چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!

نووسینی: ئەلوف بێن  ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤

سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

 

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنگیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.  دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن.  ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش  نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەشەوە. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)

ڕۆژی٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەماس دەزگا سەربازی و هەواڵگریەکانی ئیسڕائیلی تووشی سەرسوڕمان کرد! هەردووک دەزگاکەی ئیسڕائیل چەندین ساڵ بووە زانیویانەو زانیارییان هەبووە کە گروپە چەکدارەکانی فەلەستین ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر ئیسڕائیل  بۆکوشتن و ڕفاندنی سەربازو هاوڵاتیانی  ئیسڕائیل! بەڵام ئەو دوو دەزگایە شکەستیان هێنا باوەڕبەوە بکەن کە ئەو گرووپانە بتوانن و بوێریی بنوێنن یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە کردنی ئۆپەراسیۆنیکی ئاهوا کە تا ئێستا وینەی نەبووە! سوپای ئیسڕائیل و دەزگا هەواڵگریەکەی، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆ و ئینجا بە شێوەیەکی گشتی هەموو خەڵکی ئیسڕائیلیش پێیان وابووە کە بەشی باشووری وەڵاتەکەیان زۆر سەخت و قایمەو ناتوانرێت زەفەری پێبەرن، پێشیان وابووە کە بالانسی هێزیش هە رلە بەرژەوەندی ئیسڕائیلدا بووە ، بۆیە هەموو لایەک پێی وابووە کە حەماس هەرگیز دەست بۆ کاری لەو شێوەیە نابات!

بەڵام حەماس ئەو تەحەداو بوێریەی نواند. لە چەند ڕۆژو هەفتەی دوای ئەنجامدانی ئەو هێرشە وێرانکەرەدا، شتێکی هاوبەش کە لە نێو هەموو ئیسڕائیلیەکاندا دەگوترایەوە ئەوە بوو کە دەگوترا " هەموو شتێک گۆڕاوە" جا هەر بەڕاستیش بۆ ماوەیەک ئەو قسەیە ڕاست دەرچوو کە هەمووشتێک گۆڕابوو: ئەو هێرشە  بڕوابەخۆبوونی ئیسڕائیلیەکانی پەرتو بڵاوە پێکرد، ئەو متمانە درێژخایەنەی ئیسڕائیلیەکان  هەیان بوو بە ئاساییشی وەڵاتەکەیان و سیاسەت و نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان سەرەونخوون بوویەوە! سەکردایەتی هێزی بەرەنگاریی ئیسڕائیلIDF لە شەوێکدا شکۆی خۆی لەدەستدا، بە تایبەتی کە وردەکاریەکان بۆ خەڵک ڕوون بوونەوە و بۆیان دەرکەوت کە سوپا نەیتوانیوە ڕێگریی لە هێرشی حەماس بکات و زۆریش درەنگ فریای ئەوە کەوتووە کە بتوانێت  خەڵکی سڤیلی سەر سنوور و دەزگا سەربازیەکان و ئامادەبووانی بێ دیفاع  و سڤیلی ناو فێستیاڤاڵ و مۆسیقا بپارێزێت!

دڕامای سیاسیی کە ئیسڕائیلیەکانی بۆ ماوەی نۆ مانگێک تا ئۆکتۆبەری حەوتی بەسەرداهات لە خۆ گرتبوو، هەوڵی ناتانیاهۆ چاکسازییەکی سەراپاگیربوو لە ناوەندەکانی  دادگادا کە مەبەستی سەرەکی بریتیبوو لە سنوردارکردنی سەربەخۆیی دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە وینەی دادگای باڵاو نوسینگەی داواکاری گشتی و خزمەتگووزاری مەدەنی تەکنۆکڕات  بۆ ئەوەی هێزی زیاتر بداتە باڵە ڕاستڕەوەکەی خۆی و هاوپەیمانە ئایینیەکانی- ئەوەیان ئیتر لە بەرچاو ونبوو چونکە شەڕ بەسەرداهات. ئەندازیاری سەرەکی چاکسازی  کە وەزیری داد، یاریڤ لێڤین بوو،لەوانەیە پەشیمان بوووبێتەوە لە کارەکەی چونکە خۆیشی بەشداربووە لە سەرقاڵکردنی ئیسڕائیل پێش هێرشەکەی حەماس. ناتانیاهۆ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کابینەیەکی یەکگرتووی شەڕی پێکهێنا لە لایەنە سیاسیە جیاوازەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها نزیکەی250 هەزار سەربازی یەدەکی بانگهێشتی نێو سوپا کردەوە بۆ ئەوەی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر غەزە ئەنجام بدەن!

دوای ئەوەی کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیلIDF  شۆکی ئۆکتۆبەری 7 بەریدا، دەستی کرد بە تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی زۆر بەهێزو چڕ، توانای سەبازیی و فەرمانڕەوایی حەماسی بەسەرغەزەدا لە بەریەک هەڵوەشاند، بەشیکی زۆری غەزەی کردە وێرانە، زیاتر لە دوو ملیۆن لە خەڵکی غەزەی ئاوارەی نێوخۆکرد، لە سەرووی چل هەزار لە خەڵکی غەزە کوژرا کە بە پێی لێدوانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل سێبەشی ئەو کوژراوانە حەماس بوون! هیزی بەرگریی ئیسڕائیل توانی بە تەواوی ڕێگریی لە حەماس بکات کە ساروخ بهاوێژن بۆ ناو ئیسڕائیل و بەشی زۆری سیستەمی توێنێڵەکانی حەماسیش لە ناو غەزەدا لە ناوبران، دەگوترێت کە هێزێکی ڕێکخراوی وەک حەماس ئێستا گۆڕاوە بۆ هێزێکی پەرت و بڵاوی شێوە گەریلا ئاسایی!

لە گەڵ ئەوەشدا کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF نزیکەی سێ بەشی غەزەی داگیرکردوەو لە ژێر دەستی دایە، بەڵام بۆ زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ئەو بارودۆخەی ئێستا وەک ئەوە وایە کە ئیسڕائیل دۆڕاندبی! جا سەرباری ئەو هەموو خۆ کۆکردنەوەو ئاماداکارییە، سەرباری پشتیوانی نزیکەی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل، بەڵام هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF  کە لە ژێر هەمان سەکردایەتی سەردەمی ئۆکتۆبەری  7دایە، شکەستی هێناوە لە گەییشتن بە تەواوی ئامانجەکانی. بۆ نموونە یەحیا سەنوار خۆی تەسلیم نەکردووە. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە.. ح.ڕ) هەروەها نزیکەی سەد بارمتەی ئیسڕائیلی هێشتا دیارنین لە ناو غەزەدا کە دەگوترێت،  بە پێی دوایین لێدوانی ناتانیاهۆ، نیوەی ئەوانە هێشتا لە ژیاندا ماون!

ئەو کارەساتە چەقبەستووە، لە گەڵ گۆشەگیریی ئیسڕائیل لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە، هەروەها دیدگایەکی تاریک لە ڕووی ئابوووریەوە ، هەموو ئەوانە  بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هەستێکی بێهیوایی نەتەوەیی ! جا لە ڕاستیدا، پاڕادۆکسیەکە لێرەدایە کە ڕووکارە گرنگەکانی سیاسەتی ئیسڕائیل و کۆمەڵگای ئیسڕائیلیی لە دوای هێرشەکەی حەماس گۆڕانێکی کەمی بەسەرداهاتووە. دانیشتوانی ئیسڕائیل کە نیشتەجێی سەرسنوورەکان بوون لەباشوور وباکووری ئیسڕائیل هێشتا ناتوانن کە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان! ئەو باروودۆخە لە باتی ئەوەی ئیسڕائیلییەکان یەک بخا لەبەرامبەر یەک دوژمنی دەرەکی کەچی درزو کەلێنی کێشە کۆنەکانەکانی گەورەتر کردووە لە نێوانی گرووپ و لایەنگرانی  ناتانیاهۆ و لایەنە نەیارەکانی لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا! ناتانیاهۆ لە یەک کاتدا  نەیارەکانی و دۆستەکانی دەکوتێت و بەردەوامە کە  خۆی وەک چەق وناوەندی سیاسەتی ئیسڕائیل نیشان دەدات! هاوپەیمانیی باڵی ڕاست کە ناتانیاهۆی لە دەسەڵاتدا هێشتۆتەوە داواکاریەکانی بۆ وردوخاشکردنی بزووتنەوەی بەدەوڵەتبوونی فەلەستینیەکان زیاد کردووە  لە گەڵ جێگرتنەوەی نوخبەی ئیسڕائیل. کە ئەوەش داواکارییەکی بە ڕواڵەت جوانە بۆ لە ناوبردنی دام و دەزگا دێموکڕاتی و لیبڕالیەکانی ئیسڕائیل!

لە دوای ئەوەش، لە 7ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، سوپای ئیسڕائیل دەستی کرد بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە پەرچەهێرشی بوێرانە لە دژی ترسناکترین هاوسێی دوژمنی کە میلیشیاکانی حیزبو اللەی لوبنانی بوون- کەهاتن بەرەیەکی تری شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل لە لای باکوورەوە کردەوە هەر یەک ڕۆژ دوای ئەوەی حەماس لە لای باشوورەوە هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل! ئیسڕائیل توانی ڕابەری دێرینی حیزبو اللە، حەسەن نەسرواللە، بکوژێت وهێرشی زەمینیش بەرەو باشووری لوبنان ئەنجام بدات! جا لێرەدا زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی میدیای باوی ئیسڕائیلیی ئەو فراوانبوونی شەڕەیان لە لای باکووری وەڵاتەوە وەک دەرفەتێک دەبینی:نەک هەر بۆ ئیسڕائیل کە بتوانێت حیزبو اللە تەفروتونا بکات بەڵکو وەک دەرفەتێکیش بۆ وەڵاتەکەیان تا بیسەلمێنن کە ئیتر ساڵی شۆک و پڕمەترسییان تێپەڕاندو لە لا لایەکی تریشەوە بیسەلمێنن کە زیرەکیی وهێزو توانای تەکنەلۆجییان جارێکی تر بێتەوە نێو ناوان لە ڕووی نێو دەوڵەتییەوەو  ئاهەنگی لە بۆ بگێڕن! بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کەهەروەک چۆن شەڕی ناو غەزە ڕاستیە سامناکە شاراوەکانی زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکانی نەگۆڕی کە چاوەڕوانیان بوون بگۆڕێن، بە هەمان شێوەش ئەم بەرەی تازەیەش لە شەڕهەر نایان گۆڕێت!  بەرەی تازەی شەڕ هیچ ناگۆرێت هەتا ئیسڕائیل ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی قوڵترنەبێتەوە لە سیاسەتی ناوخۆی خۆیداو هەروەها لەبەرامبەر فەلەستینیەکانیشدا!

جووڵەو ئەملاولای پاڕادۆکسیانە!

یەک هەفتە دوای هێرشی  ئۆکتۆبەری 7، ئەگەر بە ئیسڕائیلیەکی ئاسایی یان هەتا  بە لایەنگرێکی (ناتانیاهۆ)شت بگوتبایە کە ناتانیاهۆهەرسەرۆک وەزیران دەبێ بۆماوەی ساڵێکی تریش و لە لایەن هەمان باڵی ڕاستیشەوە پشتی دەسەڵاتەکەشی دەگیرێت لەوانەیە ئەو کەسە باوەڕی پێت نەکردبایە!  چونکە بە درێژایی مێژووی ئیسڕائیل درکەوتووە حکومەتی مەدەنی لەکارکەوتووە دوای هەر کارەساتێکی ئەمنیی زۆر خەراپ کە بەسەر ئیسڕائیدا هاتبێت! بۆ نموونە دوای شەڕی سوپا لە شەڕی 6 ئۆکتۆبەری1973 لە نێوان عەڕەب و ئیسڕائیلدا، یان لە کاتی لەشکرکێکشی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 1982 ، کاتیک کە سەربازە یەدەکەکانی  ئیسڕائیل لە بەرەکانی شەڕ گەڕانەوە دەستیان دایە ناڕەزایەتی و وایان لە گۆڵا مییر سەرۆک وەزیران و مەناحیم بێگن کرد کە دەست لە کار بکێشنەوە!. جا لە هەردووک  حاڵەتەکەدا چەند مانگێکی پێچوو ئینجا حکومەت کەوتە خۆی و دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی بزانێت کە بۆچی ئەمە ڕوویدا!

ڕێی تێدەچوو، ئەگەر بتگوتبایە دۆخی ناتانیاهۆ زۆر خەراپتردەبێت لەوانەی پێش خۆی! لە سەرووی دەیان ساڵە ئەو پیاوە لە ناو سیاسەتدایەو هەمیشەش خۆی وەک مامۆستای ئاساییشی وەڵات پیشانداوە. ئەو دەیگوت کە باشتر لە جەنەڕاڵەکانی ئیسڕائیل دەزانێت وەڵات بە سەلامەتی ڕابگرێت، ئەو پێی دەگوتن  بێ دیدگاوترسنۆکن و زۆر ئاگایان لە ئارەزووەکانی ئەمریکایە! توندترین ڕکابەری سیاسیی ناتانیاهۆ لە ماوەی چەندین ساڵی سیاسەتیدا بریتیبوون لە فەرماندە سەربازیەکانی پێشوو کە هەندێکیان سەرۆک وەزیر بوون و هەندێکیش وەزیری بەرگریی بوون،  بۆ نموونە کەسانی وەکو ئیسحاق ڕابین، یەهود باڕاک، ئاڕیاڵ شارون، بێنی گانتز، هەروەها وەزیری بەرگری ئێستا یواڤ گالانت. لە ڕووی نەریتییەوە بەرزترین پلە باڵاکانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیلی بەدەست ئەشەکەنازیە لیبڕاڵەکانەوەن کە ناتانیاهۆ زۆر دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە دەست بەسەر ئەو دوو دەزگایەدا بگرێت! هەر ئەو دامەزراوانەش بوون کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئیسڕائیلیان کرد لە بەرامبەر پڕۆژەیەکی ناتانیاهۆ بۆ چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵات و دەزگای دادوەرییدا!

بەڵام بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا ڕەنگە پەیوەندی بەو بارودۆخەی ساڵی ڕابردووەوە هەبێت لە مێژووی ئیسڕائیلدا! تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ناتانیاهۆ ڕەتی دەکاتەوە بچێتە ژێر باری هیچ بەرپرسیاریتیەک لە کوژرانی 1200 ئیسڕائیلی ودەستدرێژی و بریندارکردنی چەندین کەسی ترو بە بارمتەگرتنی 250  ئیسڕائیلی لە لایەن حەماسەوە،  هەروەها ئەو هەموو وێرانەیە کە بەسەر وەڵاتیاندا هینا، کە هەموو ئەوانە لە تەنها یەک ڕۆژدا بەسەر ئەو خەڵکو کۆمەڵگایانەی سەرسنورەکانیاندا هێنا، ئینجا دوای ئەوە دەست کرا بە چۆڵکرنیان و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی تر! ئاستی جەماوەریی ناتانیاهۆ بەرەو دابەزین ڕۆیی هەرچەندە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023بەرەو سەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشی رۆیی بەڵام هێشتا ئاستی جەماوەرییەکەی ناگا بە ڕکابەرەکانی لە وێنەی نەفتالی بێنەت سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل. ڕاپرسیەک  لەو بارەوە هەر دوای کوژرانی حەسەن نەسروللا ئەنجامدرا لە لایەن کەشێت 12 کەناڵی سەرەکی هەواڵی ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئەگەر بێت و ئێستا هەڵبژاردنێک لە ئیسڕائیلدا ئەمڕۆ بکرێت، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ کە  68 کورسییان  لە کەنێسەت داهەیە دادەبەزێت بۆ 46 کورسی! ناتانیاهۆ باش  تێدەگاو زۆر باش هەلومەرجەکە دەخوێنێتەوەو دەزانێت کە خەڵک لێی تووڕەیە، هەر بۆیەش ستراتیژیەتێکی فرەلایەنەی دەستداوەتێ بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا! وا بۆ ماوەی ساڵێک دەچێ ناتانیاهۆ و پێڕەکەی تەواوی بەرپرسیاریەتی ڕوودانی  ئۆکتۆبەری 7 دەخەنە ئەستۆی هێزی بەرگریی IDFو شاباک دەزاگای ئەمنی ئیسڕائیلی کە بەرپرسن لە دوسیەو چاودێریکردنی فەلەستینیەکان و سەرباری ئەوەش خەتای هەموو ئەوانەشە کە نەیان هێشت چاکسازی لە دەزگای دادوەریدا بکرێت بە تایبەتی ئەو سەربازە یەدەکانەی کە هەڕەشەی وەستاندنی ئەرکەکانیان کرد ئەگەر بێت و دەست بۆ ئەو کارە ببرێت!

بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا لە گەڵ مێژووی ئیسڕائیلدا نایەتەوە!

 ناتانیاهۆ بە ڕاکردنی لە بەرپرسیاریەتی و مناوەرەکردنێکی وردیشی دەستدایە تا مانەوەی خۆی و پێڕەکەی لە دەسەڵاتدا درێژە پێبدات،  توانی خۆی ڕزگار بکات لەو لێکۆڵینەوە توندەی کە دەستی پێکردبوو لەسەر سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ کە خۆی لە پێکەوە ژیان و گونجان لەگەڵ حەماسدا دەبینیەوە و لە لایەکی تریشەوە کە گوێی بەو هەموو ئاگادارکردنەوانە نەدەدا کە سوپاو دەزگاکانی هەواڵگریی پێیان دەدا لەسەر هێرشی چاوەڕوانکراوی لەو جۆرەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. هەروەها هەوڵەکانیشی لە لاکەی ترەوە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین کە هاوبەشی پێشووی ئیسڕائیلە بۆ چەسپاندنی ئاشتی. جا ئێستا لە ترسی شکەستهێنانی لە دەنگدان و بە  دوای ئەوەشدا دەگەڕێت کە دادگاییکردنەکەی لەسەر گەندەڵی وەدوا بخات، ناتانیاهۆ تەنانەت خۆی لە دەنگدانی پێشوەختەش بەدوور دەگرێت! بۆیە بەشی سەرەکی پلان و ستراتیژی ناتانیاهۆ ئێستا هەر ئەوەیە کە درێژە بەشەڕ بدات و تەنانەت بەربڵاوتریشی بکات تا بەرەو لوبنانیش بڕوات و ناشیەوێت لەگەڵ حەماس بگاتە هیچ ڕێکەوتنێک!  جا ئەگەرئەو سیاسەتەی ناتانیاهۆ  لە سەر حسابی تەواوی بە بارمتە گیراوەکانیش کە لە ناو غەزەو تونێلەکانی غەزەدان خەریکە هەر لە برسانا بمرن تەواو ببێت و بەسەرکەوتن بگات!

 ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی بکات هاتووە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆی نایاسایی داوەتە هاوڕێ هەرێ ڕاستڕەوەکانی نێو هاوپەیمانیەتەکەی خۆی کە هەموو ئەوانە پڕبەگەروویان دەنگی نا بەرز دەکەنەوە بۆ هەر ڕێکەوتنێکی بارمتە گۆڕینەوە کە کشانەوەی ئیسڕائیلی لە غەزە تێدا بێت لەگەڵ بەردانی چەکدارەکانی حەماس کە لە زیندانەکانی ناو ئیسڕائیلدان.  ئا ئەمەشیان نوێنەرایەتی 180 پلە گۆڕان و بادانەوە لە هەڵوێستی نیشتیمانیدا دەکات! چونکە ئیسڕائیلیەکان هەمیشە شانازییان بەوەوە کردووە کە ئامادەی کردنی هەموو شتێکن لە پێناوی هێنانەوەی بارمتەو دیلەکانی جەنگ بۆ ماڵێ خۆیان، وەک لە هەڵمەتەکەی ساڵی  1976 دا دەرکەوت کە هێزی بەرگری ئیسڕائیلی IDF ئەنجامیدا لە شاری ئینتێبی یۆگەندا بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەرنشینانەی کە لە ناو فڕۆکەیەکی فەرەنسیدا بوون کە لە تەل ئەبیبەوە  ذەچوون بۆ پاریس و لە ڕێگا فڕێنرابوون و بەرەو یۆگەندا برابوون. کە لەو هەڵمەتە بوێرانەیەدا برا گەورەکەی ناتانیاهۆ بە ناوی یۆنی گیانی خۆی بەخت کرد! ئینجا هەر پێنج ساڵ پێش ئێستا سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بەرەو مۆسکۆ کەوتە ڕێ و بە شێوەیکی تایبەت و هەر بۆ خۆی کەوتە پێک هاتن لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پۆتین بۆ بەردانی ئەو کچە گەنجە ئیسڕئیلیەی کە لە سەر هێنان و بردنی مادەی هۆشبەرەوە لە ڕوسیا گیرابوو. بەڵام سەیرە بۆچی ئەو کارەی نەکرد بۆ هێنانەوەی  ئەو بارمتانەی کە لە ئۆکتۆبەری 7دا لە لایەن حەماسەوە ڕفێنرابوون!

 پێڕە ڕاستڕەوەکەی ناتانیاهۆ چاک درکیان کردبوو بەوگرنگیدانەی ناتانیاهۆ پێیان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە دەیانزانی بارودۆخی ناتانیاهۆ چەندە ناسکە، بۆیە زیاتر مکوڕ بوون لەسەر داخوازیە سەرەکیەکانیان و لە نێویشیاندا گەڕانەوەی دوبارە کۆمەڵگا جولەکەکان بۆ ناو غەزە کە لە ساڵی 2005دا لە سەردەمی شاروندا وازیان لێهێنرا. هەرچەندە ناتانیاهۆ بە ئاشکرا ئەو بیرۆکەیەی ڕەتدەکردەوە بەڵام ڕەنگە لە بنەوە پێشی خۆش بووبێ تا خۆی بکاتە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل تا بگوترێت کە لەسەردەمی ڕابەرایەتی ئەودا بیرۆکەی داخوازی فراوانکردنی هۆردوگای جولەکە نشینی  ئیسڕائیل دەستی پێکردۆتەوە کە دەیان ساڵبووە پاشەکشەیان کردبوو لەو داواکارییانە! لەو چەند هەفتەی ڕابردوودا لەڤین، وەزیری داد، لە هێزی بن سێبەرەوە گەڕایەوە  بۆ ناو حکومەت بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە بە چاکسازیی لە دەسەڵاتی دادپەروەریدا و بە واز هێنانی لە ڕێبازی یاسادانان، خۆی خستە ناو خەندەقی شەڕی بیرۆکڕاتیانەوە و ڕیگەگرتن لە دامەزراندنی دادوەرو زیاتر پشتگوێخستنی ئامۆژگارییە یاساییەکانی داواکاری گشتی گالی بەهاڕاڤ میارا!

 لە ساڵەکانی پێش ئۆکتۆبەری 7 ، هەندێک لە بەرپرس و سەرکردەی عەڕەبی هاوڵاتی  ئیسڕائیلی کەوتبوونە هەوڵ و کارێکی بەردەوام بۆ ئەوەی هاووڵاتیەعەڕەبەکانی ئیسڕائیل والێبکەن بە تەواوی لە گەڵ کۆمەڵگای ئیسڕائیلی تێکەڵ ببن، ئەوەش بە دەستەبەرکردنی پێدانی مافی یەکسان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری ئابووری بۆیان!  بەڵام هەر دوای هێرشەکەی حەماس، حکومەت ڕێک ئەم هەوڵەی شکەست پێهێناو دەستی کرد بە گرتن و دادگایی کردنی عەڕەبەکان و بە بەهانەی پۆستەکانیان لە سۆشیال میدیا و تەنانەت دەست کرا بە ڕێگری لە هەموو ئەوخۆپیشاندانانەی کە عەڕەبەکانی ئەنتی شەڕ پێی هەڵدەستان لە ناو ئیسڕائیلدا! دەزگا سەرەکی و باوەکانی ڕاگەیاندنیش ڕێک هەمان ڕێبازیان گرتەبەرو خۆیان بەدوور دەگرت کە لە  پانێڵە زۆرو زەبەندەکانیاندا بەشداری بکەنبەو عەڕەبانەی کە کۆمینتیان هەبوو، قسەیان هەبوو، شتیان دەزانی بیڵێن! لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵ، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ توانی  لە ڕووی سیاسییەوە دەست بەسەر تەواوی هێزی نیشتیمانی پۆلیسدا بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات و بیکاتە ئامڕازێکی کەسیی ژێر دەستی بەرەی هەرێ ڕاستڕەوی ئیسڕائیلیی کەسێکی خاوەن نفوزی وەک  ئیتەمار بەن گڤیر، وەزیری ئسایشی نیشتیمانی، کە شاگردو خوێندکاری کەسێکی ڕەگەزپەرستی وەک قەشە، ڕەبای، مەیر کاهانە! لە لایەکی ترەوە بەن گڤیر دەستی کردە هەڵمەتێکی توندی شەڕی بیرۆکڕاتیانە، کەسی نزیکی خۆی و دۆست و هاوڕێیانی دامەزراندن لە شوێنە باڵاکان و پلەی ئەو ئەفسەرانەشی بەرز دەکردەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕەشبگیرییان دەست پێکردبوو لە نێو خۆپیشاندەرانی دژی حکومەت و ئینجا لە لایەکی تریشەوە چاوی خۆی دەنوقاند لە هەموو ئەو تاوانانەی کە جولەکە توندڕەوەکان لە دژی عەڕەب و لادێکانی کەناری خۆرئاوا ئەنجامیان دەدا، هەروەها خۆی خەواندبوو لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەکرا لە دژی کۆمەڵگاو گەڕەکە عەڕەبنشینەکانی ناو شارەکانی ئیسڕائیل . چونکە بە لای بەن گڤیرەوە هەتا ڕێژەی عەڕەب کەم بکرایەتەوە لە نا وئیسڕائیلدا لە بۆ جولەکەکان باشتر بووە!

 هەتا ئەم دواییانەش زوربەی جولەکەکانی ئیسرائیل ئەم هەڵوێستە تونڕەوانەیان بە شەرمەزاری دەزانی بەڵام ئەوەیان بەدەنگی بەرز نیشان نەدەدا، هەر بۆیەش ناتانیاهۆ توانی بارودۆخەکە لەگەڵیاندا هێواش بکاتەوە! لە هەمان کاتدا یەکێکی ترلە هەرێ ڕاستڕەوەکان بە ناوی بێزالێل سمۆتریش، کە وەزیری داراییە لە کابینەکەی ناتایاهۆدا، ڕابەرایەتی هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانە  دەکا بۆلکاندنی تەواویکەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە! کە دیارە ئەمەش لە ڕێگەی برسی کردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستینیەکانەوە دەکات. ئەو دوو کەسە هەرێ ڕاستڕەوە سمۆتیش و بەن گڤیر بە ڕوونی و ئاشکرایی ئامانجی خۆیان خستۆتە ڕوو کە ئەویش بریتیە لە دەستبەسەراگرتن و لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە، بەڵام ئێستا ئەو کارە تۆزێک ئاڵۆزتر بووە  ئەویش لەبەرئەوەیە کە داگیرکردن و شەڕی غەزە لە گۆڕێدایە!

 

پڕۆژەی یاسای پارە!

 ئەو فرە بەرەیەی شەڕ کە ئیسڕائیل تێیەوە گلاوە شەڕێکی لە ناوخۆشیدایە کە ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران دەستی داوەتێ بۆ گۆڕینی نۆرم و هەڵوێستەکان. هەرچەندە ناتانیاهۆ زۆرێک لە بیرۆکە ئایدۆلۆجیەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانیدا هاوبەشی پێدەکا ، بەڵام ئەو کەوتۆتە مناوەرکردن ڕووەو پێگەیەکی سیاسی کە بە بارمتە گیراوە لە لایەن ئەوانەوەو ئێستاش دەیەوێت تەواوی خەڵکی ئیسڕائیل بە بارمتە بگرێت وەک چۆن خۆی کراوەتە بارمتە!

 هێرشەکەی 7 ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیلیە سێکیولارو بە تایبەتی نێودەوڵەتیەکانی خستە تەنگژەوە. لە ماوەی سێ دەیەدا دوای کۆنفرانسی مەدرید لە ساڵی 1991 و ڕێکەوننامەی ئۆسڵۆ لە ساڵی  1993دا، ئەو ئیسڕائیلیە سێکیولارو نێودەوڵەتیانە شانازیان بە وەڵاتەکەیانەوە دەکرد کە توانیویەتی وەک بەشێک لە ڕۆژئاوا دەرکەوێت، هەروەها کێشەی فەلەستینیش وەک گرفتێکی چارەسەرنەکراو سەیریکراوەو گوتراوە کە دەتوانرێت هەر وا بەوشێوەیە لەگەڵیدا بەردەوام بن. بەڕێوەبردنی کێشەی فەلەستین بەبێ هیچ بەرەو پێشچوونێک، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لە ڕووی ئابووریەوە بەرەو پێش چووە و کێشەی فەلستینیش نە بەرەو ئاشتی و نە بەرەو شەڕێش براوە  بریتیبووە لە ڕێبازی سیاسی ناتانیاهو هەر لەو ڕۆژەوەی کە هاتۆتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت لە ساڵی 2009. هەروەها ناتانیاهۆ دەستی بە هەڵگەڕانەوە کردلێیان و دەستی دایە چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵاتی دادوەریدا، جا ئەو هەوڵەی ناتانیاهۆ ڕێخۆشکەر بوو کە هاوپەیمانییەکی ناوخۆیی پێک بێت لە نێوانی ناتانیاهۆ و نوخبەی لیبڕالیی ئیسڕائیلی. هەتا ئەگەر ئەو نوخبەیە دەنگیشیان پێنەدابایە بەڵام لە لاکەی ترەوە زۆر دڵخۆشبوون بەوڕێژە زۆرە پارەیە کە ستراتیژیەکەی ناتانیاهۆ خستبوویە بەردەستیان و وایان نیشاندەدا کە وەڵاتەکەیان لە ڕێزی وەڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوادایە لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووریدا و یەکێکە لە وەڵاتە بەرەو پێشچووەکان لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە!

 جا ئێستا لیبڕاڵەکانی ناو ئیسڕائیل تووشی فشاری دوولایەنە بوونەتەوە، لە لایەکەوە لە لایەن ڕۆژئاوای پێشکەوتنخوازو لیبڕاڵەوە لە لایەکی تریشەوە لە لایەن بنکەی ناتانیاهۆوە لە ناو خۆی ئیسڕائیلدا تووشی پەراوێزخران و بە شەیتانی کردن بوونەەتەوە! هەرچەندە هەردووک بەرەی جولەکەی  پارێزگارو ئایینی ناو ئیسڕائیل وەک یەک بەدەستی دابەزینی بەهای (شێکڵ) و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە  دەناڵێنن بەڵام  لە لایەکی ترەوە توانیویانە مانایەک بدەن بە بەردەوامی شەڕەکە! بە تایبەتی بۆ ئەوهێڵە توندڕەوە لە جوولەکە توندڕەوەکانی بەری کەناری خۆرئاوا کە ئێستا هەست دەکەن ڕاست بوون کە ساڵی 2005  دژایەتی چوونە دەرەوەی ئیسڕائیلیان دەکرد بە تەواوی لە غەزە. ئێستا هەست دەکەن لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا پێگەیان بەرەو هەڵکشان و بەرزبوونەوە دەڕوات بە تایبەتی لە نێو سوپای هێزی بەرگریی ئیسڕائیلیدا کە تێدا بوونێکی کاریگەرو بەرچاویان هەیە!

 ئیترئەو لیبڕالانەی کە لە هەموولایەک زیاتر پابەندبوون و زۆرتریش زەرەرمەند بوون ڕوویان کردە دوو ستراتیژ بۆ مانەوەی خۆیان. یەکیکیان ئەوەیە کە کۆچ بکەن بۆ وەڵاتانی تر جا ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، یان دەچن داوای پاسپۆرتی وەڵاتێک دەکەن کە کەس و کاریان لەوێ نیشتەجێیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کەس و کارەوە بتوانن  ئەوانیش بچنە ئەو وەڵاتە! ئەو دیاردەیە لە پێش شەڕی غەزەش بوونی هەبووە، لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ناتانیاهۆ دەستی بە کودەتا کرد بەسەر دەزگای دادا. بۆیە قسەوباس لە نێو ئیسڕائیلیکاندا  دەربارەی بەجێهێشتنی وەڵات بە تایبەتی لە نێو چینە دەوڵەمندو زیاتر ڕۆشنبیرو بە ئاگاکەدا بەرەو توندی و زۆر بوونیش ڕۆیی هە رکە شەڕی غەزە دەستی پێکرد لە گەڵ فەرمانڕەوایی ناتانیاهۆ. جا ئەو شوێنانەی کە ئیسڕائیلیەکان زیاتر کۆچیان دەکرد و دەیانویست بۆی بڕۆن بریتیبوون لە یۆنان،پۆڕتوغال،تایلاند و هەروەها ئەو شوێنە نەریتەی وەک لەندەن و نیویۆڕک. جا هەندێک لەو ئیسڕائیلیانە تەنانەت توانیویانە هەمان کارو بەرژەوەندیە ئابووریەکەی خۆشیان لە ناو ئیسڕائیلدا بپارێزن  ئەوەش هەر لە دوورەوە بە ڕێگەی دیجیتاڵیی گەڕۆکەوە یان ئۆنلاینەوە!

 

نەیارانی ناتانیاهۆ بە هیوای ئەوەن کە بە شێوەیک لە شێوەکان ناتانیاهۆ بەختی نەمێنێت!

 ستراتیژیەکەی تری نەیارانی ناتانیاهۆ بۆ مانەوەی خۆیان بریتی بوو لە بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستەکانیان و بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕازایەتی دەربرین لە دژی ناتانیاهۆ لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە بەردەوامبوون لە پشتگیری کردنی سوپای بەرگریی ئیسڕائیل لە شەڕیدا لە دژی حەماس و داوای بەردانی هەموو ئەو بە بارمتە گیراوانەشیا دەکرد کە لە ژێردەستی حەماسدا ماون. لە کۆتایی مانگی هەشت دا قەیرانی بارمتەکان گەیشتە  ترسناکترین ترۆپکی خۆی کاتێک کە حەماس شەش لەو بارمتانەی لە تونێلێکدا لە ڕەفەح کوشتن. جا لەو کاتی توڕەیی و پەژارەیەدا کە ناتانیاهۆ نەیتوانیوە بگاتە ڕێکەوتنێک لە گەڵ حەماسدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو شەش بارمتەیەو گفتوگۆکانیش کۆتایی پێناهێنێت بۆ بەردانی هەموو ئەو بارمتانەی کە هێشتا بەرنەدراون، بۆیە بەو هۆیەوە بە سەدان هەزار لە ئیسڕائئیلیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی حکومەت و  ئەو خۆپیشاندانەش گەورەترین ناڕازایەتی بوو کە لە دوای ئۆکتۆبەری 7 وە ڕوویدا!

 بەڵام هەتاکو ئێستاش ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقام نەیانتوانیوە بنکەی هاوپەیمانی ناتانیاهۆ بهێننە لەرزین.  ئەو ناڕەزایەتیانە لەلایەن هەمان پێڕی نەیاری ناتانیاهۆ وە پشتگیری دەگرێن کە لە نێویاندا  گاڵانت هەیە کە سەرکردایەتی ناڕەزایەتیەکانی کرد لە دژی ئەو چاکسازییەی کە ناتانیاهۆ دەستی پێکرد لە دەزگای داد. بەڵام سەرۆک وەزیران زۆر بە زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا کردو هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی بە سیاسیی  ناساندن و مەبەستی سەرەکییان هیچ شتێک نیە تەنها دەڕپەڕاندنی منە لە دەسەڵات. جا ئێستا ناتانیاهۆ بابەتی بارمتە ئیسڕائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس و میحنەتی ئەوانی کردووەتە بەهانەو بەکاری دەهێنێت!

 نەیارانی ناتانیاهۆ هەر بە هیوای ئەوەن بەشک و ناتانیاهۆ بەختی هیچی تر نەیهێنێت یان لە شوێنێکەوە قڵشتێک بومەلەرزەیەک درووست بکات. یەکێک لە هەرێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی بووەتەوە بریتیە لە لێخۆشبوون لەو گەنجانەی کە زۆر ئۆرسۆدۆکسی و توندڕەوی  ئایینین لە چوونیان بۆ خزمەتی سەربازی! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەهانەی ڕابەرانی ئایینی هەرێ توندڕەوی ئۆرسۆدۆکسی بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەبێ ئەو گەنجە ئۆرسۆدۆکسیانە بپارێزرێن لە ژیانی سێکیولاریی  کە لەوانەیە لە سەربازگەکاندا ڕووبەڕووی ببنەوە. جا ئێستا ئەو شەڕە بە تەواوی ئەو جیاوازیە گەورەو نایەکسانەی ئاشکرا کردووە کە هەیە لە نێوانی گەنجە هەرێ توندڕەوە ئایینیەکان و گەنجانی تری ئیسڕائیل کە هەموو کات بانگ دەکرێن کە بچن بۆ خزمەتی سەربازیی و خۆیان بکەنە قوربانی وەڵاتەکەیان!

 

لە مانگی حوزەیراندا، دادگای باڵای ئیسڕائیل گوتی کە هیچ بنەمایەک لە گۆڕێدا نیە بۆ ئەوەی گەنجی ئۆرسۆدۆکسی توندڕەوی ئایینی نەچێت بۆ خزمەتی سەربازیی و ئەوەی تریان بچێت.دەبێ هەردووک لا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت! جا ئێستا حکومەت لە جێبەجیکردنی ئەو بڕیارەدا سستی دەنوێنێت و سوپاش نایەوێت کەس بە زەبری زۆریی پەلکێشی خزمەتی سەربازیی بکات. ئێستا ئەو کێشەیەش لە گۆڕێدایەو جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە کاتێک کە ئەنجومەنی یاسادانان دەنگ لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو دەدات! ڕابەرە سیاسیەکانی بەرەی ئۆرسۆدۆکسی هەرێ توندڕەوی ئایینی دەستیان کردووە بە هەڕەشە و دەڵێن ئەگەر بێت و ئەو ڕەش نووسەی لێخۆشبوون لە لاوانی ئایینی ئۆرسۆدۆکسی لەبۆ خزمەتی سەربازیی  ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕن ئەوا حکومەت دەڕوخێنن! جا هەر لەو دواییانەدا و بۆ ئەو مەبەستە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی خۆی هات کەسێکی وەک گیدیۆن سار کە وەزیری دادی پێشوو بوو هێنایە ناو هاوپەیمانیەتیەکەی خۆی!

 

ئەو برینانەی کە ئیسڕائیلیەکان بە دەستی خۆیان لە خۆیان کردن!

سەرباری ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئیسڕائیلیەکان لە دژی ناتانیاهۆ بەڕێیان دەخستن و بە بەردەوامییش داوای هێنانەوە ماڵێی بارمتەکانیان دەکرد، ئینجا لە گەڵ ئەوەشدا کە هێشتا حکومەتەکەیان سەرکەوتنی تەواوی بەدەست نەهێنابوو وەک و کە بەڵێنی پێدابوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێستا دەنگی بەرزی دژە شەڕ لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا کەم وێنەیە! هەرچەندە زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ڕقیان لە ناتانیاهۆ خۆی و بنکە کۆمەڵایەتیە موحافزکارەکەی هەیە و شانازی بە جهانیی بوون و سێکیولاربوونی خۆیانەوە دەکەن، بەڵام هێشتا ناتوانن بگەن بەو سێکولارە ئەمەریکی و ئەوروپیانەی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ڕوی ئاشتی و دێموکڕاسییەوە. ئیسڕائیلیەکان دەیانەوێت بە پێی ئەو ڕێسایە بژین کە لە فلیمی ساڵی  1966 سپاگەتی ڕۆژئاوا ( باش و خەراپ و ناشیرین) کە ئەوە دەنگی دایەوەو بڵاو بوویەوە لە نێو ئیسڕائیلیەکانداو دەیان گووت : " ئەگەر هەر پێویستەودەبێ ئەتۆ هەر تەقە بکەی ئیتر تەقە بکەو قسە مەکە" ئیسڕائیلیەکان پاساویان بۆ ئەو گوتەیە ئەوەیە کە دەڵێن ئێمە لە شوێنێکداین کە دەورەمان بە دوژمن گیراوە. جا باڕاک لە سەر زمانی ڕۆژهەڵاتناسانەوە ئەمە وێنا دەکا بە "ڤیلایەک لە نێو جەنگەڵێکدا!"

زوربەی هەرێ زۆری دەنگە نەیارەکانی ناتانیاهۆ، کە لە نێویاندا ئەندامانی پلە باڵا و چالاکی خانەنشینی نێو سوپایان تێدایە، هەروەها کەس وکاری ئەو بارمتانەی کە تا ئێستا لە ناو غەزەدا ماون، ئەوداوایەی کە لە ناتانیاهۆیان هەیە کەمترە لە داوای بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵک و دەیانەوێت بۆ ماوەیکی کاتیی شەڕ ڕابگیرێت و سوپای ئیسڕائیل بکشێتەوە هەتا حەماس بارمتەکان بەردەداو ئینجا دەست بکەنەوە بەشەڕو سوپا بچێتەوە ناو غەزەوداگیری بکاتەوەو  کۆتایی بە حەماس بهێنن و یەحیا سەنواریش بکوژن. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە (ح.ڕ) لە دوای ئەوەش دەیانەوێت سوپا هەربەوەندەوە نەوەستێت بەڵک و لە باکوورەوە هێرش بکاتە سەر لوبنان و زەویە سەرسنوریەکانی دیوی باشووری لوبنان  داگیر بکاتەوە لەبۆ پاراستنی ئاساییشی خەڵکی ئیسڕائیل. کەواتە ئەوەی ئێستا ناتانیاهۆ دەیکات ڕێک لەگەڵ داواکاریەکانی خەڵکی ئیسڕائیل دێتەوە. تەنانەت ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بۆسەرلوبنان کەمترمشتومڕی نێودەوڵەتی لەسەرە؛ هەندێک لە سەرکردەکان ناتانیاهۆیان وەک سەرۆک وەزیران خۆش ناوێت و پێی ڕازی نین بەڵام لەولاوە هانی دەدەن تاکو بە شێوەیەکی کاتی زەویەکانی ئەو دیوی لوبنان کە لە سنووری ئیسڕائیلەوە نزیکن داگیر بکەن و خەڵکی لوبنان لە نزیکی سنووری ئیسڕائیل دوور بخەنەوە. لێرەدا  ڕەنگە ناتانیاهۆ کەسێکی خۆشەویستی نێو جەماوەر نەبێت بەڵام لە ڕاستیدا هیج ناکات بێجگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی جەماوریی و جێبەجێکەری داخوازیەکانی خەڵکی ئیسڕائیلە!

حکومەتی ئەمریکاو زوربەی وەڵاتانی ئەوروپا تەنها بەرەنگارییەکی شێوە ڕەمزییان پێباشە کە ئیسڕائیل نیشانی بدا لە ناو غەزەو کەناری خۆرئاوادا، ئەوەتا کەنەدا، یەکیەتی ئەوروپا، فەرنسا، بەریتانیا و ئەمریکاش گەمارۆیان خستۆتە سەر هەندێک لە کۆمەڵگاکانی جولەکە نشینی تونڕەو کە هێرش دەکەنە سەر فەلەستینیەکان، هەروەها ئەڵمانیاو بەریتانیاو ئەمریکا ناردنی هەندێک چەکی تایبەت و بۆمب کە قورسایی  بگاتە 2000پاوەند ڕاگرتووە کە بڕوا بۆ ئیسڕائیل. بەڵام ئەوەی ڕاستیە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا ڕێگای داوە بە ئیسڕائیل کە بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناو غەزەو کەناری ڕۆژئاوادا، هەروەها تاکو ئێستاش ڕۆژئاوا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەی نەداوە بۆ ژیاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین. لەو بارەوە ڕۆژئاواش هەمان بالۆرەی ناتانیاهۆ لێدەداتەوە کە گوایە کاتەکەی بۆ ئەو باسە گونجاو نیە! ساڵانێکی زۆرە ئەو سیاسەتەی نێوان ڕۆژئاواو ئیسڕائیل هەستی پێدەکرێت بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا! ڕۆژئاوا ڕێک وەدوا ئیسڕائیل دەکەوێت لە بابەتی فەلەستیندا بە مەرجێک ئیسڕائیل بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەر چاو بگرێت!

بەڵام سەرباری ئەو پاڵپشتیەی وەڵاتانی ڕۆژئاوا  لەو شەڕەدا بۆ ئیسڕائیل کەچی لەبەرامبەردا ئیسڕئیلیەکان زۆرترهەست  بە گۆشەگیریی دەکەن لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە! جا هەندێک لەو گۆشەگیرییە پاساوی هەیە. ئەوەتە زوربەی هێڵە هەواییەکانی هاتوچۆی دەرەوە بەرەو تەلئەبیب وەسدتاون، ئاستی  متمانەبوونی نێودەوڵەتی بە ئیسڕائیل زۆرڕووی لەخوارە. بەڵام هەندێک لەو گۆشەگیریانە هۆیەکەیان نێوخۆی ئیسڕائیلە، دەزگای ڕاگەیاندنی سەرەکی  باوی عیبڕی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستینیەکان لە کەمپەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوادا بە دژە جولەکەو دژە سامیی وێنا دەکەن، ئەو دەزگایەش رێک وەدوا ناتانیاهۆ دەکەوێت کە پێی وایە ئەو ناڕەزایەتیانە درووست نین و سیاسین و شێوەیەکی کۆنی دژە جولەکەو دژە سامیانەیان هەیە!. بە هەمان شێوە ئەوەتە ئەو دڵنیایییەی کە لە دوو دادگای نێو دەوڵەتیدا نیشانی دەدەن کە ئیسڕائیل پرۆسەی کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید بەڕێوە دەبات لە غەزە کەچی لە نێوخۆی ئیسڕائیلدا ئەو هەوڵانە بە پڕوپاگەندەو نادرووست دەبینن!

لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵەوە حکومەتی  ئیسڕئیل متمانەی بەخۆ زیادی کرد، بە تایبەتی کاتێک کە ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوللە زیاد کرد. هەر لە دوای هێرشەکەی ئۆکتۆبەری ٧ بۆ سەرئیسڕائیل، حیزبواللاش لەولاوە بۆ پشتگیری لە حەماس سەلماندی کە لە توانایدا هەیە شارەکان و فڕۆکەخانەکان و وێستگەکانی کارەباو وزە ی ئیسڕائیل وێران بکات، هەر بۆیەش سوپای بەرگری ئیسڕائیل IDF هێزەکانی سەر زەمینیی خۆی کردە دووبەشەوە بەشێکیان لە باکوورەوە لە گەڵ حیزبوللە و بەشەکەی تریش لە باشوورەوە لەگەڵ حەماس کەوتە شەڕەوە! بۆئیسڕائیلیەکان کە لە ئۆکتۆبەری 7 وە هەستیان بەشکەست و داڕووخان دەکرد، بۆیە دژە هێرشی سوپای بەرگری ئیسڕائیل IDF هەمان شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967 ی دەهێنانەوە بیر کە سوپای ئیسڕائیل سەرکەوتنی خێرای بەدەست هێنا دیارە کە بە زۆری لە  رێگەی هێزی هەواییەوە بوو! ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ئیسڕئیل شەڕەکەی دەباتەوەو سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و کەوتە هەڕەشەی هەمان شێوەش لە ئێران کە ڕاستەوخۆ پارێزەرو پشتگیریکەری حیزبوللەیە! وەزیری پەروەردەو فێرکردنی ئیسڕائیل بە هۆی ئەو سەرکەوتنانەوە فەرمانی بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ کرد لە ناو خوێندنگا گشتییە ئایینیەکاندا. ئیسڕائیلیە سێکیولارو لیبڕالەکانی ناو ئیسڕائیل هەرچەندە بە شێوەی ئاشکرا لە شوێنە گشتیەکاندا ئەو سەماو هەڵپەڕکێیەیان نیشان نەدەدا بەڵام لە ژێرەوە پڕبەدڵ خۆشحاڵبوون بەو سەرکەوتنانەو سوپاس و پێزانینی خۆیان دەردەخست بۆ فڕۆکەوانە ئازاکان و هێزی هەوایی بۆ ئەو سەرکەوتنە بێوێنەیە!

بەڵام ئەو سەیروسەفایەی ئیسڕائیلیەکان زۆری پێنەچوو کە بوو بەهەڵم  وهەردوای ئەوەی کە ئێران بە دەیان ساروخی دوور مەودای گرتە ئیسڕائیل و لە لایەکی تریشەوە تیرۆریستەکان لە ناو شەمەندوفەری تەلئەبیبدا شەش ئیسڕائیلیان کوشت! ئینجا ئەو هێرشە تازەیەی کە ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنانی دەست پێکرد زۆرتری لەسەر کەوت لە ڕووی زیانی گیانیی ئیسڕائیلیەکانەوە وەک لە  هێرشی جاری پێشوویان بۆ ناو لوبنان لە ئۆپەرایونە تایبەتیەکانیاندا! ئەوەش شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە شەڕی ئەم جارەیان کە ناوچەکەی گرتۆتەوەو ئێرانیش هاتۆتە ناویەوە ئەو هەلە بۆ ئیسڕائیل وەک جاران ناڕەخسێنێت کە سەرکەوتنی خێراو کەم زیانی تێدا بەدەست بهێنێت! هەروەها لە لایەکی ترەوە ئەو ترسەی کە ئیسڕائیلیەکان هەیانە کە شەڕەکە بدۆڕێنن زۆر گەورەترە لەوەی کە بەسەرکەوتنیان بەسەرحیزبوللەدا یان هەتا تەنانەت بەسەر ئێرانیشدا سەربکەون کەمی بکاتەوە ! هەربۆیەشە کە ئیسڕائیلیەکان ئەوڕۆ لە ڕووی سیاسیەوە لە حاڵەتێکی پەشۆکاودان چونکە هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا هاتوەو بۆیەش پێویستە ئەوانیش ستراتیجیەتی خۆیان بە پێی ئەو گۆڕانی واقیعە بگۆرن!

ساڵێک تێپەڕیوە کەچی هێشتا ئیسڕائیلیەکان لە ماتەمینی و تازیەی ئەو زیانانە دان کە لە ئۆکتۆبەری 7دا حەماس لێی خستن. وە  هەمیشە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەیڵێنەوە بۆتە مۆتەکە بەسەر سەریانەوە! ئێستا ئیسڕائیل بەرەو داڕوخان دەڕوا لە ڕووی ئابووریەوە بە تایبەتی کە دەوڵەمەندو نوخبەی لیبڕاڵی ئیسڕئیلیی وەڵات بەجێ دەهێڵێت و ڕێگای هەندەرانی گرتۆتەبەر! حکومەت شکەستی هێناوە لە یەکخستنەوەی ڕیزی ئیسڕئیلیەکان و لە جیاتی ئەوە کەلێن و درز زیاترکەوتۆتە نێویانەوە. هێزی سەربازی ئیسڕائیل و سوپاکەی بە تایبەتی هێزی یەدەکی نێو سوپا ماندوو دیارە بە تایبەتی چونکە کەوتۆتە شەڕێکی کتوپڕی ئاڵۆزەوەو دەمێکیشە بەردەوامە! لە لایەکی ترەوە کە ئەگەریش دادگای نێودەوڵەتی هیچ فەرمانێک بۆ دەسگیرکردن و دادگایی کردنی فەرماندەو بەرپرسە ئیسڕائیلیەکانیش دەرنەکات دەبێ ئیسڕائیلیەکان لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێدا ژیانیان بەسەر بەسەربەرن چونکە ئەو هەموو وێرانیی و کوشتارەیان بەسەر غەزەو خەڵکی فەلەستیندا هێناوە!

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر شەڕدا، هەڕەشە درێژمەوداکانی سەر دێموکراسی لە ئیسڕائیلدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا مەترسیدار نەبوون!

ئیسڕائیل ئێستا لە باتی ئەوەی بکەوێتە ناو زۆنگاوی سەرخۆشییەوە بەوەی کە حەسەن نەسروللەی کوشتووەو ئینا خۆی بخاتە ناو شەڕێکی گەورەتری ناوچەیی  لە دژی ئێران، دەبێ سوود لە پێگەی ئێستای خۆی لەشەڕدا وەربگرێت لەو بێهێزی و شکەستەی حەماس و حیزبواللە! دەبێ ئیسڕائیل ڕازی ببێت بەو ئاگربەستەی کە ئەمریکا پێشنیاری کردووە لە هەردووک بەرەی باکوور و باشووردا تا بتوانێت بارمتە ئیسڕائیلیەکان بهێنێتەوە ماڵ و کارئاسانیش بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە کە بە تەواویی شەڕ وێرانی کردووە!  ئینجا دەست بکات بە پڕۆسەی چاکبوونەوەی نیشتیمانی! درێژە پێکێشانی شەڕلە هەوڵێکی بێهوودەدا بە مەبەستی سەرکەوتنی تەواوەتی، زیاتر زەرەرو زیانی گیانیی و ئابووریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جا ئەگەربێت و (تڕمپ)یش بیباتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لە مانگی نۆڤەمبەردا وەک و کە ناتانیاهۆ چاوەڕوانیەتی و دەیڵێتەوە! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە هەردووک لا غەزەو لوبنان بوونەتە زۆنگاوێکی پیس بۆ ئیسڕائیل کە تێیدا دەچەقەتێت، بۆیە دەبێ هەڵەی کۆن دووبارە نەبێتەوە بەڵام لە باتی ئەوە زەرەرو زیانەکان کەمبکرێنەوەو پێکهاتن و گرێبەستێک  بکرێت! حکومەتێکی بەرپرسیاری ئیسڕائیلیی دەبێ ستراتیژیی درێژمەودای بەرژەوەندیەکانی وەڵاتی ئیسڕائیل هەڵبسەنگێنێت و پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل  و فەلەستین لەگەڵ مەحمود عباسی بە ساڵاچوودا  دەستپێبکاتەوە بۆ پێکێنانی دوودەوڵەت. هەروەک چۆن بێگن پەیماننامەی ئاشتی مێژوویی نێوان ئیسڕائیل و میسری  ئیمزا کرد دوای سەرکەوتنی ئیسڕائیل لە شەڕی 1973 لە بەرامبەر میسردا. بۆیە دابینکردنی ڕێبازێکی جێمتمانە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە کەناری خۆرئاوا و غەزەدا تاکە بناغەیە بۆ دابین کردنی ئاشتی دوورمەودا بۆ ئیسڕئیلیەکان و هەروەها گەڕەنتیش دەبێ بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و سعودیە!

جا کارەسات و تراژاژیدیایەکە لێرەدایە کە حکومەتی ئێستای ئیسڕائیل وەڵات بەرەو لایەکی  پێچەوانە دەبات. مەبەست و کاری لەمێژینەی ناتانیاهۆ بریتیە لە لەناوبردنی بزووتنەوەی نیشتیمانی فەلەستینیەکان و خۆ دوورخستنەوە لەهەر پێکهاتنێک و نەرمی نواندنێک لە گەڵ ئەو بابەتەدا. ئامنجی خۆی و هاوپەیمانیەتیەکەی بریتیە لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی جولەکە کە گەورەییەکەی  لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ بەحربێت، لەگەڵ فراوانکردن و پێدانی  هەندێک  ماف ئەگەر وای پێویست کرد، بەڵام خۆیان بەدوور بگرن لە پێدانی مافە سیاسیەکان بە هەر کەس کە جولەکە نەبێت تەنانەت بەوانەش نەدرێت کە عەڕەبن و لە ناو ئیسڕائیلدان و هاونیشتیمانی ئەوێن! لێرەدا کارەسات ئەوەیە کە زایۆنیستە نەیارەکانی ناتانیاهۆ دەڵێن دەبێ ناتانیاهۆ لاببرێت و لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، بەڵام ئەو بوێریەیان نیە کە ئاڵای ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گەڵ فەلەستینیەکان بەرزبکەنەوە! ئەوانە لەوە دەترسن کە ئەو کارەیان لە کاتی ئێستادا ڕەنگە جۆرێک لە نا نیشتیمانپەروەریی بێت و لەولاوەش بە  خائین وێنا بکرێن لە لایەن باڵی ڕاستەوە!لە جیاتی ئەوەی ورترو قووڵتر لە مانای ئۆکتۆبەری 7 تێبگەن و درکیش بە ناجێگیریی ئەو باروودۆخەی ئێستای پێش شەڕ بکەن و هەروەها دانبنێن بە و وەهم و خەیاڵە کە بەشدارە لە مامەڵکردن لە گەڵ کێشەی فەلەستینیەکاندا لە گەڵ سواربوونی شەپۆلی گەشەی ئابووری و بەرزنرخاندنی خۆدەرخستنێکی وا کە پێیان وایە کێشەی فەلەستین بوونی نیە! ئەمە ئیسڕائیلیەکانی بەرەو قەبووڵکردنی ئەپارتایدو جیاکاریی دامەزراوەیی بردووە لە کەناری خۆرئاوادا و داگیرکردنی هەمیشەیی غەزەو ڕەنگە ئەمە پەل پکێشێت بۆ خوارووی لوبنانیش. جا ئینجا زاڵبوونی سیستەمی ئۆتۆکراسی و ئایینییش لە ناوخۆی وەڵاتدا گەشەدەکات. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە لە ماوەی یەک ساڵی  شەڕدا  هەڕەشە درێژمەوداکان بۆ سەر دێموکراسی  و بەهاکانی لیبڕالیی  لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا هەر بەرەو خەراپترڕۆییشتوون! 

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە!سەرچاوەی ئەو نووسینە:

.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn

 

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا