
دەنگ تەنها لەرەلەرێکی فیزیکی یان ئامرازێک بۆ گەیاندنی وشەکان نییە؛ بەڵکو ئاوێنەی ناخە، هێمای هەستەکان و ڕووحی دووەمی مرۆڤە. لە جیهانی فراوانی کاری دەنگبێژیدا — جا خوێندنەوەی ئەدەبی، ڕیکلام، بەڵگەفیلم، پێشکەشکاری، یان هەر ڕۆڵگێڕانێکی دەنگی بێت — خولقاندنی "کەسایەتییەکی دەنگی" ژیانبەخشینە بە دەقێکی بێدەنگ. دەنگی جێبەجێکار کاتێک دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر کە بتوانێت سنووری کاغەز یان شاشە ببڕێت و ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ناخی وەرگرەوە.
ئەم پرۆسەیە هەروا لەخۆڕا و بە تەنها بەهرەیەکی سروشتی نایەتە دی، بەڵکو ئەنجامی زنجیرەیەک هەنگاوی زانستی، مەشقی جەستەیی و دەروونی، و پاراستنی ژینگەی دەنگە. لەم بابەتەدا، تیشک دەخەینە سەر گرنگترین بنەما و هەنگاوە دروستەکان بۆ ڕاهێنان، بەهێزکردنی متمانە، و دروستکردنی کەسایەتییەکی دەنگیی ڕەسەن لە کاری دەنگبێژیدا کە بشێت لە ئاست چاوەڕوانیی دنیای پیشەگەریدا بێت.
بنەما سەرەکییەکانی دروستکردنی کەسایەتیی دەنگی
دروستکردنی کەسایەتییەکی دەنگیی سەرکەوتوو لە جیهانی دۆبلاژ و ئاخاوتندا، تەنها بەستراوە نەبووە بە بەهرەی سروشتی، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە لە ئامادەکاری، پاراستنی ژینگەی دەنگ، و دروستکردنی باوەڕبەخۆبوون. بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ڕەسەن و بەپێز، ئەم هەنگاوە سەرەکییانە بڕبڕەی پشتی کارەکەن:
١. ئامادەکارییەکانی پێش دەستپێکردن
پێش وەستان لەبەردەم مایکدا، یان مۆبایلێک کە کارەکانتی پێ بەڕێ دەکەیت، پێویستە دەنگبێژ تێگەیشتنێکی دەروونناسیی قووڵی بۆ دەق و کەسایەتییەکە هەبێت. ئەمەش بە شیکردنەوەی تەمەن، بارودۆخی دەروونی، و ژینگەی کۆمەڵایەتیی کەسایەتییەکە دەست پێ دەکات. لەلایەکی ترەوە، ئامادەکردنی جەستەیی وەک ئەنجامدانی مەشقی هەناسەدان و نەرمکردنی ماسولکەکانی دەم و قوڕگ، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دەنگ بە بێڕێگری و ئاسانی دەربچێت.
٢. خواردن و خواردنەوە سودبەخشەکان بۆ قوڕگ
پاراستنی ژێیەکان و پەردەی دەنگ بەشێکە لە پیشەگەریی دەنگبێژ. بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن بەبەردەوامی و خواردنەوەی گیراوە سروشتییەکانی وەک گوڵەبەیبوون، ئاوی لیمۆی گەرم بە هەنگوین، و گژوگیای ئارامکەرەوە یارمەتی شێدارکردنەوە و پاککردنەوەی قوڕگ دەدەن. هەروەها خواردنەوەی چای گەڵا یان داری بەڵاڵووک (کە لە بازاڕەکاندا بەردەستە) دەبێتە هۆی نەرمکردنی قوڕگ و بەخشینی ئەنجامێکی باشتر بە دەنگبێژ، کە لە ڕووی پزیشکییەوە بۆ ئازارەکانی قوڕگ زۆر بەسوودە.
لە هەمان کاتدا، پێویستە دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی سەهۆڵاو بە هەند وەرگیرێت؛ چونکە قوڕگ ماندوو دەکات و دەنگێکی ڕەق دروست دەکات. خواردنەوەی شیری گەرم ڕەنگە بۆ ئازاری قوڕگ باش بێت، بەڵام پێش تۆمارکردن زیانبەخشە؛ چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەڵغەم (کۆخەڵە) و لێڵیی لە دەنگدا. خواردنی زۆر سوێریش وادەکات بەردەوام هەست بە تینوێتی بکەیت و لیکی ناو دەم زیاد بکات، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەنگی نەخوازراوی "مڵچەمڵچ" لە کاتی تۆمارکردندا. هەروەها خواردنی زۆر توند (تیژ) بە بەردەوامی دەبێتە هۆی تێکدانی ژێیەکانی دەنگ و تۆنی دەنگ لە کەسێکی گەنج و ئاساییەوە بەرەو دەنگێکی بەتەمەن و ماندوو دەگۆڕێت.
٣. متمانەبەخۆبوون
متمانەبەخۆبوون بەردی بناغەی گەیاندنی سۆز و هەستەکانە. کاتێک دەنگبێژ باوەڕی تەواوی بە تواناکانی خۆی و ئەو ڕۆڵە هەبێت کە دەیگێڕێت، دوودڵی لە دەنگیدا نامێنێت. متمانە لە ڕێگەی ناسینی تەواوی دەنگی خۆت و ڕاهێنانی بەردەوام لەسەر گۆڕینی تۆنەکان دروست دەبێت، تا کاتێک کەسایەتییەکە بە سروشتی دروست دەبێت و وەرگر هەست بە ڕاستگۆیی کارەکە دەکات.
٤. هەوڵی بێوچان و بەردەوامی
هونەری دەنگبێژی یارییەکی دوورودرێژە؛ یەکەم تاقیکردنەوە یان ڕاهێنان کۆتایی ڕێگەکە نییە. دروستکردنی کەسایەتییەکی دەنگیی ناوازە پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام، تاقیکردنەوەی دەنگی جیاواز، و پێداچوونەوەی بەردەوام هەیە بۆ هەڵەکان. تەنها ئەو کەسانەی لە مەشقکردن ناوەستن، دەتوانن بە شێوازێکی تایبەت و بێوێنە لە جیهانی دەنگدا بمێننەوە.
٥. جیاوازیی نێوان خوێنەری و دۆبلاژ
کاتێک کەسێک لە کاری خوێنەریدا پەرەی بە دەنگ و شێوازی دەربڕینی وشەکان داوە، ناتوانێت بەبێ مەشقی تایبەت ڕاستەوخۆ هەنگاو بنێتە ناو کاری دۆبلاژەوە و لە یەک کاتدا هەردوو ڕێگاکە ببڕێت؛ مەگەر کەسێک لە ئاستێکی تەواو پیشەگەریدا بێت لە کاری دەنگبێژیدا.
خوێندنەوەی دەقەکان وەک (شیعر یان قەسیدە) شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە؛ زۆربەی وشەکانیان پێویستیان بە دەربڕینێک هەیە کە هەستی تەواوی دەنگبێژ تێکەڵ بە وشەکان ببێت، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا دەبێت دەربڕینت لای گوێگر گومانی تێکەڵبوونی بە گریانی پێوە دیار بێت. ناتوانیت لەم بارە دەروونییەوە ڕاستەوخۆ بچیتە سەر دیالۆگێکی دۆبلاژ و ڕۆڵی کارەکتەرێک بەرجەستە بکەیت بەم هەست و عاتیفەیەوە؛ چونکە دەربڕین و هەستەکانت بۆ ڕێگای یەکەم هەڵبژاردووە کە کاری خوێنەرییە. تەنها کاتێک دەتوانیت ئەم جیاکاری و گواستنەوەیە بکەیت کە یەکێک بیت لەو کەسانەی لە ئاستێکی تەواو پیشەگەریدا کایەی دەنگبێژی دەکەیت.
نووسینی:
ڕێباز قەرەداخی
ڕاهێنەری هونەری دەنگ، دۆبلێر و دەنگبێژ
