
م. نەسرین
ئامادەیی ئافرەت لە گۆڕەپانی کاردا، تەنها گۆڕانکارییەکی ئاسایی لە هێزی کاردا نییە، بەڵکو گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی هۆشیاریی کۆمەڵگە و نەخشەی ئابووریدا. ئافرەتانی ئیشکەر نوێنەرایەتی جۆرێکی نوێی تێکۆشان دەکەن کە تێیدا چەمکی "سەربەخۆیی" لە دروشمێکی ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ واقیعێکی بەرجەستە. ئەم ئامادەییە، ڕەنگدانەوەی ئەو بڕوایەیە کە مرۆڤ بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، خاوەن وزە و داهێنانە و مافی ئەوەی هەیە لە ڕێگەی کارەوە ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت. کاتێک ئافرەت دەچێتە ناو کایە جیاوازەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ئەندازیاری و بەڕێوەبردن، نەک هەر تەنها داهاتی خێزان و نیشتمان زیاد دەکات، بەڵکو بە دیدگایەکی وردبین و پشوو درێژەوە، ڕەهەندی مرۆیی بە دامەزراوەکان دەبەخشێت کە زۆرجار لە ژینگە وشک و بێتامە کارگێڕییەکاندا ون دەبن.
لەلایەکی تریشەوە، کارکردنی ئافرەت لە ناو واقیعی ڕۆژهەڵاتیدا، کە ئێمەش بەشێکین لەو ناوچەیە گەشتێکی پڕ لە ئاستەنگ و ململانێیە. چونکە ئەو دەبێت لەسەر دوو هێڵی تەریب ڕێ بکات: هێڵی داهێنان و پابەندیی پیشەیی لە دەرەوە، و هێڵی پاراستنی شیرازەی خێزان و پەروەردەکردنی نەوەکان لە ناوەوە. ئەم "بەرپرسیارێتییە دوولایەنەیە" هەرچەندە بارێکی قورسی دەروونی و جەستەییە، بەڵام هاوکات گەواهیدەری توانای بێپایانی ئافرەتە لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیاندا. سەرکەوتنی ئافرەت لەم هاوسەنگییەدا، تەنها دەستکەوتێکی کەسی نییە بۆ خودی خۆی، بەڵکو شکاندنی ئەو قاڵبە تەقلیدییانەیە کە ساڵانێکی زۆر بوونی ئافرەتیان تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا کورت دەکردەوە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی یاسای پێشکەوتوو و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار، ڕێز لەم هەوڵە گرنگە بگرن و کارکردنی ئافرەت وەک مافێکی سروشتی و پێویستییەکی نەتەوەیی ببینن. کۆتاییهاتنی ئەم ڕێگەیەش، بونیادنانی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا "کارکردن" دەبێتە پێوەری مرۆڤبوون و لێهاتوویی، نەک جیاوازی ڕەگەز و جێندەر.