
مەلا ئیدریس ژاڵەیی
سروشتی شەڕخوازی، وەک هەر کائینێکی دیکەی ئەم سەرزەوییە، بەشێکی لە مرۆڤەکاندایە؛ بۆیە پێغەمبەری ئیسلام (درودی خودای لەسەر بێت) دەفەرموێت: «هەر خوێنێک لەسەر زەوی بە ناهەق بڕژێت، بەشێک لە تاوانەکەی لە ئەستۆی ئەودایە».
کاتێک کە ئەم هەستە شەڕخوازییە لە ناخی مرۆڤەکاندا پەرەدەسەنێت، ئیدی کۆمەڵێک بیانوو بۆ کارە چەپەڵەکەی دەدۆزێتەوە و قەناعەت بەخۆی دەکات کە کارەکەی ڕەوایە. شەڕ و کوشتار و سزا جۆراوجۆرەکان بەدرێژایی مێژوو هاتوون؛ هەتا سەدەکانی ناوەڕاست و جەنگەکانی مێژووی ئیسلام لەنێوان مەزهەب و ڕێچکە جیاوازەکاندا، کە هەر لایەک خۆی بە هەق دەزانی و نەیارانی بە ناهەق. هەروەها شەڕی ئاین و زانست، سووتاندن و ملپەڕاندن بە ناوی خودا، جەنگەکانی پاوانخوازیی جیهانی، تا دەگاتە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئێران و ئەمریکا. ئەگەر باس لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش بکەین، هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەستی شەڕخوازی تێدا پەرەی سەندووە، و بەداخەوە شەڕە ناوخۆییەکانی باشووریش هەمیشە هۆکاری ماڵوێرانی، کاولکاری، خوێنڕشتن و لەباربردنی هیوا و ئاوات و ئومێدەکانی گەلی کورد بوون.
لەم نوسینەدا باس لە مەترسیی ئاگرێکی دیکەی ناوچەکە و بەتایبەتیتر کوردستان دەکەم؛ ئەو مەترسییەی کە هەوێنی یەکترقەبووڵنەکردن، تەنها خۆ بە هەق زانین و بەرامبەر بە شەیتان زانین، و ڕەوایەتیدانە بە هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییەک بە بیانووی ئەوەی کە یەکێکیان هەڵگری ئیسلام و ناوی ئیسلامییە و ئەوی دیکەیان ملحید، کۆمۆنیست و بێئیمانە و ناوی عەلمانییە.
ناوزەد کردن و بەکارهێنانی چەمکی حیزبی عەلمانی، سۆشیالیست، ڕاست، چەپ و ئیسلامی، هەروەها گرووپە ئیسلامییەکان و مەزهەبە جیاوازەکان و دابەشکردنی حیزب و کۆمەڵگە بە مەبەستی جووڵاندنی هەست و سۆزی ئاینی و بەدەستهێنانی لایەنگری، هەوڵێکی پۆپۆلیستیی و بەکارهێنانی ئاینە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خود یان حیزب و گرووپێک، و هۆکاری دروستکردنی ڕق و کینە و شەڕی ئاینییە. ئەمە بنەمای فیکریی هەموو گرووپە توندوتیژ و تیرۆریستییەکان و خوێنڕشتن و تەقینەوەکانە.
دەبوایە دەسەڵاتی تەشریعی (یاسادانان) ئیعتیباری بۆ بکردایە و سزا و غەرامە دابنرایە بۆ ئەو کەسانەی هەستی ئاینی بۆ بەرژەوەندیی حیزب و تاقمێک دەجووڵێنن، بە مەبەستی بنبڕکردنی ئەو بانگەشانە، بۆ ئەوەی هیچ تاکێک، حیزبێک یان گرووپێک جورئەتی ئەو بانگەشەیە نەکات، چ لە کاتی ئاسایی و چ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
بێگومان خەباتی کورد لە پێناوی ڕزگاریی نیشتمان لە ژێر ستەمی داگیرکەران و گەیشتنی گەلی کورد بە مافە ڕەواکانی -وەک هەموو نەتەوەیەکی خاوەن خاک و زمان و کلتوور کە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت- خەباتێکی ڕەوا و مرۆڤانەیە و بنەما و پشتگیریی ئاینیشی هەیە. هەموو ڕێنماییە ئاینییەکان، و بەتایبەتی دەقە پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام، پشتیوانیی دەکەن. بۆیە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لە هەموو سەردەمەکاندا بە هەموو شێواز و ڕێچکە و ڕێبازێکەوە خەباتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد. ڕەنگە دروشمی ناسیۆناڵیزم، سۆشیالیزم یان لیبڕالیزمیان بەکار هێنابێت، بەڵام شۆڕشەکان هەمیشە مرۆڤانە بوون و ئاینیش پشتیوانی بووە بەو مانایەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا. ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە ئەوەیە کە لە سەردەمی نوێدا، سەرکردە و زۆربەی هەرەزۆری شۆڕشگێڕانی کورد مەلا، شێخ، حاجی و پابەند بە ئەرکە ئاینییەکان بوون. بۆیە گرنگە ئەو بانگەشە چەواشەکارییانە بنبڕ بکرێن کە دەبنە هۆی کافرکردن و بەدوای ئەوەشدا جێبەجێکردنی حوکمەکان دەربارەی کافر، کە کوشتن، سەبایاکردن و حەڵاڵکردنی سەروماڵ و کەرامەتی مرۆڤەکانە.
دەکرێت لە هەموو کاتە ئاساییەکان و لە کاتی هەڵبژاردنیشدا ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات هەبێت و کێبڕکێ لەسەر گەیشتن بە کورسیی حوکم لەسەر بابەتەکانی خزمەتگوزاری، یەکسانی، دژایەتیی گەندەڵی، کەمتەرخەمی، بەهەدەردانی ماڵی گشتی، خراپ بەڕێوەبردنی وڵات، حوکمڕانیی خراپ، بنەماڵەگەری و حوکمی بۆماوەیی بێت. دەکرێت حیزبە حاکمەکان لەسەر کورسیی دەسەڵات بهێنرێنە خوارەوە و حکوومەتێکی شەفاف، لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، دابینکردنی مافەکان، و کێبڕکێ لە کوردپەروەری و حکوومەتی ڕەشیددا پێک بهێنرێت. بێگومان هەموو بانگەشەیەک بەم ناونیشانانەوە دروست و ڕەوایە، بەڵام هیچ کاتێک دروشمە ئاینییەکان و بەکارهێنانی حوکمی کوفر و ئیسلام نە وڵات بەرەو پێشەوە دەبات و نە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی تێدایە؛ بەپێچەوانەوە، نیشتمانمان دەخاتە ناو گێژاوی سەرلێشێواوی، ڕق و کینە، قێزکردنەوە، کوشتار و تیرۆرەوە. چونکە هیچ کاتێک ئەو بانگەشانە بنەمای حوکمی هاووڵاتیبوون نیین، و ئەگەر وادابنێین تاقمێک لەوانەش بگەنە حوکم، ئەوا لەو کاتەدا لەلایەن تاقمێکی تری توندڕەوەوە، بە بێانووی پابەندنەبوون بە ڕێنماییە ئاینییەکانەوە، ئەوانیش تەکفیر دەکرێن و هەر کوشتار و نائارامی سەرەنجامی دەبێت.
