حزبی شیوعیی كوردستان: ١٤ی شوبات ڕۆژی نوێكردنەوەی پەیمانی تێكۆشانی چینایەتی و نیشتمانییە

حزبی شیوعی: بە بەرنامە كار بۆ سەپاندنی ژیانی  "كۆیلایەتیی مۆدێرن" دەكرێت 

حزبی شیوعی لە یادی ڕۆژی شەهیدان: عەقڵییەتی "زۆنچییەتی" پەرلەمان و دامەزراوەكانی ئیفلیج كردووە

حزبی شیوعی لە یادی ڕۆژی شەهیدان: بانگەوازی هێزە چەپ و دیموكراتخوازەكان دەكەین بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نیشتمانی.

حزبی شیوعی لە یادی ڕۆژی شەهیدان: كارنامەی دەسەڵات بۆتە هۆی  سڕینەوەی چینی ناوەڕاست . 

لە یادی ڕۆژی شەهیدی شیوعی، حزبی شیوعیی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا ڕەخنە لە  سیاسەتی هێزە حوكمڕانەكانی كوردستان  دەگرێت  و ڕایدەگەیەنێت: "دەسەڵات خەریكی سەپاندنی جۆرێكە لە كۆیلایەتیی مۆدێرنە". دواكەوتنی مووچە، بێكاری، پەراوێزخستن و بڵاوبوونەوەی ڕێژەیەكی ترسناكی ماددەی هۆشبەر، ئیفلیجكردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی وەك ئاماژە بۆ "قەیرانی بونیادیی سیستەمی حوكمڕانی" دەناسێنێت. بانگەوازی هێزە چەپ و دیموكراتخوازەكانیش دەكات بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نیشتمانی.

یادكردنەوەو ڕێزگرتن لە شەهیدان

مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، ئەمڕۆ 14/2/2026،  لە  بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە "لە ١٤ی شوباتی هەموو ساڵێكدا، شیوعییەكانی كوردستان و عێراق بە ڕێزەوە لە بەردەم شكۆ و گەورەیی كاروانی شەهیداندا دەوەستێت، كە  بە بۆنەی ٧٧ەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی سێ ڕابەری شیوعیی (فەهد، حازم و سارم) لەلایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە، ئەو ڕۆژە وەك "ڕۆژی نوێكردنەوەی پەیمانی تێكۆشانی چینایەتی و نیشتمانی" دەستنیشان كراوە.

حزبی شیوعی جەختی لەوە دەكاتەوە كە "ئەم ڕۆژە تەنیا یادكردنەوەی مێژوویەك نییە، بەڵكو هێمایە بۆ تێكەڵبوونی خوێنی ئاڵی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان و عێراق، لە كورد و عەرەب و كلد و ئاشور و سریان و توركمان و پێكهاتەكانی دیكە لەریزەكانی حزبی شیوعیدا، كە لەسەر چیا و خاكی پیرۆزی كوردستان، لەپێناو (نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار)دا تێكەڵ بەیەكدی بوو، ئەمەش وانەیەكە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە خەباتی نیشتمانی و خەباتی چینایەتی لێكدانەبڕاون و تەواوكەری یەكترن.

لە بەیاننامەكە بە توندی ڕەخنە لە دۆخی ئێستای كوردستان و عێراق دەگرێت و دەڵێن "ئەو دۆخە دژوارەی ئەمڕۆ گەلەكەمان تێیدا دەژی، قەدەرێكی ئاسمانی نییە، بەڵكو دەرئەنجامی سیاسەتی شكستخواردووی هێزە حوكمڕانەكان و پەیڕەوكردنی كوێرانەی بەرنامەی نیۆلیبراڵیزمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە."

هەروەها ئاماژەی بەوە دەكەن كە "ئەم سیاسەتە كۆمەڵگەی دابەشی دوو جەمسەری دژ بەیەك كردووە: كەمینەیەكی دەوڵەمەند كە لەسەر قووتی خەڵكی زەحمەتكێش دەژین، و زۆرینەیەكی هەژار كە لە جەنگی دەستەویخەی ژیانێكی كولەمەرگیدان."

لە بەیاننامەكە "دواكەوتنی مووچە، بێكاری، پەراوێزخستن، بڵاوبوونەوەی ڕێژەیەكی ترسناكی ماددەی هۆشبەر، ئیفلیجكردنی دامەزراوە شەرعییەكان (بە پەرلەمانیشەوە)"ی وەك ئاماژە بۆ "قەیرانی بونیادیی سیستەمی حوكمڕانی" دەناسێنێت.

نەخشەڕێگا

حزبی شیوعیی كوردستان، لە بەیاننامەكەدا خۆی وەك "هێزێكی چەپی ئۆپۆزیسیۆن و هەڵگری پرۆژەی جێگرەوە" دادەنێت و چوار خاڵی سەرەكی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان دەخاتە ڕوو.

یەكەم - كۆتاییهێنان بە قەیرانی دامەزراوەكان: دەبێت دەستبەجێ ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت و پەرلەمان و دامەزراوەكان لە ململانێی تەسك و بەرژەوەندیی حزبی و عەقڵییەتی 'زۆنچییەتی' دووربخرێنەوە.

دووەم - پاراستنی ژیانی خەڵك: نابێت قووت و ژیانی خەڵك بكرێتە كارتێكی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا. دابینكردنی مووچە، بیمەی بێكاری و خزمەتگوزارییەكان مافێكی دەستوورییە و دەبێت لە ململانێكان جیا بكرێتەوە.

سێیەم - ئازادییە گشتییەكان: بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین، و وەستانەوە بەڕووی ئەو عەقڵییەتە كۆنەپارێزەی كە دەیەوێت ڕۆڵی ژنان پەراوێز بخات؛ چونكە ئازادیی ژنان پێوەری سەرەكیی ئازادیی كۆمەڵگەیە.

چوارەم - دیالۆگی نیشتمانی: داوای دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر دەكەین بۆ گۆڕانكاریی و چاكسازی لە سیستەمی حوكمڕانی و دابەشكردنەوەی دادپەروەرانەی سامانی وڵات و گەڵالە كردنی دیدێكی كوردستانی نیشتمانی لە هەمبەر بەغدا.

بانگەوازی یەكڕیزی و ئاشتبوونەوە

بەیاننامەكە بانگەوازی هێزە چەپ و دیموكراتخوازەكان دەكات و ڕایدەگەیەنێت: لەپێناو بەهێزكردنی بەرەی چەپ و پێشكەوتنخوازی و مەدەنیەت، داوا لە سەرجەم هێزە چەپ و ئازادیخواز و دیموكراتخوازەكان دەكەین هەوڵەكانیان لە بەرەیەكی نیشتمانیدا یەكبخەن.

لە بەشێكی دیكەدا، حزبی شیوعی دەرگای خۆی بۆ گەڕانەوەی هاوڕێیانی كردەوە و جەخت دەكاتەوە:  دەرگای حزب واڵایە بۆ ئاشتكردنەوە و گەڕانەوەی ئەو هاوڕێیانەی بە هەر هۆكارێك لە كاری ڕێكخستن دووركەوتوونەتەوە؛ ئێمە بە ڕاشكاوی دەڵێین: بەبێ ڕێكخستنێكی پۆڵایین و بەبێ گەڕانەوە بۆ گیانی هاوڕێیەتی، پرۆژەی چەپی نیشتمانی سەركەوتوو نابێت."

دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی كوردستان لە یادی 14ی شوبات
١٤ی شوبات؛ ڕۆژی نوێكردنەوەی پەیمانی تێكۆشانی چینایەتی و نیشتمانییە

لە «١٤ی شوبات»ی هەموو ساڵێكدا،  شیوعییەكانی كوردستان و عێراق  بە ڕێزەوە لە بەردەم شكۆ و گەورەیی كاروانی شەهیداندا دەوەستێت. ئەمڕۆ ٧٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر لەسێدارەدانی هاوڕێیان (فەهد، حازم و سارم) لەلایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە. 
شیوعییەكان، رۆژی ۱٤ی شوبات وەك سیمبولی یادكردنەوە و ڕێزلێنان لەو هاورێیانە و هەموو شەهیدانی حزب دەكەنەوە كە لەیەككاتدا خوێنی ئاڵی  هەزاران لە كورد و عارەب و كلدان ئاشور سریان و توركمان و پێكهاتەكانی دیكە لەریزەكانی حزبی شیوعیدا، لەسەر چیا و خاكی پیرۆزی كوردستان، تێكەڵ بەیەكدی بوو.
ئەم ڕۆژە لای ئێمە تەنیا یادكردنەوەی مێژوویەك نییە، بەڵكو هێمایە بۆ تێكەڵبوونی خوێنی ئاڵی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و كوردستان لەپێناو "نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار"دا؛ وانەیەكە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە خەباتی نیشتمانی و خەباتی چینایەتی لێكدانەبڕاون و تەواوكەری یەكترن.

 

∎ واقیعی سیاسی و قەیرانی حوكمڕانی
ئەو دۆخە دژوارەی ئەمڕۆ گەلەكەمان تێیدا دەژی، قەدەرێكی ئاسمانی نییە، بەڵكو دەرئەنجامی سیاسەتی شكستخواردووی هێزە حوكمڕانەكان و پەیڕەوكردنی كوێرانەی بەرنامەی نیۆلیبراڵیزمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە. ئەم سیاسەتە كۆمەڵگەی دابەشی دوو جەمسەری دژ بەیەك كردووە: كەمینەیەكی دەوڵەمەند كە لەسەر قوتی خەڵكی زەحمەتكێش دەژین، و زۆرینەیەكی هەژار كە لە جەنگی دەستەویخەی ژیانێكی كولەمەرگیدان.
دواكەوتنی مووچە، بێكاریی و پەراوێزخستن و بڵاوبوونەوەی ڕێژەیەكی ترسناكی ماددەی هۆشبەر و ئیفلیجكردنی دامەزراوە شەرعییەكان (بە پەرلەمانیشەوە)، ئاماژەن بۆ  قەیرانی بونیادیی سیستەمی حوكمڕانی. دەسەڵات بە بەرنامەی نیوڵیبرالیزم، خەریكی سڕینەوەی چینی ناوەڕاست و سەپاندنی جۆرێكە لە "كۆیلایەتیی مۆدێرن".

∎ هەڵوێست و نەخشەڕێگا
حزبی شیوعیی كوردستان، وەك هێزێكی چەپی ئۆپۆزیسیۆن و هەڵگری پڕۆژەی جێگرەوە، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، جەخت لەم خاڵانە دەكاتەوە:
١ـ كۆتاییهێنان بە قەیرانی دامەزراوەكان: دەبێت دەستبەجێ ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت و پەرلەمان و دامەزراوەكان لە ململانێی تەسك و بەرژەوەندیی حزبی و عەقڵییەتی "زۆنچییەتی" دووربخرێنەوە . 
٢ـ پاراستنی ژیانی خەڵك: نابێت قوت و ژیانی خەڵك بكرێتە كارتێكی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا. دابینكردنی مووچە، بیمەی بێكاری و خزمەتگوزارییەكان مافێكی دەستوورییە و دەبێت لە ململانێكان جیا بكرێتەوە. 
٣ـ ئازادییە گشتییەكان: بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەها وەستانەوە بەڕووی ئەو عەقڵییەتە كۆنەپارێزەی كە دەیەوێت ڕۆڵی ژنان پەراوێز بخات؛ ئازادیی ژنان پێوەری سەرەكیی ئازادیی كۆمەڵگەیە.
٤ـ دیالۆگی نیشتمانی:داوای دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر دەكەین بۆ گۆڕانكاریی و چاكسازی  لە سیستەمی حوكمڕانی و دابەشكردنەوەی دادپەروەرانەی سامانی وڵات و گەڵالە كردنی دیدێكی كوردستانی نیشتمانی لە هەمبەر بەغدا . 


∎ بانگەواز بۆ یەكڕیزی و تێكۆشان
لەپێناو بەهێزكردنی بەرەی چەپ و پێشكەوتنخوازی و مەدەنیەت، داوا لە سەرجەم هێزە ئازادیخواز و دیموكراتخوازەكان دەكەین هەوڵەكانیان لە بەرەیەكی نیشتمانیدا یەكبخەن.
هاوكات، دەرگای حزب واڵایە بۆ ئاشتكردنەوە و گەڕانەوەی ئەو هاوڕێیانەی بە هەر هۆكارێك لە كاری ڕێكخستن دووركەوتوونەتەوە؛ ئێمە بە ڕاشكاوی دەڵێین: بەبێ ڕێكخستنێكی پۆڵایین و بەبێ گەڕانەوە بۆ گیانی هاوڕێیەتی، پڕۆژەی چەپی نیشتمانی سەركەوتوو نابێت.


بەسەربەرزییەوە لەبەردەم  قامەت و شكۆی بەرزی شەهیدانی شیوعی، شەهیدانی ڕێگای ئازادی و یەكسانیی عێراق و كوردستان، و شەهیدانی بەرگری لە ڕۆژاوای كوردستان دەوەستین. لەم یادەدا ڕایدەگەیەنین: ئێمە لەسەر ڕێبازی ئەوان، لە كاروانی خەباتی چینایەتی و نیشتمانیدا بەردەوام دەبین و شكۆی خەباتی ئەوان بە ئەمانەتەوە دەپارێزین.

| نەمری بۆ شەهیدان و گیانبەختكردووان
| سەربەرزی بۆ خانەوادەی شەهیدان..
| هەر بژی گەل و نیشتمان.

مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان
13 شوباتی 2026

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا