
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا بازاڕەکانی جیهان بەدەست ناجێگیرییەوە دەناڵێنن، هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سەختی گرانی و قەیرانی دارایی بوونەتەوە کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بژێوی ڕۆژانەیان دەکات.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، وەک بزوێنەری سەرەکی، نرخی خۆراک و کاڵا سەرەکییەکانی لە بازاڕەکاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردۆتەوە، لە بەرامبەردا، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئابوورییەکی وەک عێراق کە پشت بە تاک سەرچاوەیی دەبەستێت، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە لەوەی حکومەت نەتوانێت پابەندبوونە داراییەکانی جێبەجێ بکات.
تەنها نرخی دراو نییە کە بازاڕی شێواندووە، بەڵکو زیادبوونی ڕێژەی باج و گومرگ لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان، وایکردووە بازرگانان ئەو تێچووە زیادەیە بخەنە سەر شان و گیرفانی هاوڵاتی، ئەمەش وایکردووە نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە توانای کڕینی خێزانە کەمدەرامەتەکان تێپەڕێت.
لە سەرووی هەموو ئەم قەیرانانەوە، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بووەتە گورزی کوشندە، نەبوونی پارەی کاش لە دەستی هاوڵاتیاندا، جوڵەی بازاڕی بە تەواوی پەکخستووە.
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردسان و عێراق ئێستا لە دۆخێکدان کە داهاتـیان سفر یان دواکەوتووە، بەڵام خەرجییان بەهۆی دۆلار و باجەوە دوو هێندە بووە.
چاودێران هۆشداری دەدەن ئەگەر حکومەت پلانی خێرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و دابینکردنی مووچە دانەنێت، مەترسی فراوانبوونی هەژاری و تەقینەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لێ دەکەوێتەوە.