
حزبی شیوعیی عێراق بڕیاری حکومەت بە پاڵپشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی دۆلار بۆ ١٥٢٠ دینار ڕەت دەکاتەوە و داوا دەکات لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە.
جەختیشی لەسەر دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە باجی قەیرانێک دەخاتە سەر شانی هاووڵاتییان، بەتایبەت توێژە کەمدرامەت و پەراوێزخراوەکان و زەحمەتکێشانی وەک دەستگێڕ، کاسبکار، خانەنشین، فەرمانبەرە بچووکەکان، کرێکاران و شۆفێرانی تەکسی، کە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی هەڵەی پشتبەستوو بە پشکپشکێنە، گەندەڵی و پشت بەستنی تەواو بە نەوت.
حزبی شیوعیی عێراق حکومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەردەوامیی ئەم ڕێبازەی بارگرانیی قەیرانەکان دەخاتە سەر شانی هەژاران، لە کاتێکدا ئیمتیازات و سەرچاوەکانی بەفیڕۆدانی سامان لە دەرەوەی ڕێکارەکانی چاکسازیدان.
لەلایەکی دیکەوە، حزبی شیوعیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێویستی بە گۆڕینی ڕێبازی ئابووری هەیە؛ بەجۆرێک لە ئابوورییەکی ڕەیعیی یەک سەرچاوەییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئابوورییەکی بەرهەمهێن و جۆراوجۆر کە پیشەسازی و کشتوکاڵ بەهێز بکات.
هەروەها ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ تایبەتکردنی سامانەکان و ژێرخان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دووپات دەکاتەوە و داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی وڵات و دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییان لە خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون، کارەبا، ئاو و گواستنەوە دەکات.
حزبی شیوعی داوا لە هەموو هاووڵاتییانی زەرەرمەند دەکات بە شێوازی جۆراوجۆری ئاشتییانە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم بڕیارە دەرببڕن بۆ پاراستنی بژێویی ژیانیان، هاوکات هۆشداریش دەدات لە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و دەسەڵات بە بەرپرسیاری ئەو کارە دەزانێت.
داواکارییە سەرەکییەکانی حزبی شیوعی لە سێ خاڵدا کۆکراونەتەوە:
١. ڕاگرتنی کارکردن بەم بڕیارە و پێداچوونەوە پێیدا بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر بژێویی هەژاران و توێژە کەمدرامەتەکان، لەگەڵ پێشکەشکردنی پاکێجێکی ڕێکاری ئابووری، نەقدی و دارایی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
٢. پاراستنی توێژە کەمدرامەتەکان بە ڕێکاری بەپەلە بۆ پاراستنی توانای کڕینیان، لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی فۆرمی خۆراک، باشکردنی کوالێتییەکەی، زیادکردنی بڕەکەی و بەهێزکردنی مووچە و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی.
٣. گرتنەبەری سیاسەتێکی دارایی جێگرەوە و دادپەروەرانە، کە لەسەر چاکسازیی باج لەسەر سەرمایەدار و خاوەن داهاتە بەرزەکان، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و بەفیڕۆدان، و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خۆدزینەوە لە باجی گومرگی.
