
بێگومان هەموو نەتەوەو گەل و نیشتمانێک ناوەندی روحی یادەوەریی هەیە، ناوەندی روحی کۆڵەکەی بەهێزی بەڕێوبردنی نەتەوەو نیشتمانە، ناوەندی روحی یادەوەری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئاخۆ کورد وەکو گەل و نەتەوەو نیشتمانی دابەشکراو، ناوەندی روحی یادەوەریی هەیە، تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین، بەڵی کورد ناوەندی روحی یادەوەریی هەیە یان لە ڕێگای پێکهاتن و خەمڵاندن دایە، چەمکی ناوەندی روحی یادەوەریی لە چەمکی دەوڵەتی قووڵەوە نزیکە، دەوڵەتی قووڵ بە واتای دەسەڵاتی نادیاری بان حزبی و بان سیاسی و بان حکومەت و بان دەوڵەت، چەمکی دەوڵەتی قووڵ هێز لە شەرعیەتی شوڕشگیری هەر گەلێکەوە وەردەگرێ، دەسەڵاتێکە لە پشتەوەی دەسەڵاتەکان، لێرەدا دەتوانم بڵێم دەسەڵاتێکی مافیایی یە ! یادەوریی تاڵ و تفتی مێژووی نەتەوەیەکی لە پشتە، سیمبولەکانی ئاڵاو و خاک و زمان و کەلتور و مێژووی وەرچەرخانەکانی لە پشتە، شوناسی ڕاستەقینەی هەر گەل و نەتەوەیەکە، لە هەندێ حاڵەتدا کە باس لە دەسەڵاتی یادەوەریی ئەکەین دەسەڵاتێکی نادیارە، فریکوینسی و پلەی هەژێنی تایبەت بەخۆی هەیە، فریکوینسی ناوەندی روحی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی دیکە جیاوازە، ئاخۆ لە سایەی نەتەوە سەردەستەکان و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەسایەی تەعریب و تەفریس و تەتریک، ناوەندی روحی یادەوەریی کورد یان کوردستان کوسپ و تەگەرەی لە پێش دایە، زیانی پێدەکەوێ یان زیانی لێکەوتووە، بێگومان بەڵێ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە ئاگاییەوە خەریکی دزینی وزەی یادەوەریی گەل و نەتەوەی کوردن بە درێژایی مێژوو، ئەوان کاتێ پروسەی تەعریب و تەفریس و تەتریک ئەنجام ئەدەن، ئەم هەنگاوە خۆی لە خۆی دا شێواندنی شوناسی گەلی کوردە، چەواشەکردن و نامۆ کردنی ئەندامانی گەلی کوردە بە شوناسی ڕاستەقینەی خۆی، کەم نیین ئەوانەی لە ماڵەوە بەزمانی بێگانە لەگەڵ منداڵەکانیان دەئاخفن، گوێ لە گۆرانی و موزیکی بێگانە دەگرن، نموونەی باڵایان لە بواری هونەر و رۆشنبیری و زمان لە نەتەوەکانی سەردەستە تەنانەت نووسەرەمان هەیە لە ئاستی چوار پارچەکە بە زمانی بێگانە دەق دەنووسن، دەق نووسین بە زمانی بێگانە تاڕادەیەک ئاسایی یە بەمەرجی بەسەر زمانی نەتەوەکەی خۆت زاڵ بیت و بتوانی وەک سەرەکیترین زمان کەڵکی لێ وەرگری، لە ڕاستی دا ململانیەکان لە دیارو نادیاردا لە پێناو کێشمەکێشی وزەی یادەوەریی یە، لە ئەوروپا پەناهەندە دەچێتە هەر وڵاتێک بە ناچاری فێری زمانەکەی خۆیانی دەکەن ئەم هەنگاوەش لە رووی زانستی یادەوەریی یەوە، دابڕاندنی یادەوەرییانە لە نەتەوەی خۆیان و سود وەرگرتنە لە وزەیان بۆ قازانج و بەرژەوەندی نەتەوەی خۆیان، ئەم ڕاستی یە کەم کەس دەرکی پێ ئەکا، ئەوەی جێگای ئاماژە بێت لەم بوارە کە کورد و بەتایبەتی شاری سولەیمانی ئێشی لەسەر کرد بێت، ئەوە گەنجێکی ئەمریکی یە بە ناوی هەریم یان سوورە ! تەنانەت بەتاتۆ ناوی سولەیمانی و خەریتەی کوردستان لەسەر جەستەی خۆی کردووە، لە کوردێکی ڕەسەن زیاتر داکۆکی و پڕوپاگەندە بۆ کورد و کێشەکەی دەکا لە سوسیال میدیا، بێگومان لە کوردستانی باشوور ئیش لەسەر پەناهەندە کراوە بۆ نموونە لە هەولیریش بەنگلادشی هەیە ئەڵی کوردم و عەشیرەتم خەیلانی یە !
من بۆیە ئەم نموونانە دەهێنمەوە چونکە لە سوشیال میدیا بەرچاون بەتایبەتی بەڕیز سوورە ! ناوەندی روحی یادەوەریی دەبێ هەمیشە هەوڵ بدا سیمبولەکانی زمان و خاک و ئاڵا و رۆشنبیری بەگشتی بەرجەستەوجێگیر بکا لای ئەندامانی سەر بە شوناسی نەتەوە تا وەکو کەس نەوێری بە ئاڵاکەی بڵی ( پەڕویەکی بێ نرخە ) بڕوا ناکەم عەرەبێک یان فارسێک یان تورکێک بێ رێزی بەرانبەر سیمبولەکانی خۆیان بکەن بۆ نموونە کەسایەتی ئەتاتۆرک لە تورکیا خەتی سوورە، وێژدانی ناوەوەی گەلی تورک پێک دەهێنی، یەکێکە لە سیمبولەکانی دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا کەچی لە نێو کورد، تا ڕادەیەک بێ خاوەن، کەسانێک هەن جنێو بە قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە ئەدەن وەکو بەرزگی بانان کەس پێیان ناڵێ پشت چاوتان دوو برۆیە ! لێردا هەتا نەکەوینە سەنگەری پاسۆکەوەو کەسانێک بە ڕەگەزپەرەست و تەنگ نەزەر لێمان تێ نەگا، ناوەندی روحی یادەوەریی گەلی کورستان خۆپەرەست نییە، شوناسێکی داخراو نییە، بەڵکو ڕایەڵی ئەنتەرناسیوناڵیی هەیە بۆ نموونە لە ٨٠٪ بەشێوەیەکی ستوونی دەبێ ئێمە ئیش لەسەر شوناسی کورد بوونی خۆمان بکەین، سیمبولەکانی خاك و نیشتمان و ئاڵاو کەلتوورو کەلەپوورمان بەرز ڕاگرین لە زەین و هۆش و ئەندیشەی ئەندامانی نەتەوە، وەرچەرخانە مێژووییەکان وەک هەڵەبجەو کارەساتی ئەنفال و کۆڕەوو تەنانەت ئاشبەتاڵێش یادەوەریی گەلی کوردیان یەکخست لە رووی دڵگرانی و خەم و خەفەتەوە، لەبەرەبەیانی مێژووەوە گەلی کورد شۆڕشی کردووە و قوربانی و شەهیدی داوە، چەندین ڕابەر لە سێدارە دران یان لە بەرەکانی خەبات دا تێرۆر کران، دەبێ سوێندی ناوەندی روحی یادەوەریی کوردستان سوێند خواردن بێت بە گۆڕی شەهیدان، سوێند خواردن بێت بە خاك و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، سوێند خواردن بێت بە رۆحی قوربانیانی هەڵەبجەوە ئەنفال و کۆمەڵکۆژی یەزیدیەکان، سوێندخواردن بێت بە داڕە بەڕووەکانمان
دەبێ ناوەندی روحی یادەوەریی کوردی سروت و تەقسی نهێنی تایبەتی بەخۆی بێت هەتا بتوانن لە کاتێ پێویست وزەی یادەوەرییەکانی یەکبخات و ئاراستەی بکات وەک چۆن لە کارەساتەکانی رۆژئاوای کوردستان هێزی یادەوەریی کوردی لە خۆپێشاندانەکان دا بەرجەستە بوو، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات، مناڵ و گەنج و ئافرەت وپیر بە یەک دەنگ هاوارییان دەکرد، کوردستان یەکەو نابێ بەچوار ! بەڵێ دەبێ ئێمە شانازی بکەین بە سیمبولەکانی نەتەوەی خۆمانەوە بە گیان و بەدڵ داکۆکیان لێ بکەین، لە کۆتایی دا ئەڵێم ئەشێ ناوەندی روحی یادەوەریی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ٢٠٪ ئیش لەسەر ڕایەڵی ئەنتەر ناسیوناڵیی بکا، ئێمە پێویستمان بە پرد و زمانی هاوبەشە لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێمان دەبێ ئەم ڕایەڵە فەرامۆش نەکرێ ! تەنیا بە خەباتی چەکداری گەلەکەمان ناگات بە ئامانجی خۆی بەڵکو پێویستمان بە گفتۆگۆ و زمانی دیبلوماسی و دیالۆگە، دەبێ هەوڵ بدەین ئەو دەنگانەی ناو نەتەوەکانی دیکە بەمەبەستی پاڵپشتیمان زیاترو زیاتریان بکەین، گرنگە ڕای گشتی ناو نەتەوەکانی دیکە بەلای خۆماندا ڕاکێشین.
هاوڕێ نەهرۆ / ئۆسلۆ
١٠ / ١٠ / ٢٠٢٦
