عەزیز شەریف و مەسەلەی کورد لە عێراقدا
یەکێک لە نووسراوە سیاسییە گرنگەکان سەبارەت بە مەسەلەی ڕەوای گەلەکەمان، کە دەتوانین بڵێین بایەخێکی مێژوویی هەیە، نامیلکەی (مەسەلەی کورد لە عێراقدا)یە، کە لەلایەن تێکۆشەری بەناوبانگی نیشتمانی و کەسایەتی شیوعی عێراقی، عەزیز شەریف نووسراوە. ئەم کتێبە لە لایەن خودی نووسەرەوە لە ساڵی ١٩٥٠ و ١٩٥٥ دووجار چاپکراوە و چەندین جاری دیکەش چاپکراوەتەوە، لەوانە چاپی چوارەم کە لەلایەن پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ پێشەکییەکی بەپێز و وردی بۆ نووسراوە. لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا، چەندین کەسایەتی سیاسی کوردستانی بە ئەرێنی باسیان لەم نامیلکەیە کردووە و لەهەمان کاتدا لەگەڵ سەرەتای بڵاوبوونەوەی نامیلکەکەدا و بەهۆی ناکۆییەکانی نێو پێکهاتە و گرووپەکانی کۆمۆنیستی لە عێراقدا بەتایبەتی لە نێوان (القاعدە و رایە الشغیلە و وحدە الشوعیین) کە سێیەمیان عەزیز شەریف سەرکردایەتی کردووە، دژایەتی هەڵوێستەکانی عەزیز شەریف سەبارەت بە مەسەلەی کورد کراوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەشیکی سەرەکی بۆچوونەکانی عەزیز شەریف و میتۆدی بیرکردنەوەی لە دووەمین کۆنفرانسی حزبی شیوعی عێراق ساڵی ١٩٥٦، کە کۆنفرانسی یەکگرتنی ئەو گرووپانە بووە، ڕەنگیداوەتەوە. شایانی باسکردنە کە چەندین توێژینەوە و نامەی ماستەر سەبارەت بە کەسایەتی عەزیز شەریف و هەڵوێستی لە مەسەلەی کورد، لەوانە ماستەرنامەکەی مامۆستا مەغدید حاجی کە بە ناونیشانی (عەزیز شەریف و کورد)ە، ئەنجامدراوە.
 هەڵوێستوەرگرتن و بۆچوونەکان سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی هەردەم بە بابەتێکی زیندوو دەمێنێتەوە و بەپێی پەرەسەندنی ئاستی مەسەلەی نەتەوایەتی، پێویستی بە گۆڕانکاری و دەوڵەمەندکردنە. گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆ کە باسی هەڵوێستی عەزیز شەریف دەکەین لە بیرمان نەچێت، کە هەر بابەتێکی نووسین و هەڵوێستوەرگرتن سەبارەت بە مەسەلەیەکی دیاریکراو، پێویستە ڕێڕەوی مێژوویی و هەلومەرجی بابەتی کە کار لە داڕشتنی ئەو هەڵوێستە دەکات، لەبەرچاو بگیرێت.
هەرچەندە ناکرێت لە ستوونێکی ڕۆژنامەگەرییدا مافی تەواو بە هەڵوێستەکانی عەزیز شەریف لەم نامیلکەیەدا بدرێت، بەڵام هەندێک خاڵی سەرەکی هەیە کە دەکرێت بخرێنەڕوو:
ــ ئەم نامیلکەیە دووەمین نامیلکەیە کە کەسایەتییەکی پێشکەوتنخوازی عەرەب سەبارەت بە مەسەلەی کورد نووسیویەتی. شایانی باسە یەکەمین کتێب بە ناونیشانی (مەسەلەی کورد لە نێوان دوێنی و ئەمڕۆدا) لەلایەن نووسەری کریستیانی لوبنانی (ئەدیب مەحفوز) لە ساڵی ١٩٤٥دا نووسراوە، و لەلایەن حکوومەتی پاشایەتی حوکمڕان لە عێراقدا دەستی بەسەردا گیراوە. ئەم کتێبە سەرلەنوێ بە پێداچوونەوە و پێشەکییەکی د. عەبدولفەتاح بۆتانی ساڵی ٢٠٠٨، چاپکراوەتەوە.
ــ عەزیز شەریف تێگەیشتنێکی ڕوونی تێکۆشەرانەی سەبارەت بە مەسەلەی کورد خستۆتەڕوو کە ئاماژەی بە پەرەسەندنی مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد کردووە و بۆچوونەکانی لەگەڵ خولیا و ئاواتی گەلی کورد دەگونجێت.
ــ لە نووسینەکەیدا پشتی بە چەمک و دەستەواژە مارکسیستییەکان بەستووە و لەو ڕوانگەیەوە داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلی کورد کردووە و تێیدا ئاماژەی بە وتەکانی مارکس و ئینگلز و ستالین کردووە و چارەسەری لینینیزمییانەی بۆ مەسەلەی گەلی کورد خستۆتەڕوو.
ــ نامیلکەکە بە شێوازی زانستییانەی توێژینەوە نووسراوە و لە سەرەتاوە بە خستنەڕووی مەسەلەکە دەستپێدەکات و لە بەشی یەکەمەدا باس لە مەسەلەی کورد لە عێراقدا دەکات؛ ئاماژە بە سیاسەتەی کۆلۆنیاڵیززمی بەریتانی و مەسەلەی کورد دەدات، کە لە چوارچێوەی بابەتی مەسەلەی ڕۆژهەڵات لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەجێندەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بووە. پاشان نووسەر باس لە شێوازی بەکۆلۆنیاڵیزمی کوردستانی عێراق دەکات و دوای ئەوەش بابەتەکەی لە ژێر چەندین ناونیشانی سەرەکی بەردەوام دەبێت، لەوانە: بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، تایبەتمەندییەکانی بزاڤی نەتەوەی کورد و شۆڕشەکان، ڕەوتی کۆنەپەرستانە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە بواری سیاسی و لە بواری هزریدا.
بەشی دووەمی نامیلکەکە بە ناونیشانی چارەسەری مەسەلەی کورد دەستپێدەکات و ئەم بابەتانە لەخۆدەگرێت: چارەسەری  ڕیفۆرمخوازانە، چارەسەری نێونەتەوەیی پرۆلیتاریا، کە لە مافی بڕیاردانی چارەنووس و یەکێتی ئارەزوومەندانەدا خۆی دەیبینێت، هەڵوێستی جەماوەری عەرەب سەبارەت بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کورد، هەڵوێستی جەماوەری کورد و دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری و بانگەشەکردن بۆ یەکێتی ئارەزوومەندانە. لە کۆتاییدا نووسەر پوختەی توێژینەوەکەی خستۆتەڕوو کە تیایدا داوا لە جەماوەری ڕەنجدەری عەرەب دەکات بۆ مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد بەمافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تێبکۆشن.
لە هەمان کاتدا داوا لە پێشکەوتنخوازەکانی کورد دەکات کە لەم هەلومەرجەدا دژ بە خولیای گۆشەگیری بن و بانگەشە بۆ یەکێتی ئارەزوومەندانە بکەن. هەڵبەتە بە بۆچوونی نووسەر، ئەم تێکۆشانە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانی دژ بە کۆلۆنیاڵیزم و بەکرێگیراوەکانی و لە تێکۆشان دژ بە ئیمپریالیزمی ئەنگلۆـ ئەمریکی، جیاناکرێتەوە.
لە چوارچێوەی ڕەوتی مێژووییدا، هەڵوێستی عەزیز شەریف سەبارەت بە مەسەلەی گەلەکەمان پێشەنگی و پێشڕەوایەتی پێوە دیارە، بەڵام دەمێنێتەوە ئەم مەسەلەیە لە چوارچێوەی مەسەلەی نەتەوەیەک تەماشاکراوە نەک مەسەلەی نیشتمانێک کە خاوەنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستانییە

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا