
هاوڕێ کرێکار- گەرمیان
ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە ١١-٥-٢٠٢٦، سەرکونسوڵی کۆماری چین لە هەولێر، بە یاوەریی شاندێکی حزبی شیوعی کوردستان، کە پێکهاتبوو، لە هاوڕێیان ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی و هاوڕێ پێشڕە و هیوا محەمەد، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و عەدنان ساڵح،جێگری سکرتێری مەڵبەندی گەرمیان ، سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد و لەلایەن د. ئاراس زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، د. ئاراس زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، بایەخی ئەم سەردانەی بۆ زانکۆکە بەرز نرخاند. پاشان کورتەیەکی لەسەر پێکهاتە و بەشە زانستییەکان و چالاکییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی گەرمیان لە بوارە جیاجیاکاندا پێشکەش بە شاندەکە کرد.
لای خۆیەوە، سەرکونسوڵی کۆماری چین خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو داواکارییەکمان بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵ زانکۆی گەرمیان بەدەست گەیشتووە و هیوادارین پەیوەندییەکانمان بەردەوام بن بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە زانکۆکانی کوردستان و بەتایبەت زانکۆی گەرمیان بکەین. هەروەها سوپاسی هاوڕێ ئەبوکاروانی کرد بۆ ڕەخساندنی هەلی ئەم سەردانە و ئاشنابوون بە ناوچەکە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد (AI) کرا. لەسەر پێشنیاری شاندی حزبی شیوعی، سەرکونسوڵی چین بڕیاری دا لە هەر خولێکی ڕاهێنان کە بۆ فەرمانگە حکومییەکان و زانکۆکان دەکرێتەوە، ئەولەویەت و ڕیزبەندی یەکەم بدرێت بە زانکۆی گەرمیان.
هەر لە دیدارەکەدا، هیوا محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی، داوای لە سەرکونسوڵی چین کرد تایبەتمەندیی ناوچەی گەرمیان لەبەرچاو بگرن و پشکی زیاتر لە خولەکانی ڕاهێنان بەم زانکۆیە ببخشن، بەوپێیەی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە هەیە.
لە کۆتاییدا، هاوڕێ ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، جەختی کردەوە: "گەرمیان بۆ ئێمە هەمیشە جێگەی بایەخ بووە؛ ئەگەر لە ڕابردوودا بە خوێن بەرگریمان لێ کردبێت، ئێستا ئەرکی سەرشانمانە لە ڕووی زانستی و گەشەپێدانی زانکۆکەیەوە هەوڵی تەواو بدەین.


