حەمەسەعید حەسەن

ئەوەی گوتراوە لەبارەی قۆناغی منداڵیی موحەممەدەوە، لە میتامێژووەوە نزیکترە وەک لە مێژووەوە، ئاخر خۆ قەدەر دوا پەیامی خۆی، بۆ باشترین ئوممەتی سەر زەوی، بە کەسێکی ئاساییدا نانێرێت. ماکسیم ڕۆدنسۆن (١٩١٥ - ٢٠٠٤) دەڵێت: (هەموو ئەوەی سەبارەت بە موحەممەد نووسراوە، لاپەڕە و نیوێکی مێژووە، ئەوەی دیکەی میتامێژووە.) وەک چۆن ئەرکیۆلۆگ بە کۆمەکی ئەزموونی خۆی، پارچەکان پێکەوە دەنووسێنێت و سەرلەنوێ گۆزەکە دروست دەکاتەوە، بۆ نووسینەوەی ژیاننامەی قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریی موحەممەدیش، چونکە ئەوەی هەیە، زیاتر داستانە، باسکار مەگەر بەپێی شارەزاییی خۆی پارچە ڕاستەقینەکان ببینێتەوە.

منداڵ کە لە بەهەشتی هەناوی دایکی دێتە دەرەوە، تەنیا لە ئامێزی پڕ سۆزی دایکیدا ئۆقرە دەگرێت، بێبەشبوونی منداڵ لەو ئامێزە، برینێکی دەروونییە، ساڕێژبوونی وەک مەحاڵ وایە. ئەو پێوەندییە گەرمەی دایک بە منداڵەکەیەوە، سۆز و دڵنیایی و خۆشەویستی بۆ منداڵ دابین دەکات و ئیدی منداڵ کەسێکی بێ برین و بێ گرێی لێ پەیدا دەبێت و بیر لە تۆڵە ناکاتەوە. دەروونناسی ئەمریکایی هاینز کوهوت دەڵێت: (دایک کە شیر دەدات بە منداڵەکەی، بە چاوێکی پڕ سۆزیشەوە سەرنجی چاوی دەدات، منداڵێک لەو سەرنجدانە پڕ سۆزەی دایکی بێبەش بێت، دەشێت تووشی دوو دەردی دژ بە یەک ببێت: خۆ بە مەزن زانین و هەست بە شەرمەزاری کردن.)

بۆچی جیابوونەوە لە دایک شۆکی بەدوادا دێت؟ چونکە ساوا خۆی بە درێژکراوەی بایەلۆجیی دایکی دەزانێت، ئەوە بۆیە دوای ئەوەی تێر شیریش دەبێت، هەر دایکی لێی دوور بکەوێتەوە، دەگری. منداڵی بێبەش لە سۆزی دایک، هەم بەرانبەر بە خەڵک توندوتیژ دەبێت، هەم بەرانبەر بە خۆیشی. موحەممەد هێشتا لە دایک نەبووە، باوکی دەمرێت، کە لە دایک دەبێت، دەدرێتە دەست دایەن و بە شەش ساڵی دایکیشی دەمرێت. برینی بەسوێی ئەم ڕووداوانە دەشێت هەرگیز ساڕێژ نەبن. (بێباوک نەبوویت، داڵدەی دایت؟ ألم یجدک یتیما فأوی؟ زووحا ٦) ئەوەی موحەممەد ڕازی نەدەبوو، دوای مردنیشی کەس ژنەکانی بهێنێت، دەشێت زادەی ئەو شۆکە بووبێت کە هەر زوو لە دایکی دوور خرابووەوە. کەسی بێبەش لە سۆزی دایک، زوو تووڕە دەبێت، بەگوێرەی سیرەی ئیبن هیشام، بەشی ١ ل٢٨٩ لە سەروەختی تەوافدا لە قورەیشییەکان تووڕە دەبێت و پێیان دەڵێت: (سوێند بەوی گیانی منی بە دەستە سەرتان دەبڕم.)

