
ڕێگای كوردستان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانی بۆ سەر ئێران کرد ئەگەر تا دوای سەریساڵی نوێ نەگەنە ڕێککەوتن، و هۆشداریشیدا کە هەر کەشتییەکی ئێرانی هەوڵی شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکە بدات لە بنی دەریا نوقم دەکرێت.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، هیچ ئاماژەیەک نییە دەریدەخات تاران لە ئێستادا ئامادەی ڕێککەوتن بێت، ئاماژەی بەوەشدا کە بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە گفتوگۆ، بەڵام "لە خۆدزینەوەدا زۆر لێزانن" و "تەنها کات بەفیڕۆ دەدەن و لە ڕێککەوتنی ڕاستەقینە هەڵدێن". بەهۆی ئەمەشەوە، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند مەیلی ئەوەی هەیە دوای سەریساڵ دەست بە هێرشەکانی بکاتەوە.
سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەکان، ترەمپ وتی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بەردەوامن، بەڵام هیچ ئەنجامێکی کردارییان لێنەکەوتووەتەوە. هەروەها هۆشداریی توندی دایە دەسەڵاتدارانی تاران کە ئەگەر هەوڵی شکاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بدەن، کەشتییەکانیان ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی هێزی دەریایی پێشووی ئێران دەبنەوە و نوقم دەکرێن.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدان کە هێزەکانی ئەمریکا ماوەی زیاتر لە 130 ڕۆژە گەمارۆیەکی توندی دەریاییان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. سەرەڕای نێوەندگیریی قەتەر و هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی جەنگی گشتگیری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
