
ئەمە پرسیارێکە ڕەنگە بە مێشکی زۆرێک لە ئێمەدا تێپەڕببێت و بیربکەینەوە، من وەک ئەندامێکی بچووکی کۆمەڵگەی جیھانیی دەتوانم چ کارێکی کاریگەر بکەم بۆ پاراستنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە ھەسارەی زەوی؟.
ڕەنگە وابیربکەینەوە کە کردەوەکانمان وەک تاک ھیچ بارگرانییەک لەسەر زەوی لانابات و کردارەکانی یەک کەس وەک بەشێک لە کۆی گشتی مرۆڤایەتی یارمەتیدەر نەبێت بۆ پاراستنی سرووشت، بەڵام ئەمە وا نییە!. تاک لەناو کۆمەڵگادا دەتوانێ کاری زۆر گەورە بکات. ئێمە لێرەدا باسی تاکێکی ھۆشیار و بەرپرسیار دەکەین.
بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) پێی وایە، ھەموو مرۆڤێک وەک بەشێک لەو حەوت ملیار کەسەی لەسەر ھەسارەی زەوی دەژین، دەتوانێت ھەنگاوی زۆر کاریگەر بنێت لە گرنگیدان بە ھەسارەی زەوی لە ڕێگەی چەند کردەوەیەکی سادە و کردارییەوە کە ھەموومان توانای ئەوەمان ھەیە جێبەجێیان بکەین.
لێرەدا پێویستە تەنھا بڕیاربدەین و ھەموو ڕۆژێک ھەنگاو بنێین بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی گازە مەترسیدارەکان، ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی وزە، زیادکردنی سەوزایی، ھەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی زبڵ و خاشاک، و ئاگادارکردنەوەی ھاوڕێ و ھاوکارەکانمان بۆ بابەتی ژینگەپارێزیی.
بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دە ھەنگاوی کردەیی و زۆر سادەی بۆ پاراستنی ژینگە وەک ڕێوشوێنێکی کاریگەر لە بواری پاراستنی ھەسارەی زەویدا خستۆتە ڕوو کە ھەموومان دەتوانین بە کەمترین ھەوڵ جێبەجێیان بکەین.
یەکەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە ھەر کەسێک لە ھەفتەیەکدا تەنھایەک ڕۆژ خۆراکی ڕووەکی بخوات و گۆشت نەخوات.
کاتێک لە ھەفتەیەکدا تەنھا یەک ڕۆژ گۆشت نەخۆیت، دوای ساڵێک، بڕی کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی گازە زیانبەخشەکان لەلایەن تۆوە نزیکەی ھەمان شتە کە ئۆتۆمبێلەکەت بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵ نەبەیتە دەرەوە!. بیھێنە بەرچاوت، ئەگەر حەوت ملیار کەس ئەم ئامۆژگارییە جێبەجێ بکەن، بەرھەمھێنانی گازە زیانبەخشەکان چەند کەم دەبێتەوە؟.
دووەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە بلیتی گەشتەکانتان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئامادە بکەن و خۆتان بەدوور بگرن لە وەرگرتنی بلیتی کاغەزی.
ڕەنگە پێت وابێت ئەم کارە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لە کەمکردنەوەی بڕی بەکارھێنانی کاغەز و تێچووی پەیوەندیدار، بەڵام بیھێنە بەرچاوت کە حەوت ملیار کەس ئەم ئامۆژگارییە جێبەجێ بکەن چی ڕوودەدات؟.
سێیەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری چاککردنەوەی بۆری ئاوی تەقیوو یان دزەپێکراو دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاو. کاتێک بۆری ئاو چاک دەکەیتەوە و ڕێگری لە دزەکردن و بەھەدەردانی دەکەیت، بە تێکڕا ڕێگریت کردووە لە بەفیڕۆدانی نزیکەی ٤٠ ھەزار لیتر ئاو لە ساڵێکدا. باشە ئەگەر حەوت ملیار کەس لەسەر زەوی ئەم ڕێنماییە جێبەجێ بکەن چی ڕوودەدات؟.
چوارەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری گۆڕینی گڵۆپی ئاسایی دەکات بە گڵۆپی پاشەکەوتکەری وزە و ھەروەھا ئەو گڵۆپانەی وزەیەکی کەمتریان دەوێت.
بەکارھێنانی گڵۆپی پاشەکەوتکردنی وزە یان ئەو گڵۆپانەی بە وزەیەکی کەم کار دەکەن، لەبری گڵۆپی ئاسایی کە وزەی زۆریان دەوێت، تا ٧٥%ی بەکارھێنانی کارەبا پاشەکەوت دەکات.
پێنجەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئامێرە ئەلیکترۆنییە کۆنەکان فڕێ نەدرێت و نەکرێتە زبڵ و خاشاک. بەڵکو پێویستە ئەم ئامێرانە ڕیسایکلین بکەین و پێکھاتەکانیان دووبارە بەکاربێنینەوە.
شەشەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە ماڵەوە چالاکییەکانتان لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تەلەفۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنی و پەیوەندییەکانی دیکەوە ئەنجام بدەن و تا دەتوانن خۆتان بەدوور بگرن لە ھاتوچۆی ناپێویست بەتایبەتی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت. ئەم کردارە زۆر یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی کاربۆن و گازە مەترسیدارەکان.
حەوتەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ بەکارھێنانی ئاو، پێشنیاری بەکارھێنانی تێرمۆس و بوتڵی ھەمیشەیی دەکات لەبری بوتڵی پلاستیکی یەکجار بەکارھێنراو.
لەم ڕێگەیەوە، تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو دەکرێت و پاشماوەی پلاستیکی کەمتریش فڕێدەدرێتە ناو سرووشت.
ھەشتەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیار دەکات، شووشە و ئەلەمنیۆم لە پاشماوە و زبڵ و خاشاک جیابکرێتەوە و ڕادەستی ناوەندەکانی ڕیسایکلکردن بکرێن.
لەم حاڵەتەدا، پاش ماوەیەک، ھەمان پارچە شووشە یان ئەلەمنیۆمی ڕیسایکل کراو دەگەڕێتەوە بۆ خولی بەرھەمھێنان و بەکارھێنان کە لەوانەیە جەنابت ھەمان پارچە بە فۆرمێکی جیاواز لە فرۆشگایەکدا بکڕیت.
نۆیەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە بە پاسکیل بچنە سەر کارەکانتان. کاتێک بە پاسکیل دەچیتە سەر کارەکەت، بە تەنیا خۆت، زەوی لە ٢٥٠ گرام کاربۆن (بۆ ھەر کیلۆمەترێک ڕۆیشتن) ڕزگار دەکەیت.
دەیەم: بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە ماڵەوە خواردن ئامادە بکەن و بیخۆن.
کاتێک لە ماڵەوە خواردن درووست دەکەیت و خواردنی ماڵەوە بەکاردەھێنیت، بە بەکارنەھێنانی دەفری پلاستیکی و سفرەی نایلۆنی یەکجار بەکارھێنراو، جگە لە کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی پاشماوەی پلاستیکی، ٢٦٠ جۆر ئاژەڵ لە مەترسی خواردن و قووتدان و گیربوون لە پاشماوەی پلاستیکی ڕزگار دەکەیت.
ئەمانە کارێکی زۆر سادە و پراکتیکین و ھەریەک لە ئێمە دەتوانین ھەندێک یان ھەموویان ئەنجام بدەین و بەم شێوەیە ھەنگاوێکی گەورە بۆ پاراستنی ژینگە و ھەسارەی زەوی بنێین. بیھێنە بەرچاوت کە ئەگەر حەوت ملیار کەس ئەم ڕاسپاردانە جێبەجێ بکەن، بارودۆخی زەوی چەندە باشتر دەبێت!
ئەم باسە لە فارسییەوە کراوەتە کوردی.
سەرچاوەی باس: پەیجێکی فارسییە بەناوی( باشگاه ورزشهای کوهستانی بام ایران فرخشهر).