
ڕێگای کوردستان
لە کەرکووک، لایەنە عەرەبییەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگا دروستکردنی کوتلەیەکی یەکگرتوویان ڕاگەیاند. ئەم کوتلەیە کە سەرجەم ئەندامانی عەرەب لەخۆدەگرێت، ئامانجی یەکخستنی بڕیاری سیاسی و گوتاری نەتەوەیی پێکهاتەکەیە بۆ بەدەستهێنانی ماف و پۆستە کارگێڕییەکانی شارەکە.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم یەکگرتنە وەک کارتێکی فشاری بەهێز بەرامبەر پێکهاتەکانی تر بەکاردێت. لە بەرامبەردا، واقیعی سیاسیی کورد لە دۆخێکی پەرتەوازەدایە، پارتی و یەکێتی لەبری بیرکردنەوەو هەنگاونان بەرەو یەکڕیزی و یەکخستنەوەی ناو ماڵی پەرتەوازەی کورد، کەچی زیاتر پەرە بە ململانیەکانیان دەدەن و زێاتر لێکترازان درووست دەکەن.
بە بڕوای شارەزایان، کورد سەرڕای هەبوونی زۆرترین کورسی، بەهۆی پەرتەوازەییەوە لە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی پێگە مێژوویی و سیاسییەکەیەتی لە کەرکووک، لە کاتێکدا پێکهاتەکانی تر خەریکی تۆکمەکردنی ڕیزەکانیانن.
