
ڕێگای كوردستان
داواکاری گشتی لە شاری لوبلین لە رۆژهەڵاتی پۆڵندا رایگەیاند، ئەو سێ موشەکەی بەیانی رۆژی هەینی رابردو لە باشوری رۆژهەڵاتی وڵات کەوتنە خوارەوە، لە جۆری موشەکی کروزی (سی ئێچ 101 - Kh-101) بون و تازە لە ناوچەی مۆسکۆ دروستکراون.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی داواکاری گشتی کە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکات، پشکنینە سەرەتاییەکان بۆ پارچەی ئەو موشەکانەی لە ناوچەکانی (نۆڤی لیوبۆڤێتس، رۆدنیک و مۆلۆدیچ) کەوتونەتە خوارەوە، پشتڕاستیان کردوەتەوە کە سەرجەمیان لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2026ـدا لە کارگەیەک لە شاری (دوبنا) لە ناوچەی مۆسکۆ بەرهەمهێنراون. هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە شارەزایان بەردەوامن لە پشکنینی وردی پارچەکان.
لەبارەی زیانەکانی روداوەکە، ئەوە خراوەتەڕو کە لانیکەم یەکێک لە موشەکەکان بوەتە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئاگر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و برینداربونی لێنەکەوتوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی پۆڵندا لە سەرەتادا هەواڵی کەوتنەخوارەوەی دو موشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جێتیان بڵاوکردبوەوە.
لە کاردانەوەی روداوەکەدا، هەریەک لە دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵندا و ڤلادیسلاڤ کۆشچیاناک کامیش، وەزیری بەرگری، روداوەکەیان بە ئەگەری "ئیستفزازی" روسیا وەسفکرد، بەوپێیەی هاوکات بوە لەگەڵ بەڕێوەچونی مەشقی سەربازیی لە پۆڵندا لەلایەن "هاوپەیمانی ئیرادە"وە، کە پشتیوانی ئۆکرانیا دەکات لە شەڕی دژ بە روسیا.
وارشۆ یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا؛ جگە لەوەی میوانداری زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی دەکات، بوەتە رێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی چەک و هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەوە، چەندین جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک سنوری ئاسمانیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناتۆیان بەزاندوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی زیادکردوە و مەترسی فراوانبونی ململانێکانی لێکەوتوەتەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی کردەوە کە هاوپەیمانێتییەکەیان بەرگری لە هەر ئینجێکی خاکی پۆڵندا دەکات. بڕیاریشە ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنجومەنی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ لە برۆکسل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵندا.
