هیوا عومەر
بزافی هۆشیاریی كۆمەڵایەتیی هاوچەرخ
بزافی هۆشیاریی نوێی گەلی كورد و ئازادیخوازان، كە لە بنەڕەتدا وەك پێویستییەكی مێژوویی دژ بە دەسەڵاتی تیرۆریزمی مەزهەبی و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای كوردستان سەری هەڵدا، چیتر لەو سنوورە جوگرافییەدا قەتیس نەماوەتەوە.
ئەم شەپۆڵە هۆشیارییە لە ئێستادا بووەتە هێزێكی فراوانتر و كاریگەرتر كە تەواوی هێزە ستەمكارەكانی ناوچەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش وایكردووە دەوڵەتانی عێراق، توركیا و ئێران وەك هەڕەشەیەكی جددی بۆ سەر بەرژەوەندی و دەسەڵاتی خۆیانی ببینن.
قوڵایی و كاریگەریی ئەم بزافە لەوەدا دەردەكەوێت كاتێك گەنجێكی كەركوكی لە ڕۆژئاوای كوردستان گیانی بەخت دەكات، هەزاران هاوڵاتی لە كەركوك دەڕژێنە سەر شەقامەكان و ترس و نیگەرانییەكی ڕاستەوخۆ لەناو دەسەڵاتی ناوەندیدا دروست دەكەن. ئەم كاردانەوە جەماوەرییە، سەرۆك وەزیرانی عێراق ناچار دەكات كە ڕاستەوخۆ بێتە سەر خەت. دواتر، ڕێگریكردن لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە مەراسیمی بەڕێكردنی تەرمی شەهیدەكەدا، نیشانەی ترسی قووڵی دەسەڵاتە لە كاریگەریی ئەم شەپۆڵە هۆشیارییە، كە پایتەختە سەپێنراوەكانی وەك دیمەشق، بەغدا، ئەنقەرە و تارانی كردووەتە ئامانج.
ئەم ڕابوونە نوێیە، خەریكە هاوكێشەكان دەگۆڕێت و دۆخی مەترسی لەسەر ئەزموونی ڕۆژئاوا، وەردەچەرخێنێتە سەر دەرفەتێكی مێژوویی بۆ فراوانكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی هێزە داگیركەرەكان لە سەرانسەری كوردستاندا. ئەمەش خاڵی وەرچەرخانە لە گۆڕینی وێنەی كورد لە «قوربانی»یەوە بۆ گەلێكی خاوەن هێزی سیاسی، ئیرادە و ڕەوایەتییەكی دادپەروەرانە.
لەلایەكی دیكەوە، ئەم بزافە هۆشیارییە سیاسییە وەك مەترسییەكیش بۆ سەر ئەو هێزە ناوخۆییانە لێكدەدرێتەوە كە لە ڕووی هزری و سیاسییەوە بوونەتە بەشێك لە پرۆژەی داگیركاری و لاوازكردنی شوناسی نەتەوەیی. لە هەندێك كاردانەوەدا، بەشێك لەو هێزە ئیسلامییە سیاسییانە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی بەكارهێنانی هەست و سۆزی ئایینی خەڵكەوە، ڕێگری لە فراوانبوونی ئەم بزافە و بنكە جەماوەرییەكەی بكەن.
بۆ ئەوەی ئەم بزافە ڕزگاریخوازە سەرتاسەرییە، توانای بەردەوامی و بەهێزبوونی هەبێت و تەنها وەك كاردانەوەیەكی كاتی و هەڵچوونێكی سۆزداری/عاتفی نەمێنێتەوە، پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەكان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە مێژوویییەدا بن، تێبگەن هێزی راستەقینە لەمرۆدا لەلای ئەو بزافە جەماوەرییەدایە، لە ئێستادا واقیعێك هاتووەتە ئاراوە كە هۆشیاریی جەماوەر پێش سەركردایەتییە سیاسییەكە كەوتووە. ئەگەر مامەڵەیەكی دروست و ستراتیژی لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكرێت، دەتوانرێت وەك بزافێكی زیندوو، نەك تەنها توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەكییەكانی هەبێت، بەڵكو ببێتە بزوێنەری گۆڕانكاری و چاكسازیی ناوخۆییش.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستە ئەم بزافە جەماوەرییە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی نیشتمانیی كوردستانیدا ئاراستە بكرێت، تا كاریگەرییەكانی لەسەر دۆخی ناوخۆشمان هەبێت. ئەمەش بەبێ‌ گەرانەوە و پشت بەستن بە جەماوەر و داڕشتنی سیاسەتێكی دادپەروەرانە و نیشتمانییەوە نایەتەدی كە دەبێت پرسی ڕزگاریی نەتەوەیی بە پرسە چینایەتی و كۆمەڵایەتییەكان و چارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكانی وەك گەندەڵی و خراپیی حوكمڕانییەوە گرێ بدات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا