هۆشیاری عەبدولعەزیز 

خۆپێشاندانی جەماوەری لەهەر بارودۆخێکدا بۆخۆی هەڵگری تێزێکی دیاریکراوی شێوازەکانی دەربڕینی ئیرادەی گشتییە و ڕەواییدانە بە بوونی پرسێکی دیاریکراو کە تێیدا جەستەی گەل لە "بێدەنگی" دەردەچێت و دەبێتە "کردارێکی سیاسی". ئەم جۆرە جووڵانەوانە نەک هەر گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی ناوخۆیی دروست دەکەن، بەڵکو زۆرجار دەبنە هۆکاری هەژاندنی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو ئاراستانەش دەجوڵێنن کە دواجار کاریگەری تەواویان هەیە لەسەر دۆخەکە. 

لەزۆر باردا خۆپێشاندانی جەماوەری تەنیا قیژە و هاوار نییە، بەڵکو "هێزێکی نەرمی شەقامە و دەتوانێت وەک وزەیەکی کۆمەڵایەتی ببێتە پاڵنەرێکی کاریگەر لە ئاراستە کردنی داخوازیە ڕەواکاندا. بەتایبەت چەمکە نەتەوەییەکە کە لە کۆی فەزا گشتیەکەدا کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر دروستکردنی هەستێکی هاوبەش ،بەواتایەکی تر دەکرێ بڵێین خۆپێشاندانی جەماوەری لە پرسە نەتەوەیەکاندا  وەک کارگەیەک وایە بۆ نوێکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی. کاتێک هەزاران کەس بەیەکەوە دروشم دەڵێنەوە، جۆرێک لە "وزەی هاوبەش" دروست دەبێت و ئەمەش لە ناوەخندا ئەوە دەگەیەنێ کە نەتەوە و نیشتیمان لەلایەن خودی خەڵکەوە دەپارێزرێ و هەر خەڵکە دەتوانێ ئاراستەی ڕەوتی پرسەکە دیاری بکات ، نەک پێچەوانە لەسەرەوە و لەلایەن نوخبەوە بابەتەکە بجوڵێنرێ. 

بۆیە زۆرجار ئەزموونی خۆڕاگری و بەشداری کارایی خەڵک  دەتوانێت لە خوارەوە وزەی هاوبەش بەرهەمبێنێت و خۆپیشاندانێکی ملوێنی دروست بکات. ئەمە ئەو شتەیە کە فرانتس فانۆن  پێی دەڵێت نەتەوەیەکی ڕەسەن و بەهێز. 

فانۆن وەک یەکێک لە کاریگەرترین بیرمەندە شۆڕشگێڕەکانی سەدەی بیستەم ، پێیوایە نەتەوەی ڕاستەقینە لەناو "کولتوری بەرگری" و لەسەر شەقامەکان لەدایک دەبێت و هەر ناسیۆنالیزمێکیش کە نوخبەی سیاسی و حزبی لە ژوورەکاندا دروستی بکەن، ناسیۆنالیزمێکی ساختەیە؛ بەڵام ئەو نەتەوەیەی کە لەناو ئازار و هاوکاریی خەڵکی کۆڵانەکاندا دروست دەبێت، نەتەوەیەکی ڕەسەن و بەهێزە. 

لەم تێگەیشتنەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی کە دۆزی ڕۆژئاوا توانی ئەو "ڕووبەرە گشتییە" لە هەموو کوردستاندا دروست بکات و نەتەوە لە دەستی حزبەکان دەربهێنێت و بیخاتە ناو دەستی شەقام. واتا سەرهەڵدانی شەپۆلی پشتیوانی جەماوەری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، وەک پرۆسەیەکی خۆ نمایشکردنی ئاسای و کاردانەوەیەکی عاتیفی کاتی نەبوو، بەڵکو گەورەترین تاقیکردنەوەی ئۆنتۆلۆژیای مرۆڤی کورد بوو لە سەدەی بیست و یەکەمدا. لەم قۆناغ و هەڵومەرجەشدا ئەم هاودەنگی و یەک هەڵوێستیە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و دیاردەیەکی گرنگ و بەهێزی وشیاری کۆمەڵایەتی و هاوپشتیەکی بەهێز بۆ"تێپەڕاندنی سنوورە کۆنکریتیەکانی نێوان کورد بوون و شکاندنی ئەو دیوارە دەروونی و ئایدیۆلۆژییانەی کە حزبە تەقلیدییەکان و سیستەمە سیاسییەکان لە نێوان پارچەکاندا دروستیان کردبوو سەری هەڵدا و بوە بنەمایەک بۆ زیندووکردنەوەی ئینتیمای نەتەوەی و نیشتمانی و هەموو ناسنامە لاوەکییەکانی تری لەناو خۆیدا تواندەوە و جۆرە هاودەنگیەکی پتەوی بەرهەمهێنا . 

ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە بەهەستکردن بە بەرپرسیارێتی شوناس و مانەوە هاتە مەیدان وتوانی نەک تەنیا سنووری جوگرافی و سیاسیی ببڕی، بەڵکو هەموو بەربەستەکانی  تێکشکاند. و کەوتە جوڵە لە دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر شوناسی کورد بوون و  گەیشتە ئەو قەناعەتە قووڵەی کە کەوتنی ڕۆژئاوا، واتا تێکشکانی شکۆ و ئاسایشی هەموو پارچەکانی تریش. 

بۆیە ڕسکانێکی جەماوەری بەرفراوان دەستی پێکرد و بوە پاڵپشتێکی بەهێز لە دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناس و هەڵسانەوەی نەتەوەی دا. لە ڕەهەندە نێودەوڵەتیەکەشدا، ئەم پشتیوانییە ملیۆنییە هاوکێشەی "بێدەنگیی نێودەوڵەتی" تێکشکاند و وایکرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە زۆرجار وەک "بینەرێکی سارد" مامەڵە دەکات، بێنێتە سەرخەت ، چونکە کاتێک بینی کورد لە ئەمریکا ، پاریس، لەندەن، بەرلین و هەموو شارە گەورەکانی کوردستان بە یەک دەنگ لە شەقامن ، تێگەیشت کە چیتر ناتوانێت پرسی ڕۆژئاوا وەک "گرژییەکی ناوخۆیی وڵاتێک" مامەڵە بکات. 

ئەم فشارە جەماوەرییە وایکرد کە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان، لە ژێر فشاری ناوخۆی خۆیاندا، سیاسەتەکانیان بەرەو پشتیوانی کورد بگۆڕن. خۆپیشاندانەکان "هێزی ڕەوا"یان بە دیپلۆماتکارە کوردەکان بەخشی تا لە ناوەندە جیهانییەکاندا بە دەنگێکی بەرزتر بانگەشەی پشتیوانی بکەن. لە هەمان کاتدا، ئەم یەکگرتووییە پەیامێکی پڕ لە مەترسی و هۆشداری بوو بۆ وڵاتانی هەرێمایەتی؛ چونکە تێگەیشتن کە ستراتیژی ڕابردووی دابەشکردنی کورد لە ئێستای ناوچەکەدا شکستی هێناوە و دەبێ ئامادەبن بۆ دۆخێک کە گۆڕانکاریەکانی لە بەرژەوەندی ئەو فاکتەیە کە کورد پێشداخات و گەیشتوونەتە ئاستێک لە هۆشیاریی سیاسی کە چیتر ڕێگرییە سنوورییەکان ناتوانن ببنە لەمپەر لەبەردەم  یەکگرتوویی ئیرادەی ئەم گەلەدا و هەر هێرشێک، دەبێتە هۆی هەژاندنی تەواوی جوگرافیای کوردستان و ئیپیستمۆلۆژیایەکی نوێی بۆ "بەرگری و ئازادی" دروست دەکات 

بەکورتی ئەمە نیشاندەری دروستبوونی ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی و مۆدێرن بوو کە چیتر تەنیا چەک و شاخ نییە، بەڵکو هێزی شەقام، هێزی میدیا، و یەکگرتووییەکی تاکی و کۆمەڵایەتییە کە لە سنوورەکان تێدەپەڕێت. ئەزموونی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا نیشانی دا کە کاتێک "هەستی نەتەوایەتی" لەگەڵ "هۆشیاریی سیاسی" و "ئامرازی مۆدێرن" یەکدەگرێت، دەبێتە هێزێکی وا کە هیچ سوپایەک و هیچ سنوورێکی سیاسی ناتوانێت ڕێگری لێ بکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا