ڕوو لە یەکتری بکەین و هەرچی خەم و ناسۆریی لە دڵماندایە بۆ یەکتری بیگێڕینەوە. ئێمە هەموومان ژیانێکی تەنیایی دەژین، هیچ شتێک نییە کە بتوانین بیکەین. من ناتوانم کچەکانم ناچار بکەم بێن و لەگەڵم بژین، بەخوا ئەگەر قبووڵیشیان بکردایە کە لە ژێر یەک ساپیتەدا لەگەڵمدا بژین، هێشتا هەر هەست بە تەنیایی دەکەم، بێ ماڵ و ئازیزانم. من شەش کەسی خێزانەکەمم لەدەستداوە، لەنێویاندا هاوسەرەکەم و کوڕە بچووکەکەم [ئاخ هەڵکێشانێکی پڕ لە خەم و حەسرەت]. هەرچییەکمان هەبوو ئەنفالچییەکان تاڵانیان کرد، تەنانەت مریشک و کەروێشکەکانیشمانیان، حکوومەتی عێراقیش پیاوەکانمانی لێ فڕاندین و نازانین چییان لێکردوون. ئەوان هیچیان بۆ ئێمە نەهێشتەوە، بەخوا هەموومان [ژنانی ڕزگاربوو لە کوردستان] چاوەڕێی گەڕانەوەی پیاو، کچ، کوڕ، دایک، برا، دایک و باوک و دۆستەکانمانین. لە دە ماڵی ئەنفالەکاندا، تەنیا یەک پیاو دەدۆزیتەوە و باقییەکەی ژنانی لاواز و پەراوێز کەوتوون و وەک من دەژین. زۆرن ئەو ژنانەی دوای ئازادبوونیان لە دبس گیانیان لەدەستداوە و چەندین ژنی تریش هەن کە بەردەوامن لە ژیانێکی تەنهایی و بە تەنها دەمرن. دنیایەک لە سەرشۆڕی و سووکایەتی پێکردن و بەدبەختی و نەهامەتی و تەنهاییمان بینیوە... لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە هەقەکەمان بۆ بگەڕێنێتەوە. حکوومەتی کوردیمان ئێمەی لەبیر کردووە و لەبیریان چوو گوندەکانمان وێران بوون و لە خزمەتی پێشمەرگەدا گیانمان دەرچوو. گوندەکانمان بۆ ئەوان بوون بە هۆتێل و جلەکانیانمان دەشۆرد و نانمان بۆ دەکردن و چێشتمان بۆ لێدەنان، کەچی ئێستا پارێزگاریی لە ئەنفالچییە دڕندە [کوردەکان] دەکەن".
بۆ ئەوەی ببیتە ژنێکی ڕزگاربوو و لە گەڕەکی ئەنفالەکاندا بژیت، دەبێ ڕۆژانە لەگەڵ یادەوەرییەکانی سەرشۆڕی، توندوتیژی، بێڕێزیی پاسەوانە سەربازییەکان، توندوتیژیی ڕۆژانەی ناو زیندانەکان و قەڵاکانی ئەنفال، زیانی گیانیی ڕەها، بێ ئازیزان و بێ لانە و ماڵ بیت و لە دیوەکەی تری نەزمی کۆمەڵایەتی بیت کە پیاوان تێیدا باڵادەست و هەژمووندارن لە شارەکەدا. هەروەها لەم دنیایەدا فەرامۆشکراو بیت و بۆ هەمیشە بێ ماڵ و حاڵ بیت. لە کوردیی سۆرانیی ئاخاوتنیدا، زاراوەکانی "ڕەزالەت، بێنامووسی، بێ سەر و ماڵ، بەدبەختی، بێکەس، ڕەشپۆش، تەنیایی" بە واتای لە زایەبوون و لەدەستچوونی مرۆڤایەتی، پەیوەندیی خۆشەویستی، ڕێزگرتن و خەمخۆری یان نەبوونی هیچ شوێن و ڕێیەک لە جیهاندا دێن. کەواتە ناوی گەڕەکی ئارام یان ئاسوودە سنووری مرۆڤی زیندوو و گۆڕستانێکی لەبیرکراو کاڵ دەکاتەوە. ئەمە ناوەکەی تری گەڕەکی ئەنفالەکانە، کە وەک شوێنێکی فیزیکی دراوسێی مۆنۆمێنتی ئەنفالە کە گۆڕستانی مرۆڤە نەناسراوەکان لەناو دیواری چواردەوریدا بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە. "ڕەزالەت، بێنامووسی، بێ سەر و ماڵ، بەدبەختی، بێکەس، ڕەشپۆش، تەنیایی" و کۆمەڵێک زاراوەی تر هەموویان پەیوەندییان بەو شتە نەگێڕدراوانەوە هەیە کە تەنها و تەنها لە ناو ئەنفالەکاندا دەتوانێت بسووڕێتەوە و ئەمسەر و ئەوسەر بکات، کە نیگەرانییەکانی ڕۆژانەی زیندوو و مردووەکان جیا دەکەنەوە، ڕۆژ و شەو، زمان و نەگێڕدراوە، لەدەستدانی خۆشەویستی و هەستکردن بە بێلانەیی و خۆشەویستی و هەبوونی ماڵێک لە دنیادا.
"سەر" بە واتای دەقی کوردیی سۆرانی و کرمانجی و هەروەها فارسیش وشەکە مانای سەرە. بە مانای پیاو، مێردیش، وەک گەورە و سەروەر دێت لە خێزاندا. لەگەڵ ماڵ کە بە واتای ماڵ و خێزان پێکەوە بەکاردەهێنرا. بۆیە سەروماڵ ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی تەواوی ژیانی خێزان و کەلوپەل و شوێنێک لە جیهاندا کە پێی دەگوترێت ماڵ. بێجگە لەوەش ژن (ژن، هاوسەر) یان خێزان (کە دەتوانرێت هەم بە ژن و هەم بە خێزان لێکبدرێتەوە)، وشەی کوردیی (هاوسەر یان هاوبەشی ژیان، هاوژین) ژن وەک هاوڕێی ژیانی پیاو وێنا دەکات. واش باوە گوێبیستی ئەوەبین کە ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی گوندەکانیان لە پێش ئەنفالدا ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوتریان گێڕاوە وەک لە پیاوان. هەرچەندە پیاوان تا ڕادەیەکی سنووردار وەک پێشمەرگە خزمەتیان دەکرد، بەڵام بە گشتی لە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێی عێراق هەڵهاتوون و بە ڕۆژ نەیاندەتوانی لە ماڵەوە بمێننەوە. لەگەڵ ئەنفالدا ئەم جیهانەی ژنان لەڕادە بەدەر گۆڕا، چونکە مەحاڵ بوو ژیانێکی خۆش لە شارەکەدا دەستەبەر بکەن و بە هەمان شێوە تەمەنیشیان مەحاڵ بوو بۆ ئەوەی بتوانن کارێکی گونجاو یان هاوبەشی نوێ لە چەمچەماڵ بدۆزنەوە، کە شوێنێک بوو ئەوان بە ماڵی خۆیانیان نەدەزانی.
هەموو ئەو ژنانەی کە چاوم پێیان کەوت، لەگەڵ حەپسە و بە بێ حەپسە، لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٨٨وە بێ هاوسەر مابوونەوە، چەند ڕوونکردنەوەیەکیان پێشکەش کرد کە بۆچی دووبارە هاوسەرگیرییان نەکردووەتەوە: ئەوان تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوژینەکانیان بوون، ئەمەش بیری دووبارە شووکردنەوەی دواخستبوو تا وایلێهات تەنیایی بوو بە پەناگەیان و دووبارە شووکردنەوە کاریگەریی لەناوبردنی دەبێت چونکە ناچاریان دەکات ژیانی پێش ئەنفالیان و ئەو پیاوانە لەبیر بکەن کە منداڵیان لێیان بووە و لە کۆتاییدا بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی منداڵەکان، مانەوەی بایۆلۆجی لە ساڵانی ڕاستەوخۆی دوای ساڵی ١٩٨٨ و بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە هەق دەگەیەنێت. هەرچەندە هەندێک دووبارە هاوسەرگیرییان بە سووکایەتی و خیانەت دەزانی، بەڵام هەندێکی تر وەک هەڕەشەیەک تەماشایان دەکرد، چونکە نەیاندەویست چیتر لە ژێر چەتری کەسدا بن. بە واتایەکی تر، ئەو ژنانەی لە ئەنفالەکاندا کە بە شێوەیەکی باو بە ژن/ ژنە ئەنفالەکان، بێوەژنەکانی ئەنفال، خاوەنی ئەنفالەکان، دایکی ئەنفالەکان، یان خوشکی ئەنفالەکان ناویان دەبردن، چیتر دووبارە هاوسەرگیرییان وەک جۆرێک لە ڕزگاربوون نەدەبینی کە ئەوان و ژیانیان دەگۆڕێت. بەڵکو لەجیاتیدا بۆ ئەوان دووبارە هاوسەرگیری بە مانای پچڕانی پەیوەندی بوو لەگەڵ یادەوەرییەکانیان و ئیددیعا کردنی هەق وەک داهاتوویەک کە هێشتا پێی نەگەیشتوون و پێیەوە بەستراونەتەوە.
هەندێک لە ژنەکان لە دبس ڕزگاریان بووبوو، هەندێکی تر بەختەوەر بوون کە تووشی زیندانیکردن نەبوون، چونکە بە یارمەتیی کەسوکارەکانیان توانیبوویان لە کاتی خۆیدا هەڵبێن و لە ناو چەمچەماڵ و دەوروبەریدا خۆبشارنەوە. ژنەکان وەک دایک و خاوەن ماڵ، وەک سەروەر لە ماڵەوە مانەوە. ئەوانەیان کە کوڕیان هەبوو بەردەوام ڕێگەیان پێدەدان لە ژێر یەک ساپیتەدا ژیانی کۆمەڵایەتیی هاوبەش بکەن، بەڵام ژیانی ئابووریی نەبوو. کوڕەکان هاوسەرگیرییان کرد و منداڵیان بوو. ئەو دایکانەی کە تەنها کچیان هەبوو، پێیان باشتر بوو لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە و بژین نەک لەگەڵ کچەکانیان، چونکە پێیان وابوو ئەگەر لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی زاواکانیان واتە مێردی کچەکانیاندا بژین، ئەوە دەبووە جۆرێک لە شکۆ شکاندنیان. بۆ ئەوانەی ئەزموونی زیندوو و یادەوەریی بەرجەستەی ئەنفالەکانیان هەبوو، کە خۆیان بە ڕەشپووش ناودەبرد لە سۆنگەی ئەو جلە ڕەشانەی لەبەریان دەکرد و کە بە تەنیا ماونەتەوە، بەبێ کەسوکاری نزیک، لەدەستدانی هاوڕێ یان هاوبەشی ژیانیان بە مانای لەدەستدانی ژیانی خێزانیی دروست بوو، لەدەستدانی ژیانێکی زایەندی، لەدەستدانی جووڵە بوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، مەحاڵیی بڕیاردان بوو بۆ نیشتەجێبوون و ژیان لە شوێنێکی تر و لەدەستدانی شکۆ و ڕێز بوو لە ساڵانی ڕاستەوخۆی دوای ئەنفالدا.
لە چیرۆکی ژنەکاندا، بێنامووسی، ئیهانە (واتە سووکایەتی پێکردن یان کردەوەیەکی شەڕەنگێزانە و دەستدرێژیکارانە کە دژی جەستەی مرۆڤ ئەنجام بدرێت)، ڕەزالەت و لەدەستدانی پاکی و کەرامەت ئاماژەیان بە کردەوەی زەلیلکردنی سێکسی و توندوتیژی دەکرد. ئەوان باس لەو دۆخ و ئەزموونە دەکەن کە پاکیی جەستەیی ژنان تووشی توندوتیژی بووە و ئەو پیاوانە بە بێنامووس و بێڕەوشت ناوزەد دەکەن کە توندوتیژیی دژ بە پاکیی جەستەیی و شەرەف و کەرامەتی ژنان ئەنجام دەدەن. ئەم لەدەستدانی پاکیی جەستەییە وەک ئەزموونێکی تاکەکەسیی ژن لە کاتی ئەنفالدا لەبیر دەکرێت. ژنان گاردە سەربازییەکانیان وەک ئاژەڵ (جانەوەر) دێتەوە یاد و بە نامۆیان دادەنان بە ئیتیک و ئەخلاقی مرۆڤانە و وەک ڕێسا و بنەماکانی مرۆڤبوون. تەنها ئاژەڵێک دەتوانێت بێڕەوشت بێت و توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە کردەوە تێکشکێنانەی هەبێت دژی جەستەی ژنان. ئەم تێگەیشتنە لە پاکیی جەستەیی لە چوارچێوەی ئەنفالەکاندا جیاوازە لە تێگەیشتنی ئەودوای خەڵک لە چەمچەماڵدا. لێرەدا پاکیی ژنان پرسی مێینەیی و زایەندی و تایبەتمەندیی نییە، کە لەگەڵ پیاوسالاری، ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئایین و ژیانی گشتیدا دەناسرێنەوە و بەم پێیەش پێویستی بە وریایی چالاکانەی پیاوانە دەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤبوون بەرجەستە دەکات لە بوون بە مرۆڤدا. بۆیە ئەو ئەنفالانەی کە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و ئاینییەوە پەسەندکراون و بە دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی سێکسیی نەگێڕدراویان ڕەوایەتی دەدا و هەروەها ئەنفالەکان لە ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفالدا باس لە تێکشاندنی ژنبوون یان مرۆڤایەتیی ژن دەکەن.
ئێمە گەیشتینە ماڵی نەجیبە، کە مێردەکەی لەدەستدابوو و وەک حەپسە و زۆرێک لە ژنە ڕزگاربووەکانی تر، بە تەنیا چوار کچەکەی پەروەردە کردبوو و هەموویان هاوسەرگیرییان کردبوو. نەجیبە و حەپسە تێبینیی ئەوەیان کردبوو کەوا هەندێ لە ژنانی ڕزگاربوو، ڕەتیانکردووەتەوە کچەکانیان لەگەڵ کوڕانی خزم و کەسوکارەکانیان هاوسەرگیری بکەن کەوا کچەکانیان وەک هاوسەری داهاتووی کوڕەکانیان بینیوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە خزمەکان هەرگیز گرنگییان بەو ژنانە نەدابوو کاتێ لە دبس و نوگرە سەلمان گەڕابوونەوە. کاتێ نەجیبە دەرگاکەی کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگەمان پێبدات بچینە ژوورەوە، یەکەم قسەی ئەوە بوو کە "بەخێر بێیت سەر سەرم و سەر چاوەکانم". پاشان چای لێنا و لەگەڵ شوکولاتەدا پێشکەشی کرد. خواردنەوەی چا لەگەڵ شوکولاتە و تەماشای دەموچاوی یەکتر و گوێگرتن لە قسەی یەکتر تەنها شتێک بوو کە لە جیهاندا پێویستمان بوو و هەمانبوو. زمان پێوەرێکی ڕەها نەبوو بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئێمەی کۆکردەوە، نە بۆ حەپسە و نەجیبەش کە چییان بەسەرهاتووە بۆ یەکتری باس بکەن. لە حەوشە بچووکەکەی ماڵی نەجیبە دانیشتین و ئەویش لە کاتی تێکردنی چایەکەدا دەستی بە قسە کرد.
نەجیبە: کوڕەکەم [ئاماژە بە من دەکات]، ئەوەی ئێمە دەکوژێت بێجگە لە تەنیایی و چاوەڕوانی هیچیتر نییە. من لەم خانووە گەورەیەدا خۆم بە تەنها دەژیم. من بە تەنها لەم شوێنەدا چی دەکەم؟ کچە بچووکەکەم بەڵێنی دا کە بێت و بمباتە ماڵەکەی خۆی و من چاوەڕێی ئەوم، دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت.
حەپسە: بەخوا ئەوە زۆر باشە بۆ ئەو. من نەوەیەکی خۆمم هێناوە تا لەگەڵم بمێنێتەوە. چی بکەم؟ کچەکانم ناتوانن بە تەنیا بێن. ئەمڕۆ فازڵ لێرە بوو و بە درێژایی ڕۆژەکە باسی ئەنفالمان کردووە و بۆم باسکردووە کە تۆش وەک من ژنێکی لاوازی و تۆش تەنیایت.
نەجیبە: ئای بەخوا ئەنفال هەرگیز بەجێمان ناهێڵێت و ئێمە هەمیشە باسی دەکەین. کوڕم ئەنفال ئەوەیە کە بە چاوی خۆت لە ئەنفالەکاندا بیبینیت. دەبێ لەگەڵ ژنە بێبەش و پەراوێزکەوتووەکانی تری ئەنفالەکان کۆببیتەوە.
حەپسە: ئەویش وەک ئێمەی لێهاتووە و ئەنفال هەرگیز ئەمیش جێناهێڵێت. هەموو ڕۆژێک لەم ناوەدا دەسووڕێتەوە و قسە دەکات و گوێ لە چیرۆکی ئەنفالەکان دەگرێت. هەمیشە باسی سووکایەتی پێکردنی ڕۆژانە و شکاندنی شکۆ و ئابڕووی ئێمەی بۆ دەکەم.
نەجیبە: کەرامەتیان بۆمان نەهێشت، پێویستە دڵخۆش بین کە کچەکانمان هەیە و جارجارە دەتوانین بیانبینین. دەزانی گوڵاڵە [هاوڕێیەکی هەردوکیانە] خەریکە پیر دەبێت و کەسی نییە و تاق و تەنهایە. ئای خوایە نازانم چۆن توانیویەتی ئەوەندە ساڵە بەو شێوەیە بژی، ئەمڕۆ ویستم بیبینم بەڵام ئێستا کچەکەم دێت و ناتوانم لە ماڵ دەربچم و دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەم.
بەو پێیەی ئەنفال بە پلەی یەکەم و بێ سنوور پەیوەست بووبوو بە ناوی هەردوک گەڕەکەکە و ژنەکانەوە، بۆیە "ئەنفالەکان" بوو بە جیهانێکی هەمیشە فەرامۆشکراو، جیهانێک بە مۆرکی ئاوارەیی و تەنیایی و چاوەڕوانی، ئەو دوو ڕاستییەی کە ڕۆژانە بەرۆکی دەگرتن و ژنە دانیشتووەکانیان لەودوای چەمچەماڵ دابڕیبوو. ئەم گەڕەکە لە خەڵکانی پیاوسالاری مۆدێرن جیابووەوە و گرفتاری توندوتیژیی جەندەریی وەڕسکەری دەوڵەتی مۆدێرن (عێراق) بوو. پێکەوە لەگەڵ حەپسە، سەردانی ژنانی ترم کرد و بە تێپەڕبوونی کات ژنێکیشمان ناسی کە هێشتا ئەو نەیناسیبوو. کاتێک سەردانمان دەکرد و قسەمان لەگەڵ ژنان دەکرد، یادگارییەکان بە وشە سیخناخ بوون - بیرەوەرییەکانی ناچاربوونمان بە خواردنەوەی چایەک کە تێکەڵ بە میزی پاسەوانەکان کرابوو، لە کوڵاندنی چا لە ناو قوتووی دۆشاوی تەماتە کە لەبەر خۆر ژەنگیان هەڵهێنابوو و چایەکەیان کردبوو بە "خوێن"، لە برسێتی و ئەشکەنجەدان بە مەبەستی مککەچی و سووکایەتی کردن بە ژنەکان و لەناوبردنیان، لە سەربازە عێراقییەکان کە بۆ ڕووشاندنی کەرامەتی مرۆڤانەی ژنان مامەڵەیان کرد، لە پاسەوانە سەربازییەکان کە شەوانە گڵۆپەکانیان دەکوژاندەوە و دەچوونە ژوورەکانی ژن و کچە گەنجەکان، منداڵانیان بە بارمتە دەگرت تا ئەو کاتەی "دایکە جوانەکانیان" بە داواکاریی پاسەوانەکان ڕازی دەبوون، لە بینینی ژنەکان کاتێ کۆرپە تازە لەدایکبووەکانیان فڕێدەدا و بە بەرچاویانەوە دەمردن. بۆ ژنەکان خانووە کۆنکرێتییە فراوانەکانی ئەنفالەکان جیهانێک نەبوون کە هەڵیانبژاردبێت تێیاندا بژین، ئەو "خانووەی" کە تێیدا نیشتەجێ بوون "ماڵەکەیان" نەبوو بەڵکو شتێک بوو کە تەنها بە بەراورد لەگەڵ دبس بوونی هەبوو. لەو شوێنەی کەوا کەریم ئەنفالەکانی وەک قەڵای خنکێنەری نوگرە سەلمان ئەزموون کردووە، ژنانی وەک حەپسە کە خۆیان بە تاک و تەنها و زایەفە (بێهێز یان لاواز) پێناسە کردووە، بە قەڵای دبس وەسفیان کردووە.
زایەفە شێوازێکی دووبارەبووەوە بوو کە ژنانی ڕزگاربووان خۆیانیان پێ پێناسە دەکرد و چەمکێکی بەهێزتر بوو بۆ ئەوان لە چاو باقیی ناوچەکە. لە کاتێکدا کە بەکارهێنانی بە گشتی ژنان وەک لاواز و پێویستی بە پاراستنی پیاو وێنا دەکات، بەڵام ژنانی گەڕەکی ئەنفالەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئاماژەدان بە تێکشکاندنی قەرەبوو نەکراوەی جەستەیان کە لەلایەن سوپای دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە و ئەو دەستبەرداربوونە کۆمەڵایەتییەیان، کە لە کوردستاندا ئەزموونیان کرد و لە تەنهاییاندا ڕەنگیداوەتەوە و لە ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفالیاندا لە گەڕەکی ئەنفالەکان. لە وەڵامی پێویستی نەجیبە بۆ سەردانیکردنی هاوڕێ ژنە بەساڵاچووەکەیان، حەپسە وتی، لە دبس دەمانتوانی لە ژیاندا بمێنینەوە، چونکە چاوەڕێی ئازادکردنمان بووین و لەگەڵ خێزانەکانمان یەکبگرینەوە، بەڵام لە ئەنفالەکان، هەرچەندە هەمیشە چاوەڕوان دەبین، بەڵام دەتوانین شایەتحاڵی ئەوە بین کە چۆن هەندێک لە ئێمە پیر دەبین و بە تەنیا دەمرین". مەرجێکی لاوازیی مرۆڤ تەنیاییە و بەو مانایەش دێت کە ژنەکان شتێکیان ئەزموون کردووە و وەک نهێنییەک پارێزراوە، شتێک کە هەرگیز ناتوانرێت ئاشکرا بکرێت یان تەنانەت لە یادەوەرییەکانی خۆیدا ئاشکرای بکات. ئەمەش ژنەکانی کردووە بە شایەتحاڵی تاکەکەسی ئەو شتانەی کە ناتوانن لەگەڵ کەسانی تردا بەشداریی پێبکەن. بە واتایەکی تر، هەموو ژنێک پەیوەندییەکی تاکەکەسیی هەیە نەک تەنها بەو شتانەی کە ئەنفال لێی سەندووە بەڵکو بە مانەوە و ژیانی دوای ئەنفالیشەوە کە لەودوای کوردستان و لە عێراقدا بە گشتی بە لەبیرکراوی ماوەتەوە. نە یاسا وەک دادگای بەغدا و نە ئاسایشی نیشتەجێبوون و ئابوورییان نەیانتوانیوە ئەو یادەوەرییانەی زەلیلکردن و بێڕێزی پێکردن و نەهامەتی بخەنەلاوە کە بەشێکی پێکهێنەری تەنیایی بێسنوور و چاوەڕوانیی بێسنوورن و هەموو بستێکی ئەنفالەکانیان گرتووەتەوە.
"بێگانەی نەخوازراو"
حەپسە سێ ژنی بیر هاتەوە کە لە زیندانی دبس هەڵهاتبوون: "ئەوان گەنج و ئازا بوون". ئامینە کە لە ئەنفالەکانیشدا دەژیا و ژنێک کە لە شارۆچکەیەکی بچووکی نێوان چەمچەماڵ و کەرکووکدا دەژیا، ئەم ژنە ئازایانەیان لەبیر بوو. ئامینەش وەک نەجیبە کەسێکی ناسراو نەبوو و بەم جۆرە لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە لەلایەن هەندێک "قسەکەر"ەوە نەبینراو بوون. ئەو پێش ئەنفال لە گوندی سەرقەڵا، لە ناوچەی سەنگاو دەژیا، لە ئەنفالدا هاوسەرەکەی و کچێکی و کوڕێکی لەدەستدابوو کە هەردوکیان لە برسا "مردن" - واتە کوژران - هەروەها دوو براشی لەدەستدابوو. لە یەکێک لە گفتوگۆکانماندا لە مانگی تەمموزی ٢٠١٣، ئامینە ڕوونی کردەوە کە خەڵکی گوندەکەی تووشی هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی عێراق بوون و لە ژێر ترسی دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی نهێنیی عێراقدا ژیاون، وەک لەبیری بێت. وەک گوندەکانی تر کە بە نایاسایی ڕاگەیەندرابوون و ژنانی گوندەکەی دەبوو ئاگاداری خێزان و هەموو کاروباری گوندبن: "ئەنفالچییەکان و ئاسایشی نهێنی هەمیشە دەهاتن و بە دوای گەنجانی گوندەکەدا دەگەڕان. پیاو و کوڕە گەنجەکانمان لەو کونانەی لە چیا و گردەکانی دەوروبەری گوندەکەدا دروستیان کردبوو، ژیانێکی تریان هەبوو. ژیانمان لە دەستی ئەنفالچی و ئاسایشی نهێنیدا بوو". لەو کاتەدا سوپای عێراق و جاشەکانی کورد (ئەنفالچییەکان) هێرشی سەربازییان بۆ سەر گوندەکانی سەنگاو دەستپێکرد و دانیشتووانەکەیان ڕاپێچکرد، سەرەتا بۆ چەمچەماڵ و دواتر بۆ تۆپزاوایان گواستنەوە. ئامینە و چوار منداڵەکەی لە گوندێکی تردا بۆ سەلامەتیی خۆیان ماڵەکەیان بەجێهێشتبوو. مێردەکەی لە ماڵەوە مایەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئاژەڵەکانیان بێت.
"من هەر کاتێک قسە دەکەم کوڕەکەم و کچەکەم دێنە بەرچاوم کە لە برسا مردن و زەلیلی و سووکایەتی پێکردنی دبسم دێتەوە یاد. دبس (دووبز - و) تەنها بۆ ژنانی گەنج بوو و پیرەژنەکانیان بۆ نوگرە سەلمان برد. ئێمەیان جیاکردەوە و زۆرێک لە کچی جوانیان پێشتر لە تۆپزاوا برد. کەس نازانێت ئەو هەموو کچە جوانە بۆ کوێ براون. لەو ڕۆژەوەی کە بە دیل گیرام تا ئەو ڕۆژەی ئازاد کرام، یەک جاریش لەشی خۆم نەشۆرد. ئێمە بە چاوی خۆمان سووکایەتییەکی وامان بیست و بینی کە کەس باوەڕی پێناکات، تۆ بیهێنە بیر و خەیاڵی خۆت دەتوانی شەش مانگ و پانزە ڕۆژ بەبێ شۆردنی جەستە و جل و بەرگت هەڵبکەیت. لەبەر ئارەقە جلەکانمان لەبەرماندا ڕەق بووبوون و دەشکان، ئەوانە هیچ کەرامەت و شکۆیەکیان بۆ نەهێشتینەوە و ناتوانم باسی زەلیلکردن و نەهامەتیی دبس بکەم، چونکە قسەکردن بە تەنها بەس نییە بۆ دەربڕینیان. پێش ئەوەی بمانبەن بۆ تکریت کە مانای مردنە، کۆمەڵە ژنێکی تریان هێنایە دبس و لەم تاقمە نوێیە سێ ژن هەڵهاتن و ناوی دوو کەسیانم لەبیرە: هاجەر و خاوەر. ئەوان گەنج بوون و بەرگەی ئەوەیان نەدەگرت کە بە واتایەکی تەواو بۆ ئێمە مردن بوو، ئەوان پێیان باشتر بوو لە کاتی هەڵاتندا بکوژرێن نەک ئەو سووکایەتی پێکردن و نەهامەتییەی دبس و بۆیە بە شەودا هەڵهاتن. پاسەوانەکان ئەگەر مانەوەی ئەوانیان هەڵبژاردبایە بۆ خۆیان دەیانبردن. کاتێک پاسەوانەکان هەڵاتنی ئەو دوو ژنەیان بۆ دەرکەوت لەبری ئەوان دوو ژنی تریان کوشت، چونکە بەوە تاوانباریان کردن کە پاسەوانەکانیان ئاگادار نەکردووەتەوە لە هەڵاتنیان.
ئا بەم جۆرەیە کە ئێمە ڕزگارمان بووە. تۆ لێم تێدەگەیت؟ ئەو سووکایەتی پێکردن و زەلیلییەی ئێمە لەگەڵیدا دەژیاین لەوە خراپتر بوو کە بەسەر پیاوەکانماندا هاتبوو، ئەوان کوژران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران. دوای زیاتر لە شەش مانگ چوارسەد ژنیان کۆکردەوە و ئێمەیان خستە ناو ئۆتۆمبێلی بێ پەنجەرەوە و پێش ئەوەی بزانین لە تکریتداین، نەماندەزانی بۆ کوێ دەمانبەن. تکریت بۆ ئێمە مردن بوو، نۆ ڕۆژ لەگەڵ مەرگدا ژیاین، پاشان دیسان ئێمەیان خستە ناو هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانەوە، کە لە ناوەوە ئەوەندە گەرم بوو زۆرێک لە ژنەکان بێهۆش دەبوون و ئەمجارە زانیمان کە دەمانکوژن. پاشان وەستان و دەرگاکانیان کردەوە و پێیانگوتین دەربچنە دەرەوە، دنیا هێندە تاریک بوو نەماندەتوانی بیانبینین، ئێمە ترسابووین و کەس نەیدەویست دەربچێت، هەندێکمان پێمانگوتن دەرگاکە دابخەن و ژنێک وتی: "ئێوە بەنیازن بمانکوژن!" گوتیان: "نا، نا! ئێوە لە مردن ڕزگارتان بوو. سەرکردە [سەددام حوسێن] لە هەمووتان خۆشبوو [ئاماژە بە لێبووردنی ٦ی ئەیلوول]". ئێمە باوەڕمان پێنەکردن و پێمانگوتن دەرگاکە دابخەن. ئێمە لە مردن گەڕاینەوە بۆ ئەوەی پێمان بڵێن ئەنفال و بەو شێوەیە کەمتر شایستە بووین لە شەهیدی جاش کە ئەمڕۆ پارێزراون. باشە کوا هەقی ئێمە؟ تەنها خودا دەزانێت ئێمە لە چ جۆرە نەهامەتی و زەلیلییەک ڕزگارمان بووە و تەنها خودا دەتوانێت هەقمان بسێنێت".
ئامینە هەمیشە دەیگوت کەوا زەلیلیی دبس لە جەستەیدا جێگیر بووە و یادەوەرییەکانی وەک "ڕوخساری خەمناکی" منداڵەکانی لێهاتووە: "هەر جارێک باسی ئەنفال دەکەم، دەگەڕێمەوە بۆ دبس، بۆ ئەو ساتانەی لەناوچوون و زەلیلبوون و ئەو ساتەی بۆم دەرکەوت کە کوڕەکەم لە باوەشمدا مردووە. چەندین جار داوای خواردنی لێدەکردم: "دایکە، من برسیم! دایە، دایە، من برسیمە".
چاوم بە ژنێکی تەمەن چل ساڵان کەوت خەڵکی گوندێکی ناوچەی قادرکەرەم بوو، کە لە دەرەوەی چەمچەماڵ دەژیا. ئەو چیتر لە گوندەکەی خۆیدا نەدەژیا و وتی کە "هەر جارێک لەگەڵ منداڵەکانم دەگەڕێمەوە بۆ گوندەکە، هەست بە ئازارێک دەکەم ناگێڕدرێتەوە - نەک تەنها بە هۆی ئەوەی کە ڕوویداوە بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوانەی ئێمەیان لەناوبرد و ماڵوێرانیان کردین هێشتا ئازادن و لە ئێمە دڵخۆشترن". ئەو ناوی خۆی پێگوتم و داوای کرد، "هەر بۆ خۆتی بیهێڵەرەوە چونکە خەڵکی لێرە نایانەوێت لەو کارەساتە تێبگەن [کە] ئێمە [واتە ژنەکان] لە دڵی خۆماندا کەڵەکەمان کردووە و وا باشترە کە ناوی من نەهێنیت". ئەو لە دبس یەکێک لە چوار منداڵەکەی لەدەستدابوو و لەگەڵ دوو کوڕەکەی و کچێکیدا دەژیا، کە کاری بەرگدروویان دەکرد. ئەوان تاکە خێزان بوون کە کاریگەریی ئەنفالیان لەسەر بوو لە گەڕەکەکەیاندا و دراوسێکانیان پێیان دەگوتن "خێزانی ئەنفال". کاتێک پرسیارم کرد بیروڕای چییە لەسەر ئەوەی پێی بڵێن "خێزانی ئەنفال"، گوتی:
"دەزانی بۆ ئێمە ئەنفال هەرگیز کۆتایی نایەت و بۆ ئەو خەڵکەی کە هیچ ئەزموونێکی ئەنفالیان نییە ئێمە جگە لە بارگرانییەک هیچی تر نین. ئێمە بێگانەیەکی نەخوازراوین لە خاکەکەیاندا کە ناچار بووین لە پێناویدا ببینە قوربانی. زۆرجار گوێم لە خەڵکە لە کوردستان وەک ئەوەی ئێمە لە ژیاندا نەمابین باسمان دەکەن، تەنانەت دەڵێن لە سەردەمی ئەنفالدا هەموو ژنێکی تەنها دەستدرێژیی کراوەتە سەر و هەموومان شێت بووین و ناتوانین ئاگاداری منداڵەکانمان بین. ئەوان لەکوێ بوون بۆ یارمەتیدان کاتێک من بە سێ منداڵەوە بە تەنها مابوومەوە؟ خەڵکی شارە کوردییەکانمان لە سەردەمی ئەنفالدا نەیاندەویست ئێمە ببینن، تەنانەت ئەو کاتەش پێیان دەگوتین ئەنفالەکان، ئێستا هەمووان لە کوردستان بوونەتە شایەتحاڵ بەڵام، لە کۆتاییدا، ئێمە وەک ئەو کەسانە تاوانبار دەکرێین کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر. پاسەوانە سەربازییەکان ئەگەر بیانویستایە دەستدرێژیی بکەنە سەر ژنێک یان بیبەن، بەبێ هیچ کێشەیەک ئەو کارەیان دەکرد. ئەوان ئێمەیان بە بێدەسەڵات و لاواز دەبینی. ئێستا، هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەری ئێمەن و هەرچییەکیان بوێ دەیڵێن بەبێ ئەوەی گوێ لە قسەکانی ئێمە بگرن. دەزانی ئەوانەی وەک گەنج و جوان تەماشا دەکران بردیانن و زۆر کەس ئەوە باش باش دەزانن، بەڵام هەمووان وەک ئەوەی کەڕ و کوێر بن مامەڵە دەکەن. شەرمەزارترین سات ئەو کاتە بوو کە پاسەوانی سەربازی شەوانە دەچوونە ژوورەوە و ئەم گەنجانە و کچە جوانەکانیان دەبرد و ئەوەی کە دەیانویست و ئارەزوویان لێبوایە لەگەڵیانیان دەکرد. من شەرم دەکەم کە ئێستا باسی دەکەم و لە کۆتاییدا یەک کچی گەنج لە ناو گیراوەکاندا نەبینرا".
لە کاتی باسکردنی کوڕە برسییەکەیدا، ئامینە باسی لەوەش کرد کە چۆن هەوڵیداوە یەکێک لە پاسەوانە سەربازییەکان ڕازی بکات شتێکی لەو فرۆشگایە پێ بفرۆشێت کە خاوەنەکەی یەکێک لە بەرپرسەکانی ناو زیندانەکە بوو. پاسەوانی سەربازی پاڵی پێوەناوە و پێی گوتووە: "دەبێ هەمووتان بمرن، تەنانەت منداڵەکانی ناو سکی دایکیشیان، چونکە ئێوە هەمووتان تێکدەرن". کەواتە بۆ ئەو، ڕۆژی یادکردنەوەی ساڵانەی چەمچەماڵ تەنیا لەسەر ناچارکردنی بنەماڵەی ئەنفالەکانە تاوەکوو ئەوەی بەسەر ژناندا هاتووە لەبیری بکەن: "هیچ شتێک ناتوانێت قەرەبووی زیانەکانمان بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ماڵەکەشم پڕبکەن لە پارە و زێڕ".
بەڕێوەبردنی ژیانی بێگانەیەک
سورەیا لەگەڵ دایک و باوکی لە کەلار دەژیا، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و توانیبووی لە دەستی ئەنفالچییەکی کورد هەڵبێت کە وەک خۆی دەیگوت چەندین کچی لە گوندێکدا گرتووە و هەموویانی بۆ خۆی قۆرخ کردووە. ئەم ئافرەتە پێداگریی ئەوەی کرد چاوم بە ڕەزیە حەسەن بکەوێت، کە ژنێکی خێزاندارە و لە نزیک دایکیەوە لە کەلاری کۆن دەژی. ڕەزیە تەمەنی دە ساڵ بوو کاتێ خۆی و دایکی لە نوگرە سەلمان دەستبەسەر کران (هەروەها بڕوانە مورادی ٢٠١٦). ئەو پێشنیازی کرد کە باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ژن و منداڵ و پیاوان لەوێ چۆن ژیاون، "بە وردی گوێگرتن و خوێندنەوەی" شیعرێکە کە لەلایەن ژنانەوە لە ناو زیندانە قەڵاکەدا بەیەکەوە هۆنیویانەتەوە. "من نەمدەزانی چی ڕوودەدات و هەر کاتێک دەکرا لە تەنیشت ژنەکانەوە دادەنیشتم، بۆیە بەشێک لە شیعرەکە بە دڵ فێربووم". ئەو پێیگوتم کەوا من یەکەم کەسی دەرەکی بووم کە شیعرەکەی بۆ دەخوێنێتەوە:
کەرکووک و ڕەحیماوا
لاشەم برا بۆ تۆپزاوا
بۆ ئەو کەسەی وا جێماوە
بەینێکێه لێم بڕاوە
حوکمی چاوم نەماوە
گەیمە خواری سەماوە
هیچ گەنجی تیا نەماوە
بڕێ ئەختیاری تیا ماوە
هەمووی لە برسا فەوتاوە
ڕۆژی دوو سەموونی پێدراوە
ڕەزالەت و بەدبەختی لەیرە باوە
چووینە قەی گڵۆپ کوژراوە
هەمووی لە گەرما یەقەی دڕاوە
شەوانە کارەبا دەبڕێت
زەلیل و نەهامەتی حوکم دەکات
ژوورەکان بە هۆی گەرما دەگۆڕدرێن بۆ فڕن
ئەو ژوورانەی کە جلی ژنانیان لێ دڕاوە.
هەڵبەت ئازار و مەینەتییەکانی ژنانی ڕزگاربوو کۆتایی نەهات لە دوای زنجیرەی فەرماندەیی شاڵاوی ئەنفال و کاتێ بە زۆرەملێ لە ئۆردووگاکانی ژێر دەسەڵاتی سوپا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا سەرلەنوێ نیشتەجێ کرانەوە، بەڵکو بە بەرەڵا (سۆزانی) ناوزەد دەکران لە کۆمەڵگە (کۆمیونیتییە) کوردییەکاندا، کەوا دەبینران بە تەنها و بێ پیاو دەژیان. لەبەر ئەوەی ئەم پێوەرە سێکسییە نەریتییە بەسەر ئەو ژنە ڕزگاربووانەدا نەدەسەپا، ئەوەی کە بە کردەوەی دەستدرێژیی سێکسیی دادەنرا بوو بە ڕێسا و بنەما. ڕەزیە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی: "کاتێ کە ئێمە گەڕاینەوە کەس بایەخی پێنەداین. ئێمە هەرچی زەلیلی و سووکایەتی پێکردن و نەهامەتییە لە دنیادا بینیمان. ئێمە ئەوەمان لەیادە کە بە ناچاری سواڵمان دەکرد بۆ ئەوەی بژین و هەرگیز ئەوەمان لەبیر ناچێت".
ئامینەش وەک سەدان ژنی تر سێ ساڵ لە نەخۆشخانەیەکدا وەک پاککەرەوە کاری کردووە، لەگەڵ دوو ژنی تر کە لە ئەنفال ڕزگاریان بووبوو. بەڵام کەسوکاری دوو ژنەکەی تر ئەو کارەیان پێ خۆش نەبوو و کوشتنیان. ژنانی تر لە کێڵگەکاندا کاریان دەکرد، وەک خزمەتکار و کرێکاری ڕۆژانە و هەندێکی تریشیان لە بەهاراندا قارچک و دۆمەڵان و گیای بەهارەیان کۆدەکردەوە و لە بازاڕی کراوەدا دەیانفرۆشت. لە [کۆمەڵگەی] ڕزگاری کە دراوسێی کەلاری کۆنە، ژنان بە درێژایی ڕێگای سەرەکیی دەرەوەی شارۆچکەکە کۆدەبوونەوە و چاوەڕێی ئەوە بوون کە هەر کەسێک بیانبات و کارێکی ڕۆژانەیان پێ بکات. من ئەو حاڵەتانەم بیستووە کە ژنان هەبوون براون بۆ سەر کار و دواتر هەرگیز نەگەڕاونەتەوە، هەروەها ژن هەبووە ماددەی هۆشبەریان پێدراوە و دەستدرێژییان کراوەتە سەر یان بە زۆر پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ ئەنجامدراوە.
ڕزگارییش هاوشێوەی شۆڕش لە چەمچەماڵ، وەک شارۆچکەیەکی نیشتەجێبوون کە بە ناوی عەرەبیی سموود (صمود) لە ژێر کۆنترۆڵی سەربازیدا دامەزراوە و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩١ بە شێوەیەکی سەرەکی ژن و منداڵی تێدا بووە. لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١دا چۆڵ بوو کاتێک دەوڵەتی عێراق هێرشی پێچەوانەی دژی ڕاپەڕینی کورد دەستپێکرد و دانیشتووانەکەی ناچاربوون هەڵبێن و پەنا بۆ ئێران ببەن. دوای بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١، خەڵک گەڕانەوە و ناوی شارۆچکەکەیان لە سموود (خۆڕاگری)یەوە گۆڕی بۆ ڕزگاریی کوردی (کە بە واتای ئازادی دێت). بە پێچەوانەی هەموو شوێنەکانی تری نێو "ئەنفالەکان"، ڕزگاری زیندووە و لە ڕووی سیاسییەوە چالاکە. کۆمەڵەی داکۆکی کردن لە مافی قوربانییان و کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان - ڕزگاری و کۆمەڵەی ١٤/٤ دوو ڕێکخراوی باڵادەستی ڕزگاربووانن کە بایەخ بە ژنان و پیاوان دەدەن لە ناوچەی کەلار بەگشتی، لەوانەش ڕزگاری و گەڕەکی ئەنفالەکانی کە لە سەروبەندی دوای دادگاییەکانی ئەنفالدا دروستکراوە و دەکەوێتە باشووری ڕزگارییەوە. هەرچەندە ئەم دوو ڕێکخراوە هەردوکیان کۆمەڵەی ڕزگاربووان بوون، بەڵام پەیوەندییە سیاسییەکانیان ناچاری کردوون کە بە جیا کار بکەن. بە وتەی ڕەزیە کە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی ١٤/٤ بوو، لەم ڕێکخراوەدا قسەکردن بۆ ژنان ئاسانتر بوو.
گۆڕستانی ئەنفال لە دێبنە لە نزیک ڕزگاری شوێنێکە دیاریکراوە بۆ ساڵڕۆژی یادکردنەوە کە هەموو ساڵێک لە ١٤ی نیساندا بەڕێوەدەچێت، گۆڕستانەکە لەو گۆڕانە پێکهاتووە کە کێلە بەردی بەتاڵ و هیچ تێدا نەنووسراویان لەسەرە، بۆ دەسنیشان کردنی ئەوەی کە ئێسک و پرووسکی ئەو مرۆڤەی تێیدا بە خاک سپێردراوە تا ئێستا ناسنامەکەی دیاری نەکراوە. مۆنۆمێنتێک وێنەی ژنێک و دوو منداڵ و پیاوێکی هەڵگرتووە کە لەوەدایە هێزێکی نادیار بەڵام وێرانکەر قووتیان بدات. لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٢، ئەو ڕۆژەی کە بەشداریم لە یادەکەدا کرد، ژنانی ڕەشپۆش وێنەی چوارچێوەداری ئازیزانی کوژراو یان بێسەروشوێنکراویان هەڵگرتبوو، پێشوازییان لە سەردانیکەران دەکرد بۆ گۆڕستانەکە. لە دەرەوەی گۆڕستانەکە پێشانگایەکی بێ پێشینە هەبوو کە زۆربەیان ژنە ڕزگاربووەکان بوون و وێنەی کەسوکارە ونبووەکانیان بەدەستەوە بوو یان ناوی ئازیزانیان پیشان دەدا کە لەسەر دەستیان نووسرابوو و لافیتەیەک کە داواکاریی بەردەوام و بەپەلەیان لەسەر بوو. بوونی خانمان بە جلی ڕەشەوە کاریگەریی ئەو وێنە یان پۆرترێتانەی لە دەستیاندا بوون بەهێزتر کردبوو لەگەڵ پێشانگا فۆتۆگرافییەکەدا. جددییەتی یادەوەری و داواکارییەکانیان و خودی ئەنفالەکەش دەتوانرا لە ڕووی جەستەییەوە لە ڕێگەی جلی ڕەشی ژنان و وێنەکان و دروشمی سەر ئەو لافیتانەی کە ئەو ئازارانەیان دەدواند جێپەنجەی قووڵی خۆی لەسەر ژن و بنەماڵەی ئەنفالکراوان بەجێهێشتبوو. ژنەکان وەک ڕزگاربووان و چالاکوانان و شایەتحاڵان نەیانویستووە هیچ شتێک لە یادەوەرییەکانیان بسڕنەوە و لە زۆر ڕووەوە دەرکەوتن، تەنها وەک وتاردەری سەر شانۆ نەبێت، ڕۆڵێک کە تایبەتە بە پیاوان. هەرچەندە ئەو لافیتە نوێنەرایەتیی داواکاریی ڕزگاربووانیان دەکرد لە سەرتاسەری کوردستان، بەڵام واژۆی ڕزگاربووان و کۆمەڵە چالاکوانەکانیان لەسەر بوو:
کۆمیتەی ڕزگاری:
■ با ترسی ئەنفال بزووتنەوەکانمان یەکبخات لە دژی لەبیرکردنی دوژمنانمان.
کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی قوربانییەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان، ڕزگاری:
■ کارەساتی ئەنفال دڕندەترین تاوانە کە ڕژێمی بەعس بەرانبەر بە کورد ئەنجامی دا.
■ ئێمەی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالەکان داوای لێبوردنێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە لە نەتەوەی کورد بە مافێکی ڕەوای خۆمان دەزانین.
■ پارێزبەندیی (حصانة) جاش و موستەشار [ئەنفالچییانی کورد]، وەک ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق حوکمی لەسەر داوە، سووکایەتیکردنە بە خوێنی بە ناڕەوا ڕێژراوی ١٨٢ هەزار ئەنفال.
■ گەڕانەوەی ئێسک و پرووسکی شەهیدە پیرۆزەکانمان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە بۆ باوەشی نیشتمانمان بەرپرسیارێتییەکی بەپەلەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
■ دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان ئەرکێکی بەپەلەی کابینەی حەوتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمەڵەی کەلار:
■ ئەنفال گەورەترین تاوانی سەردەمی ئێمەیە.
وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال:
■ گەورەترین قەرەبووی نەتەوەی کورد ددانپێدانانی فەرمییە بە تاوانی جینۆساید و ڕێزگرتن لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی.
ئەوەی کە یادەوەرییەکانی لەدەستدانی پاکیی جەستەیی تەنیا بۆ ژنان تەرخانکراون، ئەوە ناشارێتەوە کە ژنان لە کاتی یادکردنەوەکاندا لەبیر دەکرێن و بەم شێوەیە لە یادەوەریی نەتەوەیی ئەنفالەکاندا دەسڕدرێنەوە. جلوبەرگ و وێنە و لافیتە ڕەشەکان بەردەوامن لە چەسپاندنی ژیانی ڕۆژانەی ڕزگاری. نزیکەی هەموو ژنێکی ڕزگاربوو ماڵەکەی کردووە بە شانۆیەکی جیهانی، نەک هەر بوون و نەبوونی ئەنفال و تەنیایی خۆی، بەڵکو گرنگیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی چاوەڕوانییەکەی بۆ هەقیش پیشان دەدات. ئەو ژنانەی لە سەردەمی ئەنفالدا توانییان خۆیان لە دەستبەسەرکردن بپارێزن و ئەوانەی لە زیندانی دەوڵەت ڕزگاریان بووە، لە گەڕەکە جیاوازەکانی ڕزگاری دەژیان.
شازادە حوسێن محەمەد سەعید و ئاسکە عەلی حەمەئەمین هەردوکیان لە ڕزگاری دەژین و وەک داکۆکیکارێکی چالاک و پێداگر و زمان پاراو بۆ مافی ژنانی ئەنفال ناسراو بوون. شازادە ماڵی خۆی لەگەڵ کچە تاقانەکەی کە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایییە و هاوسەرەکەی و کچەکەیان هاوبەش کردووە. ماڵەکەی لە بەشی کۆنی ڕزگاری بوو لەگەڵ خانووە کۆن و جێهێڵراوەکانیدا - بە پێچەوانەی بەشە دانیشتوو و پێشکەوتووەکەی ڕزگاری لە باکوور. ئاسکه لەگەڵ دوو کوڕەکەی کە هەردووکیان مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بوون و کچەکەی دەژی، هەرچەندە ئەمی دووەمیان تازە چووبووە قەرەداغ بۆ ئەوەی لە زانکۆی پۆڵیتەکنیکی سلێمانی بخوێنێت (ڕەنگە مەبەست زانکۆی گەشەپێدانی ئەهلی بێت کە ئەو دەمە چەند کۆرسێکی خوێندنی لە قەرەداخ بوو - وەرگێڕ). نە شازادە و نە ئاسکە ئاڵتوونیان پێوە نەبوو و جلوبەرگیان جیاواز بوو لە ژنانی تری هاوتەمەنیان. سەرپۆشی سپییان بەکاردەهێنا و پۆشاکی سەرەوەی تاریک یان ڕەشیان لەبەر دەکرد لەسەر جلی شینی تێر کە گوڵی بچووک و فرەڕەنگیان لەسەر نەخشێنرابوو. من هەر کاتێ سەردانی شازادەم دەکرد، لە ژووری میوانەکەیدا دادەنیشتین کە دیوارەکانی سپی کراونەتەوە و ئەیرکۆندیشن و تەلەفزیۆنی دیجیتاڵی سەتەلایت و قەنەفەی زەردی نەرمی لەخۆگرتبوو. وەک هەموو ژنێکی تر کە لە ڕزگاری ناسیم، لە نێوان ئاوارەبوونی زۆرەملێ و چاوەڕوانی و تەنیایی بێ سنوور و وابەستەیی ئابووریی بەردەوام، تووشی لەدەستدانی قەرەبوو نەکراوی ژیانێکی ئیکۆلۆجی و مێردەکەی و ماڵەکەی و هەموو کەلوپەلەکانی دنیایی بوو. ئەو بە شێوازی تایبەتی خۆی و تاکەکەسی خانەخوێی لە ئەنفال دەکرد. لە یەکێک لە گفتوگۆکانماندا لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٣، پێیگوتم:
"من لە گوندێک بە ناوی دوانزە ئیمام لە نزیک کفری لەدایک بووم. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٦ هاوسەرگیریم کرد و چوومە گوندی کانی قادر لە ناحیەی قادرکەرەم کە هاوسەرەکەمی تێدا دەژیا. دەرد و مەینەتیی ئەنفال لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ بەسەر ئێمەدا هات، تەنها ساڵێک و دە مانگ بوو هاوسەرگیریم کردبوو. کاتێ لە نیسانی ساڵی ١٩٨٨دا ئەنفالکراین، کچێکی تەنها دە مانگم هەبوو. دەزانی ئێمە لە گوندەکەدا ژیانێکی خۆشمان هەبوو، ئێمە ژیانی خۆمانمان دروست کردبوو، کەس نەبوو بەسەرماندا بسەپێنێت کە چۆن بژین. زەویت هەبوو و دەتتوانی لای خۆتەوە و بۆ خێزانەکەت گەنم بچێنیت و ئاژەڵ و ماڵاتێکی خۆتت هەبێت. گەنممان دەچاند و دار هەنجیر و قەیسی و نیسک و نۆک و جۆرە جیاوازەکانی کاڵەک و خەیارمان هەبوو. خەڵکی گوندەکە هەموو ئەم جۆرە سەوزە و میوەیان بەرهەم دەهێنا و دەیانچاند، هەروەها شتێکی جوان نەبوو گۆشت لە کوشتارگەیەک بکڕیت. خەڵک خاوەنی مریشک، قەل، کۆتر، مەڕ، مانگای خۆیان بوون و هەرگیز نەماندەزانی هێلکە لە بازاڕ و فرۆشگاکانی شاردا چۆنە. کەسانێک هەبوون ڕۆژانە زیاتر لە سەد هێلکەیان دەفرۆشت. زیاتر لە هەزار مەڕمان هەبوو (دیارە مەبەستی هەموو خەڵکی گوندەکە بووە - و)، هەرچەندە هەمیشە لە حکوومەتی عێراق دەترساین، بەڵام ژیان لە گوندەکەدا هێشتا زۆر باش بوو. ئەنفال هەموو ئەمانەی لێ سەندینەوە و گوندەکەمانی وێرانکرد و ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵی کردین و خێزانەکانی لێکتر ترازاند و جیاکردەوە و پیاوەکانیان برد. ئێمە هەموو شتێکمان لەدەستدا و ئێستا ژیانی ڕۆژانەمان پەیوەستە بەو پارەی یارمەتییەی مانگانە کە لە حکوومەتی کوردی وەریدەگرین. تا مانگی ئۆکتۆبەر یان نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٢ بوو کاتێ کە حکوومەتی کوردی دەستی کرد بە پێدانی یارمەتیی بیست دۆلاری مانگانە بەو کەسانەی کە ئەندامێکی خێزانەکەیان لەدەستدابوو. تا ئەو کاتە ژنان وەک کرێکار کاریان دەکرد، لە کێڵگەی گەنمدا، لە کێڵگەی سەوزە و میوەی تایبەت و هتد. هێشتا هەموو کەسێک نەیدەتوانی کارێک بدۆزێتەوە و هەندێک ژن کە هاوڕێی منن، دەچوون دوای دروێنەکردن پاشماوەی گەنمی دروێنەکراویان لە کێڵگەکاندا کۆدەکردەوە (گوڵەوەچنی - و). ئەوان ئەم گەنمەیان دەهێنایەوە ماڵەوە و پاکیان دەکرد بۆ ئەوەی بیهاڕن و بیکەنە ئارد و دواتر نان و بۆ منداڵەکانیان بەکاریان دەهێنا. تۆ دەتوانیت بیهێنیتە بەرچاوی خۆت کە ئەوە بۆ ژنێکی خاوەن چوار منداڵ چی دەگەیەنێت و تەنانەت هەندێکیان شەش منداڵیشیان هەبوو. هەروەها ژن هەبوون کە زیاتر لە سێ منداڵیان هەبوو کە تەنها گوزەرانیان لە سێبەری ماڵی کەسانی تردا بەسەر دەبرد. کەس نازانێت چەند منداڵ و ژن دوای گەڕانەوەیان لە ئۆردووگاکانی زیندانی ژێر دەسەڵاتی سەربازی گیانیان لەدەستداوە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە لە سموود چۆن دەژیاین [دوای لێبوردنی ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨]، ئەوان [دەزگای هەواڵگریی عێراق] هەمیشە بە تاک پەیوەندییان پێوە دەکردین و دەیانویست بزانن ئایا دەزانین مێردەکانمان لە کوێن یان نا. ئەوان متمانەیان بەو شتانە نەبوو کە پێمان گوتبوون و لە کۆتاییدا منیان گرت".
کاتێ هەڕەشەی دەستگیرکردن لە ناوچە و گوندەکانی دەرەوەی یاسا (قەدەغەکراوەکان - و) هەست پێکرا، شازادە توانی بەرەو کەسوکارەکەی لە ناو ناحیەی قادرکەرەم هەڵبێت. ئەو و کچەکەی لەوێ خۆیان شاردەوە، تا براکەی هات و بردیانی بۆ کەرکووک و لەوێ خۆیان حەشاردا تا "لێبووردنی گشتی"ی ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨. بەو پێیەی بە شێوەیەکی یاسایی هاوسەرگیریی نەکردبوو (واتە لە دەرەوەی دادگا مارەبڕابوو - و)، وەک کچێکی بێ شوو لە یەکێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت تۆمار کرابوو. ئەمەش بواری پێدا کە لە ڕێگادا بە بازگەکانی حکوومەتدا تێپەڕێت بۆ کەرکووک بێ کێشەیەکی ئەوتۆ. دوای "لێبووردن"، کۆتاییەکەی لە سموود لەگەڵ کچەکەی و دایکی و خوشکی مێردەکەی جێگیر بوو. سموود بۆ ئەو کەسانە دروستکرابوو کە گوایە ژیانیان بە لێبووردنەکە مسۆگەر کراوە، واتە ڕزگاربووان و بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ئەنفالدا کوژراون و بێسەروشوێن بوون. وەک چۆن لە سەردەمی ئەنفالدا دەستبەسەر نەکرابوو و توندوتیژیی ڕۆژانەی زیندانیکردنی بەسەردا نەهاتبوو، شازادە هێشتا بڕێک زێڕی لە هاوسەرگیرییەکەیدا هەبوو. ئەمەی فرۆشت بۆ ئەوەی ئامێرێکی دروومان بکڕێت و لە داهاتەکەی وردە وردە خانوویەکی بچووکی بۆ هەر چواریان دروستکرد. هەروەها بەم شێوەیە توانی یارمەتیی ژنانی تر بدات بۆ مانەوە. بە درێژایی ئەم ماوەیە، وەک هەموو ژنانی تری سموود تووشی لێکۆڵینەوەی بەردەوامی پۆلیسی عێراق و هەواڵگریی نهێنی بووەوە.
هەروەها ئاسکەش، توانی لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا، بەرەو دارستانە چڕەکە هەڵبێت لەگەڵ هەندێکی تریش لەوێ و بە درێژایی ڕووباری سیروان لە باشووری کەلار خۆیان حەشاردابوو. دایک و باوکی لە کەلار دەژیان و خواردنیان بۆ دەبرد تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عێراق "لێبوردنی گشتی"ی ڕاگەیاند. ئاسکه کاتێک ئەو توندوتیژییە دەوڵەتییەی بیرهێنایەوە کە بە وشە ئەزموونی دەکرد، دەیگوت: "ئێمە بەو خواردنە دەژیاین کە لە دایک و باوکمەوە وەرماندەگرت و ترسی دەستگیرکردن یان کوشتنمان بوو لە هەر کاتێکدا و بێجگە لە چاوەڕوانیی بەزەیی خودا هیچمان پێ نەدەکرا. دوای لێبووردنەکە، نزیکەی پەنجا ژن بووین لەگەڵ منداڵەکانمان ماینەوە و هیچمان نەبوو، تەنانەت شوێنی خەوتن و خواردنی پێویستمان نەبوو بۆ ئەوەی بیدەین بە منداڵەکانمان". شازادە و ئاسکه لەسەر ئەوە کۆک بوون کە دوای "لێبووردن" دەبێت ڕووبەڕووی چی ببنەوە: برسێتی، بارگرانیی دایکێکی تاک و تەنها لە جیهانێکی نێرسالاریی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی قڕکەردا، چاوەڕوانی گۆڕانکاریی سیاسی، چاوەڕوانی گەڕانەوەی مێردەکانیان، چاوەڕێی گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان و ژیانێکی پڕ لە ترس کە پەیوەندییەکانی ڕۆژانەی ژنان و دەوڵەتی مۆدێرنی عێراقی گرتبووەوە.
ڕاپەڕینی کورد لە ئاداری ١٩٩١دا، کە لە نێوان شتەکانی تردا، دیسان بە مانای توندوتیژیی بەکۆمەڵ و کۆچکردن و شوێنبزر کردنی منداڵان و ژنان بوو، چاوەڕوانیی گۆڕانکاری و توندوتیژیی سیاسیی ڕۆژانەیانی بچڕاند. لەگەڵ ئەوەشدا ژیان و گوزەرانی دوای ڕاپەڕین لە ترسی تیرۆرکردن یان کوشتنیان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە ڕزگاری نەکردن. کاتێکیش گەڕانەوە، ژنەکان دیسانەوە ڕووبەڕووی ئالینگاریی حەتمیی مانەوە بوونەوە و ڕوویان لە هیوای گەڕانەوەی ئەندامانی خێزانەکانیان کرد، کە تەنها چاوەڕوانیی زیاتری دەگەیاند. لە کاتێکدا شازادە لە ماڵەکەی خۆیدا گەڕایەوە سەر کاری بەرگدروویی، ئاسکە و چل و نۆ ژنی تر لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا دەستیان بە کار کرد:
"ئێمە دەمانزانی خەڵکی کورد خەمی مردنی ئێمەیان نییە، تەنانەت پرسیارێکیشمان لێبکەن چەشنی: "پیاوەکانتان لە کوێن؟" بۆیە ناچار بووین بڕیار بدەین یان بەردەوام بین لە ژیان بەو شێوەیەی کە دەمانگوت تا بۆ خۆمان دەمرین یان ئەوەیە کە دەست بە کار بکەین. پیاوێکمان دۆزییەوە کە براکەی بە دەستی حکوومەت لەناوچووبوو و لە کەلار کێڵگەیەکی هەبوو و قبووڵمان کرد کە هەموومان کاری بۆ بکەین. ئەو بە پێچەوانەی ئەودوای خەڵکی کەلارەوە تێگەیشت کە ئێمە قوربانیی دەستی هەمان دەوڵەتین کە براکەیان کوشتووە. هەر یەکەمان ڕۆژانە پێنج دیناری عێراقیمان دەستدەکەوت، کە بەشی خواردن و ناردنە بەر خوێندنی منداڵەکانمانی دەکرد. ئێستا هەموو منداڵەکانمان خوێندەوارن و هەلی کاریان هەیە و لەمڕۆدا بەشدارییەکی بەرچاویان لە گەشەپێدانی شارەکەدا هەیە [لە ساڵی ٢٠١٣دا]".
لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابوورییان لە کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠کاندا، ئاسکە ٧٥٠ ناو کۆدەکاتەوە و بە نامەیەک پێشکەشی دەسەڵاتدارانی (ی ن ک)ی دەکات و داوای پشتیوانیی ئابووری لەو حیزبە دەکات. دەسەڵاتدارانی خۆجێیی کوردی ئامادە نەبوون یارمەتیی بدەن و تەنانەت هەوڵیاندا ڕێگری بکەن لەوەی کە ئەو و ژنانی تر بەدواداچوون بۆ دۆزێکی وەها بکەن. پاڵپشتیی ئابووریی ئەوان تەنیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٢دا گەیشتە دەستیان. شازادە و ئاسکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئەو سەد دیناری عێراقییەی (بیست دۆلار بە نرخی ئەو دەمە - و) کە مانگانە ژنان وەریدەگرن هیچ نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە بوو کەوا لاوازیی باری داراییان سەلمێنراوە و دەتوانن بەدواچوون بۆ خەم و نیگەرانییەکانی تریان بکەن، بۆ نموونە، شوێنی نیشتەجێبوون و چارەنووسی ئەندامانی نزیکی خێزانەکانیان. ئاسکەش وەک شازادە چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی بوو کە لە کاتی ئەنفالدا دەسگیر کرابوو. بەڵام لەبەر ئەوەی مێردەکانیان و کوڕەکەی ئاسکە لەنێو ئەو زیندانیانەدا نەبوون کە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و هەرەسهێنانی دەوڵەتی بەعسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئازادکران، شازادە و ئاسکە وایبۆدەچن کە لەناوبرابێتن و بەهەرحاڵ ئەمە بوو بە هۆی چاوەڕوانیی زیاتر: بۆ گەڕانەوەی ئێسک و پرووسکیان و دادگایی کردنی ئەنفالچییانی کورد. هەندێک لەو ژنانەی کە من و ئاسکە لە ڕزگاری چاومان پێیان کەوت، لەگەڵ کوڕ و کچ و نەوەکانی خۆیان دەژیان و هەندێکی تریش هەموویان تەنیا بوون. ئەو ژنانەی کە لە نوگرە سەلمان و دبس ڕزگاریان بوو، ڕەتیانکردەوە کە ئازیزانیان وەک مردوو دابنێن. هاوڕێیەکی ئاسکە بە ناوی فەهیم کە لە سەرەتای شەستەکانی تەمەنیدایە و بە تەنیا لە بەشی کۆنی ڕزگاری دەژی، ناچار بوو گۆچانێک بەکاربێنێت بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانی بوەستێت و بڕوات، بەڵام هێشتا قبووڵکردنی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە منداڵەکانی و هاوسەرەکەی هەموویان لەناوچوون. ئەویش وەک ژنانی تر کە لە دۆخێکی هاوشێوەدا بوون، پێیوابوو کە مەحاڵە چیتر چاوەڕێی گەڕانەوەیان نەکات و وەک خۆی دەڵێت، وازهێنان لە چاوەڕوانی، مانای لەبیرکردنی نەک هەر ئەو خۆشەویستییەی کە ڕۆژێک هاوبەشییان هەبووە، بەڵکو بە مانای لەبیرکردنی داواکاریی دادگاییکردنی ئەنفالچییە کوردەکانیشە.
یادەوەرییەکانی لەدەستدانی ڕەهای خۆشەویستیی ڕۆژانە لە ناو خێزانەکان و لە نێوان خێزانەکاندا و ئەو خۆشەویستییەی کە لە نێوان ژنە ڕزگاربووەکان چ لە ژیانی ئەنفال و چ لە ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفالدا پەرەی سەند، بەرەو داواکاریی ژنان بۆ دروستکردنی یادگاریی تایبەت بە خۆیان لە ڕزگاری. بە هاوکاریی لەگەڵ ژنانی تری ڕزگاربوو و ڕێکخراوی ناحکوومیی ئەڵمانی - کوردیی هاوکاری ئی. ڤی. - (گرووپ یان کۆمەڵەی کاری هاوکاریی نێودەوڵەتی)، شازادە، ئاسکه و کارین ملۆدۆخ لە هاوکارییەوە کاریان کردووە بۆ بەدیهێنانی ئەو شتەی کە ناویان ناوە فۆرەمی یادەوەریی ئەنفال و سەنتەری کۆمەڵایەتی بۆ ڕزگاربووان (هەروەها بڕوانە ملۆدۆخ ٢٠١٠، ٢٠١٥). یادگاری بە شێوەیەکی باو وەک ڕێگەیەک بۆ یادکردنەوە باس دەکرێت کە جیاوازە لە ڕۆژی یادکردنەوەی ساڵانەی کە پیاوان تێیدا دەستباڵان. مەبەست لەم مۆنۆمێنتی یادگارییە ئەوەیە کە پانتاییەکی ئیستاتیکی و بینین بدرێتە ئەزموونی دڵبەندی ژنان و گواستنەوەی یادەوەرییەکانیان تەنها هەر وشە و هونەر نییە. بەڵام وشە و هونەر بریتین لە گواستنەوەی ئێتیکی کۆنکریتی یان کوتوپڕی و بەو پێیە ئەوە بە شێوەیەکی تایبەتی کارایە لە خانەخوێی کردن و پیشاندانی ئەوەی کەوا چۆن ئەزموونە پیادەکراوەکانی و یادەوەرییەکانیان جیاوازن لە ئەزموونەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەودوای خەڵکی کورد. ئاسکە پێداگریی دەکرد لەسەر گرنگیی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم یادگارییە. هەڵبەت ئەمە ژنان پێکەوە کۆدەکاتەوە و یارمەتیی یادکردنەوەی پێکەوەییان دەدات و وەک ژن قسە لەبارەی ژنە ڕزگاربووەکانەوە دەکەن لە توندوتیژیی دەوڵەتی مۆدێرن. هەروەها ئەوەشی ڕوونکردەوە کە: "وا دێتە پێشەوە کە هەندێ جار من پرسیار لە کوڕەکانم دەکەم لەبارەی ناوەکانیانەوە، چونکە خەریکە شتم لەبیردەچێتەوە، دەزانم ژنی تریش هەن وەک منن بەڵام باسی ناکەن. ئێمە وا فێربووین کە باسی بارودۆخی تایبەتیی خۆمان نەکەین".
هونەرە بینراو و یادگارییەکان لەوە زیاترن کە تەنها کاری مرۆڤ بن بۆ بەستنەوەی ئێستا و داهاتوو بە ڕابوردووەوە و هەوڵدان نییە بۆ تێگەیشتن لە ڕابوردووی ژنە ڕزگاربووەکان کە درێژە بەوە دەدەن ژیانی بێگانەکان بژین، بەڵکو بریتین لە ماڵ و نیشتەجێیەک کە دەتوانێت بەردەوامیی بە یادەوەرییەکانیان بدات لەبارەی توندوتیژییەوە بۆ ئەوەی ئەم یادەوەرییانە بتوانن بگەڕێنەوە و ببنە خولیای دەوڵەتی مۆدێرن و خەڵکی کورد. یادگاریی بریتییە لە فەزای گەرموگوڕی بێگانەکان و ناتوانێت ئەوە بێت کە ژنان لە دڵیاندا هەڵیدەگرن و نوێنەرایەتیی ئەو کردەوەیەی لەناوبردن ناکات کە زنجیرەی فەرماندەیی بەرپای کرد لە ئەنفالدا و هاوپەیمانێک پێکدێنێت بۆ داهاتوو، واش وێنای داهاتوو دەکات کە دژ و پێچەوانە نییە بە ڕابوردوو یان ئێرە و ئێستا. باوەڕبوون بە مۆنۆمێنت و یادگاری بەو پێیە کە پاسەوانە و توانای ئەوەی هەیە ببێتە شایەتحاڵ و هەڵگری یادەوەرییەکانە بۆ پشتاوپشتی نەوەکان و کات و شوێن، بەردوام وێناکردن و خەیاڵی گەرموگوڕ بووە بۆ بوون و ئامادەگیی مرۆڤ لە میزۆپۆتامیادا (عێراق) و لە هەمان کاتیشدا بەڵێنێک بووە بۆ جیابوونەوە و زیان لێکەوتن (لە بەشی کۆتاییدا زیاتر لەسەر ئەمە دەدوێین). جارێکی تر لەگەڵ شازادە بەرەوڕوو دەبینەوە لە ڕۆڵی پاڵەوانی فیلمی "کوڕی بابل"دا، کە خۆی و کوڕەزاکەی بەرەو باشووری عێراق دەڕۆن بە هیوای یەکگرتنەوە لەگەڵ کوڕەکەی شازادەدا، کە باوکی کوڕەزاکەیەتی. پاش ئەوەی دۆزینەوەی زیندانییانی عێراقی ڕژێمی سەددام بە زیندوویی ڕادەگەیەنرێت، ئەمان بۆ ئەوێ گەشت دەکەن و لە باشوور ئەو زیندانییانە بەردەدرێن. ئەوان پاش گەشتێکی دوور و درێژ و تاقەت پڕووکێن بە جیهانێکی کارەساتباردا دەگەن کە ئەویش عێراقە. شازادە جلوبەرگی تر بۆ کوڕەزاکەی دەبات و لەوێ ئامادەی دەکات بۆ چاوپێکەوتنی باوکی، کە کوڕەکەی شازادەیە. بەڵام لەوێ دەزانن کە نە لە ناو زنیدانییە بەردراوەکاندایە و نە لە ناو ئەو تەرم و ڕوفاتانەدایە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراون. لەم گەڕان و چاوەڕوانییە دوور و درێژەدا، دایکەکە و کوڕەزاکەی کەسێک دەبینن دان بەوەدا دەنێت کە سەرباز بووە لە کاتی ئەنفالدا و داوای لێخۆشبوون دەکات. شازادە لێیخۆش دەبێت و دەڵێت ئەم تەنها سەربازێک بووە و فەرمانی دەوڵەتی جێبەجێ کردووە کە لە سەرەوە دابەزیوە بۆ خوارەوە. پاشان لە ڕێگەی گەڕانەوەیاندا، دایکەکە و کوڕەزاکەی لە پشتی پیکابێکەوە دادەنیشن چاو دەبڕنە دەروازەی عەشتاری بابل کە بە لایدا تێدەپەڕن و دەمرن.
سەرچاوە: بەشی سێهەمی کتێبی:
"مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق"
بێ ماڵ و حاڵی لە جیهاندا
Being Human
Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq
Fazil Moradi
2024
* تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجیی مەیدانییە بەو ناونیشانەی سەرەوە و توێژەری کورد د. فازڵ مورادی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە. ئێمە ئەم کتێبەمان کردووەتە کوردی و هێشتا وەرگێڕانە کوردییەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە - وەرگێڕ.
