
ستار ئەحمەد
ململانێی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات دیاردەیەکی مێژوویی قووڵە و ڕەگی لە سەرەتای پێکهێنانی کۆمەڵگە و پێکهاتە ڕامیارییەکاندا داکوتراوە. ئەم بەریەککەوتنە لە ڕەگ و ڕیشەدا شەڕی نێوان گەڕانی بەردەوام بەدوای ڕاستی و بەکارهێنانی هێزە. دەسەڵاتی ڕامیاری لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەوڵی سەپاندنی ڕێکخستن و پاراستنی دۆخی ئامادە و ڕاگرتنی ڕامانەکان دەدات بۆ تەمەن درێژی خۆی، لە کاتێکدا ڕۆشنبیر ئەرکی سەرەکی خۆی لە بێدەنگ نەبوون بەرامبەر بێدادیدا دەبینێتەوە، لە ڕێگەی پشکنین و هۆشیارکردنەوە و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات.
دەسەڵات هەمیشە ئارەزووی لە دەنگێکی یەکگرتوو و گوێڕایەڵە کە بڕیارەکان بێ دوو دلی دڵی جێبەجێ بکات، بەڵام ڕۆشنبیر بە سروشتی خۆی لەناو سەنگەری ڕاستییەوە بەدوای فرەیی و ئازادی دەگەڕێت بەرامبەر بە هێزی سەپێنراو.
کاتێک دەسەڵاتدار بە هێزی خۆی هەوڵ دەدات جڵەوی کۆمەڵگە بگرێتە دەست، بەها و چەمکی جیاواز دروست دەکات بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە کردەوەکانی ببەخشێت. لە بەرامبەردا ڕۆشنبیر وەک پارێزەری بەها پیرۆزەکان، ناوەڕۆکی ئەو چەمکانە هەڵدەماڵێت و ڕووی ڕاستەقینەی دروشمەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ناتوانێت چاوبپۆشێت لە نادادپەروەری یان بێدەنگ بێت لە ئاست بەکارهێنانی هێز بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد. ئەم جیاوازییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدار هەمیشە بە چاوی گومانەوە تەماشای دەنگی ڕەخنەگرانە بکات و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر جێگیریی خۆی لێی بڕوانێت. دەسەڵات هەمیشە ئامرازی جۆراوجۆری لەبەرکەوتەدایە بۆ بەکارهێنان؛ لە هێزی چەکداری و داراییەوە تا کۆنترۆڵکردنی بڵاوکراوەکان، بەڵام تاقە چەکی ڕۆشنبیر بیرکردنەوەی سەربەخۆ و هۆشیارییە.
یەکێک لە گەورەترین ئاڵۆزییەکانی ئەم پەیوەندییە لەوەدا دەردەکەوێت کە هێزی دەسەڵاتدار هەوڵێکی بەردەوام دەدات بۆ هەڵلووشین یان کڕینی ئەو کەسانەی لە بەرەی گەل و ئازادیدان. دەسەڵاتداران باش دەزانن کە دەنگی ڕاستی کێشێکی گەورەی هەیە لە ناو کۆمەڵگەدا، بۆیە هەوڵ دەدەن بە بەخشینی پلە و پێگە یان هاوکاری دارایی، دەنگی ڕەخنەگرانەیان کز بکەنەوە یان بیانکەنە بڵندگۆی ڕوونکردنەوەکانی خۆیان. ئەو کەسانەی دەکەونە ئەم تەڵەیەوە، زوو یان درەنگ سەنگەری ڕاستی چۆڵ دەکەن و ڕەسەنایەتی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە ئامڕازێک لە دەستی هێزی فەرمانڕەوایاندا. بەڵام ڕۆشنبیری سەربەخۆ بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم گوشارانە دەبێتەوە و بەنرخی دانی باجی گەورەی وەک دوورخرانەوە و زیندان و تەنانەت لەدەستدانی ژیانیش، دەستبەرداری ئەرکە ئاکارییەکەی نابێت.
ڕۆشنبیر بە دەربڕینی ڕاستی وەک ویژدانی بێدارەوەبووی کۆمەڵگە کار دەکات. کاتێک جەماوەر لەژێر کاریگەریی هێز و دروشمەکاندا بێدەنگ دەکرێن یان تووشی لەبیرچوونەوە دەبن، ئەم پەیوەندییە مێژووییە وا دەکات ڕۆشنبیر بێتە گۆڕەپانەکەوە و ڕێگە لە سڕبوونەوەی هۆشیاری بگرێت. دەسەڵاتدار هەمیشە حەز بە مێژوویەکی دەستکاریکراو دەکات کە تەنیا سودی خۆی تێدا بێت، بەڵام ڕۆشنبیر ڕاستییەکان کۆ دەکاتەوە و بەبێ ترس لە هێز دەیانپارێزێت. ئەم ململانێیە شەڕێکە لەسەر خاوەندارێتیکردنی ئازادی بیرکردنەوە. هەر کۆمەڵگەیەک سەنگەری ڕاستیی تێدا چۆڵ بێت، زوو ڕووبەڕووی تاریکی و دارووخانی ناخی دەبێتەوە، چونکە بێدەنگبوونی دەنگی ڕاستگۆ ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی هێز بەبێ لێپرسینەوە کارە هەڵەکانی دووبارە بکاتەوە.
سەرەڕای هەموو ڕێگری و ئاستەنگەکان، هەبوونی سەنگەری ڕاستی لەبەرامبەر هێزدا نیشانەی زیندوویی کۆمەڵگەیە. کاتێک ڕەخنە لە بەرامبەر هێزدا نامێنێت، ئەوا کۆمەڵگە تووشی سڕبوونێکی مەترسیدار بووە. ڕۆشنبیر ناچارە هەمیشە وەک چاودێرێکی بەئاگا بمێنێتەوە و خۆی لە نزیکبوونەوە لە ناوەندەکانی هێز بپارێزێت تا بتوانێت سەربەخۆیی بیرکردنەوەی بپارێزێت. تەنیا لە ڕێگەی ئەم وەستانەوە بەرامبەر کەم و کورتییەکان، کە کۆمەڵگە دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت و ئازادییەکان بەرفراوانتر ببن. مێژوو دەریخستووە کە هێز و دەسەڵاتەکان دێن و دەچن، بەڵام ئەو هەڵوێستە ڕاستانەی کە ڕۆشنبیران لە سەردەمە دژوارەکاندا تۆماریان کردووە، وەک بەڵگەی زیندووی سەربەستی لە مێژوودا دەمێننەوە.
