
ئەو شەپۆلی بەفر و بارانەی کوردستانی گرتەوە، منی خستە ئەوجی هەڵەکەسەما و لە ناو دڵی خۆمدا شایی پێ دا بەستم و سەرچۆپی ئەو شاییەش هەر خۆم بووم، ئاخر بەفر و باران هێندە خۆشحاڵ و دڵشادیان کردم. ئەگەر خەڵک و یار و نەیار بە شێتیان دانەنابام، کۆڵان بە کۆڵانی شار دەگەڕام و بەو تەمەن و سەروڕیشە سپییەوە چەپڵە و هلهەلەم لێدەدا. من خەیاڵی کەشی تەڕ و باراناوی و دیمەنی بەفر و سپیپۆشی گرد و چیاکان مەستی کردبووم، لەپڕ لە ڕێگای واتساپ نامەیەکم بۆ هات، نووسرابوو: ڕێکخراوەکەمان خۆشحاڵ دەبێت بە ئامادەبوونی بەڕێزتان لە کۆمەڵێک چالاکی لە ژێر ناوی (پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ئەرکێکی نیشتمانییە).
منیش بەو پێیەی خۆم بە ژینگەدۆست و ئاژەڵ و باڵندەدۆست دەزانم، بۆیە ناونیشانی کۆڕەکە سەرنجی ڕاکێشام و بڕیارم دا لە کاتی دیاریکراودا لە شوێنەکە ئامادە بووم. سەرەتا خانمێک ڕێنوێنی کردم، هەر چوومە ژوورەوە و گەیشتمە ناو هۆڵێکی گەورە، بینیم لە سەر سێ لای دیواری هۆڵەکە کەوڵی مامز و چەقەڵ و ڕێوی و گورگ و بەراز و دەڵەک و کوڕەبەشە و سیخوڕ و کەو و کۆتر و باز و شەهێن و بلبل و کوکوختی و شالور و نەورەس و مراویلکە و حاجی لەقلەق و پۆڕ و سوێسکە و ڕەشۆڵە و... هەڵواسرابوو.
لە بڕگەی دووەمی کۆنفرانسەکەدا کۆڕێک بە ناونیشانی (ئێمە دڵسۆزی ئاژەڵ و باڵندەین) پێشکەش کرا؛ لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو کۆڕەکەی بۆ ساز کرابوو ناوی سمەی ڕاوچی بوو، کۆڕگێڕیش ناوی حەمەی کەوکوژ بوو. سمەی ڕاوچی بە دەستڕاوەشاندن و دەنگێکی زلەوە پڕ بە کۆڕەکە دەینەڕاند و دەیگوت: کۆتر و مامز و مراوی گۆشتیان دەخورێت بە خاوی! پێم دەڵێن سمەی ڕاوچی، من نابم بە پەنجەرچی، کە سێرەم لە مامز گرت، لە دەستمدا دەرناچی. سمە دەیگوت: هاتم لەلای ئەولاوە من بەس حەزم لە ڕاوە! بەو بەو بەو بەو بەو بەو، بەو تاپڕەی لە ناو دەستم کوشتیتم هەزاران کەو!
هەڵبەت قسەکانی سمەی ڕاوچی بە ئاشکرا پێی گوتین کە سمە دوژمنێکی سەرسەختی ئاژەڵ و باڵندەیە، بەڵام کە کۆڕەکە تەواو بوو، سەراپای کۆڕەکە چەپڵەی ئافەرین و دەستخۆشییان بۆ سمە لێدا. دواتر منیش ڕووم لە سمە کرد و پێم گوت: ئەگەر ئێوە ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆستن، چۆن ئەو هەموو ئاژەڵ و باڵندەتان کوشت و کەوڵەکانتان لەو هۆڵە هەڵواسیون؟ کەچی سمەی ڕاوچی لە جێاتی وەڵامی پرسیارەکەم بداتەوە، پێی گوتم: تۆ لەلایەن دوژمنی ژینگە و ئاژەڵانەوە نێردراوی بۆ تێکدانی کۆڕەکە!
سمە قسەکانی تەواو کرد، کۆمەڵێک سمێڵبابڕ بۆم هاتن و هەر بە پاڵ لە هۆڵەکە دەریان کردم.
