
ڕێکخەری گشتی هەڵبژێردرا
باڵی زەرگەتە هەڕەشەی یاسایی دەکەن
لە کۆنفرانسی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دانا ئەحمەد مەجید، بە ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردراو ئاراستەی گردی زەرگەتەش دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە دانا ئەحمەد مەجید نادەین لە سەر کورسیەکەی نەوشیروان مستەفا دابنشێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە ١٦/٢/٢٠٢٦، لە شاری کەرکوک، کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو کە تێیدا ٢١٣٢ کەس مافی بەشدارییکردنیان هەبوو، بەڵام جگە لەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی مافی بەشداریکردنیان هەبوو ئامادە نەبوون، هاوکات هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە، گرژی کەوتە نێوان هەردوو ئاراستەی کوردسات و ئاراستەی گردی زەرگەتە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، خاڵی سەرەکی تەقینەوەی ناکۆکییەکان شێوازی دەنگدان بووە لەسەر دەستووری ناوخۆی حزبەکە. لەکاتێکدا ئاراستەی گردی زەرگەتە، داوایان دەکرد دەنگدان بەشێوەی نهێنی بێت، ئاراستەی کوردسات، جەختیان لەوە دەکردەوە کە دەنگدان بە ئاشکرا ئەنجام بدرێت.
بابەتەکە خرایە دەنگدانەوە و لەکۆی ٧٨١ دەنگدەر، ٤٩١ ئەندام دەنگیان بۆ ئەوە دا کە دەنگدانەکە بە ئاشکرا بێت. یەکلابوونەوەی ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندیی ئاراستەی کوردسات، بووە هۆی ئەوەی ئاراستەی زەرگەتە وەک ناڕەزایەتی هۆڵی کۆنفرانسەکە بەجێبهێڵن.
كارزان گەردی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەك بەرەی دەستور بایكۆتی كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد، چونکە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لایەنداری کرد لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان.
لە بەردەوامی کارەکانی کۆنفرانس ، دانا ئەحمەد مەجید بەڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا.
هەروەها ٥٥ ئەندام بۆ جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردران.
دوای درێژەدان بە کارەکانی کۆنفرانس و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی ، عەبدولڕەحمان ئەبوبەکر، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاراستەی زەرگەتە ڕایگەیاند، ئەوان بێدەنگ نابن و پەنا بۆ دادگا دەبەن.
ووتییشی، قسەکانم قسەی هەموو گۆڕانخوازانە، هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر حاکم عومەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆنفرانسەکە دەگرینەبەر و کەیسەکە دەبەینە پەرلەمانی عێراق، چونکە ناوبراو لایەنگیری کردووە.
لەبارەی دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتی، ئەو هەڵسوڕاوە هەڵوێستی توندی باڵەکەیانی ئاشکرا کرد و ووتی، هەرگیز رێگەنادەین دانا ئەحمەد مەجید بچێتە سەر کورسییەکەی نەوشیروان مستەفا، چونکە ناوبراو دۆسیەی یاسایی لەسەرە و بە لێبوردنی حزبی هێنراوەتەوە.
هاوکات لای خۆیەوە کۆمیسیۆنی باڵا، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاراستەی کراو جەختی لە سەر کردەوە کە ئەوان بێلایەنانە، سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کردووە و ڕێکارەکان بەپێی دەنگی زۆرینە بەڕێوەچووە.