
نووسینی/ زیرەک کەمال
یا ئیلاهی، مەردوومەکانی ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە بۆچی ئاوایان لێهات؟ ئاخر تۆ ئافرەتت وا وێنا کرد( الجنة تحت آقدام الآمهات)، کەچی هەندێک لە بەناوشوێنکەوتووانت بەدەم وێرد و باسکردنی ئەخلاقەوە، ئافرەتیان کردووەتە کائینێکی جنسی و گوماناوی، شایانی هەزاران گومان و مەترسی؟ چیە ئەو هەموو بەنی ئادەمە زمان زبرە شەڕانگێزەی کوچە و کۆڵانەکانی فەیسبووکیان تەنیوە و وەکو گورگی برسی و بەرازی غەزری، لەهەر گۆشەنیگایەک جوانی و قسەی هەق ببینن، بەوپەڕی دڕندەیی پەلاماری دەدەن؟ ئەی نیشتمان چیە ئەو هەموو چەنەبازەی کە لە بەرووبوومی خاکی گەوهەرت خواردیان و ئاوی کەوسەری تۆیان نۆشیوە و لە سێبەری درەخت و کەپکە شاخت نووستوون، کەچی ئێستا هەرکەسێک باسی جوانی و ئاڵا و ئەی ڕەقیبت بکات، باسی دەشتی کاکی بەکاکی و لوتکەی سەفین و مەندیلی قەندیل و شنەبا و کەویەبەفری سەر کێلەشینت بکات، باسی جوانی گەرمیان و کوێستانت بکات، وەکو گەلەگورگی هار پەلامار دەدرێت. کوردستانم چیە ئەو هەموو جنێوباز و شەهوەتباز و چەنەباز و درۆزنبازەی بە ڕەوە ڕژاونەتە ناو ڕێڕەوە تاریکەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ڕقێکی ڕەش و ئەستورەوە، کەس نازانی لەسەرچی بەربوونەتە کیانی یەکتری؟ ئەی وڵاتی بەرگری و فیداکاری و شەهیدستان، چیە ئەو هەموو سیاسەتبازەی پەیدابوونەو پۆست و پلە وپایە بە ماف و غەنیمە دەزانن و دەسەڵات و قەڵەمڕەویان کردوووەتە پلیکانە و قادرمەی گەیشتن بە گەندەڵی و کەڵەکەکردنی سەرمایە و گیرفان فوول کردن؟ کوردستانم ئەو هەموو میدیا و پەیج و سایت و مایک بە دەستە لە کوێی پەیدابوون، کە خواردنەوەی پەرداخێک ژەهریان پێ خۆشترە لە گوتنی ڕاستی؟چیە ئەو هەموو مەردوومەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە شەو و ڕۆژ بیستوچوار سەعات سەرچۆپی گەوجاندن و چەواشەکاریان گرتووە. درۆ بە تاعەت و تەقوا دەزانن و بە کوتەک و بەرتێڵاش ڕاوی ڕاستی دەنێن؟ ئەی نیشتمان بمان گێڕەوە بۆ بەرەبەیانی جوانی ئەوکاتەی، بە کۆرس ئەی ڕەقیبمان دەگوتەوە و کەس نەیدەگوت گوناهی کەبیڕەیە! بمان گێڕەوە بۆ ئەو سەردەمەی خیانەت تاوان و درۆ عەیبە و دزی شورەیی و جنێو ڕێگا پێنەدراو بوو. خودا لەدەست پیاوانی بە قیژەقیژ و زمانی زبر ڕزگارمان بکە و مەلای موددەریس و مەولانای نەقشبەندی و شێخی شەدەڵە و نالی و مەلای گەورەمان بدەوە، ئەی نیشتمان تۆ کە ئەو سەرت کێلی مەم و زین و ئەوسەریشت کێلی شیرین و فەرهادە یەخەی خۆت دادڕە، بەرانبەر ئەوانەی لەسەر خاکی تۆ، بە چاوی سووک سەیری خۆشەویستی دەکەن.
