بەڕوونی
کاوە مەحموود
میتۆدی مارکس لە نووسینی سەرمایە
بەشی دووەم
خوێندنەوەیک بۆ بنەما میتۆدییەکان
لە ئەوروپا دەستەواژەی سەرمایە لە سەدەی حەڤدەهەمیندا لەلایەن بازرگانەکانەوە ئەو بڕە پارەیە بوو، کە بە قەرز دەدرا یان بۆ قەرزپێدان هەڵدەگیرا و، دواتر وشەی سەرمایە بە مانای ئەو داهاتەی، کە قازانج بەرهەمدەهێنێت بەکارهێنرا. ئادەم سمیس ئەم دەستواژەیەی بە مانای (باڵانسی دراوی بازرگانەکان) بەکارهێنا و، سەرمایە بۆ هەردوو دۆخی نەگوڕ و جوڵاو دابەشکرد.
ریکاردۆ پێناسەی سەرمایەی کرد بە بەشی سامانی ئامادەکراو و بەکارهێنراو بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان، کە پێکدێت لە خواردن و جلوبەرگ و کەرەستەی خاو، کە بۆ ئەنجامدانی کار پێویستن.
کاتێک مارکس پێناسەی سەرمایە دەکات، مانا و شوناسێکی دیکەی پێدەبەخشێت و لە بازنەی خودی ئامرازی کار و شێوازێک بۆ بەرهەمهێنانی، بەرەوە ئاسۆیەکی دیکە دەیبات و، باس لە سیستمێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دەکات، کە سەرجەم ئەو بابەتانە ئامراز و شێواز و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان شوناسی سیستمی سەرمایەداری دەداتێ. بەم جۆرە سەرمایە کەرەستەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوە و، بەم جۆرەش دراو و پارە کاتێک بەهاکەی زیاد دەکات و زێدەباییەک بەرهەمدەهێنێت دەبێتە سەرمایە و، ئەمەش لە ڕێگای چەوساندنەوە و کاری کرێگرتە ئەنجام دەدرێت.
کاتێک لە ساڵی 1830 لە ئەوروپادا قەیرانی ئابووری سیاسی دەردەکەوێت، ئەرکی سەرەکی ئەو کاتە ڕەخنەگرتنی شۆڕشگێرانە لەو قەیرانە بوو، کە دەبوایە ئەرکی چینێکی شۆڕشگیر بوایە. مارکس پێی وابوو ئەو ڕەخنەگرتنە لە ئابووری سیاسیی لەو کاتەدا پەیامی مێژوویی ئەو چینەیە، کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری تێکبشکێنێت.
کتێبی سەرمایەی مارکس ڕەخنەیە لە سەرجەم چەمکەکانی ئابووری سیاسی نەریتی، کە داکۆکیکردنە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری و، هەنگاوێکە بۆ خستنەڕووی ئەلتەرناتیفی نوێ، کە پشت بە زانیارییەکی گشتگیر و بەرفراوان لە بواری بەرهەمەکانی فەلسەفەی ئەو سەردەمە و ئابووری و سۆسیۆلۆجیا و هزری سیاسی دەبەستێت و، لە میانەی ململانێی سیاسی گەڵاڵە بوو، جۆرێکیشە لە دابڕان لە چەمکە سواوەکان. لەو ڕوانگەیەوە، لە کتێبی سەرمایە وەڵامدانەوەی بیروبۆچونی کۆمەڵێک هزرمەند لە بوارە جیاجیاکاندا بەدی دەکەین، لەوانە: هیگل و فویرباخ لە فەلسەفە و، ئادەم سمیس و ریکاردۆ لە ئابووری سیاسی و، سان سیمۆن و فۆرییە و ئۆین و بلانکی لە هزری سۆشیالیستی.
بابەتەکانی (سەرمایە)ی مارکس لە بەرهەمەکانی پێشتری مارکس جیاناکرێتەوە و، پەرپێدانی بۆچونەکانێتی لە بەرهەمە جۆراجۆرەکانی و، ئەو میتۆدەی لە (سەرمایە)دا بەکاری هێناوە لە کێڵگەی توێژینەوەکانی بواری فەلسەفە و ئابووری سیاسی و سۆسیۆلۆجیا و جۆڵەی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگیری جیاناکرێتەوە.
ئەگەر بمانەوێ بەم ئاراستەیە خوێندنەوەمان بۆ میتۆدی مارکس لە نوسینی کتێبی (سەرمایە) هەبێت، ئەوا لەم خوێندنەوەیدا ئاماژە بەم خاڵانە دەکەم:
یەکەم/ ماتریالیزمی دیالکتیکی
لە ڕوانگەی مارکسەوە ماتریالیزمی دیالکتیکی بریتییە لە جۆڵە و بزافی سروشت و کۆمەڵگا و هزر و، بە شێوەیکی مێژوویی لە پەرپێدانی فەلسەفەی ماتریالزمی لۆدفیگ فیورباخ لە ڕێگای ئامێتە و تێکەڵبوون بە دیالکتیکی هیگل دوای داماڵینی شوناسی ئایدیایی لەو دیالکتیکە، هێنایەکایەوە.
خاڵی سەرەکی لە ماتریالیزمی دیالکتیکی لەوەدایە، دان بە بوونی بابەتی ماتریال (مادە) و سروشت بە جۆرێکی پەرەسەندوو و لە حاڵەتی جۆڵەی بەردەوام و، بێکۆتا، دەنێت. بەم جۆرە ماتریال (مادە) دەستەواژەیەکی فەلسەفییە بۆ دەڕبڕینی هەستکردن بەو واقیعە بابەتییەی ئەو هەستکردنە وێنەی دەکات.
لە هزری مارکسیزم دوای مارکس ئەو ڕستەیە بەکارهێنرا، کە (دیالکتیکی هیگل لە جیاتی پێ بەسەر بەڕێوە دەڕۆیشت و مارکس وای کرد ئەو دیالکتیکە لەسەر پێ بڕوات). ئەم ڕستەیە ئاماژەیەکی سومبولییە بۆ قایلنەبوونی مارکس بەوەی هۆشمەندی پێش ماتریالە. لەئاکامی بۆچونەکانی مارکس و ئینگلز و گرێدانی چەمکی ماتریالیزم بە چەمکی دیالکتیک، ماتریالیزم لە فەلسەفەیەکی دۆگمای میکانیکییەوە بۆ بە فەلسەفەیەکی دیالکتیکی زیندوو هەنگاوی نا. بە پێی ماتریالیزمی دیالکتیک جۆڵە، کە شێوازێکی بوونی ماددەیە چەندین شێوە و جۆر وەردەگرێت، لەوانە:
ــ شێوەی میکانیکی، کە تەنەکان بە شێوەکی میکانیکی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەجوڵێنەوە.
ـ شێوەی فیزیکی، کە مەبست لێی گۆڕانکارییەکانە لە بواری تیژی..بارستە..وزە..تەوژمی کارەبایی..قەوارە..پلەی گەرما، جگە لە دیاردەکانی بواری تیشک و پرۆسیسەکانی جوڵەی نێو ئەتۆم.
ــ شێوەی کیمیستی، کە گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی ماتریاڵەکان لە شوناسێکەوە بۆ شوناسێکی دیکە.
ــ شێوەی بایۆلۆجی، کە بواری گۆڕانکارییەکان لە ژیانی ئۆرگانیکی دەگرێتەوە.
ــ شێوەی کۆمەڵایەتی واتە جوڵە و گۆڕانکارییەکان، کە بە شێوەیەکی بابەتی لە کۆمەڵگای مرۆڤایتی دەکرێت و بواری ناکۆکی و ململانێی چینایەتی و مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، ئەمەش میتۆدی سەرەکییە لە (سەرمایەی) مارکس.
بەپێی ماتریالیزمی دیالکتیکی سەرجەم شێوازی جۆڵە بە شێوەیکی بابەتی دوور لە چەمکی ئایدیای پێشوەخت ئەنجام دەدرێت و هەڵبەتەش هۆشمەندی بە پێداویستی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەشێکە لە چەمکی حەتمیەتی مێژوویی و ئیرادەی خەڵک، نەک حەتمەیتی گۆڕانکاری لە سایەی لۆجیکی میکانیکی و ئایدیایی پێشوەخت.
فەلسەفەی مێژوو لای مارکس لە ڕوانگەی ماتریالزمی دیالکتیکییەوە چەمکی ماتریالزمی مێژووی بەرهەمهێنا، کە لە جیاتی چەمکی سۆسیۆلۆجیا بەکاریهێنا و، ئەمەش هەنگاوی گرێدانی ماتریالزمی دیالکتیکی بە بابەتی ڕەخنە لە ئابووری سیاسیی سەرمایەداری بوو. ئەم ئاماژەکردنە بە بابەتی ماتریال و جوڵە دوو شوناس و مۆرکی ماتریالزمی دیالکتیکی دەخاتە ڕوو:
یکەمیان: ڕوانینە بۆ سروشت و سەرجەم دیاردەکانی بە گرێدانیان بە یەکترەوە و بە ڕچاوکردنی هەلومەرجی کارتێکردن لەسەر یەکتردا.
دووەمیان: جوڵە و پەرەسەندن و گەشەسەندن بنەما و ڕەجەلەکی بابەتەکانە.
لە ئاکامی ئەم دوو شوناسە ئەو یاسایانەی کارتێکردنیان لەسەر دیاردەکان هەیە لە دۆخی ڕاوەستان و چەقبەستن و مانەوەدا نین و پەیوەندییەکانیان لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراوەدا لە قۆناغێکی مێژوویی دیکەدا جیاوازە و، ئەمەش کارتێکردنی لەسەر گۆڕانکاری پەیوەەندییەکان لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی دیکە هەیە.
بەم جۆرە ماتریالزمی دیالیکتیکی لە ماتریالزمی میکانیکی جیادەکرێتەوە و، ڕاستەوخۆ بە بابەتی گۆڕانکاری و کۆتایهاتنی کۆن و لەدایکبوونی نوێ دەبەسترێتەوە و، جۆڵە و گۆڕانکاری شێوازێکی بوونی ماتریاڵە و، لە هیچ شوێنێک ماتریاڵ بی جوڵە نییە و، جوڵەش شێوازی ڕەهابوونی هەیە و متبوونیش ڕێژەییە.
بە پشتبەستن بەم بۆچوونە مارکس ئاماژەی بە قۆناغە مێژووییەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کرد و جەختی کردەوە، کە یاساکانی بزاف و جوڵەی کۆمەڵایەتی لە هۆشمەندی و مەبەستی مرۆڤ دانابڕێت.
میتۆدی ماتریالزمی دیالکتیکی لە نوسینی کتێبی (سەرمایە) لەوەدا دەردەکەوێ، کە مارکس پشتی بە دیاردەی ماتریال (ماددی) نەک بیرۆکە و ئایدیای پێشوەخت و نەگوڕ بەست لە نوسینەکەیدا و، لەو توێژینەوە ڕەخنەگرانەیە جیاوازی نێوان دوو واقیعی بابەتی، نەک دوو بیرۆکەی ئایدایی پێشوەخت و نەگور، دەکات.
سەرمایەداری بانگەشەی دەکرد، کە یاسا گشتییەکانی ئابووری سیاسیی یەکە و نەگۆڕە و لەسەر ڕابووردوو و، ئێستا و دوارۆژدا جێبەجی دەکرێت، لەکاتێکدا مارکس لە سەرمایە بە مرۆڤایەتی دەڵێت هەر قۆناغێکی مێژوویی یاسای تایبەتی خۆی هەیە و، کاتێکیش ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ بە هۆی چەوسساندنەوە بەو قوناغە و بە یاساکانی قایل نابێت، ئەوا کۆمەڵگا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە دەڕوات و خودی کۆمەڵگا ملکەچی یاسای دیکە دەبێت.