
بۆ یەکەمجار ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ، قسە لە سەر پۆستەکەی دەکات و دەڵێت، حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە هاوپەیمانی سێ لایەنی سیاسی پێکهێنراوەو ئەو سێ لایەنەش هەر بڕیارێک بدەن لە بەرژەوەندی کەرکوک دەبێت.
ڕێبوار تەها لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی خۆ جێی کەرکوک، بە هاوپەیمانی هەرسێ لایەنی یەکێتی و تەقەدوم و بابلیۆن پێکهێنراو پۆستەکان بەڕێکەوتن دابەشکراون، هەر بڕیارێکیش لە بارەی ئاڵوگۆڕ یان نوێ کردنەوە یان گۆڕین ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سێ لایەنە سەرەکیەی پێکهێنەری حکومەتی خۆجێی کەرکوک، هەر بڕیارێکیش بدەن کە لە بەرژەوەندی کەرکوک بێت پابەندی دەبم.
پارێزگاری کەرکوک ووتیشی، دڵنیام ئەو لایەنانە بڕیار لە بەرژەوەندی ئەو سەقامگیریە کۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئاوەدانیە دەدەن کە ئێستا کەرکوک بەخۆوەی دەبینێت.
هەروەها ڕێبوار تەها ئاماژەی پێکرد، کە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو نوێنەرانی کەرکوک لە بەغدا ، بەڕێگاو میکانیزمێکی گونجاو بناغەی ئاوەدانکردنەوەی کەرکوکمان دامەزراندو بە پرۆژەی ستراتیژی، وێنەیەکی جوانی کەرکوکمان پیشانی ڕای گشتی عێراقی و ناوچەکە پیشاندا، بەجۆرێک هەر کەسێک سەردانی کەرکوک دەکات ، گۆڕانکاریەکان لە شارەکەدا دەبینێت.
ووتیشی سەرەڕای ئەوەی بوودجەی 2025ی پارێزگای کەرکوک، سفربووە بەڵام توانیویانە لە ڕێگەی بڕێکی کەمی پارەی پترۆ دۆلار لە ئیدارەدانی شارەکە سەرکەوتووبن.