
حەیدەر عەبودی ووتەبێژی حکومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا، لەگەڵ کەناڵی (الرابیعة) ڕایگەیاند، حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، گەنجینەی دەوڵەتی تووشی زیانێکی نزیک بە ٣٦ تریلیۆن دینار کردووە بەهۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار لە ١٤٧ هەزارەوە بۆ ١٣٢ هەزار دینار، ئەمەش قازانجی جامبازەکانی گەورە کردووە و کاڵای بیانی و قاچاخچێتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەرزبوونەوەی نرخەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ چاوچنۆکی هەندێک بازرگان کە دۆخەکە دەقۆزنەوە.
عەبودی دۆخی ئابوری عێراقی بە گەمارۆدراو ناوبرد و ئاشکرای کرد، کە سەردانی ئێرانی دراوسێیان کردووە و مەترسییەکانیان خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی لەم قۆناغە سەختەدا پشتگیری عێراق بکەن بۆ تێپەڕاندنی نەوتەکەی، بەڵام هیچ وەڵامێک نەبووە. ئێستاش کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان نەوتی داشکێنراوی عێراق دەگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆش، عەبودی جەختیکردەوە، کە دەزگا ئەمنییەکان ڕێوشوێنی پۆلیسی بەکارناهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ، بەڵکو حکومەت کار لەسەر ئەوە دەکات و بەمزوانە پاکێجێک بڕیار دەردەچێت بۆ پشتگیریکردنی کاڵاکان و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابوری لە بازاڕەکاندا بۆ خزمەتی هاوڵاتییان.
