گەڕان بە وڵاتاندا هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دەگۆڕێت؛ لە گۆشەنیگای جیاوازەوە دەڕوانێتە ژیان و مەودای بیرکردنەوەی فراوانتر دەکات. لە ساڵی پاردا لەگەڵ کچەکەم سەردانی کۆریای باشوورمان کرد و زۆر لایەنی ژیانی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە بۆ من جێگای ‌هەڵوێستە بوو. ڕاستە کۆریای باشوور سیستەمێکی سەرمایەدارییە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، پەیوەندیی مرۆڤەکان، ڕێزگرتن و مامەڵە لەگەڵ بەرامبەردا بوو، بەتایبەتی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوو و دایکوباوکدا.

دەیان نموونەم بینی، یەکێک لەوانە ئەوە بوو لە کاتی سەردانیکردنی یەکێک لە پەرستگا هەرە کۆنەکانی بوودا لە سۆول، دایکێکی بەتەمەن پێش کوڕەکەی دەڕۆیشت و کوڕەکەی بە دەستێک چەترەکەی بۆ گرتبوو و بە دەستەکەی تری پانکەیەکی بچووکی پێ بوو کە ڕووی کردبووە ئەو ژنە بەساڵاچووە. ئەمانە و دەیان وێنەی لەم بابەتەم دەبینی کە سەرنجی ڕاکێشام و کەوتمە گەڕان بە دوای هۆکاری ئەم ڕێزلێگرتنەی دایکوباوکی بەتەمەن. بەشێکی زۆری ئەم ڕەفتارانە دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی بوودا، لە هەمان کاتدا کاریگەریی فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس لەم هەڵسوکەوتەدا زۆر بەهێزە؛ بۆیە ئەمە هاندەر بوو تا قوڵ ببمەوە لەم فەلسەفەیە، و لێرەدا تەنیا ئاماژە بەم لایەنەی دەکەم.


فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس
(کۆنفۆشیۆس لە ساڵی ٥٥١ پێش زایین لەدایکبووە، لە خانەوادەیەکی شاهانەی چین و یەکێکە لە هەرێمەکانی ئەوکات بەناوی «هەرێمی چوو». کۆنفۆشیۆس ناوی تەواوەتیی «چی‌مۆ»یە و ناوەکەی لەسەر واتای ناوی هەرێمەکەیەتی. باوکی کۆنفۆشیۆس پادشا و فەرمانڕەوا بووە و خۆیشی شازادەی بنەماڵەی شاهانەیە.)

کۆنفۆشیۆس بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییە خێزانییەکان و ڕێزگرتنی کۆمەڵایەتی دەدات، و خزمەتکردن و ڕێزلێنانی دایکوباوک و بەساڵاچووان، بنەما سەرەکییەکانی ئەم فەلسەفەیە پێکدەهێنێت کە پێی دەوترێت «شیاوی بۆ دایکوباوک» یان (Xiao). دیارترین چەمک و بنەماکانی کۆنفۆشیۆس ئەمانەن:


چەمکی (Xiao - شیاوی و پێبەخشینی وەفا)
لە فەلسەفەی کۆنفۆشیۆسدا، (Xiao) بنەمای ڕەوشت و سەرەتای هەموو کارە چاکەکانە. ئەمە تەنها بریتی نییە لە گوێڕایەڵیکردنێکی ڕووت، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی ڕۆحی و ئەخلاقییە کە لە خۆشەویستی، سوپاسگوزاری و ئاگابوون لە دایکوباوک لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا سەرچاوە دەگرێت.

هەروەها خزمەتی دایکوباوکی بەسەر چەند ئاستێکدا دابەش کردووە: لە لایەنی مادی و جەستەیییەوە، ئەرکی منداڵەکان دابینکردنی هەستی ئارامی و دڵنیاییە. لە هەمان کاتدا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەم خزمەتە تەنیا لە پێدانی خۆراکدا نییە، بەڵکو دەبێت بەردەوام بە ڕوویەکی خۆش و دەنگێکی نەرمی خۆشەویستئامێز مامەڵە لەگەڵ بەساڵاچوواندا بکرێت. کۆنفۆشیۆس پێشنیار دەکات کە منداڵ دەبێت زۆر ئارامگر بێت و ئەگەر دایکوباوک هەڵەیەک بکەن، دەبێت بە نەرمی، بەبێ بێزاری و بە دەنگێکی ئارامبەخش سەرنجیان ڕابکێشێت، نەک بە توندوتیژی ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

لە فەلسەفەی کۆنفۆشیۆسدا، ڕێزگرتن لە دایکوباوک دوای مردنیشیان کۆتایی نایەت؛ بەڵکو بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی بەبیرهێنانی چاکەکانیان، پاراستنی ناوبانگی خێزان، و ڕێزگرتن لە بیرەوەرییەکانیان وەک بەشێک لە بەردەوامیدان بە بەهای خێزانی.

یەکێک لە دەستەواژە بەناوبانگەکانی کۆنفۆشیۆس لە کتێبی «وتەکان» (Analects) دا دەڵێت:


«تەمەنی دایکوباوک هەمیشە دەبێت ببێتە مایەی نیگەرانی و خۆشحاڵی پێکەوە بۆ منداڵەکە (واتە هەمیشە ئاگاداری باری تەندروستییان بێت بەهۆی بەساڵاچوونیانەوە).»

بەم پێیە، لەسەر پێگەیشتووان پێویستە هەمیشە لە تەمەن و باری تەندروستیی دایکوباوکی بەساڵاچوویان ورد ببنەوە و چاودێریی وردیان بکەن.


پێگەی خێزان
خێزان بەلای کۆنفۆشیۆسەوە زۆر گرنگە؛ لە فەلسەفەکەیەتیدا، خێزان وەک بچووکترین یەکەی کۆمەڵگە و وەک وێنەیەکی بچووکراوەی دەوڵەت سەیر دەکرێت. ئەو کەسەی کە لە ماڵەکەی خۆیدا ڕێزی کەسە بەساڵاچووەکانی دەگرێت و خزمەتیان دەکات، لە ڕاستیدا بنەمای هارمۆنی و ئارامی لە کۆمەڵگەدا دەپارێزێت. ڕێزگرتنی بەساڵاچوو لەم فەلسەفەیەدا پاشکۆ نییە، بەڵکو فەزیلەتێکی بنەڕەتییە کە بەها مرۆییەکان لە مرۆڤدا بەهێزتر دەکات.

بۆیە لەو باوەڕەدایە کە خزمەتکردنی بەساڵاچووان تەنها خزمەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پاراستنی مێژووی خێزانە. ئەو پێی وابوو کە کاتێک منداڵ ڕەفتارێکی شایستە و پڕ لە ڕێز لەگەڵ دایکوباوکی بەساڵاچووی خۆیدا پەیڕەو دەکات، نەک هەر ڕێز لە خۆی دەگرێت، بەڵکو ناوبانگی بنەماڵەکەش بەرز ڕادەگرێت و میراتێکی جوان بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ دەهێڵێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا