
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٥/١١ لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانی و لەژێر دروشمی یەک نەتەوە و یەک چارەنووس مەراسیمێکی شایستە بۆ سوپاسگوزاری و ڕێزلێنان لە بەرخودانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو کە تێیدا شاندێکی مەڵبەندی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان کە پێکهاتبوون لە هاوڕێ فاخیر شەهید زاهیر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری مەڵبەندی سلێمانی و سامان زیندانی، ئەندامی مەڵبەند و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان و میوانان ئامادەیی بوون.
مەڵبەندی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان لە بروسکەنامەیەکدا وەک هەمیشە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەبن لە هەر کوێیەک بێت.
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا و لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سوپاسی ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان و گەلی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرد بۆ ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی لە ڕۆژئاوا دەیکەن و دواتر لە ڕێگەی سینەما ڤیژنەوە دۆکیۆمێنتارییەک دەربارەی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی ڕۆژئاوا نمایشکرا.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا هەریەک لە هونەرمەندان لوقمان سەلیم و دڵنیا خان بە پێشکەشکردنی چەندین گۆرانی و سروودی نیشتمانی کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا و جەختیان لە یەکڕیزی و تێکۆشانی هاوبەشی گەلی کورد کردەوە.