قورئان بەڵگەنامەیەکی ڕاستگۆیە، باری دەروونی پەیامهێن دەگێڕێتەوە، کتێبێکە ڕاستگۆیانەتر لە ددانپێدانانەکانی ڕۆسۆ نووسراوە. قورئان هەر باسی (ئیمان)ی موحەممەد ناکات، (گومان)یشی دێنێتە بەر باس: (لەوە دەچێت سینگت جێی هەموو ئایەتەکانی تێدا نەبووبێتەوە و بەشێکیانت پشتگوێ خستبێت. هوود ١٢) موحەممەد لە قورئاندا ڕاستگۆیانە بیرەوەرییەکانی خۆی گێڕاوەتەوە، بۆیە دەتوانین وەک بەڵگەنامەی دەروونی و دیرۆکییش سەرنجی بدەین. قورئان نەستی پەیامهێنە بە هەموو ناکۆکییە ویژدانییەکانییەوە، لە مەککە وەک کەسێکی نەرمونیان، لە مەدینە وەک کەسێکی توندوتۆڵ، لە مەککە وەک پەیامهێنێکی شاعیر، لە مەدینە وەک پەیامهێنێکی جەنگاوەر.

موحەممەد یەکەمین پەیامهێن نییە وەحی بۆ هاتبێت، پێش وی چەندان پەیامهێنی دیکە وەحییان بۆ هاتووە، وەحی لای پەیامهێنان، وەک (وەجد)ی لای سۆفییان و (ئیلهام)ی لای شاعیران وایە. ئەشعیاء کە پەیامهێن و شاعیریش بووە، لە شیعرێکیدا دەربارەی بابل دەڵێت: (یوم الرب قریب.) قورئان دەڵێت: (إقتربت الساعة. قەمەر ١) ئەشعیا دەڵێت: (وتزلزل الأرض من مقرها.) قورئان دەڵێت: (إذا زلزلت الأرض زلزالها. زەلزەلە ١) ئاخر بە کاریگەریی بەلعامی مەسیحی و سەلمانی زەردەشتی و وەرەقەی کوڕی نەوفەلی جوو کە لە پەیامهێنەوە نزیک بوون، داستان و بیرۆکە و دەربڕینی دینەکانی دیکە، لە قورئاندا دووبارە بوونەتەوە. دەنگێک بە ئەشعیاء دەڵێت: إقرأ الکتاب المفتوح! دەنگێک بە موحەممەد دەڵێت: إقرأ بإسم ربک!

کاریگەریی دینەکانی دیکە بە قورئانەوە دیارە. (حتی یلج الجمل في سم الخیاط. الأعراف ٤٠) ئەوە هەڵەی کتێبی پیرۆزە، لە قورئانیشدا دووبارە بووەتەوە، ئاخر جەمەل نییە، حەبلە. کونی دەرزی دەزووی پێدا ڕەت دەبێت، بەڵام حەبلی پێدا ڕەت نابێت، حوشتر بۆ ئەو جێیە دەست نادات. ئەو سەروەختە کە نە نوقتە هەبووە، نە سەروبۆر، ڕێی تێ دەچێت (حبل)یان لێ بووبێت بە جمل. هەمان ئەو چیرۆکانەی لە تەوراتدا ژیاننامەی پەیامهێنان دەگێڕنەوە، لە قورئانیشدا دووبارە دەبنەوە.

بەپێی کتێبی پیرۆز، هەنجیر و زەیتوون بۆیە بەخشندەن، چونکە ڕەتیان کردووەتەوە ببن بە پاشا. لە قورئانیشدا هەنجیر و زەیتوون سوێندیان پێ خوراوە و پاشایانیش دژایەتییان کراوە، چونکە ئەگەر (ڕێیان کەوتبێتە گوندێک تێکیان داوە و خەڵکە شکۆمەندەکەیان زەلیل کردووە. مێروولە ٣٤) یۆحەننای دیمەشقی بە زانایانی ئیسلامی دەگوت: (چۆن دەبێت ئینسان هەم پەیامهێن بێت و هەم جەنگاوەریش؟ چۆن دەبێت پەیامهێن پەرجووی نەبێت؟ پەیامهێن باسی یەک (موعجیزە)ی خۆی کردووە کە قورئانە و بە قورەیشی گوتووە: ئەگەر ڕاستگۆن، تێکستێکی وەکوو هی قورئان بڵێن! ئەوە داخوازییەکی (تەعجیزی) بووە، ئاخر خۆ کەس ناتوانێت بۆ نموونە شیعری وەک هی موتەننەبی، یان (مەععەری)یش بڵێت، ئاخر ئینسان بریتییە لە شێواز، ستایلی کەس لە هی کەسی دیکە ناچێت.

چۆن دەبیت بە پەیامهێن؟ هێزێکی دەرەکی کە زادەی خەیاڵی خۆتە، لەپڕ دێت و جەستەت داگیر دەکات، ئیدی سەرەتا لەرزت لێ دێت و دوایی تا. ئەو لەرزوتایە تووشی هەرەست دەکات و قووڵ لێی دەخەویت. کە بەئاگا دێیتەوە، لە نێوان خەو و بێداریدا دێیت و دەچیت و وەک ئەوە وایە هارد دیسکی یادگەت زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر نەمابێت. ئەم حاڵەتە هەر تایبەت نییە بە پەیامهێن، سۆفی و شاعیریش وایان لێ دەقەومێت. پۆڵس پەیامهێن گوتوویەتی: ئەوەی خەڵک بە وڕێنەی تێدەگەن، لە ڕوانگەی خواوە، حیکمەتە. کە عەرەب دەڵێن: شێتی هونەرە: جنوون فنوونە! مەبەست لەو باجەیە بەهرەمەندە مەزنەکان دەبێت بیدەن، کە بریتییە لەوەی بە شێت لە قەڵەم دەدرێن، وەک ڤان گۆخ و نیتشە و سیوران، تەنانەت سوکرات کە فەلسەفەی داهێنا، عەوام بە شێتیان دەزانی. لایەنی هاوبەشی پەیامهێنان وەحییە، دەروونناسان وڕێنەی پێ دەڵێن کە بیستنی دەنگێکە سەرچاوەکەی دیار نییە. ئەوی بیستنی قسە لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە، بە درۆ لە قەڵەم بدات، دژەدینێکی کەم سەوادە و هیچ لەبارەی سایکۆلۆجیاوە نازانێت، ئاخر درۆ نییە، حاڵەتێکی دەروونییە.

پەیامهێنان ئیدی لە هەر کوێ سەریان هەڵدابێت و سەر بە هەر شارستانییەک بووبن، لایەنی هاوبەشیان تووشبوون بووە بەو حاڵەتە دەروونییەی، دەروونناسان، وڕێنەی خۆ بە پەیامهێن زانینی پێ دەڵێن. بۆچی تێکستە دینییەکان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت؟ دەروونناسی فەرەنسایی دانیال سیبۆنی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت:  (چونکە بێبەشن لە یەکێتیی ئۆرگانیک و پێوەندییەکی لۆگیکی پێکهاتەکانیان پێکەوە نابەستێتەوە، چونکە بەرهەمهێنەکانیان خاوەنی کەسایەتیی پەرت و هۆشیاریی شێواون. پەیامهێنانی ئەفریکا ئاستێکی کۆمەڵایەتیی نزمیان هەبووە، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی بەرز نەبوون، بەڵام جوبریل سەردانی هەموویانی کردووە، هاریس پێغەمبەر کە لە مۆنرۆڤیا زیندانی دەبێت، جوبریل دێت و بە پەیامهێن دەستتنیشانی دەکات. پەیامهێنانی خۆرهەڵاتی ناڤینی دێرین، بەزەبری هێزێکی نهێنی و بە بانگێک کە لە ناخیانەوە هەڵدەقوڵا دەبوون بە پەیامهێن و لە سەرەتادا وای بۆ دەچوون ئاوەزیان لە دەست داوە.

تا ئێستایش لە ئاسیا، ئەفریکا و لاتین ئەمریکا، ناوبەناو پەیامهێن سەرهەڵدەدات، بە تایبەتی لەو  جڤاکانەدا بە دەست تەقینەوەی دیمۆگرافییەوە گیریان خواردووە و جیاوازییە چینایەتییەکان تێیاندا زۆر زەق بوونەتەوە، بەڵام پەیامهێنان لە چوار هەزار ساڵی ڕابردوودا هەر گیرۆدەی هەمان حاڵەتن کە دەروونناسان ناویان لێ ناوە: وڕێنەی خۆ بە پەیامهێن زانین. ئێستایش وەک ئەوسا کەسێک کە لە خۆی وایە بووەتە پەیامهێن، دەڵێت: جڵەوم لە دەستی خۆمدا نەماوە، ئەوە هێزێکی خودایییە دەمبزوێنیت و قسە دەخاتە سەر زارم. ئۆنیریزم چالاکییەکی زەینییە، لە خەون دەچیت لە سەروەختی بێداریدا، ئیلهام و وەجد و وەحی لە سەرچاوەی هەمان چالاکییەوە هەڵدەقوڵێن.

میشل هاننووس دەڵێت: (وڕێنە ئاوێنەیەکە واقیع بە شێواوی پیشان دەدات، بەڵام وڕێنەکەر ئەو واقیعە بە دروست دەزانێت نەک شێواو. وڕێنە هەڵەیەکە ئەگەری ڕاستکردنەوەی نییە، وڕێنە هەستێکی هەڵەیە، سۆزێکی هەڵەیە و حوکمدانێکی هەڵەیە، بەڵام وڕێنەکەر هیچ گومانی لە ڕاستی و دروستییان نییە.) وڕێنە وەک وەهم، لێکدانەوەیەکی شێواوە بۆ واقیع، وەک نموونە خۆمان پی زۆر گەورەترە لەوەی کە لە واقیعدا هەین. وڕێنە سەرکەوتنی وەهمە بەسەر واقیعدا، سەرکەوتنی خودییە بەسەر بابەتیدا و سەرکەوتنی ئەفسانەیە بەسەر حەقیقەتدا. وڕێنەکەر وڕێنەکەی خۆی بە ڕاستتر دەزانێت لە واقیع. وڕێنەکەر بەدەر لە بابەتی وڕێنەکەی، کەسێکی ئاسایییە، ئەمەیش بەو مانایە دێت کە کەسایەتییەکی دوولەتبووە، لەتێکی ناساغ و لەتێکی ساغ. جۆن ناش (١٩٢٨ - ٢٠١٥) کە تووشی دوولەتبوونی کەسایەتی هاتبوو، لە ١٩٩٤دا نۆبێڵی لە زانستە ئابوورییەکاندا وەرگرت.

دەردە بیرچوونەوە و داهێنانی وشەی نوێی بێمانا، دووانن لە نیشانەی دوولەتبوونی کەسایەتی. لە کتێبە پیرۆزەکاندا، هەم بیرچوونەوە هەیە، کە خۆی لە دووبارەکردنەوەی هەمان تێکستدا دەبینێتەوە، هەم وشەی تازەی بێمانا، وەک کهیعص. بێجگە لە سوورەتی یوسف و سوورەتی نووح، کە لە کتێبی پیرۆزی عیبرییەوە وەرگیراون، بە دەگمەن سوورەتێک هەیە، تێیدا یەکێتیی بابەت پارێزراو بێت. زۆرینەی سوورەتەکان لە نارنجۆکێکی هەڵدراو دەچن کە هەر پارچەی ڕوو دەکاتە جێیەک، یان ئەگەر وەک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی بپەیڤین، دەتوانین بڵێین بە تەکنیکی مەنەلۆجی ڕاستەوخۆ نووسراون. داهێنان لە هەموو بوارێکدا پێویستی بە خەیاڵێکی دەوڵەمەند هەیە، چیرۆکی ئیسراء و میعراج زادەی بەگەرخستنی خەیاڵە. وەک چۆن لە مەنەلۆجی ڕاستەوخۆدا، چیرۆکنووس خوێنەر لەبەرچاو ناگرێت، لە وڕێنەی بێسەروبەریشدا، وڕێنەکەر لۆگیک ڕەچاو ناکات.

وڕێنەی خۆ بە زل زانین ئەوەیە، وڕێنەکەر خۆی وەک خاوەن بەهرەی وەها دەناسێنێت کە نییەتی، باس لە توانا فیکری و جەستەیی و جنسییەکانی خۆی دەکات، هەرچەندە هیچییان شک نابات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە پەیامهێن یان تەنانەت خوداوەندیشە. لە خۆبەزلزان وایە، بۆیە ڕقیان لێیەتی، چونکە بلیمەتە و زۆر بە ئاسانی خۆی بە مەهدیی چاوەڕوانکراو لە قەڵەم دەدات. خو بە زل زانین ئەوەیە، بڵێیت: توانای سێکسیی چل پیاوم هەیە، خوا و فریشتەکانی سڵاوم بۆ دەنێرن و ئەوی لە قسەم دەربچێت، گومڕایە.

*

(*) العفیف ألأخضر، من محمد ألإیمان إلی محمد ألتأریخ ٢٠١٣ دار الجمل.

(**) پلاتۆن خۆشەویستمانە، بەڵام حەقیقەتمان لەو خۆشتر دەوێت. ئەرەستۆ

 

وتاری نووسەران