
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە ناو بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا و بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگەدا تیمی سەربازیی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستبەکار ببنەوە کە ئەمەش دوای ماوەیەک دێت لە کشانەوەیان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئێران و مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر گیانی سەربازەکانیان.
ئێستا لە ناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجیستییەکان بۆ پێشوازیکردن لە ئەمریکییەکان دەستیان پێکردووە و ئەم گەڕانەوەیە تەنها ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵکو بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکاش دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان کە پێشتر شوێنەکانیان جێهێشتبوو هەروەها ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی ڕێژەیی دۆخەکە و دەسپێکردنەوەی هەماهەنگییە ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەبینرێت.
پێشتر و لە کاتی گەرمبوونی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران هێزەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەو فەرماندەییە کشابوونەوە و هەموو جومگە بڕیارە سەربازییەکانیان ڕادەستی هێزە عێراقییەکان کردبوو بەڵام گەڕانەوەی ئێستایان نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن دەیەوێت جارێکی دیکە لە جەرگەی بڕیاری سەربازیی عێراقدا ئامادەیی هەبێت و ئەو دۆسێ ئەمنییانەی کە لە کاتی شەڕی ئێراندا فەرامۆش کرابوون جارێکی دیکە کارا بکرێنەوە.
