
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دۆسیەی یەکنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بووەتە خاڵێکی ڕەش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر پرۆسەی چاکسازی و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن، کەچی هێشتا مانەوەی هەردوو هێزی (یەکەی حەفتا - یەکێتی) و (یەکەی هەشتا - پارتی) وەک دوو هێزی حزبی و گوێنەگرتن لە هۆشدارییەکانی ئەمریکا، پرسیاری جددی لەسەر داهاتووی هەرێم و بەردەوامیی هاوکارییەکان دروست کردووە.
ماوەی زیاتر لە دە ساڵە، ئەمریکا و هاوپەیمانان پرۆژەیەکیان خستووەتە بەردەم حکومەتی هەرێم بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، ستراتیژی ئەمریکا ڕوونە، پێشمەرگە دەبێت هێزێکی دامەزراوەیی بێت بۆ پاراستنی هەرێم، نەک پاسەوانی بارەگا و بەرژەوەندیی حزبەکان.
بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرز دەگوزەرێت پێچەوانەکەیەتی، ئەمریکا مانگانە نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک مووچە و هاوکاری دەداتە هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوە بووە کە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ هەڵبوەشێنەوە و لەناو وەزارەتدا یەکبگرن، خاوبوونەوەی ئەم پرۆسەیە و بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان لە ململانێ ناوخۆییەکاندا، پەیامێکە بۆ ئەمریکا کە هاوکارییەکانی ئێوە بۆ بەهێزکردنی حزبەکان بەکاردێت نەک هەرێم، ئەمەش لە دیدگای پێنتاگۆنەوە قبوڵکراو نییە.
بەگوێرەی دوایین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە ساڵی ٢٠٢٢ نوێکرایەوە و بڕیارە تا ئەمساڵ ٢٠٢٦ بەردەوام بێت، ئەمریکا دەرفەتی کۆتایی داوەتە هەرێم، بەردەوامیی ئەم دۆخە تا سەر نابێت، چونکە کەمکردنەوەی هاوکارییەکان دەستیپێکردووە، ئەمریکا پێشتر بڕی هاوکارییەکانی کەمکردووەتەوە و هەڕەشەی بڕینی یەکجارەکیشی کردووە ئەگەر تا کاتێکی دیاریکراو کە بەپێی پلانەکان دەبێت ئەمساڵ ٢٠٢٦ زۆربەی هێزەکان یەکبخرێن
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەو کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان دەڕوات لەو شوێنانەی کە هاوبەشەکان گوێڕایەڵ نین، ئەگەر پارتی و یەکێتی نیشانی نەدەن کە هاوبەشێکی جدیین، ئەوا ئەگەر هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەمریکا دەستبەرداریان بێت و وەک میلیشیای حزبی مامەڵەیان لەگەڵ بکات نەک هێزی فەرمی.
مانەوەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ و گوێنەگرتن لە ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بەرەو چەند تونێلێکی تاریک دەبات، ئەگەر ئەمریکا دەست لە پێشمەرگە هەڵبگرێت، وڵاتانی ئەوروپاش وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا، کە ڕاوێژکار و هاوکارییان هەیە، دەکشێنەوە، ئەمەش هەرێم لەبەردەم بەغدا و وڵاتانی دراوسێدا ڕووت دەکاتەوە.
کاتێک هێز ، هێزی حزب بێت نەک حکومەت، هەر گرژییەکی سیاسی دەکرێت بە ئاسانی بگۆڕێت بۆ پێکدادانی سەربازی، مانەوەی ئەم دوو هێزە زەمانەتی مانەوەی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد دەکات و ڕێگرە لەبەردەم هەرێمێکی یەکگرتوو.
ئەم گوێنەگرتنەی پارتی و یەکێتی جۆرێکە لە قومارکردن بە چارەنووسی قەوارەیەکی سیاسییەوە، ئەمریکا تا ئێستا لەبەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی شەڕی داعش و سەقامگیری عێراق، چاوی پۆشیوە، بەڵام ئەم دانبەخۆداگرتنە تا سەر نییه.
ئەگەر لە ئەم ساڵی ٢٠٢٦دا، هەنگاوی جددی نەنرێت، سیناریۆی چاوەڕوانکراو ئەوەیە، ئەمریکا هاوکارییە داراییەکان دەبڕێت، پەیوەندییەکان سارد دەبنەوە و پێشمەرگە وەک هێزێکی پەرتەوازە دەمێنێتەوە کە توانای بەرگریی لە خاکەکەی نابێت، ئەمەش دەرگا بۆ بەغدا و نەیارانی هەرێم دەکاتەوە کە کۆنترۆڵی زیاتری هەرێم بکەن.
لە کۆتاییدا مانەوەی هێزەکان بە حزبی، کورترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.