نووسینی / زیرەک کەمال

هەرچی شتێک کە ناسکە لەگەڵ مندا بیکات، ئەوەی پێم بڵێت لای من کێشە نیە، بەڵکو بەهەموو شێوەیەک من هەر خۆشم دەوێت، چونکە لە قوڵایی نیگاکانی ناسکە خۆشەویستی بە مانای وشە دەبینم و ڕوخساریشی لای من ئاسمانێکی هەمیشە شین و ساماڵە و خۆریش بەسەر تەوێڵیەوە بە جوانترین شێوە دەدرەوشێتەوە.

 ڕۆژێک لە ماڵەوە خەریکی خوێندنەوەبووم، ناسکە بە ئەسپایی هاتە تەنیشتم.جا ئەگەر ئیشی پێم هەبێت شێوەیەکی جوان و هێندە هێمنی هەیە، هەر دەڵێی بەفری تازەباریوە،  بە زمانێکی شیرین گوتی: پیاوەکە سەرت ڕەنگی ماشوبرنجی تێپەڕاندووە و هێندە سپی بووە دەڵێی قەندیلە و بەفر دایپۆشیوە. بەژنت جاران هێندە ڕێک و ڕەوان بوو دەتگوت ئەسپینداری  بەژن بڵندبوو، کەچی ئێستا پشتت دەڵێی داربەڕوە پشت چەماوەکەی بەرماڵانە.قەدت دەڵێی گۆچانی دەستی شوانە.

 جاران هەردوو برۆت دەتگوت ماری ڕەشن و لەژێر خۆرەتاوی بەهارێکی جوان و تەڕوسەوزدا ڕاکشاون، کەچی ئێستا وەکو بەفر سپی دەنوێنن، بۆیە پێم باشە ڕووەو قیبلە تۆبەیەکی نسوح بکەی و ناوی خوای لێ بێنیت وسێ ودووی لێنەکەی و یەکسەر بچیە عەمڕە. منیش گوتم ناسکە خۆت دەزانی سەفەرێکی لەم شێوەیە تەدارەک و پارەوپوولی زۆری دەوێت،

 ئێ خۆشت دەزانی قەیران بەربینگی هەموومانی گرتووە و ئەسپێ لە باخەڵم سەوزەڵێ خانم دەڵێت، کەچی ناسکە پێداگیری کردوو پێی گوتم ئیللاوبیللا یان دەبێ بچیە عەمڕە یان پێچکەم لەم ماڵە نامێنێت و دەچمەوە ماڵی باوکم خۆ لەوێ پاروێک نان هەیە بیخۆم.

پێم گوت: ناسکە بۆ خاتری خوا بەو تەمەنە و بەو سەرەسپیەوەزیزبوون و تۆرانیان نەگوتووە، تکایە پێم بڵێ بۆچی بئ هەدان و ئاوا پەیگیرانە داوا دەکەی من بچمە عەمڕە؟ 

ڕۆژێک ناسکە ڕاشکاوانە پێی گوتم: پیاوەکە بۆیە پێم خۆشە ئەو سەفەرەی بکەی چونکە ئەو ڕۆژە قومریە چاو بەلەبۆقی دراوسێمان لە فەیسبووک نووسیبووی حاجی قادری مێردم  دوو حەج و سێ عەمڕەی کردووە، بە کوێرایی چاوی ئەوانەی مێردەکەیان یەک عەمڕەشی نەکردووە،

 منیش دڵنیا بووم  قومری لەگەڵ منیەتی، بۆیە لە ڕقی قومری هەردەبی بچی!کەچی ئەوەی سەیربوو دوای 

ماوەیەک ناسکەبێدەنگی لەم بابەتە کرد. بەڵێ خوێنەری ئازیز ئەو عەمڕەیەی ناسکە خەریک بوو لەسەری ماڵم کاول بکات لە ئاستیا قڕوقەپ وبێدەنگەی لێکرد ، 

نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ڕۆژێک پێی گوتم:پیاوەکە هەموو شوێنێک ماڵی خوایە، خۆئەگەر نەشچیە عەمڕە لای من ئاساییە.منیش  ویستم لە نهێنی ساردبوونەوەی ناسکە لەو مەوزوعە تێ بگەم، دواتر زانیم تومەز حاجی قادری مێردی قومری، دوای گەڕانەوە لە سەفەری عەمڕە بەدزی ژنی دووەمی هێنابوو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا