د. محەمەد مەخڵوف
شوان ئەحمەد كردوویەتی بە كوردی
(ESQULSSE POUR UNEAUTO- ANALYSE)
نامیلكەیەكی 142 لاپەڕەییە و لە نووسینی سۆسیۆلۆژستی بەناوبانگی فەرەنسی پیێر بۆردیۆیە و دوای مردنی لەلایەن خوێندكاران و هاوڕێكانییەوە بڵاوكراوەتەوە. بۆردیۆ بۆ ئەوانەی نایناسن و ئاشنانین پێی، لە كایەی كۆمەڵناسیدا هیچی لە دۆركهایم یان ماركس یاخود ماكس ڤیبەر كەمتر نییە.
ڕەنگە ئەمە پڕكێشی و زیادەڕۆیشی تێدابێت، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بواری كۆمەڵناسی و زانستە مرۆییەكانن، پێیانوایە بایەخ و گرنگیی بۆردیۆ لە داهاتوودا زیاتر دەردەكەوێت، پاش ئەوەی بەرهەمەكانی دەخوێندرێتەوە و بەچاكی لێی حاڵیدەبن.
لەم نامیلكەیەدا بۆ یەكەمجار بۆردیۆ باس لە ژیانی تایبەتی خۆی دەكات، سەرەتا كەمێك باس لە قۆناغی منداڵی و گەنجێتی دەكات لە ناوچە شاخاوییەكانی (بێرینێ) كە نزیكی ناوچە سنوورییەكانی وڵاتی ئیسپانیایە. دەربارەی ئەو قۆناغە دەڵێت: (لە خێزانێكی جووتیاری نەداردا لە دایكبووم و سەرەتای تەمەنیشم لە گوندێكی بچووكی سەر بە شاری -بوو -، بەسەربرد).
باوكی وەك فەرمانبەرێك لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن كاردەكات، لەو سەردەمانەشدا فەرمانبەر وەك كۆیلەی دەوڵەت وابووە، چونكە دەبوو لە شەشی بەیانییەوە تا نۆ و دەی شەو كاربكەن، كاركردنیش لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ بوو، نەك وەكو ئێستا پێنج رۆژ بێت پاشان باس لە سەردەمی خوێندنی ئامادەیی دەكات لە شاری (بوو)، بەرلەوەی ڕووبكاتە پاریس بۆ درێژەدان بەخوێندنەكەی.
لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا سەردانی جەزائیر دەكات بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵگەی گوندنشینی و خێڵەكی ئەوێ، وەك ئەوەی ئەنسرۆپۆلۆژیستەكان ئەوە دەكەن. شایانی باسە ئەنسرۆپۆلۆژیستەكان دەچن بە شێوەیەكی مەیدانی لێكۆڵینەوە لە سەر میللەتان دەكەن و داتا و زانیاری پێویست كۆدەكەنەوە، پاشان دەكەونە تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنیان، بەرلەوەی بگەنە دەرەنجامی گشتی و حوكمدان. 
ئەمەش ئەو كارەبوو كە كلۆدلێڤی شتراوس كردی، كاتێك چوو بۆ بەرازیل بە مەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەسەر هندییە سوورەكانی ئەوێ. دوای ئەوە گەڕایەوە پاریس و دەستیكرد بە نووسینی كتێبە سەرەكییەكانی وەك: (بازنە غەمگینەكان و ئەنسرۆپۆلۆژیای بونیادگەری و ... هتد). پیێر بۆردیۆ سەربەو نەوەیەیە كە دوای نەوەی (كلۆدلێڤی شتراوس و ژان پۆڵ سارتەر و ڕیمۆن ئارۆن)ەوە دێن، واتە نەوەی مامۆستا گەورە و مەزنەكان.
شایانی باسە دوای گەڕانەوەی لە جەزائیر كتێبێكی گەورەی بەناوی (مانای پراكتیك) نووسی، لەگەڵ كتێبێكی دیکەدا بە ناوی (سۆسیۆلۆژیای جەزائیر). بۆردیۆ لە یەككاتدا ڕەخنە لە دیدوبۆچوونی (شتراوس و ساتەر) دەگرێت و پێیوایە یەكەمیان لە توێژینەوەكانیدا دەربارەی كۆمەڵگە سەرەتاییەكان میتۆدێكی بابەتگەرایی ساردوسڕ پەیڕەو دەكات و دووەمیشیان میتۆدێكی خودگەرایی پەڕگیر بەكاردێنێت. بۆیە ئەو هەوڵدەدات میتۆدێكی ناوەندگیرانە فۆرمەلا بكات، واتە نە بابەتگەرایی وشكوبرنگ بێت و نە خودگەراییەكی پەتی.
چونكە ئەگەر هۆكاری خودی و بابەتی لەبەرچاو نەگرین، ناتوانین پەی بە هەقیقەتی مرۆڤایەتی بەرین و لێی حاڵی ببین. بە بڕوای بۆردیۆ كێشەی شتراوس ئەوەیە كە زیاد لە پێویست ساردوسڕ و خۆپەرست و وشكوبرنگە و وەها لە مرۆڤ دەكۆڵێتەوە وەك ئەوەی تەنی بێگیان یان رووەك یاخود ئاژەڵبن!. لای ئەو نە سۆز نە مرۆگەری بەدیناكەیت و كتومت وەك خۆی چۆنە، میتۆدی زانستی بەسەر كۆمەڵگە و مرۆڤدا پراكتیزە دەكات، بێئەوەی گوێبداتە ئەوەی مرۆڤ هەست و ویژدانی هەیەو تەنها ئامێرێكی بایۆلۆژی یان فیسیۆلۆژی نییە.
شتراوس دەیویست لەڕێی میتۆدی بونیادگەرییەوە، دەستی بەو ڕێسایانە بگات كە جڵەوی سروشت و هەڵسوكەوتی مرۆڤ دەكەن، بێگومان ئەمە بۆ خۆی هەوڵێكی باشە، بەڵام تایبەتمەندیی مرۆڤ فەرامۆش دەكات. لەلایەكی دیكەوە ژان پۆڵ سارتەر كەسێكی بەڕێز و جوامێر و خاوەن هەست و نەستی مرۆڤگەرایانە بوو، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكانیدا لەسەر كۆمەڵگە و مێژوو هۆكارە بابەتییەكانی لەیادكردبوو، هەربۆیە توێژینەوەكانی زیاد لە پێویست خودگەراییانە بوو، هەروەها لە ڕووی پراكتیكیشەوە لاوازبوون.
پاشان بۆردیۆ باس لە كەشوهەوای كولتووری شارێكی وەك پاریس دەكات لە پەنجا و شەستەكانی سەدەی رابردوودا کە چۆنچۆنی سارتەر بەفەلسەفە وجودییەكەیەوە، كۆنترۆڵی كایەی ڕۆشنبیریی فەرەنسی كردبوو. بە قسەكانیدا وادەردەكەوێت كە بوونگەرایی(ئیگیزستانسیالیزم)، فەلسەفەیەكی خودگەرایی بووە زیاد لەوەی بابەتگەرایی بێت و لەو قۆناغەشدا ئەركێكی دیاریكراوی بەجێهێنا، لەبەرئەوەی فەرەنساییەكان تازەبەتازە لە دەست داگیركاری نازییەكان ڕزگاریان بووبوو، بۆ ئەوەش پێویستیان بە فەلسەفەیەكی نوێ هەبووە دڵیان بداتەوە و مانایەك بە بوونیان ببەخشێت.. 
فەرەنسییەكان لەو ساتەوەختەدا تینوی ئازادیبوون، دوای ئەوەی بۆ ساڵانێك لە دەستیاندابوو، بەو پێیەشی سارتەر لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا (بوون و نەبوون)، زۆر بایەخی بە چەمكی ئازادی دابوو، لەبەرئەوە فەرەنسییەكان خۆشیاندەویست و پەرۆشی فەلسەفەكەی بوون.
بە بۆچوونی بۆردیۆ، سارتەر هەرچەندە لە بواری ئەدەب و شانۆ و رەخنەدا بەهرەمەند و لێهاتوو بوو، بەڵام خاوەنی هزرێكی بەرز و تۆكمە نەبوو. هزری زانستی ئاستبەرز لەلایەن گەورە زاناكانەوە بەرهەمدەهێنرا كە هیچ كەس ڕێی پێنەدەدان و ئاوڕیان لێنەدەدرایەوە، ئەوانە بە بێدەنگی و گۆشەگیرانە كاریان دەكرد و هەرا و زەنای سارتەر و فەلسەفە بوونخوازییەكەی شاردبوونیەوە.
بەڵام ئاخۆ ئەو زانا و بیرمەندانە كێن كە بۆردیۆ باسیان دەكات؟
ئەوانە گاستۆن باشلاری دامەزرێنەری فەلسەفەی زانست لە فەرەنسا و جۆرج كانگیلێمی قوتابی كە مامۆستای بۆردیۆ و هەموو نەوەی ئەوەبوو، واتە: (میشێل فوكۆ و ژاك دێریدا و لوی ئاڵتۆسێر و ژان فرانسوا لیوتارد و... هتد). 
جۆرج كانگیلێم لەو سەردەمانەدا بیریارێكی گوم ناوبوو، بێبەشبوو لە شۆرەت و لە ناوبانگی زۆر، ئەوەی ئەو بایەخی پێدەدا هزری زانستی و تێزەی كۆنكرێتی بوو، هەرئەویش بۆردیۆی لەسەر میتۆدی ورد و تۆكمە راهێنا لە توێژینەوەی زانستیدا، واتە كانگیلێم كاریگەری گەورەی لەسەر بۆردیۆ هەبوو.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كتێبەیدا بۆردیۆ دێتە سەرباسی بابەتێك كە زۆر مژۆڵبووە پێیەوە، ئەویش پرسی جیاكردنەوەی فەلسەفەیە لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان. ئاخر لە پاریس فەلسەفە دایكی هەموو زانستەكان بوو، كۆنترۆڵی سۆربۆن و تەواوی كایەی كولتووری فەرەنسی كردبوو. ئەوەی فەیلەسوف نەبووایە، حسابی ڕۆشنبیری بۆ نەدەكرا. بۆردیۆ خۆشی لە سەرەتادا فەلسەفەی دەخوێند، بەڵام دواتر دەستبەرداری دەبێت و روودەكاتە زانستە مرۆییەكان، چونكە هەست دەكات فەلسەفە بە دەردی ئەو نایەت.
شایەنی باسە لەو سەردەمانەدا مارتن هایدیگەر كاریگەری گەورەی لەسەر فەلسەفەی فەرەنسی هەبوو. ژان پۆل سارتەریش خۆی بە خوێندكاری ئەو و ئەدمۆند هۆسێرل دەزانی، بەڵام گوتاری فەلسەفی بە هۆی سەفسەتەبازیی ناکۆتایەوە بووە مایەی جاڕسكردنی زۆری بۆردیۆ، لەبەرئەوە بەشی فەلسەفەی جێهێشت و روویكردە بەشی كۆمەڵناسی.
بەبۆچوونی ئەو، فەلسەفە لە دوندە بەرز و بڵندەكاندایە و لە كێشە و گرفتەكانی ژیان و كۆمەڵگە بێئاگایە. بۆردیۆ پێیوایە پێویستە مەعریفە دەسگیرۆییمان بكات بۆ ئەوەی دەستنیشانی كێشەكانی كۆمەڵگەكەمان بكەین، تا بزانین چۆن چارەسەریان دەكەین. ئەگەر مەعریفە ئەو كارە ڕانەپەڕێنێت، ئەوا نەبوونی چاكترە و پێویستمان پێی نییە. ئەمە هۆكاری ئەوەبوو بۆردیۆ واز لە فەلسەفە بێنێت و ڕووبكاتە سۆسیۆلۆژیا و ئەنسرۆپۆلۆژیا. لێرەوە دەبێتە توێژەرێكی مەیدانی و چیدی بە گوتارە تیۆری و فەلسەفە ئەبستراكتەكان، رازی نابێت.
ئەوەی راستی بێت ئەو فەلسەفەیەی بۆردیۆ سەركۆنەی دەكات، ئەو فەلسەفە میتافیزیكییە هەڵەوەڕەیە كە هەمووشتێك دەڵێت و هیچیش ناڵێت!، لێ فەلسەفەیەك پشت بە داتا و پێدراوی واقیعی و زانستە مرۆیی و سروشتییەكان ببەستێت، زۆر رێزی دەگرێت و بەرز دەینرخێنێت.
بۆردیۆ بۆچوونێكی هەیە، دەڵێت: (فەیلەسوف كاتێك دەبێت بنووسێت كە بەچاكی ئاگاداری زانستە مرۆییەكانی وەك، مێژووناسی و دەروونناسی و كۆمەڵناسی و زمانناسی و ڕەگەزناسی و ئاینناسی بەراوردكاری و ... هتد)، بێت. ئەوكات فەیلەسوف بۆی هەیە، قسەی خۆی بكات و حوكم بدات.
فەیلەسوف لە كۆتایدا دێت بۆئەوەی بەرەنجامی سەرەكی و كۆتایی توێژینەوە زانستییە مەیدانییەكانی دەسگیر ببێت. گەر ئەوەش نەكات، ئەوا فەلسەفە دەبێتە سەفسەتە و تیۆریزەی بێسەروبەر و هیچ سوودێكی نابێت. 
بۆردیۆ بەوە زۆر قەڵس دەبێت و هەرئەمەش وایلێكرد تووشی گیروگاز ببێت لەگەڵ چەندین فەیلەسوفی سەردەمەكەیدا، بەتایبەتیش لەگەڵ: (مارتن هایدیگەر و ژاك دێریدا و لویی ئاڵتوسێر). سەرەڕای سەرسامی زۆری بە سارتەر، بەڵام پێیوابوو فەیلەسوفێكی سەراپاگیرە و دەیەوێت زوو بڕیار لەسەر هەمووشتێك بدات. ئەمەش بووە مایەی ئەوەی هەندێ هەڵە بە سارتەر بكات.
ئەو فەیلەسوفەی خۆی لە هەموو شتێك هەڵدەقورتێنێ(ڕەنگە حوكمی سەرپێی بدات)، لەبەرئەوەی ناتوانێت دەستی بە سەر تەواوی زانستەكاندا بشكێت. بۆیە دەبوو سارتەر قەرەی ئەو شتانە نەكەوتایە كە پەیوەندییان بەوەوە نەبوو، بۆ ئەوەی ناوبانگی خۆی لەکەدار نەکردایە.
گومانی تێدا نییە سارتەر كارەكتەرێكی مەزن بوو، كاریگەری گەورەشی لەسەر کایەی ڕۆشنبیریی فەرەنسی هەبوو، بەڵام لەهەموو بوارێكدا دەینووسی: (لە ڕۆمانەوە بۆ شانۆ، لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە بۆ تیۆریزەی فەلسەفی و بۆ وتاری سیاسی و.... هتد). شتێ نییە ئەو لەبارەیەوە نەینووسیبێت، لەكاتێكدا دەبوو تەنها خەریكی ئەو شتانە بووایە كە لێیدەزانین و تێیاندا بەهرەمەندبوو. هەنووكە كێ رۆمانەكانی سارتەر دەخوێنێتەوە؟ تەنانەت كتێبەكەشی (ڕەخنەی ئەقڵی دیالەكتیكی)، كەس نایخوێنێتەوە.
لە شوێنێكی دیكەی ئەم كتێبەیدا، بۆردیۆ باس لەپەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕیمۆن ئارۆن دەكات و دەڵێت: (لە زانكۆدا یاریدەدەری بووم، بەڵام زۆری نەخایاند ناكۆكی كەوتە نێوانمان، لەبەرئەوەی ئارۆن لایەنگری كەمپی خۆرئاوای سەرمایەداریبوو. نەك هەرئەوەندەش بگرە گەورە تیۆرسینی ئایدیۆلۆژیان بوو لە فەرەنسادا. وتار و نووسینەكانیشی لە ڕۆژنامەی لۆفیگارۆدا بڵاودەكردەوە كە زمانحاڵی ڕاستی فەرەنسی بوو).
لەبەرامبەر ئەمەدا بۆردیۆ لە بەرەی چەپدابوو، هەندێ جاریش ئەوپەڕی چەپ و چەپی چەپیشب وو. لە چینی بورژوازی فەرەنسی داخ لەدڵ بوو، لەبەرئەوەی ئەم لە بنەماڵەیەكی هەژار و جوتیارەوە هاتبوو، بەكەم سەیریان كردووە و بەهاوشانی خۆیانیان نەزانیوە. ئەمەش لەو سەردەمانەدا بووە كە هاتۆتە پاریس بۆ خوێندن و لە زانكۆدا تێكەڵ بە منداڵی خێزانە دەوڵەمەند و بۆرژوازەكان بووە.
هۆكاری ئەمەیە كە هەستێكی چینایەتی زۆر قووڵ لە ناخیدایە و هەمیشە ئەوەی دووبارە دەكردەوە كە ئەو:(وەك میشێل فوكۆ و ڕۆلان بارت و كلۆد لێڤی شتراوس و ژان پۆل سارتەر نییە و لە بنەماڵەیەكی سادە و هەژارەوە هاتووە. من وەك ئەوانە كوڕی بنەماڵە بورژوا و خواپێداوەكان نیم).
وەكو ئاشكرایە فوكۆ كوڕی بنەماڵەیەكی پڕ لە پزیشكانی گەورە و ناوداری شاری (بواتێ) بوو، هەروەها شتراوسیش كوڕی خێزانێكی دەوڵەمەند بوو. زۆرێكی دیكەش لە ڕۆشنبیرە بەناوبانگەكانی فەرەنسا بەوجۆرەبوون، لەبەرئەوە بۆردیۆ لایەنگری چینی كرێكارانی نەدار و بەشمەینەتبوو. تەنانەت لە ساڵانی كۆتایی ژیانیدا، بەشداری خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی دەكردن. 
بەشداریكردنیشی لە هەندێك لەو مانگرتن و رێپێوانانەدا، بووە مایەی تووڕەیی و ناڕەزایی بورژوازیەت و سەرمایەداری و ئەو ڕۆشنبیرانەی لایەنگریانن. بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیەوە، رۆژنامە و گۆڤارەكانی فەرەنسا بەتوندی پەلاماریاندا و كەوتنە سەركۆنەكردنی.
لە نووسینەكانیاندا بۆردیۆ یان بە پیاوێكی مەترسیدار وەسفكرد و وەها دایانە قەڵەم كە دەیەوێت كایەی رۆشنبیری فەرەنسی پاوان بكات و دەستی بەسەردابگرێت! هێرشەكان بۆ سەری بە شێوەیەكی دوژمنكارانە بوو، هەربۆیە كشایەوەو خۆی ونكرد، دوای ئەوە وتیان دووچاری شێرپەنجە بووە و هەربەوەش مرد.
گەورەیی و مەزنی بۆردیۆ لەوەدابوو كە بەگژ بەجیهانیبوونی سەرمایەداریدا دەچووەوەو بە (نیو لیبرالیزم) ناوی دەبرد. لیبرالیزمی نوێی بەوە تاوانباردەكرد كە دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر و هەژارەكان هەژارتر دەكات. لەم سەروبەندەشدا پەلاماری پارتی سۆسیالیستی فەرەنسای دا، لەبەرئەوەی بە بڕوای ئەو نەیتوانیوە دابڕان لەگەڵ سەرمایەداریدا دروست بكات. 
تەنانەت ئەوكاتەشی كە لەسەر جێگەبوو بە نەخۆشییەكەیەوە، سەركۆنەی سۆسیالستەكانی دەكرد. ئەو سۆسیالیستانەی لە پێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا، ناپاكیان بەرامبەر كێشەی كرێكاران و چینە میللییەكان كرد. هەروەها بۆردیۆ لە كتێبەكەیدا باس لە یەكەم لێكچەری دەكات كە لەساڵی (1982) لە كۆلێژ دی فرانس پێشكەشی كردووە، ئەو پۆستە باڵایەشیان دوای ئەوە پێدا كە بایەخ و گرنگی لە بواری سۆسیۆلۆژیادا زیادیكرد.
بەڵام ئایا خوێنەر دەزانێت كە بۆردیۆ بڕوانامەی دكتۆرای نییە؟
شایانی باسە تێزەی دكتۆراكەی تەواونەكرد، ئەگەرچی ماوەیەكی زۆریش كاری لەسەركرد، كەواتە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا شانبەشانی ئالان تۆرین، گەورەترین سۆسیۆلۆژستی سەردەمەكەی خۆی بوو. ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت كە بڕوانامە مرۆڤ دروست ناكات، بەڵكو ئەوە مرۆڤەكانن بڕوانامە دروست دەكەن.
بۆردیۆ دەبێت پێویستی بە بڕوانامەی دكتۆرا چیبێت، پاش ئەوەی نوێترین تیۆریای لە كایەی كۆمەڵناسیدا هێنایەئاراوە؟ پێویستی بە دكتۆرا چییە، لە كاتێكدا تەواوی زانكۆكانی جیهان بانگهێشتیان دەكرد بۆ ئەوەی، چەند لێكچەرێكیان پێشكەش بكات و بڕوانامەی دكتۆرای فەخرییان پێدەبەخشێ؟. ئەو كەسێك بوو گەورەتربوو لە هەموو بڕوانامەیەك و كتێبەكانیشی بری دەیان بڕوانامە دەكەون.
دواجار دەبێت بڵێین هزری بۆردیۆ، بەرهەمی هزری سێ بیرمەندی گەورەیە:(ماركس، ماكس ڤیبەر، دۆركهایم)، بەڵام تیۆریای تایبەتی خۆی بۆ زیادكردن كە بە نوێترین تیۆریا لە كۆمەڵناسیدا دادەنرێت

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا