
لە کاتێکدا ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێککەوتنی نوێی نێوان "هەسەدە" و حکومەتی سووریا وەک هەنگاوێک بۆ "کۆتاییهێنان بە گرژییەکان" و گواستنەوە لە لۆژیکی شەڕەوە بۆ کاری سیاسی دەناسێنێت، واقیعی مەیدانیی ناوچەکە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت و تا ئێستا لە کۆی ٣٣ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ڕۆژئاوا، تەنها ٢٠ هەزار کیلۆمەتری لەژێر دەستی بەڕێوبەریی خۆسەردایە، ئەوەش دوای دابڕانی ناوچەکانی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی.
ئەم وەرچەرخانە سیاسییە لە کاتێکدایە کە هێشتا هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە هەر لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ دیمەشق، دەبێت لەسەر بنەمای "پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەهێزکردنی هاوبەشیی کورد و عەرەب" بێت، بۆ ئەوەی دۆخی ئێستا ببێتە سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و سەقامگیریی یەکجاری لە سووریادا.