سەلام عەبدوڵڵا

 

لەگەڵ وێرانكردنی بارودۆخی ژیانی خەڵك، چەندین دەستپێشخەری جیاجیا لەدەرەوە و ناوه وه ی حوكمڕانی دەستپێكرد:

- خێرخوازی

- هاوكاری كۆمەڵایەتی

- هەرەوەزی

- ئەم سێ تێگەیشتنە جیاوازانە دەلالەتی خۆیان هەیە:

رێكخراوە خێرخوازەكانیش دوو جۆریان هەیە:(حزب و رێكخراوە ئیسلامیەكان)و(رێكخراوی خێرخوازی بارزانی) و(رێكخراوی مام)

ئیسلامییەكان هاوشێوەی مەسیحیەكان(كڕینی قەواڵەی لێخۆشبوون)بە شێوەی تر بەناوی"لەرێی خودا"و زەكات و سەرفترە بەرژەوەندی شەخسیان هەیە و بە خودا دەڵێن: دەبینی ئێمە چەند مرڤی بە رەحم و باشین، بمانخە بەهەشت!

ئەگەر ئەم بەڕێزانە دەڵێن(وتعاونوا علی البر و التقوی...)، ئەوا ئێمە بەراشكاوی دەڵێن: كاری هەرەوەزی پەیوەندی بەم ئاین و ئەو ئاین و حزبەوە نیە و لە قوڵایی مرۆڤایەتی و لەسەردەمی بابل و سۆمەر و پێشی ئەوانیش لەناخی ویژدانی مرۆڤایەتی بوونی هەبووەو وەك پێداویستی و تاقە رێگای كۆمەڵایەتی بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتی وبرایانە مرۆڤ لەگەل مرۆڤ.

پارتی و یەكێتی خاوەن دەسەڵات و كۆمپانیەكانی كەرتی تایبەت و تەلارنشینەكان پێكدەهێنن، وەك بڵێی بە ئارەقەی ناوچەوانیان پارەیان دەستكەوتووە و لێرە رێكوڕەوان داهاتی گشتی خەڵكی كوردستان بە ئاشكرا دەدزن و لەولاوەوە چاكە بەسەر خەڵك دەفرۆشنەوە.

هەردوو ئەم جۆرە نموونەی دووروویی و چاوچنۆكی و گاڵتەجاری دەكەن بە كەرامەتی خەڵك. ئەگەر راستدەكەن فەرموو: وەك ئەركی كۆمەڵایەتی بەشداری بكەن لە باشكردنی بژێوی خەڵك كە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی نە خودا هەیە و نە بەهەشت و نەیش بە پیاوچاكی: ئەوە یاسای بازاڕە وای كردووە تۆ زیاد یان كەم پارە كەڵەكە بكەیت. دە بە هەموو"ئەسحابەكانتان" ئەگەر یاسای ئێمە باڵادەست بێت، مەگەر بە سواری قامیش بۆن بۆ حەج، چونكە مومكین نیە ئێوە بتوانن لەسایەی حوكمڕانی و یاسا و كار و بازاڕی عەداڵەتی كۆمەڵایەتی، قرانێكی زیادتتان دەستبكەوێت و ئەگەر دەستتانیش بكەێت ئەوا دڵنیابن بە گەندەڵی و قۆڵبڕین دەستتان كەوتووە و خۆتان لە ئێمە باشتر دەزانن سزاكەتان چی دەبێت!

بە حزبە"خێرخوازەكانیش" دەڵێن خۆتان كردووە بە گاڵتەجاڕی و لەرادەبەدەر خۆتان سووك و رسواكردووە: فەرموون مافی خەڵك لە چوارچێوەی بیمەی كۆمەڵایەتی ئەركی خۆتان جێبەجێ بكەن و هەڵویست بە خەڵك مەفرۆشنەوە!

پێشی نزیكەی دوو مانگ(تۆری هاوكاری كۆمەڵایەتی) چالاك بوو و لە چەندین شار هاوكاریان بە خەڵكی هەژار گەیاند.

ئەم هەوڵەش لەلایەن حزب و كەسانی چەپ رێكخرا، بەڵام زۆر دوور نیە لە دنیابینین خێرخوازی و بەزەیی و تێروانینی دنیابینینی جیهانی بۆرژوازی"دڵ نەرم و سۆزداری بۆ قوربانییەكانیان" و هەر لە شێوەی تێگەیشتنی"رێكخراوە جیهانییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی . دیارە هەوڵدان لەگەل ئەم برادەرانە بۆ كاركردن و گەشەپێدانی كار و چالاكی هەرەوەزی سوودی نەبوو و لەمەشدا ئازادن.

ئێمە بەچاوی دنیابینینی ژیانی هەرەوەزی لەسەر ئاستی مێژووی مرۆڤایەتی و وەك هوشیاری واقعبینانە لە بەڕووخستنی تاقە ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیستێمی كانیبالیزەكردنی ژیان لەلایەن رژێمی ستەم و جەنگی سەرمایەداری جیهانگیر، بەهەموو نوقسانی و سەختی و هەڵە و شكستی لێرەو و لەوی و هەندێ جاریش رەشبینی تا سنووری پەككەوتن، كار و چالاكی بێلایەنی هەرەوەزی دەكەین بە بەشداری ستەملیكراوان، وەك فێرگەیەكیش لەگشت بوارێكی ئەدەبی، مۆسیقاو گۆرانی، بیناسازی، خولی وانەوتنەوە، پڕكردنی پێداویستی ناوماڵ و دابینكردنی خۆراك لەپێناو پێگەیاندنی مرۆڤی هەرەوەزكار. ئێمە كاری خێرخوازی و هاوكاری ناكەین، بەڵكو بە عەقڵی بەشداری وەك ئەرك و تێگەیشتنی راستەوخۆ لەناو خەڵك و لەگەل خەڵك و بۆ خەڵك ئەنجامدەدەین.

دیارە ئەمە ئاسان نیە و ماندووبوونی جەستەیی و بەدواچوون و نووسین و وەرگێران و كۆڕ و كۆبوونەوە و لێدوان و رێكخستن و پەیوەندی و تێگەشتن و كادری زۆری دەوێت.

ئێستا خەڵك متمانەی بە حزبە دەسەڵاتدارەكان و(ئۆپۆزیتسیونی ساختە) و(سازشكار)ەكان نیە و بۆ بەدیل دەگەڕێت. ئەكرێت بە هوشیاری و كار و چالاكی هەرەوەزی لە هەموو كەرت و شوێن و بوارێكدا و(لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانیش) ئیرادەی بۆ هێزی لەبننەهاتووی ستەملێكراوان بگەڕێنینەوە بۆ خۆرێكخستن بەدەور پێداویستی و مافە رەوا دزراوەكانیان و ببین بە هێزی گۆڕانكاری لە كۆمەڵگە. هیچ لایەن و حزب و بیریكی تر نیە، شوێنمان بگرێتەوە!

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا