مێژووی پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆسەی دووبارە بونیاد نانەوەدا دەبینرێن پڕە لەو گرێکوێرە سیاسی و فیکرییانەی کە هەمیشە چارەنووسی نەتەوە و قەوارە لۆکاڵییەکانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. لەم نێوەندەدا، پرسی پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمریکا و پێگەی ئەم دووانە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هەمیشە جێگەی مشتومڕ و تێڕوانینی جیاواز بووە. لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لە نەخشەی سیاسی و سەربازی و کشانەوەی هێزەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا، شەپۆلێک لە دڵەڕاوکێ و ترسی دەروونی لای کۆمەڵگە و بەشێک لە سەرکردایەتیی سیاسی کورد دروست بووە. بەڵام کاتێک بە دیدێکی واقعییانە و دوور لە ڕەهەندەکانی دروشمی سۆزداری و ئەو فاکتەرانەی لە ڕووکاری بابەتەکەدا سەرهەڵدەدەن هاوکێشەکە دەخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ترس لە جێهێشتنی سوپای ئەمریکا، لە بنەڕەتدا نەخۆشییەک نییە کە لە دەرەوە سەرچاوە گرتبێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کورتبینیی سیاسی و پاشکۆیەتیی هۆشیاریی ناوخۆیی و ئەو تێڕامانە ناهاوسەنگانەیە کە ئێمە لەخۆماندا بەرجەستەمان کردوە. 
لەکاتێکدا ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی، هەرگیز لەسەر بنەمای سۆز، دۆستایەتیی نەگۆڕ یان بەهای ئەخلاقی مامەڵەی لەگەڵ هێزە دەرەکیەکانی خۆیدا نەکردووە و لە هیچ قۆناغێکیشدا ڕاستەوخۆ لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلاندا مامەڵەی بەسیاسەت و بەها ئابووریەکانی خۆی نەکردوە، بەڵکو هەمیشە سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمایەکی واقیعبینانە و ستراتیژی بونیاد ناون. 
هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەمریکا زیاتر لەوەی هاوبەشێکی هەمیشەیی یان قەوارەیەکی سەربەخۆی دیموکراسی بێت، وەک دەرچەیەکی ئارام، هێڵێکی لۆجستیی سەیر کراوە بۆ پاراستنی هێزە ئەکتیڤەکانی خۆی لە کاتی قەیرانەکاندا. کاتێک هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێت، یان بەرژەوەندییە باڵاکانی واشنتۆن
لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات لە بەغدا یان پایتەختەکانی تری ناوچەکە بەدی هاتبن، کورد بە ئاسانی خراوەتە پەراوێزەوە و بابەتێک نەبووە لە پرۆسەی سەوداو مامەڵە سیاسی و سەربازیەکاندا وەک ئەوەی کورد چاوەڕێی کردوە، واتا  ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە ئەمریکا پێویستی بەوە نییە هێزی پیادەی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا لە ڕێگەی گرێبەستە گەورە ئابوورییەکان، تۆڕی کۆمپانیا جیهانییەکان و بوونی هاوکێشەی سیاسیی گونجاو لە بەغدا، دەتوانێت هەژموون و بەرژەوەندییەکانی خۆی بە بێدەنگی و بە زامنکراوی بپارێزێت. 
بۆیە ترسی دەسەڵاتدارانی هەرێم  لە چۆڵکردنی سەربازی، یان کشانەوەی ئەمریکا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتیی تێڕوانینی سیاسیی ئێمەیە بۆ ناوەند و پێگەی خۆمان لەناو عێراقدا. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە، قەوارەی هەرێم لە ڕووی یاسایی، ئابووری و سیاسییەوە بەشێکە لە سیستەمی سیاسی عێراق؛ بودجە، داهات، دەروازە سنوورییەکان، پۆستە باڵاکان و داهاتووی هێزەکانی پێشمەرگە هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان گرێدراوی بەغدان. کەواتە، کێشەی سەرەکیی ئێمە ناکۆکی یان پەیوەندیمانە لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات لە عێراقدا، نەک کشانەوەی هێزە دەرەکییەکان. سەیر لەوەدایە کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەبری ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکانی ناوخۆ و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدا بە عەقڵانییەت و بڕیاری یەکگرتوو چارەسەر بکات، هەمیشە هەوڵ دەدات گوتاری ترس و دڵەڕاوکێ بەرهەم بهێنێت تاوەکو سەرنجی خەڵک لە قەیران و داڕمانی ناوخۆیی لابدات و بیخاتە ئەستۆی فاکتەری دەرەکی و ئەو ڕووداو پێشهاتانەی کە ڕوو دەدەن.
ئەوەی بەڕاستی جێگەی هەڵوێستە و مەترسیی قووڵە، دۆخی نائاسایی و داڕۆخانی ئاکاریی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنە لە ناوماڵی خۆماندا. سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لەژێر هەژموونی ململانێی تەسک، قۆرخکاریی ئابووری، جیاوازیی قووڵی چینایەتی و دابەشبوونی زۆنی حزبیدا بەڕێوەچووە کە متمانەی تاكی کوردی بە خاک و ناسنامەی خۆی خستووەتە لێواری داڕمانەوە. لە کاتێکدا لە پارچەکانی تری کوردستان، سەرەڕای شکستە سەربازییەکان، بەهای ئاکاری، فەلسەفەی بەرگری و ڕێکخستنی ناوخۆیی پارێزراوە، لە باشووردا سیستەمێکی سیاسیی حیزبگەرایی هەوڵ دەدات بەها نیشتمانییەکان بە لاواز بزانێت و گەندەڵی بکاتە دیاردەیەکی باو. کاتێک ناوماڵ بەم شێوەیە پەرتەوازە و وێران و پڕ لە شکست بێت، چاوەڕوانکردنی پارێزگاریی دەرەکی و هیوا بەستن بە بەزەیی زلهێزەکان، تەنها درێژکردنەوەی تەمەنی شکستەکان و قوڵترکردنەوەی وابەستەیییەکی ترسناکە و هیچی تر. 
بۆیە، کشانەوەی سوپای ئەمریکا نەک هەر جێگەی ترس و دڵەڕاوکێ نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ تەکانێکی فیکری و سیاسی و پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە عەقڵیەتی بەڕێوەبردن و یەکخستنەوەی گوتاری نیشتمانی کوردی. لە جیهانی سیاسەت و مێژووی نێودەوڵەتیشدا، تەنها ئەو گەل و قەوارانە دەپارێزرێن کە خاوەنی هێزی ناوخۆیی، یەکڕیزیی نیشتمانی، ئابووریی سەربەخۆ و توانای بەرگری لە خاوەنداڕێتیی خۆیانن نەک گەلانێک کە هیچ مقەوماتێکی مانەوەیان نییە. کاتێک بڕیار دەدەی ببیتە خاوەنی بڕیاری خۆت و ناو ماڵی خۆت لەسەر بنەمای دادپەروەری، شەفافیەت و نیشتمانپەروەری ڕێک بخەیتەوە، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت چارەنووست بخاتە مەترسییەوە. ئەگەر خۆت بابەتیانە و ژیارانە کار لەسەر پرۆسەی خۆ بونیاد نانەوە و پاراستنی کەینونەی خۆت بکەیت ، پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و مافی هاووڵاتی بوون و دیموکراسیەتی ڕاستەقینە و یەکگرتووی گوتاری کوردی خۆی دەبێتە قەڵغانی پاراستنی قەوارەکە نەک خۆبەستنەوە بە ئەمریکا و بەرژەوەندیە کاتیەکانەوە کە کورد کورتبینانە کاری لەسەر دەکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا