یەکێک لە توێژە هەرە مافخورا و بێنازەکان لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆماندا، توێژی بەتەمەنەکان، پیربووەکان و بەساڵاچووانە. بەشێکیان پاش تەمەنێک لە کارکردن و ماندووبوون، ئەمڕۆ تەنها بە مووچەیەکی کەم و پچڕپچڕ دەژین، و بەشێکی زۆری تریشیان بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی خانەنشینیی گشتگیر و دادپەروەرەوە، لە ئێستای تەمەنیاندا هیچ جۆرە سەرچاوەیەک بۆ داهات و دابینکراوی کۆمەڵایەتیان نییە کە جێگای متمانەی بەردەوام بوون بێ بە ڕێک و پێکی.
 لە کاتێکدا کلتوری کۆمەڵایەتیی ئێمە لە بنەڕەتدا لانکەی ڕێزگرتن، بەزەییپیاهاتن و گەورەگرتنی پیرەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە ژێر زەبری قەیرانە ئابورییە قوڵەکان و داڕمانی بەها مرۆییەکاندا، ئەم توێژە بەرەوڕووی دڵرەقیەکی سەرسوڕهێنەر دەبنەوە؛ چ لەلایەن سیستەمی حوکمڕانییەوە و چ لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگەوە.
ئەم دڵڕەقییە بەڕوونی لەو دیمەنە دڵتەزێن و تاریکانەدا ڕەنگ دەداتەوە کە ناوبەناو لە ڕێگەی مێدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەبینین، کاتێک نەوەکان دایک و باوکی پیربووی خۆیان لە شارێکی دوور یان لەسەر جادە و شوێنە گشتییەکان فڕێ دەدەن. ئەم توندوتیژییە دەروونی و کۆمەڵایەتیە، بەر لەوەی تەنها لادانێکی ڕەوشتیی تاکەکەس بێت، ئەنجامی ڕاستەوخۆی "بێبایەخکردنی مرۆڤە" بەگشتی لەلایەن مۆدیلی حوکمڕانیی ناسیاسی و نادادپەروەرەوە.
 بەساڵاچووان لە هەسارەیەکی ترەوە نەهاتوونەتە ناو ئەم کۆمەڵگەیەوە، بەڵکو ئەوان تەواوی تەمەن، جوانی و تەندروستیی خۆیان لە خزمەتکردن، کارکردن و بەرگەتەگرتنی مێژوویەکی پڕ لە نەهامەتیدا بەڕێکردووە و شایستەی کەرامەتن نەک فەرامۆشکردن.
پرسیاری ئەوەی «چی لە بەتەمەنەکان بکەین؟»، پێش ئەوەی پرسیارێکی ئابووری، سیاسی یان کارگێڕی بێت، پرسیارێکی ئەخلاقی و تاقیکردنەوەیەکی قووڵی مرۆڤبوونی ئێمەیە. لە هەر شوێنێک و بە هەر جۆرێک بتوانین کونجێکی ئەم برینە بگرین، نابێت درێغی بکەین؛ چ لە ڕێگەی کۆکردنەوەی واژۆ و داکۆکیکردن لە ماف و شایستەکانیان بێت، چ لە ڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی راستەقینە لەناو خێزان و ژیانی کۆمەڵایەتیدا، چ لە ڕێگەی بەخشینی سۆز و هاوکاری بە خانەکانی بەساڵاچووان، و چ لە ڕێگەی تێکۆشان لەناو بزوتنەوەیەکی سیاسی و مەدەنیدا بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان. کۆی ئەم هەنگاوانە پێکەوە تەکانێکی گەورە دەدەن بە ڕاچڵەکینی کۆمەڵگە و هۆشیاركردنەوەی ویژدانی گشتی لە خەوی غافڵیی.
بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر بەتەمەنەکان و خانەنشینان، لە بنەڕەتدا ئەو ئەرکە سەرەکیە یاسایی و ئەخلاقییەیە کە دەسەڵات و سیستەم هەمیشە دەیەوێت شانی خۆی لە بەرامبەریدا خاڵی بکاتەوە و خۆی لێ بدزێتەوە. بە هەمان ڕیتمیش، بەشێک لە نەوەکان بە ناوی قەیرانەوە، یان لەژێر کاریگەریی کاڵفامی و بێباکی و دڵڕەقیدا، لاسایی ئەم فەرامۆشکردنە دەکەنەوە!
 لێرەدا کەرتی تەندروستیی فەرمی و دەروونیش کەمتر بەهانای ئەم توێژەوە دەێن، لە کاتێکدا بەتەمەنەکان تەنها پێویستیان بە نان و سەرپەنا نییە، بەڵکو پێویستیان بە چاودێریی پزیشکیی بەردەوام، دەرمانی بێبەرامبەر و دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەروونییە، چونکە تەنهایی و بێدەسەڵاتی لە تەمەنی پیریدا قورسترین جۆری ئازارە.
لە پاڵ ئەمەشدا، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆڕە خۆبەخشەکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەو پیرانەی لە ماڵەکانی خۆیاندا بە تەنهایی دەژین. کەواتە، ئەگەر کەسێک لە ئێمە چاو لەم دۆخە داخات و دایک و باوکی پیری فەرامۆش بکات، پێش ئەوەی لەبەردەم یاسا یان پرنسیپە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەویتە خوارێ، سەرەتا پێویستە لەگەڵ ویژدانی نامرۆڤانەی خۆیدا ڕاستبێتەوە، چونکە نەک هەر پیرەکان، بەڵکو کەرامەتی خودی کۆمەڵگەش لەسەر ئەم تاقیکردنەوە ئەخلاقییە ڕاوەستاوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا