
ڕۆژی شەممە (١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی مەرسوومەکەی ئەحمەد ئەلشەرع (سەرۆکی سووریا)ی دایەوە کە تایبەت بوو بە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا.
خۆبەڕێوەبەری لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە ، کە پاراستن و چەسپاندنی ڕاستەقینەی مافەکان تەنها لە ڕێگەی دەستوورێکی هەمیشەیییەوە دەبێت کە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو گەلان و پێکهاتەکان بکات.
ئەم وەڵامەی خۆبەڕێوەبەری دوای ئەوە هات کە ئەحمەد ئەلشەرع "مەرسوومی ژمارە ١٣"ی دەرکرد، کە تێیدا دان بە چەند مافێکی کورددا نراوە، لەوانە:
ناساندنی زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی".
پێدانی ڕەگەزنامەی سووری بەو کوردانەی بەهۆی سەرژمێری ساڵی ١٩٦٢ەوە بێبەش بوون.
ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک پشوویەکی فەرمی و نیشتمانی لە هەموو سووریادا.
بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێی وایە ئەم بڕیارانە بەس نین و دەبێت وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکی دەستووریی گشتگیر جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ لایەنێک نەتوانێت پاشەکشەیان لێ بکات.