
هاوڕێ نعمان
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکردەوە کەوتووەتە گواستنەوەی هێزەکان و سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەی لە هەولێر، بڕیاریشە لە سەرجەم عێراق بکشێتەوە. ئەم هەنگاوە لە بارودۆخێکدایە کە ناوچەکە و عێراق بە دۆخێکی هێجگار هەستیاردا تێدەپەڕن و ناشزانرێت بەڕوونی ئەم هەنگاوە چ ستراتیژێکی لەپشتەوەیە. هاوکاتیش وادەی داماڵینی چەک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان بۆ ماوەیەک درێژ کراوەتەوە، هەروەها لەژێرژێرەوە مەلەفی عێراق دراوە بە مارک ڕۆبیۆ، وەزیری بەرگریی ئەمریکا.
پێشتر کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا، سعودیە و ئوردن بەڕێوە چوو کە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق. ئەوەی لەم کێشمەکێشەدا مەبەستە، سنووردانانە بۆ ملیشیاکان و بڕینی دەستی ئێران لە عێراق، گرێدانەوەی ئابووریی ئەم وڵاتەیە بە سیستەمی ئابووری و بانکیی ئەمریکاوە، و ڕەخساندنی کەشێکی سیاسیی ئارام بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەم وڵاتەدا. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش گرنگ نییە کێ زمینەکە دەڕەخسێنێت؛ سوننە بێت یان شیعە، تیرۆریست بێت یان دیموکراتخواز، بەڵکو گرنگ بەدیهێنانی خواستەکانی ئەمریکایە. هەروەک چۆن لە سووریا مامەڵە لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، سەرەڕای ئەوەی مێژووی چی بووە.
بۆیە ئەمریکا لە ئێستادا وازی لە پڕوپاگەندەی نەزمی نوێی جیهان و باهۆزی دیموکراسی و ئەو جۆرە دروشمە بێناوەڕۆکانە هێناوە کە زوڕناژەنانی خۆشمان ئاوازیان بۆ دادەنا؛ لەم دۆخەدا تەنیا گرنگی بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەدات و پراگماتیک و ماکیافیلیانە وەک هێزێکی ئیمپریالی داگیرکار سیاسەت دەکات. هەنووکە ئاراستەی سیاسەتەکانی ڕووی لە عێراقە و بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵی سەپاندنی ئامانجەکانی دەدات. لە ماوەکانی ڕابردوودا ئەمریکا بەردەوام جەختی لە پێویستیی چەکدانانی ئەو گرووپانە کردووەتەوە، بەڵام ئێستا لە هەرکاتێک زیاتر جدییە، چونکە عێراق جوگرافیایەکی زۆر گرینگە لە هاوکێشەی ململانێی ئەمریکا و ئێراندا، کە ڕۆژبەڕۆژ ئەو ململانێیە توندتر دەبێت و مەودای یاری کردن لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوانیاندا قورستر دەبێت و دەرفەتی زۆر لەبەردەست ناماوە بۆ خۆگونجاندن.
ئەوەی وادەکات ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، ڕێزگرتن نییە لە سەروەریی عێراق و سەربەخۆیییەکەی وەک بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق وای دەبینن، بەڵکو پاراستنی هێزەکانی و کەرەستە جەنگییەکانێتی لە هێرشی ئێران لە حاڵەتی هەڵگیرسانی گڕێکی تازەی شەڕدا. بۆیە دەکرێت لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا، سەرەتای سیناریۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و هێزە شیعییەکان، سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، ئاڵۆزیی ناوخۆ، و خولێکی تری تەقینەوە و توندوتیژی بێت.
ئەوەی بەڵگەنیویستە ئەوەیە کە ئەمریکا دەست لە عێراق هەڵناگرێت، چونکە عێراق لە چەقی ستراتیژەکانی داڕشتنەوەی ڕێڕەوی وزەی جیهانیدا و جوگرافیایەکی زۆر گرینگە بۆ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و سەرچاوەیەکی هێجگار گرینگی وزە و کەرەستەی خاوە. ئەم سیاسەتە ستراتیژییەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەوڵی پاراستنی نرخی دۆلار و باڵادەستیی وڵاتەکەیەتی لە جیهاندا، کە لە ئەمڕۆدا لەبەردەم فشاری چین دایە؛ گەشەسەندنی ئابووری و زیادبوونی بازرگانیی چین هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر دۆلار. بۆیە ئەمریکا بە شێوەی سەربازی و ئابووری لە هەوڵی ڕێگریکردنە لەم هەڵکشانەی چین و دەستگرتن بەسەر ڕێڕەوەکانی بازرگانی و وزەدا، هەم لە عێراق و هەم لە سووریا، و هەموو قورساییی خۆی بۆ ئەم مەبەستە خستووەتە کار.
لەبەر ئەوە، پێناچێت ئەم پاشەکشەیە کۆتاییی سیناریۆی خۆسەپاندنی زیاتری ئەمریکا و بەکارهێنانی هێز بێت، کە ڕەنگە وەشاندنی گورزی سەربازی لە هێزە شیعییەکانی عێراق ئەگەرێکی زۆر نزیک و حەلقەی یەکەمی سیناریۆ نوێیەکە بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچونی ڕەوشی ئەمنی و ئابووریی عێراق و شەڕی تایفی، کە هەڕەشەیەکی جدییە لە سەر عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی، کە لەدوای ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای هاوبەشی و دەستوور وەک زامنی ئەم یەکپارچەییە دامەزرا.
بێگومان ئەم دۆخە کاریگەریی زۆر ڕاستەوخۆی لەسەر کوردستانیش دەبێت و دوور نییە ڕووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆر ببێتەوە بۆ زیاتر لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی. کوردستان خۆی لە ئێستادا بەهۆی ناکۆکیی یەکێتی و پارتی و لاوازبوونی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات، لاوازە، و ئەمەش دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی گیانی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان. بۆیە ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی جدییە لە سەر هەرێم و بەغداش؛ هەڕەشەیەک وا پێویست دەکات هەرچی زووترە دەسەڵاتدارانی هەرێم پێکەوە بە یەک پلانی هاوبەش لەگەڵ بەغدا بەکۆدەنگی نەخشە دابنێن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەر و پێشهاتە نوێیەکان و ڕێک بکەون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، کە پێدەچێت دوبارەبوونەوەی دراماتیکی و تراژیدیی توندوتیژی و توندڕەویی ساڵەکانی دووهەزارەکان ببینینەوە.
لەبەر ئەوە وایدەبینم کە کشانەوەی ئەمریکا بێ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر مەلەفی هێزە چەکدارە شیعییەکانی نزیک لە ئێران و خۆیەکلاکردنەوەی لەم مەلەفە بەلای ئەمریکادا، لە نزیکترین کاتدا بەغدا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی هەمەجۆری ئەمنی، سیاسی و ئابووری دەکاتەوە کە هەڵناگیرێت، و دوور نییە ببێتە مایەی کارەساتی گەورە و لێکترازانی عێراق.
٢٩/٩/٢٠٢٦
